سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

پێویستە هەرێم بخرێتە ژێر سەرپەرشتیی نێودەوڵەتی

دۆخی هەرێم گەیشتووەتە ئاستێك چاوەڕوانی ڕووداوی زۆر مەترسیداری لێدەكرێت، لەلایەك لەسەر ئاستی جیهانی سیستەمێك خەریكی ماڵئاوایی كردنە و سیستەمی نوێی جیهانی هێشتا ڕێكنەخراوە و نەچەسپاوە، ئەمە جۆرە فەوزا و ململانێیەكی ترسناكی لە سیاسەتی جیهانیدا هێناوەتە بەرهەم، كە سەرتاپای مرۆڤایەتی خستووەتە بەردەم ئەگەری شەڕێكی گەورەی جیهانی. هەرچەندە ئەو ئەگەرە لاوازیش بێت، بەڵام هەیە!
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لەلایەكی تر سیستەمی هەرێمیی، خەریكە خۆی كۆدەكاتەوە و ئەو كێشانە چارەسەر دەكات، كە دوای ڕووخانی بلۆكی ڕۆژهەڵات سەریانهەڵدا، بۆ نموونە سیستەمی سیاسی لە عێراق كەوتووەتەوە سەرپێی و خەریكە نەك هەر مەترسی هەڕەشەی دابەشبوونی لەسەر نامێنێت، بگرە ناوەند هێندە بەهێز بووە، كە بە جددی كار لەسەر گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی ناوەندیی دەكات، بەمەش هەموو ئەو شتانە كەوتوونەتە ژێر هەڕەشەوە، كە لەدوای ڕاپەڕینەوە كەوتوونەتە دەست كورد.

 

دۆخی سیاسی ناوچەكە بە ئاڕاستەی قۆناغێكی تر لە شەڕی سارد و بە تامپۆنبوونەوەی كوردستان لە ڕووی جیۆپۆلەتیكییەوە، سیماكانی بە دیاركەوتوون.

 

عێراق وەك ئەندامێكی كارا لەو سیستەمە هەرێمییەی لەڕێگەدایە، كە زۆر لە قۆناغی یەکەم شەڕی سارد دەچێت، خەریكە ڕۆڵی گەورە دەگێڕێت، هەوڵەكانی بۆ بەیەكەوە كۆكردنەوەی ئەسەد و ئەردۆگان زەنگی مەترسییەكی ترسناكە بۆ دامەزراندنەوە و بەهێزكردنەوەی مەنزومەیەكی هەرێمیی، كە هەمدیس جێگەی كوردی تێدا نابێتەوە.

 

وەك دەرهاویشتەیەك بۆ ئەو گۆڕانكارییانە، كار لەسەر ئەوە دەكرێت، ڕژێمە دزێو و قێزەونەکەی ئەسەد بگەڕێنرێتەوە سەر گۆڕەپانیی نێودەوڵەتی و خەریكە پڕەنسیپی سەروەری لە سووریا بە كردەیی دەكەوێتەوە كار، كە پێشتر ئێجگار كاڵ ببووەوە.

 

هێندەی پەیوەندی بە كوردەوە هەیە، باكوور شێلگێڕانە خەباتێكی مەدەنییانەی پێشكەوتوو دەكات و دەزگای وای دامەزراندووە، كە لە هەڵبژاردنەكاندا ململانێ لەگەڵ گەورەترین هێزە دەسەڵاتدارەكانی توركیا دەكات، لە ڕووی سەربازیشەوە هێزێكی تۆكمەی وای دامەزراندووە، كە هیچ هێزێك نەتوانێت بیسەنگرێنێتەوە و ڕووبەڕووی هەموو مەترسییەك دەبێتەوە. بەڵام بیركردنەوەی كلاسیكی و پێكهاتەی حزبی لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان نەك هەر یارمەتیدەر نین، بگرە كۆسپی گەورە نەك بە تەنیا بۆ باكوور بگرە بۆ هەموو كوردستان دروست دەكەن.

 

ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە تەواوی سڕكراوە و هێزە سیاسی و چەكدارەكانی تا ڕادەیەكی زۆر قۆڵبەستكراون. باشوور، ئەو هەرێمەی خەونی هەموو كوردستان بوو، ئێستا بە كردەیی شكستی هێناوە و لە ناوخۆ هەڵوەشاوەتەوە، ئەو ئەزموونە نەك هەر نەیتوانی لە ماوەی سی و سێ ساڵدا سەركەوتن بەدەست بهێنێت، بەڵكو كرایە ئامرازێكیش بۆ لێدانی بزووتنەوەی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان. بەرژەوەندیخوازی حزبی و بنەماڵەیی وایكردووە نەك هەست بە مەترسی قۆناغەكە نەكرێت، بگرە لە دۆخێكی ئاڵۆزی وەكوو ئێستادا خەریكە دەهۆڵی شەڕی ناوخۆ دەكوتنەوە و تەڕ و وشك بەیەكەوە دەسووتێنن!

 

بۆ ئەوەی هەرێم لەو مەترسییە ناوخۆیی و دەرەكییانە ڕزگار بكرێت، كە بەداخەوە بەهۆی ئەو هۆكارانەی ئاماژەمان پێكرد لە توانای كورد خۆیدا نییە، بۆیە بە پشتبەستن بە مادەی ٧٧ لە بەندی دوازدەی میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان، خەڵكی كوردستان بۆیان هەیە داوای سەرپەرشتیكردن (وصایە) لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بكەن، باشترین چارەسەر ئەوەیە هەرێمی كوردستان ببێتە ناوچەیەكی لە چەك داماڵڕاو و ئەركی پاراستنی بكەوێتە ئەستۆی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. بەمەش دەتوانێت لە لایەك خۆی بپارێزێت، لەلایەكی تر سەقامگیرییەكی وا بێنێتە دی، كە هاووڵاتییانی ئەو هەرێمە بتوانن بە ئارامی و ئاسوودەیی و دوور لە هەڕەشەكان بژین.

 

بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە زۆرترین ئیمزا كۆبكرێتەوە و لە ڕێگەی داوایەكەوە پێشكەش بە نەتەوە یەكگرتووەكان بكرێت.

د. کامەران مەنتک

نووسەر و ئەکادیمی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...