كه‌لتوور

كه‌لتوور وه‌ك بژارده‌یه‌كی مانادار

مافی کەمینەکان لە بیری ویل کیملیکادا

زێدپرێس

دیموکراسییەکانی ئەمڕۆ لەبەردەم تەحەدای فرە که‌لتووریدان. پرسی فرەیی که‌لتووری و پەیوەندییەکەی لەگەڵ دیموکراسیدا، یەکێکە لە پرسە بنەڕەتییەکانی جیهانی ئەمڕۆ. گرووپی کەمینە و زۆرینە لە کۆمەڵگەیەکدا هەمیشە لە ململانێی یەکتردان. که‌لتوورە کەمینەکان زیاتر لە جاران دەیانەوێت جیاوازییە كه‌لتوورییەکانیان بناسێنن. دابینکردنی ڕێگاچارەی دیموکراسی بۆ تێپەڕاندنی ئەو کێشانەی کە بەهۆی فرەیی كه‌لتوورییەوە دروست بووە، پێویست و ئەخلاقی و عەقڵانییە.

زۆربەی کۆمەڵگە مۆدێرنەکان ئیتر دەوڵەتی نەتەوە نین؛ بەپێی دوایین هەڵسەنگاندنەکان لە ١٨٤ وڵاتی سەربەخۆی جیهاندا ٦٠٠ زمان، گرووپ، شارستانییەت و پێنج هەزار نەتەوە هەیە. ئەو وڵاتانەی کە هەموو هاووڵاتییان بە یەک زمان قسە بکەن یان سەر بە یەک گرووپی ئێتنۆ-نەتەوەیی بن زۆر دەگمەنن. ئایدیاڵی دەوڵەتی نەتەوە وەک خاکێک کە لە نەتەوەیەکی ناوازە و یەکگرتوو و خۆبەڕێوەبەر پێکهاتووە، بە دەگمەن لە ڕووی مێژووییەوە بەدیهاتووە. بەڵام ده‌وڵه‌ته‌كان بۆ ئەوەی بتوانن بگه‌ن به‌و مۆدێلە ئایدیاڵە له‌ کۆمەڵگەیەکی سیاسی یەکپارچە، كه‌ لە مێشکیاندایە، سیاسەتی جیاوازیان بەرانبەر بە کەمینەکان پەیڕەو کردووە، کە تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا بووەتە هۆی جینۆساید. لە باشترین حاڵەتدا کەمینەکان بەپێی سیاسەتەکانی ئاسمیلەکردن بە شێوەیەک مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، کە لە کۆتاییدا ناچاربن خۆیان لەگەڵ كه‌لتوورە گەورەکەدا تێکەڵ بکەن و له‌ ناویدا بتوێنه‌وه‌.

تیۆری لیبراڵ بە جەختکردنەوە لەسەر مافەکانی تاک، مافە بەکۆمەڵەکانی کەمینە كه‌لتوورییەکانی پشتگوێ خستووە. هەروەها مافی مرۆڤ نیشانی دا، کە توانای چارەسەرکردنی کێشەی کەمینەکانی نییە

 

ڕۆژ بە ڕۆژ خواست لەسەر دانپێدانان لە لایەن گرووپە پەراوێزخراوەکانەوە زیاتر دەبێت. هەروەها مافی مرۆڤ نیشانی دا، کە توانای چارەسەرکردنی کێشەی کەمینەکانی نییە. تیۆری لیبراڵ کە ڕۆڵێکی سەرەکی لە فەلسەفەی سیاسی هاوچەرخدا گێڕاوە، بە جەختکردنەوە لەسەر مافەکانی تاک، مافە بەکۆمەڵەکانی کەمینە كه‌لتوورییەکانی پشتگوێ خستووە.

لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوادا کۆمەڵێک ڕەوتی سیاسی هاوچەرخ ئەم پێویستی و داواکارییەیان بەرزکردووەتەوە. دەکرێت بڵێین ئەم پرسە تایبەتە بە کۆمەڵگە لیبراڵ-دیموکراتەکان، چونکە تەنیا ئەوان پابەندن بە نوێنەرایەتی یەکسانی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە.

 

بەکۆمەڵگەرایی و مافی كه‌مینه‌كان

بە بڕوای چارڵز تایلۆر، ناسنامەی ئێمە تاڕادەیەک لە ڕێگەی ناسینەوە، نەناسینه‌وه‌ و زۆرجاریش بە هەڵەناسینەوەی (Misrecognition) کەسانی دیکە دروست دەبێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، نەناسینه‌وه‌ یان ناسینەوەی هەڵە دەتوانێت جۆرێک بێت لە سەرکوتکردن و ژیانی تاكه‌كان لە فۆرمێکی شێواو و نامۆبوون و بچووككردنه‌وه‌دا قه‌تیس بكات.1

لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بیرمەندانی وەک ئێلسادیر مەکینتایر، مایکل ساندێل، چارڵز تایلۆر و تاڕادەیەک مایکل والزەر قوتابخانەیەکی نوێیان دەستنیشان کردووە، کە پێی دەگوترێت بەکۆمەڵگەرایی (Communitarianism). ئەوان لە بەرگریکردن لە فرە که‌لتووری و سیاسەتی دانپێدانان ڕەخنەیان لە لیبراڵیزم گرتووە. ویل کیملیکا لە وەڵامی ئەم ڕەخنانەدا هەوڵی داوە بە ئارگیومێنت بەرگری لە لیبراڵیزم بکات. تیۆریستی لیبراڵ، ویل کیملیکا، لە بەرهەمە سەرەکییەکەیدا، “هاووڵاتیبوونی فرە كه‌لتووری؛ تیۆری لیبراڵی مافی کەمینەکان”2 بە شێوەیەکی یەکگرتوو لە چوارچێوەی تیۆری لیبراڵدا بەرگری لە مافی کەمینەکان کردووە.

 

لیبراڵیزم و مافی كه‌مینه‌كان

بەگشتی لیبراڵیزم بە قوتابخانەی بەرگری لە مافەکانی تاک ناسراوە. یەکەی شیکاری لە لیبراڵیزمدا تاکەکەسییە. بیرۆکە لیبراڵەکان جەخت لەسەر تاک دەکەنه‌وە و ڕەسەنایەتی تاک لە بەردەم ڕەسەنایەتی كۆمه‌ڵ دادەنێن. بەڵام کیملیکا پێی وایە لیبراڵیزم جگە لە مافی تاکەکەسی مافە به‌كۆمه‌ڵه‌كانیش دەگرێتەوە و لە نەریتی لیبراڵیزمدا بۆچوونێکی جۆراوجۆری سەرنجڕاکێش هەیە کە زۆربەیان لەسەر بنەمای پێویستی سیاسی و ڕووداوە مێژووییەکان پێکهاتوون. ئەو پێی وایە جگە لە مافە گشتییەکانی هاووڵاتیبوون، واتە ئەو مافانەی کە هەموو هاووڵاتیان دەگرێتەوە، بەبێ گوێدانە پەیوەندییە نەتەوەیی و كه‌لتوورییەکانیان، پێویستە مافی گرووپیش بۆ ئەندامانی کەمینەكانی نەتەوەیی و ئیتنیکی لەبەرچاو بگیرێن، کە ئەو بە “مافی گرووپه‌ جیاوازه‌كان” (Group-differentiated rights) ناوی دەبات. بە بۆچوونی ئەو، لیبراڵەکان دەتوانن و پێویستە بەرفرەوانی ئەم مافانە بۆ کەمینە نەتەوەیی و ئیتنیکییەکان پەرەپێبدەن، بەبێ ئەوەی پابەندبوونیان بە لیبراڵیزمەوە بکەنە قوربانی، ئەمەش بە واتای پابەندبوون بە ئازادییە تاکەکەسییەکان و یەکسانی کۆمەڵایەتییە. تەنانەت کیملیکا پێی وایە، تەنیا سیاسەتی لیبراڵ لە بواری مافی کەمینەکان دەتوانێت پاساوهه‌ڵگر و ڕەوا بێت.

ئەوە كه‌لتوورە کە ئەم هەڵبژاردنانە بە مرۆڤەکان دەدات و وایان لێدەکات ماناداربن و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​دەبێت كه‌لتوورە لاوازەکان بپارێزرێن

 

لە لیبرالیزمدا مافی هەڵبژاردنی بژاردەی جیاواز و شێوازی ژیانی تایبه‌ت بۆ مرۆڤەکان بایه‌خی زۆری پێدراوه‌ و پێویسته‌ مرۆڤ ئازاد بێت لە هەڵبژاردنی به‌رنامه‌ی ژیانیدا. کیملیکا بە قبوڵکردنی ئەم پرەنسیپە، پێی وایە ئەوە كه‌لتوورە کە ئەم هەڵبژاردنانە بە مرۆڤەکان دەدات و وایان لێدەکات ماناداربن و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​دەبێت كه‌لتوورە لاوازەکان بپارێزرێن بۆ ئەوەی بەرگری لە مافەکانی تاک بکرێت.

 

فرەنەتەوەیی و فرەئێتنیكی

کیملیکا لەبری فرەكه‌لتووری، زاراوەی “فرەنەتەوەیی” (Multinational) و “فرەئێتنیكی” (Polyethnic) بەکاردەهێنێت. ئه‌مه‌ش له‌ پێناسەی ئەو، بۆ كه‌لتوور سه‌رچاوه‌ده‌گرێت، کە كه‌لتوور لەگەڵ نەتەوە و ئێتنیكدا یەکسان دەکات. بۆیە لە ڕوانگەی ئەوەوە، فرەچەشنی كه‌لتووری بەهۆی بوونی کەمینە نەتەوەیی و ئیتنیكییەکانەوەیە. مەبەستی له‌ کەمینە نەتەوەییەکان، ئەو گرووپانەن کە بە كه‌لتوور و زمان و دامەزراوەکانیان كۆمه‌ڵگه‌یه‌كیان پێکهێناوە، لە خاکێکی دیاریکراودا چڕبوونەتەوە و پێکهێنانی ئەو گرووپانە پێش دروستبوونی دەوڵەتی گەورەتر لەم خاکەدا بووە. بەم پێیە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی، لەوانە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا، سویسرا، بەلجیکا، فینلاند و نیوزلەندا، فرەنەتەوەیین. مه‌به‌ستی كیملیكا له‌ کەمینە ئێتنیكییه‌كانیش کۆچبەره‌كانن.

کەمینە نەتەوەییەکان دەیانەوێت ناسنامەی خۆیان وەک پێکهاتەی جیاواز، شانبەشانی كه‌لتووری زۆرینە بپارێزن، یان بەدوای سەربەخۆیی یان ئۆتۆنۆمیدا دەگەڕێن

 

لە ڕوانگەی کیملیکایەوە، تایبەتمەندی سەرەکی کەمینە نەتەوەییەکان ئەوەیە کە دەیانەوێت ناسنامەی خۆیان وەک پێکهاتەی جیاواز، شانبەشانی كه‌لتووری زۆرینە بپارێزن، یان بەدوای سەربەخۆیی یان ئۆتۆنۆمیدا دەگەڕێن بۆ پاراستنی مانەوەیان وەک پێکهاتەیه‌كی جیاواز… و تایبەتمەندی کەمینە ئێتنیكییەکان ئەوەیە کە ئەوان دەیانەوێت لەناو کۆمەڵگە گەورەکەدا، کە ئەندامێتی تەواویان تێدا قبوڵ کردووە، تێكه‌ڵ و ئاوێتە بن، بەڵام لە هەمان کاتدا، بەدوای دانپێدانانی زیاتر بە ناسنامەی ئێتنیكییه‌كه‌یاندا دەگەڕێن و هەوڵدەدەن جۆرێک لە هه‌ماهه‌نگی و هاوبەستی كه‌لتووری بەدەستبهێنن.

بە بڕوای کیملیکا، ئەم جیاوازییە گرنگە، لەلایەن تیۆریستە سیاسییەکانی دیکەوە پشتگوێ خراوە. تەنیا مایکل والزەره‌ كه‌ هەوڵی داوە هەمەجۆریی ئێتنیكی، بە جیاکردنەوەی “جیهانی نوێ” و “جیهانی کۆن” دەستنیشان بکات، کە کیملیکا هەوڵەکەی ئه‌ویش بە ناتەواو دەزانێت.3

 

سنووردارکردنی ناوخۆیی و پاراستنی دەرەکی

کیملیکا دوو جۆر له‌ داوای گرووپە کەمینەکان جیادەکاتەوە، یەکێکیان ئەو داوایانەن کە گرووپێکی کەمینە به‌رانبه‌ر به‌ ئەندامەکانی هەیەتی و ئەوی دیکەیان ئەو داوایانەن کە کەمینەکان لە پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی گەورەتردا هەیانە. یەکەمیان بە “سنووردارکردنی ناوخۆیی” (Internal Restrictions) و دووەمیش بە “پاراستنی دەرەکی” (External Protections) ناودەبات.

بە بڕوای لیبراڵەکان پێویستە مرۆڤەکان ئازادی خستنه‌ ژێر پرسیاری كه‌لتوور، کۆمەڵگا و گرووپەكه‌یانیان هه‌بێت و بۆ خۆیان بڕیار بدەن کە کام لایەنی كه‌لتوورەکەیان بپارێزن

 

هۆکاری سەرەکی دژایەتیکردنی لیبراڵەکان بۆ مافە بەکۆمەڵەکان، بێتواناییانە لە جیاکردنەوەی ئەم دوو چەمکە. مانای “سنووردارکردنی ناوخۆیی” ئەو كۆت و به‌ندانەن، کە پەیوەستن بە پەیوەندییەکانی ناو گرووپەكه‌وە، کە تیایدا ده‌سته‌یه‌ك هەوڵدەدەن ئەو سنووردارکردنانە بسەپێنن به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی ڕەسەنایەتی ئایینی یان نەریتی، نه‌ك بۆ پاراستنی دامەزراوە دیموکراسییەکان. لەم حاڵەتدا، گرووپی کەمینەی ئێتنیكی یان نه‌ته‌وەیی هەوڵدەدات دەسەڵات بەدەستبهێنێت بۆ سنووردارکردنی ئازادی ئەندامانی گرووپەکەی لەژێر ناوی هاوپشتی گرووپیدا. هاوسەرگیری زۆرەملێ، کوشتنی كچه‌ كۆرپه‌كان، ساتی،4 خەتەنەکردنی مێینە و کوشتنی ژن بەناوی پاراستنی شەرەفی خێزانەوە، بەشێکن لەو حاڵەتانە. بە بڕوای لیبراڵەکان پێویستە مرۆڤەکان ئازادی خستنه‌ ژێر پرسیاری كه‌لتوور، کۆمەڵگا و گرووپەكه‌یانیان هه‌بێت و بۆ خۆیان بڕیار بدەن کە کام لایەنی كه‌لتوورەکەیان بپارێزن. بەڵام “پاراستنە دەرەکییەکان” پەیوەستن بە پەیوەندی نێوان گرووپەکانەوە، کە ڕەنگە گرووپێکی نەتەوەیی یان ئێتنیكی بە سنووردارکردنی کاریگەری بڕیارەکانی کۆمەڵگەی گەورەتر هەوڵی پاراستنی بوون و ناسنامەی جیاوازی خۆی بدات.

جیاوازی نێوان ئەم چەمکە لەلایەن هەردوو داکۆکیکارانی مافی تاک و مافی كۆمه‌ڵه‌كانه‌وه‌ پشتگوێ خراوە. بە بڕوای کیملیکا، داوای “پاراستنی دەرەکی” ڕەوایە و پێویستە لەبەرچاو بگیرێت، بەڵام “سنووردارکردنی ناوخۆیی” لەگەڵ مافی تاکەکاندا ناکۆکە و پێویستە دژایەتی بکرێت.

 


  1. Taylor, Charles. 1994. “The Politics of Recognition.”
  2. Kymlicka, Will. 1995. “Multicultural Citizenship: A Liberal Theory of Minority Rights”
  3. Kymlicka, Will. 1995. “Multination States and Polyethnic States”
  4. Sutte: ساتی ئاماژەیە بۆ ئەو که‌لتوورە نەریتییەی کە لە هیندستان هەیە. لەم نەریتە که‌لتوورییەدا ژن خۆی لەسەر تەرمی مێردەکەی دەسوتێنێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...