سیاسیشرۆڤه‌كه‌لتوور
ئاراستەکان

لە “خودڕاکردنەوە” تا “برایەتی گەلان”

لە پەراوێزی دادگاییکردنەکانی دەمیرتاش و ئەحمەد تورکدا!

دەمەوێت چەمکی “لەخودڕاکردن” لە چوارچێوەی دەستەواژەی “سی ساڵە لەخۆمان ڕادەکەین”ی هاوڕێم دکتۆر عیرفان مستەفا بخوازمەوە بۆ پرسی کورد و ئەو دۆخەی کە سیاسەتمەدارە کوردەکان لە باکووری کوردستاندا تێی کەوتوون. مەبەستم دۆخی ئەو حوکمە ناڕەوایانەی داگیرکەرن دژ بە گەنجمەدار “سەڵاحەددین دەمیرتاش” و “پیرمەدار” ئەحمەد تورک و هاوڕێیانیان.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئاڕاستەی دەستەواژەی لە خۆڕاکردن لە باشوور جیاوازە، لەوەی لە باکوور بەڕێوەیە و لەڕاکردن دایە. لەو نووسینەدا کەمتر باس لە باشوور دەکەم، کە “لەخۆڕاکردن”ی کوردی باشوور، لە پرسی دەوڵەتەوە، گەڕاندۆتەوە بۆ پرسی “مووچە”، کە هەرگیز پەیوەندیی بە وشیاریی نەتەوەییەوە نییە، واتە لە ناوشیاریی وروژاندنی چەمکی “گەیشتن بە دەوڵەت” لەڕێی ریفراندۆمەوە، “کە داگیرکەر باش وشیاربوو بەو خواستەی کوردەوە”، بۆ “تێکشکان” و هەوڵەکان و راکردنی گەیشتن بە “مووچە”. دۆخێکە دەتوانم چەمکی “تێکشکان”ی بۆ بەکاربێنم. تێکشکانی ئەقڵ، تێشکانی فیکر، تێکشکانی سیاسەت، تێکشکانی خودی چەمکی کوردبوون، لەوەی کە ڕاکردنە لە خودی خۆی. ڕاکردن و تێکشکانە لە خواستی “خۆبوون”، بۆ “بەئەویدی بوون”. کورد لە باشوور، “خۆی نیە”، چونکە “هەموویان دژ بە هەموویان” لە ڕاکردن دان، ڕاکردن لە خودی خۆیان. ڕاکردن بەرەو ناواندنبوون لەگەڵ ئەوی دیکەدا. ڕاکردن لە خودی “سەروەریی هەرێمی کوردستان” و “شکۆی تاک” و “شکۆی “نەتەوەش”، بۆ داخوازیی “عێراقیبوون” کە لەوانەشە هەرگیز و هەرگیز ئەو داخوازییەی قبوڵ نەکرێت، تا نەبێتەوە بە “تەها موحەددین”. کورد لە باشوور، هێندەی ماندووە و هەناسە پڕوکێیەتی لەدەست “لەخۆڕاکردن”دا، کەڵکی ئەوەی نەماوە پێی بڵێی “ئەو هەموو هیلاکی و پەلەپڕوزێیەی کەدەیکەیت؛ بە مانایەکی دیکە، ئەو “لەخۆڕاکردنەی” کە دەیکەیت، وەها هەناسەی لێ بڕیویت، ڕاکردنە بەرەو نادیار، بێ ئامانجی، بێ دونیابینی، بەرەو وەهم. کە لە بابەتێکی دیکەمدا ناوم ناوە “وەهمی عێراقیبوون”.

 

ئایا دەستەواژەی “لەخوڕاکردن”، پەیوەندیی بە پرسی “باکوورەوە” هەیە؟ بەدڵنیایی بەڵێ. دەستەواژەیەکە لەکاتێکدا کە یەکانگیرە لەگەڵ دروشمی “برایەتیی گەلان”، لەهەمان کاتیشدا دژانگیرە لەگەڵ ئەو دروشمە. بۆچیی “لەخۆڕاکردن”، یەکانگیر و دژانگیرە، لەگەڵ دروشمی برایەتی گەلان؟ چونکە لە سەرێکدا پەیوەندیی بە قۆناغبەندیی خەبات و لەخۆبووردنی “خود”ەوە هەیە، واتە خودی “کوردبوون”، لە سەرێکیشدا پەیوەندیی بە دونیابینییەکەوە هەیە، کە تا ئەمڕۆ و ئەو چرکەساتەی کە تیایدا دەژین، لەتێکشکاندا گیریی خواردووە. چۆن؟

دروشمی “برایەتی گەلان”، ڕەهەندێکی چەپگەرای یوتۆپیایی هەیە، کە زۆر دوورتر و جیاوازترە لەو واقیعەی کە کوردبوون تیایدا دەژیت. جارێ لە سەرێکەوە، چەمکی “گەل” پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە دروشمی “برایەتی گەلانەوە” هەیە، چونکە چەمکێکە لەدوای چەمکی “نەتەوە”وەیە، لەوانەیە بە هەزاران کیلۆمەتر لەدوای چەمکی “نەتەوە”وە بێت، لەڕووی قۆناغبەندییەوە، چونکە “نەتەوە” قۆناغی دەولەتە، بەڵام “گەل” بەشێکە لە هەموو، واتە بەشێکە لەناو دەوڵەتێک، نەک هەموو “دەوڵەت”. کە هێشتا نەتەوە داگیرکەرەکانی “ناوچەکە” کە رەهەندێکی کۆلۆنیالیستانەیان هەیە، هرگیزا و هەرگیز ئامادە نابن “خۆیان” تێک بشکێنن، بۆ گەرانەوە بۆ قۆناغی “گەل”، ئەگەر بە دیوە نەرێنییەکەی وەری بگرین، خۆ ئەگەر بەدیوە “ئەرێنیی”یەکەش وەری بگرین، ئەوان بەو قۆناغە نەگەیشتوون، لەوانەشە هەرگیز پێی نەگەن. بەو مانایەی، گەلان، هەرکەس بە برایەتی و ئاشتی لەناو هەرێم و ناوچەکانی خۆیاندا بژین و سەروەر بن و کەس دەستدرێژی نەکاتە سەر ئەوی دیکە و تێکچڕژان و هاوکاری و پێکەوە ژیان و “پێکەوە هەڵکردن” هەبێت و هەمووان برای یەکدی بن. ئەم دونیا “وەردییە” تاسەر ئێسقان جوان و ڕازاوەیە، لەوانەیە لە “بەهەشتی” خەیاڵکردەی دینییندا هەبێت. هەرچەندە تا ئاستێک، کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستان “کە جڵەوی ناوخۆی ئیداریی” و “ڕووداوە ناوخۆییەکان” بەدەست خۆیەوەیە، خەریکی پڕاکتیزەکردن و بە واقیعییکردنی ئەو دروشمەیە. تاچەند نزیکە لە واقیعەوە، چەندی ماوە پێی بگەن؟ ئەوە پێویستیی بە هەڵسەنگاندنە لە نزیکەوە. بەڵام ئەو دروشمە لە باکووری کوردستان، نەک هەر پێچەوانەی واقیع و “لەخۆڕاکردنە”، بەڵکو ڕێک “خۆتێکشکاندنە”. بۆچی؟

کورد لە باکوور لەگەڵ عەقڵییەتێکی هێندە شۆفینیست و دەوڵەتگەرایەکی نەژادپەرستدا مامەڵە دەکات، ڕووی “نازیزم”ی سپی بەهەزاران فەرسەخ سپیی کردۆتەوە. تورکیا، بەهەموو پێوانەکان و لێکدانەوەکان دەوڵەتی کورد نییە. کورد تیایدا تەنها دەتوانێت “هاکان فیدان”ێک بێت و بەس، کە لە باشوور دەتوانین ناوی بنێین “تەها موحیەددین”ێک بێت و بەس. ئەو چیڕۆکە لە باشووریش هەر تاڵە. لە رۆژهەڵاتیش هەر تاڵە. کورد لە باکوور لەچوارچێوەی دروشمی “برایەتی گەلان”دا، دەیەوێت لەخۆی ڕابکات، بۆ ئەوەی “تورک”، بە “برایەتیی” ڕازیی بکات. ئینجا کە ڕازی بوو، ئەوکاتە هەر “گەلێك” لە هەرێمی خۆیدا سەروەر بێت و دراوسێیەکی باش بێت لەگەڵ یەکدی. بەمانای ئەوەی “پێکەوە ژیان” و “پێکەوە هەڵکردن” لە چوارچێوەی “برایەتیی”دا، بژین و ئاراستەی ژیانی خۆیان دیاری بکەن.

ئاخر، ئالێرەدایە، “لەخۆڕاکردن”. دەتەوێت “نەتەوەیەک”ی وەکو نەتەوەی تورک، دەشتوانین بڵێین “نەتەوەی تورکیا”، ڕازی بکەیت، لەو هەموو دەستەڵات و سەروەریی و “خودگەراییە”ی خۆی “خودگەرایی نەتەوەیی خۆی”، واز بێنێت و بێت لەگەڵ تۆی “نەبوو”دا دابنیشێت و پێت بڵێت “فەرموو گەورەم، ئەوە من پاشەکشەم لە دەوڵەت کرد و هەموو دەستەڵاتەکانم لەگەڵ تۆدا بەش کردن. لێرە بەولاوە “ئێمە براین” هەموومان “گەل”ین چیتر “نەتەوە” نین، بەجیا و لە پاڵ یەکدی و دوور لەیەکدیی بژین. ئالێرەدایە “یوتۆپیای” چەمکی رەهەندگەرای چەپانەی “گەلان”، کە لێوانلێوە لە ئیشکالییەتی قۆناغبەندیی. یەکانگیرە لەگەڵ “تێکشکان” و “خۆکوژی”. بۆچی؟ چونکە ئەوەی دەوڵەتی تورک دەیکات، نەک هەر تێشکاندنی هەموو خەونەکانیی خواستیی “برایەتییە”، بەڵکو تێکشاندنی “تۆیە”، “تۆی کورد” کە “بەئەویدیکراویت” و باسیش لە برایەتیی دەکەیت. پێمان دەڵێت “هەی گەمژە، برایەتیی چی؟ بۆ تۆ هێشتا هەیت، تا پێت وابێت “گەل”ێکیت، دەتەوێت “منێک” لەو هەموو سەتوەت و دەوڵەتگەرایی و شانازییەکانی تورکبووندا هەمە، دابەزم بۆ قۆناغی “گەل”، بۆ ئەوەی تۆی “نەبوو”ش بگەیتە ئەو قۆناغە و هەموومان “برابین”. نەخێر تا ڕۆژی قیامەت دەبێت چاوەکانت زیقە زیقیان بێت و نەیبینیت و نەیخۆیت. دەبێت لەقۆناغی “نەبووندا” بمریت، نەک هەر بە قۆناغی “نەتەوەبوون” نەگەیت، بەڵکو بە قۆناغی “گەلبوونیش” نەگەیت. پێمان دەڵێت “ناماقوڵت کرد” من لەو هەموو سەروەرییەی خۆم دابەزم، بۆ ئەوەی “تۆی” تیادا قیچێک سەر بکەویت و نانەکەم کە “ئێستا لەخوان” دایە، لەگەڵ تۆی “نەبوو”دا بەشی بکەم. تۆ تەنها دەتوانیت “هاکان فیدان” بیت و هیچی دیکە. “هاکان فیدانێک، دەبێت تا هەتایە “مەمنوون” بێت لێی بگەڕێین “شانازیی بە تورکبوونەوە بکات.

 

لەبەردەم هەموو ئەو هاوکێشە ئاڵۆزەدا، “سیاسەتکردن” لە ئەنقەرە، لە چوارچێوەی “پارتێک”ی وەکو هەدەپی پێشان و دەم پارتی ئێستا، کە دروشمێکی جیاوازی نەتەوەییشی هەڵنەگرتووە و هەر لەناو “هاکان فیدانبووندا”، دەخولێتەوە، بە جوداخواز دەزاندرێت. خۆ ئەوەی دوور و نزیک چەمکێکی “خودخوازی” بۆ نموونە “کوردبوون” بەکار بێنێت کە بۆنی “شکۆمەندی” لێ دێت، دەبێت بە دەردی گەنجمەدار”سەڵاحەددین دەمیرتاش” و “پیرمەدار” ئەحمەد تورک” و هاوڕێکانییان، بچن و لە گروتووخانەدا بڕزێنەوە، تا ئەورۆژەی پەشیمان دەبنەوە و دەڵێن “گەورەم ناماقوڵمان کرد” ئێمە خۆمان بین. ئێمە لەمەودوا سەڵەوات لە “تورکبوون” لێ دەدەین. ئێمە هەموو موسوڵمانین و براین، هەموومان هاکان فیدانین. لێرەدا “موسوڵمان بوون”، وەکو چەمکێکی سیاسیی و بارگاویی، کە تورکە عوسمانییەکان لە سەرەمەرگدا، واتە پێش قۆناغی دامەزراندنی “دەوڵەت” لەپاڵ “تورکبوون”دا، “موسوڵمانبوونیشیان” زەق دەکردەوە. لەو چرکەساتەی خواستی کوردبووندا، واتە “توننەبوون”، توانەوە لەناو سەروەرگەرایی “عەرەب و تورک و فارسدا”، ئەوسا وەکو برا قبوڵ دەکرێن.

 

کەواتە لەبەردەم هەموو ئەو ئاڵۆزییەدا، باکووری کوردستان لە “خودڕاکردن” دایە بەرەو “یوتۆپیا”یەک کە هێشتا لەدایکیش نەبووە، “لەبەردەم “غڕوڕ” و “دەوڵەتگەرایی تورکدا”، قەتیش لەدایک نابێت. یوتۆپیایەک کە هیچ پەیوەندیی بە دونیای “شارستانییەتی” ئەمڕۆوە نیە. هەروەکو کوردبوون لە “باشوور” لەبەردەم “لەخودڕاکردندا” بەرەو ئاراستەی باوەشی “عێڕاقبووندا” دەڕوات لەپێناو “موچە”دا، بۆ ئەوەی ڕۆژێک بێت “وەکو برا” یاخود وەکو “گەل” لەناو نەتەوەی شکۆمەندیی “عێراق”دا قبوڵ بکرێت، واتە خەنیی ببیت بۆ ئەوەی قبوڵبکرێت و ببێتەوە بە “تەها موحەددین”.

 

 

 

 

ئیبراهیم مه‌لازاده‌

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button