دیمانه‌سیاسی
ئاراستەکان

سەرکردایەتی جیھانی: ئەمریکا و ڕووسیا؛ پێشکەوتنخواز یان نەریتی

پرسیاری ئەمریکی و وەڵامی ڕووسی

پوختەیەک لە ناوەڕۆکی چاوپێکەوتنێک کە پێشکەشکاری بەناوبانگی ئەمریکی تاکەر کارلسۆن لەگەڵ بیرمەندی بەناوبانگی ڕووسی ئەلێکساندر دووگین سازیکردووە.

بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

وەرگێڕان و داڕشتنەوە: ڕامیار ڕەشید

 

کارلسۆن لە دەستپێک دووگین وەک پیاوێکی تەمەن ٦٢ ساڵی و بە فەیلەسوفێکی ئەکادیمی ڕووسی دەناسێنێت. کە لە گەنجیدا دژە سۆڤیەت بووە، ژیانی لە مۆسکۆ بەسەردەبات و ئێستاش کەسایەتییەکی سیاسی نییە، بەڵکو فەیلەسوفە کە لە ئینگلیزی بە مێشکی پوتین دادەنرێت. بیرۆکەکانی دووگین بە شێوەکی قووڵ هێرشبەرین (offensive) بۆ هەندێک کەس. کارلسۆن، دووگین بە ڕاوێژکارێکی نزیکی ڕۆژانەی ڤلادیمێر پوتین ناناسێنێت یان وەک سەرکردەیەکی سەربازی، بەڵکو نووسەرێکە دەربارەی ئەو بیرۆکانەی کە کتێبەکانی قەدەغەکراوە لەلایەن ئیدارەی بایدن لە ئەمریکا، چونکە لایان زۆر مەترسیدارە بۆسەر بنەماکانی دیموکراسی و ھاوکات وەک ڕاستڕەوێکی توندڕەو دادەنرێت.

 

کارلسۆن سەبارەت بە ئادیاکانی وڵاتانی جیهانی ئینگلیزی وەک ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، ئوستڕالیا و هتد، دەیخاتەڕوو کە هەموو لە یەک کاتدا بڕیاریان داوە دژی ئەم ململانێیە بوەستن کە لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و بەتایبەت ئۆکڕاین دەگوزەرێت، بۆ ئەم مەبەستە کارلسۆن دەیەوێ بۆچوونی دووگین بزانێت کە ئەمەی هەیە لە کوێ سەرچاوەی گرتووە، لە وەڵامدا دووگین بە تێڕوانینێکی تیۆری دەست پێ دەکات و دەریدەبڕێت کە هەموو شتێک لە تاکگەرایی ڕۆژئاواییەوە (individualism)ـەوە دەست پێدەکات، کە پێی وایە بریتییە لە تێگەشتنێکی هەڵە بۆ سروشتی مرۆڤ، چونکە کاتێک تاکگەرایی دیاری دەکەی لە سروشتی مرۆڤ ئەوا بە مانای بڕینی هەموو پەیوەندییەکانیان دێت لەگەڵ هەر شتێکی دیکە لە دەوروبەردا. بۆیە بیرۆکەی دووگین ئەوەیە کە بابەتی فەلسەفی وەک تاک و هەموو شتێک لە جیهانی ئەنگلۆساکسۆندا (Anglo Saxon World) بە چاکسازی پرۆتستانت و بە ناوگەرایی (nominalism) دەستی پێکرد، کە پێش ئەوە هیچ بیرۆکەیەک نەبووە.

 

هاوکات بەپێی دووگین، تاکگەرایی (individualism) چەمکێکی سەرەکییە کە لە ناوەندی ئایدۆلۆژیای لیبڕاڵی دانراوە، لیبڕاڵیزم بە ڕای دووگین پڕۆسەیەکی سیاسی، کەلتووری، مێژوویی و فەلسەفیی ئازادبوونی تاکە لە هەر جۆرە ناسنامەیەکی بەکۆمەڵ یان دەستەجەمعی (collective identity) کە تاک تێدەپەڕێنێت. ئەمەش دەست پێدەکات بە ڕەتکردنەوەی کڵێسای کاسۆلیکی وەک ناسنامەیەکی بەکۆمەڵی ئیمڕاتۆرییەتی ڕۆژئاوا. ئەوە ڕاپەڕینێک بوو دژی دەوڵەتی ناسیۆنالیستی وەک ناسنامەیەکی بەکۆمەڵ وەک لە بەرژەوەندی کۆمەڵگەیەکی تەواو مەدەنی، دوای ئەوە لە سەدەی بیست شەڕێکی گەورە هەبوو لەنێوان لیبڕاڵیزم، کۆمۆنیزم و فاشیزم. دووگین ئاماژە بەوە دەکات لیبڕاڵیزم جارێکی دیکە سەردەکەوێت بەوەی بەرگێکی نوێی هەمەجۆر بەبەر خۆیدا دەکات، چونکە لە دوای هەرەسی یەکێتی سۆڤیەت تەنیا لبیڕاڵیزم هەبووە هەروەک فرانسیس فۆکۆیاما بە تەواوی لە کتێبی کۆتایی مێژوو دەریدەخات کە لەکۆتاییدا هیچ ئایدۆلۆژیایەکی تر نییە جگە لە لیبڕاڵیزم.

 

لەم ڕووەوە، دووگین باس لەوە دەکات دوو جۆر ناسنامەی بە کۆمەڵ هەبووە بۆ ڕزگاربوون لە ناسنامەی جێندەری، چونکە ئەویش ناسنامەی بە کۆمەڵە، ئەوەیە تۆ پیاویت یان ژن، بەشێوەیەکی بەکۆمەڵ، کە نەتدەتوانی تەنیا بیت. بۆیە لیبڕاڵیزم ڕزگاربوونێکە لە ڕەگەز کە بووەتە هۆی ڕەگەزگۆڕاوەکان، بۆ ئێڵ جی بی تی و فۆڕمێکی نوێی تاکگەرایی سێکسی.

لە درێژەی قسەکانی دووگین پێی وایە کۆتا هەنگاوی پڕۆسەی لیبڕاڵیزم بە وردی مانای ئیختیاری مرۆڤ دێت بەوەی کە دەتەوێت ناسنامەیەکی تاکیەتی خۆت ھەڵبژێریت، کە سەردەمی تاکایەتی، دوای تاکایەتی و ژیری دەستکردی پێ دەڵێن کە ئەمانە ئێستا و داهاتوویەکی حەتمی مرۆڤایەتیین. بە خوێندنەوەی خۆی، دووگین قۆناغی ئێستا وەک دوا وێستگە دەناسێنێت کە دواجار پێنج سەدە لەمەوبەر سواری ئەم شەمەندەفەرە بووینە وەک قۆناغێکی گواستنەوەی مێژوویی، کە ھەموو ئەمانە بڕینی نەریتەکانن لەگەڵ ڕابردوو بۆ ئەوەی چیتر پرۆتێستانتی نەبێت، بەڵکو ببێتە سێکیولار و ماتریالیست. بەجۆرێک کە سەرەتا لیبڕاڵیزم هات دەوڵەت نەتەوەکانی ڕزگار کرد لە ئیمپڕاتۆریەتەکان، بەڵام ئێستا لیبڕاڵیزم مرۆڤ لە دەوڵەت نەتەوەکانیش ڕزگار دەکات یاخود دەیانهێنێتە دەرەوە یانیش ئازادیان دەکات.

 

زیاتر لەمەش، دووگین بیری لە لیبڕاڵیزم کردووەتەوە و وەک ئازادی تاک دەیبینێت، کە بژاردەکان تێیدا ئەوەن کەسێک دەتوانێت شوێن باوەڕ و ویژدانی خۆی بکەوێت دژی هەر دەوڵەت و تۆتالیتاریانیزمێک، یان بەوەی دووگین دژی شەڕی کردووە کە بەرجەستە ببوو لە سۆڤیەت! کەواتە جیاوازییەکە چییە لە نێوان بیری لیبڕاڵیزم و ئەوەی دووگین دژی بووە لەبەرانبەر سۆڤیەت؟

 

دووگین ڕوونی دەکاتەوە کە کێشەکە لە نێوان دوو پێناسەدایە، لیبڕالیزمی کلاسیکی و نوێ‏ (classical and neo-liberalism).

 

لیبراڵیزمی کلاسیکی لەبەرژەوەندی دیموکراسیدا بووە، و دیموکراسی بەمانای هێزی کۆدەنگی زۆرینەی ئازادی تاک کە پێویستە تاڕادەیەک تێکەڵ بێت بە ئازادی ئەوانی تر، یان کەمینەکان. بەڵام، ئێستا قۆناغی لیبڕاڵیزمی نوێیە، کە سەردەمی دەسەڵات و ھێزی کەمینەیە نەک زۆرینە، واتە تەنیا دەربارەی ئازادی تاک نییە بەڵکو دەربارەی بەئاگابوونەوە و هۆشیارییە دژی نادادی (Woke-ism). هەروەها پێویستە نەک تەنیا ڕەخنە لە دەوڵەت، بەڵکو دەبێت ڕەخنە لە تێگەیشتن و بیرکردنەوە کۆنەکانی تاکیش بگیرێت. هەروەک فۆکۆیاما لەبەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی لەگەڵ دووگین گوتبووی پێشتر دیموکراسی دەربارەی حوکمی زۆرینە بوو، بەڵام ئێستا حوکمی کەمینەیە بەرانبەر زۆرینە، چونکە زۆرینە دەتوانێت هیتلەر یان پوتین هەڵبژێرێت. بۆیە دووگین لەبەر ئەمە دەڵێت ئەوان (ڕۆژئاواییەکان) پێیان وایە ئێستا پێویستە زۆر وریا بین بەرانبەر زۆرینە و حوکم و کۆنتڕۆڵی زۆرینە بکرێت. بۆیە دووگین ئەوە ڕاستەوخۆ بە تۆتالیتاری دادەنێت نەک دیموکراسی. ئێستاش ئێمە باس لە بەرگریکردن لە ئازادی تاکەکەسی ناکەین، بەڵکو باسی ڕەچەتە دەکەین بۆ ئەوەی بەئاگا بین، مۆدێرن بین و پێشکەوتنخواز بین، کە ئەمەش وەک مافی تۆ نییە، بەڵکو وەک ئەرکی تۆ دادەنرێت، کە پێشکەوتنخواز بیت بۆ پەیڕەوکردنی ئەم ئەجێندایەی کە لە حوکمی کەمینەی ڕۆژئاوا هەیە بەوەی تۆ ئازادیت کە لیبراڵێکی چەپ بیت، ئیتر ئەوەندە ئازاد نیت کە لیبراڵێکی ڕاست بیت. دووگین وای دادەنێت لیبڕاڵیزم لە مێژووی خۆی شەڕی کردووە دژی هەر جۆرە ڕەچەتە و زۆرکردنێک، بەڵام ئێستاش لە نۆرەی خۆیدا بووە بە تۆتالیتاری.

 

لەدوای ئەم بۆچوونانەی دووگین، کارلسۆن لێی دەپرسێت کە ئایا ئەمە حەتمی بووە و بڕیاربوو هەر دەبێت ڕووبدات ئەم پڕۆسەیە؟

 

دیدگای دووگین ئەوەیە هەست بە لۆژیکێک دەکات کە گەڕانەوە و لادانی نییە، بەجۆرێک باس لەوە دەکات دەتەوێت تاک ئازاد بکەیت کاتێک دەگەیتە ئەو خاڵەی کە دەکرێت و بەدی دێت، ئەوا بۆیە پێویستە زیاتر بەرەوپێشەوە بچین و دەست بکەین بە ڕزگارکردنی خۆمان لە تێگەیشتنە کۆنەکان لەبەرژەوەندی چەمکە پێشکەوتووترەکان. بۆیە ناتوانی ئاوا لێرە بوەستی، و ئەگەر بڵێی من لیبڕاڵیزمی کۆنم ئەوا هەر ئەوان پێت دەڵێن ئەوە لیبراڵیزمی کۆن نییە و ئەوە فاشیزمە و بەرگری لە نەریتگەرایی و کۆنەپەرستی دەکات، بۆیە یان لێبڕالیزمێکی پێشکەوتنخوازبە یان تۆ تەواو بوویت، (ئەمە لێکدانەوەی وەڵامەکەی دووگینە).

 

کەواتە ھەنگاو و قۆناغی داھاتووی دوای ئەمە چی دەبێت؟

 

دووگین بەو وەڵامە دەدوێت کە داهاتوو لە وێنە و فیلمە ئەمریکییەکان وەسفکراوە، و پێی وایە زانستی خەیاڵ بە نزیکەی هەموو سەدەی نۆزدەهەم بەدیهێنرابوون لە سەدەی بیستەمدا، بۆیە شتێک نییە واقیعیتر بێت لە زانستە خەیاڵییەکان، کەم تا زۆر ڤێرژنەکانی داهاتوو دەگۆڕێن، داهاتوویەک لەگەڵ دۆخی ئیختیاری مرۆڤ، دوای مرۆڤ و لەگەڵ ژیریی دەستکرد. بۆیە ئەوان (ئەمریکییەکان) بە دروستی وێنای واقیعی داهاتووی نزیک دەکەن.

دووگین نمونەی ئەوە باس دەکات ئەگەر مرۆڤ یان سروشتی مرۆڤ وەک ئاژەڵێکی عەقڵانی بزانین، ئەوا ئێستا دەتوانیت بە تەکنەلۆژیا هاوشێوە بەرهەم بهێنیت، دەتوانیت دروستیان بکەیت و تێکەڵیان بکەیت بە ژیری دەستکردی بەهێز و تۆڕی دەماری لەگەڵ بنکەیەکی زانیاری زەبەلاح کە بەبەردەوامی مرۆڤ ئاڕاستەی ئەو داهاتووە نزیکە بکات، کە ئەمەش جۆرێکە لە پاشایەتی جیهانی بە بڕوای دووگین. ئەمەش کە نەک تەنها دەستکاری ئەوان دەکات، بەڵکو واقیعەکان دروست دەکات، چونکە واقیعەکان وێنەن و هەستەکانن. بۆیە دووگین ئایندەگەرایی دوای مرۆڤەکان دادەنێت بە جۆرێک لە نەک تەنیا بە شێوەیەکی واقیعی وەسفکردنی داهاتوویەکی زۆر ئەگەری، بەڵکو هەروەها جۆرێکە لە مانیفێست و ئەجێندایەکی سیاسی، واتە جۆرێکە لە بیرکردنەوەیەکی مەبەستدار و خوازراو.

 

لەگەڵ ئەوەشدا، دووگین زیاتر باس لە فیلمە ڕۆژئاواییەکان دەکات بەوەی کە هیچ داهاتوویەکی نەریتی گەشاوە نییە کە لە فیلمەکاندا باسکراوە لەسەر گەڕانەوەی ژیانی نەریتی، خۆشگوزەرانی و پاراستنی خێزانەکان و هەموو شتێک تەواو لە سێبەرێکی نادیاردایە. بۆیە لە ئێستاوە بژاردەکان لە دەرەوەی سنووری مرۆڤایەتین و ئەمەش تەنیا خەیاڵێک نییە، بەڵکو جۆرێکە لە پڕۆژەی سیاسی.

 

وەک کۆتا سەرنج کارلسۆن دێتە سەر ڕووسیا و دەپرسێت چۆن ئەو دیاردەیە ڕوون دەکەیتەوە: مەودای زیاتر لە ٧٠ ساڵە، کۆمەڵێک کەس لە ڕۆژئاوا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لیبڕاڵەکان، بە شێوەیەکی کاریگەر بەرگرییان لە سیستەمی سۆڤیەت و ستالینیزم دەکرد و زۆرێکیان بە شێوەیەکی شەخسی بەشدارییان لە ستالینیزمدا کردووە، سیخوڕییان کردووە بۆ ستالین یان پشتگیریان کردووە لە میدیاکاندا. تا ساڵی ٢٠٠٠ بۆریس یێڵسینیان خۆشدەویست، چونکە سەرخۆش بوو! بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٠ سەرکردایەتی ئەم وڵاتە گۆڕا و ڕووسیا بوو بە دوژمنی سەرەکی. بۆیە دوای ٨٠ ساڵی نامۆ لە بەرگریکردن لە ڕووسیا، ڕووسیایان خراپ کرد.

 

دووگین پێش ھەموو شتێک پوتین وەک سەرکردەیەکی نەریتی (Traditional leader) ناودەبات. کە پێی وایە دوای هاتنە سەر دەسەڵات، پوتین هەر لەسەرەتا دەستی کرد بە دەرهێنانی ڕووسیا لە هەژموون و کاریگەری جیهانی. بۆیە پوتین دەستی کرد بە ڕووبەڕووبوونەوە و دژایەتیکردنی ئەجێندای پێشکەوتنخوازی جیهانی و ئەو خەڵکانەی کە پاڵپشیی یەکێتی سۆڤیەتیان دەکرد کە دواجار پێشکەوتنخواز بوون، بۆیە هەستیان کردووە کە ئێستا مامەڵە لەگەڵ کەسێک دەکەن کە هاوبەشی ئەم ئەجێندای پێشکەوتنخوازانە نییە و هەوڵی گەڕانەوەی بەهای نەریتی و سەروەری دەوڵەتی داوە. ئەوەش لە سەرەتاوە دیار نەبوو لە دەرەوە، بەڵام کاتێک پوتین زیاتر و زیاتر پێداگری لەسەر ئەم ئەجێندا تەقلیدییە دەکرد، وەکوو ڕۆحانیەت لەسەر شارستانیەتی ڕووسیا وەک جۆرێک لە ناوچەیەکی تایبەتی جیهانی کە ئێستا لێکچوونێکی زۆر کەمی لەگەڵ ئایدیاڵە پێشکەوتنخوازەکاندا هەیە، بۆیە ئەوان ئێستا دۆزیویانەتەوە کە بە وردی پوتین چییە. لەبەرئەوە جۆرێکە لە سەرکردەی سیاسی کە بەرگری لە بەها نەریتییەکان دەکات. بۆیە لەم دواییانەدا، ساڵێک لەمەوبەر، پوتین فەرمانێکی بۆ بەرگری سیاسی لە بەها نەریتییەکان دەرکردووە. بە بڕوای دووگین ئەوە خاڵی وەرچەرخان بوو، چونکە کەمپی پێشکەوتنخوازەکان لە ڕۆژئاوا هەر لەسەرەتای دەسەڵاتییەوە لە پوتین تێگەشتبوون. کەواتە، ئەم ڕق و کینە تەنیا شتێکی ئاسایی و مەزاجی نییە کە دژی هەیە.

 

لە کۆتا پێشبینی دووگین لە ئەگەری سەرەکی لەناوبردنی بەها تەقلیدییەکان، پەیوەندییەکان و بیروباوەڕەکان، لەلایەکی تریش کەسێک کە بە چەکی ئەتۆمی بەهێز بوەستێت بەرگری لە بەها تەقلیدییەکان بکات کە بڕیارە هەڵبوەشێنرێتەوە، پێی وایە هەندێک بنەما هەیە بەرانبەر ئەم ڕوسیافۆبیایە. بۆیە ئەوە بە ڕێککەوت نابینێت و تەنیا گۆڕانکارییەکی ناعەقڵانیش نییە لە نزیکایەتی سۆڤیەتییەوە بۆ ڕووسیافۆبیایەک، بەڵکو شتێکی قووڵترە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button