سیاسیشرۆڤه‌كه‌لتووركۆمه‌ڵایه‌تی
ئاراستەکان

پرسی ئێزدییەکان لە پێنج خاڵدا

چەند ڕۆژێکە لەسەر ئەو هەوڵەی واژۆکۆکردنەوە لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ناسینی ئێزدییەکان وەکو نەتەوەیەکی سەربەخۆ، مقۆمقۆیەکی زۆر دروست بووە لەنێوان بەکوردکردنییان، جیاکردنەوەیان و سوکایەتیپێکردنییان. لەکاتێکدا ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزدی، کە مەرجەعی ئایینی ئێزدییەکانن، هەڵوێستی خۆیان بە ڕۆشنی ڕاگەیاندووە و شانازی بە کوردبوون و ئێزدییبوونییانەوە دەکەن، بەڵام هێشتاش خەڵکێک هەن هەموو کێشەکانی خۆیان وەلاناون و خەریکی ناشرینکردن و سووکایەتیکردنن بە جڤاکی ئێزدی. لێرەدا دەمەوێت لەو پێنج خاڵەدا ڕاوبۆچوونی خۆم چڕ بکەمەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

یەکەم: ئەوە ڕوونە و شاردراوە نییە کە کۆمەڵگەی کوردستانی بە کورد و غەیرە کوردەوە، چەند دابەش بن بۆ وڵاتانی داگیرکەر کۆنتڕۆڵکردنیان ئاسانترە. هەوڵەکان زۆرن، لەزۆرێک لەو هەوڵانە سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە. لەوەشیان پێدەچێت سەرکەوتوو بن. ئاخر بەغدا نقوم بووە لە گەندەڵی، میلیشیاکان کۆنتڕۆڵی هەموو جومگەکانی ژیانی عێڕاقییان کردووە. هەموو شتێکییان تەواو بووە و تەنیا ئەوەندە ماوە ئێزدییەکان بکەن بە نەتەوەیەکی سەربەخۆ. ئەگەر بەغدا ڕاست دەکات با ئاوارە ئێزدییەکان بگەڕێێننەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، با قەرەبوویان بکەنەوە، با کچ و ژنە ڕفێندراوەکانیان بۆ بگەڕێننەوە. با هەر هیچ نەبێت یاسای باری مەدەنی بگۆڕن بۆ ئەوەی ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی دەستدرێژی سەر ژن و کچەکانییان لەدایک بوون بە ئێزدی تۆمار بکرێن، با دادگایەک بۆ تاوانبارەکانی داعش و ئەو عەرەبانەش کە لە گوندەکانی دەوروبەری ئێزدییەکان پەلاماریی ئێزدییەکانییان دا، دادگایی بکرێن، چەندین ئەگەری دیکە. دوای زیاتر لە نۆ ساڵ، ئێزدییەکان لەناو کەمپەکاندا ڕزاونەتەوە و لەدۆخێکی شپرزە و نائارامدا ژیان بەسەر دەبەن. کەسێک ئاوڕێکی لێنەداونەتەوە، بێجگە لە ڕێکخراوە بیانییەکان و دەزگای بارزانیش کەم تازۆرێک، بەڵام لەلایەن عێراقەوە هیچییان بۆ نەکراوە.

 

دووەم: بەپێی ڕوانگەی کۆمەڵناسییانە و بەها و نۆڕمە مۆدێرنەکان، مرۆڤ ئازادە هەر چ ناسنامەیەک هەڵبژێرێت و هەڵبگرێت، ئەوەی گرنگە بەهای مرۆڤبوونییانە، سەر بە هەر چ نەژاد و ئایینێک بن. بۆمن گرنگ نییە ئەوان سەر بە کورد بن یا کورد سەر بە وان بن، یان هیچییان، ئەوەی گرنگە ئەوانیش گروپێکی مرۆیین، هاونیشتمان و هاوزمانی ئێمەن، ڕێزلێگیریانییان ئەرکی سەرشانی هەموومانە. مرۆڤ نە بە کوردبوون، نە بە عەرەببوون، نە بە موسوڵمانبوون و نە بە ئێزدییبوون دەبێتە سوپەرهیومان و مرۆڤێکی باڵا، بەڵکو بە ئەخلاق و سوودبەخشین بە کۆمەڵگەکەیان. بۆیە، پێوسیتە مرۆڤانە تەماشای ڕەوشی خۆمان و هیی ئەوانیش بکەین. کوردی موسوڵمان بۆخۆی لەناو دەیان قەیراندا دەڕزێنەوە، مەگەر چارەی خۆیان پێکراوە تا چارەی ئێزدییەکان بکەن؟! ئەوە کوردی موسوڵمان لە دەست بەغدای هاودین پارەپارییەتی بۆ مووچەیەک و بە چاوپۆشین لەوەی کە دەیان کێشە و گرفت لەنێوانیاندا هەیە، لەو چوار بڕیارەی جینۆساید هەر گەڕێن کە لە بەغدای پێتەخت دەرچوون، ئەوە باس لە هەڵتەکاندنی 4500 گوند و ئاوەدانی کوردستان هەر ناکەم. تا ئێستاش بە دۆلارێک بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی و ماددی هەموو ئەو زیان و وێرانکارییانەیان هەڵنەگرتووە.

 

سێیەم: ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە بەناوی ئیسلامەوە دەیان جار پەلاماریان دراوە، بەتایبەتیش لە سەردەمی عوسمانییەکان، چەندین جار ئاغا کوردەکان بە فیتی عوسمانییەکان پەلاماریان داون (لەو بارەیەوە، چەندین سەرچاوەم لەبەردەستتدا هەن). دواهەمین جار پەلامارەکانی میری سۆران بوو بە فەتوای مەلا عەبدولڕەحمانی مزووری. ئێستاش لەلایەن ڕێژەیەکی زۆر لە موسوڵمانە کوردەکان، ئێزدیی بەناو و ناتۆرەی ناشیرین وەسف دەکرێن و دەستخۆشی لە داعش دەکەن، (بەپێی دواهەمین توێژینەوە). بەو مانایەی زەمینەسازکردن بۆ دابڕانییان، پشکی شێر وەبەر کوردە موسوڵمانەکان دەکەوێت. ئێزدییەکان کە بە دڕندەترین شێوە جینۆساید کران و کەرامەتییان شکێندرا، بەناوی دینی زۆرینەی کوردەوە، کوا بیستووتانە هەوڵێکی ڕەسمی و میللی کوردە موسوڵمانەکان هەبێت بۆ گەڕاندنەوەی شکۆ و کەرامەت بۆ جڤاکی ئێزدیی؟ من نەمبیستووە.

 

چوارەم: لە دەوڵەتێکی مۆدێرندا، پێوەری ئەرک و مافەکان، زۆرینە و کەمینە نییە، کوردبوون، موسوڵمانبوون، ئێزدیبوون و مەسیحیبوون و عەرەببوون نییە، بەڵکو هاوڵاتیبوونە. کورد دەوڵەتی نییە، ئەو دەوڵەتانەش کە کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، خودی کورد خۆی یەک هەڵوێست نین بەرانبەر ئەو دەوڵەتانە. هەر حزبە و بە ئاوازێک دەخوێنێت. کە حزبەکان یەک ڕا و بۆچوون بوون و توانییان دەوڵەتێکی مۆدێرن دامەزرێنن، با ئێزدی ئێزدیی بن، گرنگ ئەوەیە هاونیشتمان و هاوزمانی ئێمەن، با هاوئایینیش نەبن. ئایا بەوە هیچ لە مرۆڤبوونی ئەوان کەم دەبێتەوە، بە دڵنیایی نەخێر. ئەوەی گرنگە ئەوکات کوردستان هەموومان کۆ دەکاتەوە.

 

پێنجەم: بڕیاردان لەسەر نەتەوەبوونی ئەوان کاری پەرلەمانی عێراق نییە. ئەوەی دەگوزەرێت (فیتەی بیژووەکانە)، ئەگینا ئەوە نییە سەرژمێری دەکرێت، با لە فۆڕمەکەدا نەتەوە و ئایین بنووسن، ئەوکات دەردەکەوێت ئێزدییەکان خۆیان بە چ هەژمار دەکەن. هەرچییەک بێت، دەبێت ڕێز لە بژاردەکەیان بگیرێت. گرنگ ئەوان خۆیان بە عەرەب یا بە تورک نازانن. بەشێکیش نابن لە تێکدان و لەناوبردنی کۆمەڵگەی کوردی، بەڵکو بەسەدان ئێزدی لە ڕابردوودا خوێنیان تێکەڵی خوێنی کوردە موسوڵمانەکان بووە لەپێناو ئازادیی و سەربەخۆیی. تا ئێستاش خەڵکێکی زۆر لە ئێزدییەکان ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.

لە سەردەمی بەعسدا، هەندێک لە ئێزدییەکان بەعەرەب نووسرابوون. کە عەلی حەسەن مەجید دەڵێت ئێزدییەکانیش ڕاگوێزن، پێی دەڵێن ئاخر ئەوان بە عەرەب تۆمار کراون، دەڵێت: “ئەو سەگانە نابن بە عەرەب: لەناویان بەن”.

 

لەسەر ئەو بنەمایانەی سەرەوەش، پێم وایە خۆمشاوەشکردنی ئێمە ئەگەر بەشێکی لە دڵسۆزی بێت، بەشێکیشی بەتایبەتی ئەوانەی کە دەڵێن ئەوان کورد نین، زیاتر پەیوەندیی بە باکگراوندیی ئایینییەوە هەیە. شانازی بەوەوە ناکەن کە غەیرەدینێک هاونەتەوەیان بێت. لەبەرانبەریشدا وەکوو لۆجیکێکی سەرەتایی، ئەوانیش مافی خۆیانە شانازی بەوە نەکەن کە هاونەتەوەی موسوڵمانێک بن. ئەوە کار و کاردانەوەیە. خەڵك چ مافێک بەخۆی بدات دەبێت هەمان مافیش بە بەرانبەر بدات.

دەبینم لەزۆر جێگا باس لە کوشتنی دوعا دەکەن، مەگەر لەناو کوردە موسوڵمانەکان کەم دوعا بە بەرد و ئاگر و گوللـە کوژراون؟ زیاتر لە سێ هەزار ژن و کچی ئێزدیی بەدەستی چەکدارانی داعش و بەپێی شەریعەتی ئیسلام دەستدرێژییان کراوەتە سەر، کەس ئەوەی لەبیر نییە، بەڵام باسی دوعا دەکەن، یان کوردنەبوونی ئەوان قەڵسییان دەکات. قورئانیش لە سوڕەتی مائیدە، ئایەتی (8)دا دەڵێت؛ “ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە، لایەنگری خودا بن، گەواهیدەریی دادپەروەریی بن، با ڕقبوونەوەتان لە قەومێک واتان لێ نەکات دادپەروەر نەبن، دادپەروەر بن لە خوودپارێزی و تەقوا نزیکتر دەبن، پەنا بەخودا بگرن، خودا ئاگادارە لەوەی کە ئێوە دەیکەن” (مائیدە:8).

ئیبراهیم مه‌لازاده‌

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...