دیارە دەنگدان بەرهەمی زمانی کوردی خۆی نییە، بەڵکو وەرگێڕانی ناوی عەرەبی صوت\ە.
لەم ڕوانگەیەوە، ڕەنگە کەمێک هەڵەبێت کە چەمکی دەنگ بەکارببەین بۆ تێگەیشتن لە ڕەفتاری دەنگدان. بەڵام لە بەر نزیکی زۆری کەلتووری عەرەبی و کوردی، هەروەها کاریگەریی باڵادەستی عەرەبی لە سەر کورد، دەکرێت دەنگ و دەنگدان وەک کردەیەکی کوردیش ببینین.
دەنگ، دیاردەیەکی فیزیکییە، بەڵام مانای چی دەدات کاتێک دەبێتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، سیاسی و دەروونی؟ لە ناو پڕۆسەی ڕەفتاری سیاسیدا دەنگ وەک دەربڕینێک یان هاوارکردنێک یان لە سەرووی هەموویەوە هەوڵدانە بۆ بیستن، بۆ ئەوەی گوێیان لێت بێت. لە یۆنانی کۆندا ئەوەی دەنگی بەرز و گڕ بووایە ڕۆڵ و کاریگەری زیاتر بوو. کەواتە بەشداری لە کایەی سیاسیدا دیاردەیەکی دەنگییە.
ئەگەر عەرەب دیاردەیەکی دەنگی بێت، وەک بیرمەندی سعودی عەبدوڵا قوسەیمی ناوی دەنێت، ئەوا دیاردەی دەنگیبوون کوردیشە. لای قوسەیمی دەنگ جێگای عەقڵ دەگرێتەوە. دیاردەی شیعری پڕوپووچ، جێگای ڕەخنە و تێگەیشتن دەگرێتەوە، ئەوەیە دەمەوەرێکی وەک موتەنەبی لە زۆر شاعیری گەورەی تر ناسراوترە. بەڵام دەنگ بەسەر کرداریشدا زاڵ دەبێت. لای مرۆڤی کوردی هاتوهاوار، قیژ و قاژ، قسەی زل، فەرتەنە، باڵاترین کردەی سیاسییە.
دەنگ یان دیاردەی دەنگی دۆخێکی پاڵەوانێتی ساختەیە. لە زمانی ئینگلیزی و زمانە ئەوروپیئە لاتینیەکاندا، ناوی vote ڤۆت، بەکاردێت.
ئیتمۆلۆجیای وشەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پازدە. وشەکە چەند مانایەک لە خۆی دەگرێت، وەک پەیمان، هیوا یان ئاوات.
لە دیاردەی دەنگدانی کوردیدا دژایەتییەک دەبینین. دەنگ ئەگەر بەشداری مرۆڤەکان بێت لەوەی کە کێ نوێنەرایەتیان بکات هەتا یاسا دابڕێژێت بۆ ئەوەی لە ژێر سایەی ئەو یاسایەدا ژیانی خۆیان و هەروەها ژیانیان لەگەڵ ئەوانی تردا بەڕێبکەن، ئەوا ئەم پڕۆسەیە پێویستی بە زیاتر لە دەنگەدەنگ و دەمەوەرییە، کە ئێستا بە سەر کایەی سیاسی کوردیدا زاڵە. دەزانین کە دەنگ بێدەنگییەکی زۆر بەرهەم دەهێنێت. بێدەنگی جۆری زۆرە، بەڵام بە گشتی کردەیەکی سیاسی پۆزەتیف نییە. ترسناکی لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا ئەوەیە کە دەنگ وەک کردەیەکی ناعەقڵانی بە ئاسانی عەقڵ پاڵدەنێت بۆ خانەی بێدەنگ بوون.
ساڵانی پێشوو، هیوایەک هەبوو کە مرۆڤی کورد لە میانەی پیادەکردندا پێدەگات، گەورە دەبێت، فێر دەبێت. ئەمە خەسڵەتەکی دیاری پڕۆسەی بەدیموکراسیکردنە، کە وەها دەبینێت مرۆڤەکان لە میانەی پیادەکردن و دووبارەکردنەوەدا فێردەبن، بەڵام وابزانم فێربوون دیاردەیەکی کوردی نییە. فێربوون دیاردەیەکی سەر بە ڕۆشنگەرییە. فێربوون بریتییە لە توانای جیاکردنەوەی خود لە ڕەفتارەکانی خود لە پێناو عەقڵانیکردندا. عەقڵانیەت کردەی ڕەخنە یان ڕامانە لە میانەی پڕۆسەی بە ئەجینسی بوون. جا ئەم گوێدرێژە لەم قوڕە دەرنایەت. توانای ڕزگاربوون لە خۆشی فێرنەبوون زۆر بەهێزترە لە ئازاری فێربوون. لێرەدا جێگای سەرسورمان نییە کە دیاردەی دەنگدان و دەنگەوەریی و دەنگەدەنگ و ناعەقڵانیەت و دووبارە خەسڵەتی زاڵی کایەی سیاسیین. ئەوەی سەیرە کە خەڵک نائومێد دەبێت، بەڵام عەقڵانی نابێت. مرۆڤی نائومێد بە گشتی مرۆڤێکی کەمعەقڵە. عەقڵ بە مانای باوەکەی نا لە دونیای ئێمەدا. عەقڵ لە ئاگایی کوردیدا لە عەرەبییەوە هاتووە کە یانی ڕیشووە. کە ڕیشووە دەکەیتە ملی ئەسپێک عاقڵی دەکەیت. لە زمانی شەعبیدا دەربڕینی ئەوە باوە کە کەسێک بە کەسێکی تر دەڵێت: با نەیەم عاقڵت کەم، کە یانی لێدان و پڕ شەقکردن، نەک خوێندنەوەی ئیمانوئێل کانت.