سیاسیشرۆڤه‌

چەپی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆڵی چاوەڕوانكراو

لە كۆتایی مانگی ئازاری ئەمساڵ، لەسەر بانگهێشتی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حزبی شیوعی چین سەردانی ئەو وڵاتەم كرد و لە دوا دانیشتندا لەگەڵ لایەنی پەیوەندییەكانی چین لە میانەی گفتوگۆكاندا ئەم پرسیارەی خوارەوە ئاڕاستەی من كرا:

 

چۆن هەڵسەگاندن بۆ ڕەوشی ئێستای هێزە چەپەكان لە وڵاتە عەرەبییەكان دەكەیت و چۆن دەڕوانیتە دواڕۆژی ئەو هێزانە؟

چۆن حزب و لایەنە چەپەكان دەتوانن ڕۆڵێكی تیۆری و سیاسی گەورەتر لەوەی كە هەیە، ئەنجام بدەن؟

وەڵامەكان بە ئاخافتن بوو؛ دوای تەواوبوونی كۆبونەوەكە داوایان كرد بە نووسراو بیاندەمێ و بۆ زمانی چینی وەریدەگێڕن و بۆ دەستە باڵاكانی حزبی خۆیان بەرزی دەكەنەوە.

 

ئەمەش دەقی وەڵامەكان:

ناكرێت ڕەوشی ئێستای لایەنە چەپەكانی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا و باكوری ئەفریقیا و دواڕۆژی تێكۆشانی سیاسی ئەو هێز و لایەنانە لە ڕەوشی هێزی چەپ لە جیهاندا دابڕین، بەتایبەتی لەم هەلومەرجەدا، كە چاوگەكانی بارگرژی و، جەنگ و بارگرژی هەمەجۆر لە ئاكامی كۆمەڵێك هۆكارەوە لە ئارادایە، لەوانە:

ـ شكستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان لە چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكان لە ڕێگای ئاشتییەوە و، نەبوونی میكانیزمی جێبەجێكردنی شەرعیەتی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی كردەیی.

ـ پاشەكشەكردنی ڕەوتەكانی ڕۆشنفیكری و مۆدێرینتە و پەرەسەندنی قەیرانەكانی سەرمایەداری و زیادبوونی هەژموونی هێزی ئایینی سیاسی.

ـ لاوازی هێزی چەپ لە جیهاندا و نەبوونی دید و هەڵوێستی هاوبەش سەبارەت بە گۆڕانكارییەكان. هەر بۆ نموونە سێ هەڵوێستی جیاوازی حزبە چەپ و كۆمۆنیستەكان سەبارەت بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا هەیە. هەندێك لایەنی ڕووسیا و هەندێكیش لایەنی ئۆكرانیا پەسەند دەكەن. هەڵوێستی ئێمە دژ بە شەڕە و نزیكە لە هەڵوێستی حزبی شیوعی چین، هەڵوێستمان پشت بە بۆچوونەكانی لینین لە نووسینی (مایەپووچبوونی نێونەتەوەیی دووەم) دەبەستێت. هێزی كۆمۆنیست و چەپی ناوچەی عەرەبی لەمەڕ كێشەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل دوو هەڵوێستن. هەڵوێستێك لەگەڵ یاسای شەرعیەتی نێودەوڵەتی و چارەسەری دوو دەوڵەتە، واتە بوونی دەوڵەتی فەلەستین و دەوڵەتی ئسرائیل و بەرقەرابوونی ئاشتی لە نێوانیاندا. هەڵوێستێكی دیكە، كە لەگەڵ بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل نییە و باوەڕی بە بڕیاری دابەشكردن بۆ دوو دووڵەت نییە كە نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 1948 وەریگرتووە. ئێمە لەگەڵ چارەسەری دوو دەوڵەتین.

ـ ڕۆڵی ڕاگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە سەپاندنی گوتارێكی پۆپۆلیستی، كە بە بەرانبەر قایل نابێت و لە لایەن ناوەندە سەرمایەدارەكان و سەرمایەداری وابەستەوە ئاڕاستە دەكرێت.

ـ زیادبوونی هەژموونی هێزی ڕاستڕەو لە وڵاتانی ئەوروپا و گەیشتنیان بە حوكمڕانی وەك نموونەكانی: سوید، دانمارك، هۆڵەند، هەنگاریا، ئیتاڵیا.

ـ نەبوونی خوێندنەوەیكی هەمەلایەنە بۆ ڕەوشی سیاسی و ئابووری و چینایەتی لە وڵاتانی سەرمایەداری ناوەند و وابەست، كە بۆتە هۆی نەبوونی سیاسەتێكی ئەڵتەرناتیڤ و، ئەمەش بارودۆخەكەی لەبارتر كرد بۆ هێزی ڕاستڕەو و فاشیستی كۆن و نوێ و ئەو هێزانەی ئایین لە كاری سیاسیدا وەبەردەهێنن، ئەمەش وای كرد ڕێكخراوە توندڕەو و تیرۆریستییەكان سەرقافڵەی دیمەنی سیاسی بن و توانای ئاڕاستەكردنی ڕووداوەكانیان هەبێت، لە كاتێكدا یاسای نێودەوڵەتی و سیستمی ئێستای نێودەوڵەتی كنەفت و ئیفلیجە و توانای ڕاگرتنی شێوازەكانی تیرۆر و كوژاندنەوەی كێشەكانی نییە.

بەم جۆرە ناوچەكە، كە بەشێكە لە جیهان لە سەدەی بیستویەكەمدا بە گێرەشێوێنی و بێسەروبەرییەكی گشتگیر تێدەپەڕێت.

بەڵام ئەو ڕەوشەی ئێستا هەیە، وەستاو نییە و بە هۆی چەندین هۆكارەوە لە جموجۆڵدایە و ئاسۆی گۆڕانكاری و كارابوونی ڕۆڵ و چالاكی سیاسی و تیۆری پارتە چەپەكان لە ئارادایە، لەوانە:

ـ زیادبوونی كەلێن و بۆشایی نێوان باكووری دەوڵەمەند و باشووری هەژار و، تەنانەت جیاوازی نێوان باشوورێك، كە گەشەپێدانی تێدایە وەك چین لەگەڵ باشوورێك وەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بەدەست قەیرانی گەشەسەندنەوە دەناڵێنێت، هەیە.

ـ كارتێكردنی نەرێنی قەیرانی سەرمایەداری جیهانی لەسەر ڕەوشی چینی ناوەند لە جیهاندا، بە هۆی فەرامۆشكردنی سیاسەتی (دەوڵەتی خۆشگوزەران) لە ڕۆژئاوا و پەیڕەوكردنی سیاسەتی نیولیبراڵ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە سایەی سەرمایەداری دواكەوتوو لە ڕەوتی گەشەپێدان و وابەست بە ناوەندەكانی سەرمایەداری جیهانییەوە.

ـ بوونی جموجۆڵی ناڕەزایی سەبارەت بە ڕەوشی جیهان و ناوچەكەمان، بەڵام لە كاتێكدایە جارێ بەرنامەیەكی واقیعبینانەی چەپ گەڵاڵە نەبووە، كە پشت بە بەرنامەی جێگرەوە و ئەڵتەرناتیڤ بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان ببەستێت و، هەر لەسەرتاوە شوناسی قەیران دەستنیشان بكات و ڕێگای قورتاربوون دابڕێژێت، هەڵبەتە ئەمەش تەنیا چارەیە بۆ ڕێگاگرتن لە بەرهەمهێنانی فاشی نوێ و ڕێكخراوی توندڕەو و تیرۆریست.

ئەم تابلۆ ئاڵۆز و تێكچڕژاوە، كە ئاماژەمان پێكرد كۆتایی مێژوو نییە و لە قۆڵایی قەیرانەكان و ڕیزبەندی چینایەتی نوێ و گۆڕانكاری لە سروشتی هێزە كۆمەڵایەتییەكان و ئاسۆی گۆڕانكارییەكان لە ڕەوشی نێودەوڵەتی، ئەگەری دروستبوون و خولقاندنی فرسەتی نوێ بۆ گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی هەیە.

چەپ لە ناوچەكەمان بە گشتی و چەپی وڵاتانی عەرەبی و جیهان بۆ ئەوەی هەلی نوێ وەبەربهێنێت و لە گۆڕەپانەكانی تێكۆشانی سیاسی و تیۆری كارابێت، گرنگە جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە بكاتەوە:

ـ ئامادەیی هێزی چەپ لە ناوچەی عەرەبیدا بۆ پێداچوونەوە بە گوتاری سیاسی خۆی و، ئەو گوتە و بۆچوون و ئەو ڕستە سیاسییە ئامادەكراوانە جێبهێڵێت، كە ژیان هەڵەبوونی سەلماندوون، لەسەرووی هەموویانەوە گۆڕانكاری ڕوونی هەڵوێستیان لە ڕژێمە ئۆلیگارشی و دیكاتۆرییەكان گرنكە.

ـ پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی و هەڵوێستەكانیان لە مەڕ بابەت و ڕووداوەكانی ناوچەكە و جیهان و وریابوون لە ڕاكێشانە نێو جەمسەرگیرییە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەكان، كە ئاكامەكەی حزبە چەپەكان دەبنە پەنجە و لەپی دەستی ئەو جەمسەرە سەرمایەدارانە و شەڕی بەوەكالەتیان پێ دەكەن.

ـ پێداچوونەوە بە سەرچاوە تیۆرییەكانی هزری چەپ و بیری پێشكەوتنخواز، بە جۆرێك خۆیان لە وابەستەبوون بە ڕابردوو و سەرجەم دیاردەكانی دۆگماتیزم قورتاركەن.

ـ جەختكردنەوە لە سەر هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانە و وازهێنان لەسەرجەم ئەو بۆچوون و ئاڕاستانەی ژیان هەڵەبوونی سەلماند.

ـ ئەنجامدانی توێژینەوە لە بواری ڕیزبەندی نوێی چینایەتی لە ئاستی كۆمەڵگا ناوخۆییەكان و جیهان و ئەنجامدانی توێژینەوە سەبارەت بە دروستبوونی توێژە پەراوێزخراوەكان و تێكەڵبوونی ململانێی چینایەتی بە بابەتەكانی فیمینزم و ژینگە و یەكسانی جێندەری.

لە كۆتایشدا جگە لە تێكۆشان، چەپ نابێت بژاردەی دیكەی هەبێت.

كاوه‌ مه‌حموود

سیاسه‌تمه‌دار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button