سیاسیهه‌واڵ
ئاراستەکان

بەهۆی هێرش و لەشکرکێشییەکانی تورکیا و ئێرانەوە ٨٤٥ هاووڵاتی مەدەنی هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی

لە ساڵی ١٩٩١ەوە، بەهۆی چالاکییە سەربازییەکانی تورکیا و ئێران لە هەرێمی کوردستاندا، ٨٤٥ هاووڵاتیی مەدەنی (٤٢٥ شەهید و ٤٢٠ بریندار) بوونەتە قوربانی.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی نوێترین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی کە بەناونیشانی “قوربانییانی مەدەنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا و ئێران لە باکووری عێراق-کانوونی دووەمی ١٩٩١- حوزەیرانی ٢٠٢٤)، لە ساڵی ١٩٩١ەوە، بەهۆی چالاکییە سەربازییەکانی تورکیا و ئێران لە هەرێمی کوردستاندا، ٨٤٥ هاووڵاتیی مەدەنی (٤٢٥ شەهید و ٤٢٠ بریندار) بوونەتە قوربانی. هەروەها ١٥ هاووڵاتی تر (١٠ شەهید و ٥ بریندار) کە چەکداری سەربە دەوڵەت بوون، بەڵام بەشێک نەبوون لەو جەنگ و ململانێیانەی سەر سنور، بوونەتە قوربانی. لەپاڵ ئەوانەشدا، هەشت دیلی جەنگ کە پێش دەستگیرکردنیان سەربازی دەوڵەت بوون و بەشێک بوون لەو شەڕ و ململانێیانەی سەر سنور، بوونەیە قوربانی بۆردمانەکان و لە هەرێمی کوردستاندا گیانیان لەدەستداوە.

وەک لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونکراوەتەوە، سوپای تورکیا بەرپرسیارە لە ٨٣٪ی قوربانییانی مەدەنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە خاکی هەرێمی کوردستاندا، کە ئەوە زۆرترین ژمارەی قوربانیان پێکدەهێنێت. لە ئەنجامی دەستدرێژی و لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ٣٤٤ هاووڵاتی مەدەنی شەهید بوون و ٣٥٨ هاووڵاتی دیکەی مەدەنی بریندار بوون، کە سەرجەمی ژمارەی قوربانییانی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا دەگاتە ٧٠٢ قوربانی.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە ٣٩٪ی ڕێژەی قوربانییانی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە ساڵانی نێوان ٢٠١٨-٢٠٢٤ ڕوویانداوە، ئەوەش بەهۆی زیادبوون و چڕبوونەوەی ئۆپەراسیۆن و دەستدرێژییەکانی تورکیا لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ەوە. لەو ڕێککەوتەوە تورکیا بە ئامانجی دروستکردنی ناوچەیەکی ئەمنی، بەدرێژایی ٣٦٠ کیلۆمەتری سنوری نێوان عێراق-تورکیا، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی (چنگ)ی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند. لەوکاتەوە تا ئێستا، سوپای تورکیا ٧٤ بنکە و بارەگای سەربازی لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا دامەزراندووە.

ڕێکخراوەکە باسی لەوە کردووە، کە سەرباری ئەوەی کە ئامادەیی سەربازی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو دەوڵەتە بوونەتە مایەی ئاوارەبوونی هەزاران گوندنشین لە ١٧٠ گوندی هەرێمی کوردستان و مەترسی خستنە سەر ٦٠٢ گوندی تری هەرێمی کوردستان بۆ چۆڵبوون و قەڵاچۆکردنیان لە گوندنشینەکانیان، ئابووری خۆماڵی و بژێوی ژیان و نەریتە ڕەسەنەکانی ژیانیی هاووڵاتییان زیانی بەرکەوتووە. بەرزترین ڕێژەی قوربانییان لەوکاتەدا بووە، کە قوربانییان لە ماڵەوە بوون یاخود سەرقاڵی جووتیاری و ئاژەڵداری بوون، کە ئەوە ڕێژەی ٥٩٪ پێکدەهێنێت. ئەوە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە چۆن هەمیشە ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی بەمەبەست گیراوە. هەروەها نیگەرانییەکی دیکە ئەوەیە کە ٢٨٪ی قوربانییانیی مەدەنی، منداڵن کە (٧٩ منداڵ شەهید و ١١٥ منداڵی تر بریندار بوون و سەرجەمیان دەکاتە ١٩٤ قوربانی منداڵ، وەک ئەوەی ڕێکخراوەکە ئاماژەی بۆ کردووە.

بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکە، هەڵوەستە لەسەر قوربانییانی مەدەنی بەهۆی هێرش و پەلامارەکانی سوپای پاسدارانی ئێران دەکات و تیایدا ڕوونکراوەتەوە، کە سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارە لە ١٧٪ی قوربانییانی مەدەنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە خاکی هەرێمی کوردستاندا. بەو هۆیەوە کە لە ئەنجامی لەشکرکێشی و هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان ٨١ هاووڵاتی مەدەنی شەهید و ٦٢ هاووڵاتی دیکەی مەدەنی بریندار بوون، کە سەرجەمی ژمارەی قوربانییانی هێرشەکانی ئێران دەکاتە ١٤٣ قوربانی. لەدوای کۆتاییهاتن بە شەڕی نێوان عێراق-ئێران، سوپای پاسدارانی ئێران، بەردەوام بوو لە بۆردمانکردنی خاکی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە ڕێگەی بەکارهێنانی تۆپخانەکانییەوە. بە تەنیا بەهۆی تۆپبارانەکانی ئێرانەوە، ٦٣ هاووڵاتی مەدەنی شەهید و ٤٨ هاووڵاتی دیکەی مەدەنی بریندار بوون، کە سەرجەمی قوربانییانی مەدەنی تۆپبارانەکانی ئێران دەکاتە ١١١ قوربانی، کە ئەوەش ٧٨٪ی قوربانییانی مەدەنی بۆردمان و لەشکرکێشییەکانی سوپای ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت.

هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لەساڵی ٢٠١٣ەوە تاوەکوو ئێستا، کۆماری ئیسلامی ئێران ١٥١ بنکە و بارەگای سەربازی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بونیادناوە، کە بوونەتە مەترسی بۆسەر ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی و بەهۆی چاندنی مین لە دەوروبەری ئەو بارەگایانە، تەقەی ڕاستەوخۆ لەو بارەگا سەربازییانەوە بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنی و تۆپبارانکردنی گوندنشینان لەلایەن تۆپخانەکانی ئەو بنکە و بارەگایانەوە، هاووڵاتی مەدەنی پێکراون و بوونەتە قوربانی. بەرزی ڕێژەی ئەو قوربانییانەی کە لەکاتی جووتیاری و ئاژەڵداری یاخود لە ماڵی خۆیاندا پێکراون، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە هاووڵاتییانی مەدەنی بەمەبەست کراونەتە ئامانجی لەشکرکێشییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران کە ڕێژەی ٥٤٪ی قوربانییان پێکدەهێنێت.

 

ڕاپۆرتی ڕێکخراوی (CPT) ڕوونیکردووەتەوە، لە ٤٤٪ی قوربانییانی سوپای تورکیا دەکەونە پارێزگای دهۆکەوە، بەوەش ژمارەی قوربانییان لەو پارێزگایە ٣٠٦ کەسە (١٥١ شەهید و ١٥٥ بریندار).

هاوکات، پارێزگای هەولێر ٣٤٪ قوربانییان لە خۆدەگرێت، کە ژمارەیان ٢٤٢ کەسە (١٢٩ شەهید و ١١٣ بریندار) و ڕێژەی قوربانییانی پارێزگای سلێمانیش ١٦٪یە. کە ژمارەیان ١١٤ کەسە (٥١ شەهید و ٦٣ بریندار) و هەروەها پارێزگای نەینەوا لە ٦٪ قوربانییان لە خۆ دەگرێت، بە ژمارەی قوربانی ٤٠ کەس (١٣ شەهید و ٢٧ بریندار).

پەیوەست بە دابەشبوونی جوگرافی قوربانییان بەپێی شارۆچکەکان، قەزای ئامێدی و سیدەکان ڕێژەی ٣٩٪ی قوربانییانی مەدەنی پێکدەهێنن و زۆرترین ژمارەی قوربانییان تێدا تۆمارکراوە. قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک لە ٢٢٪ی قوربانییەکان لە خۆ دەگرێت، کە ژمارەیان ١٤٨ کەسە (٩٠ شەهید و ٥٨ بریندار). قەزای سیدەکان، سەر بە پارێزگای هەولێر، لە ١٨٪ی قوربانی لە خۆ دەگرێت. کە ژمارەیان ١٢٣ کەسە (٧٥ شەهید و ٤٨ بریندار).

 

بۆ خوێندنەوە و وەرگرتنی دەقی ڕاپۆرتەکە کرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بکە؛

دەقی ڕاپۆرتەکە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...