سیاسیشرۆڤه‌

دنیا و کورد لە سیاسەتی دەرەوەی “بایدن و ترامپ”دا

ماوەیەک لەمەوپێش لە یەکێک لە کەناڵە کوردییەکاندا بەرنامەیەک پێشکەش کرا دەربارەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا. لەوێدا چ میوانەکان و چ پێشکەشکارەکەش لەسەر ئەوە کۆک بوون کە سیاسەتی دیموکراتەکان ئاشتیخوازترە لە هیی کۆمارییەکان. فەرموون با بزانین وایە!
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لەسەردەمی هەشت ساڵەی ئۆبامادا زۆرترین وڵات تووشی شەڕی ناوخۆیی و شڵەژانی سیاسی بوو؛ ئەوەی کە خۆیان ناویان نا بەهاری عەرەبی، کە سەدان مرۆڤ بوونە قوربانی و بڵاوبوونەوەی کۆنەپەرستی و هەژاری زیاتری ئەو وڵاتانە. داعش لە سەردەمی ئۆبامادا دروست بوو کە لە مێژووی ئەم سەدەیەدا ڕەشترین و خوێناویترین و کۆنەپەرستترین هێز بوو، بەرچاوی ئەمریکا و بگرە بەهۆی ئەمریکاشەوە دروست بوو. بەڵگەکانی دانیشتنی نوێنەرانی ئەمریکا لەگەڵ ئەبوبەکر بەغدادی دوو سێ ساڵ پێش دروستبوونی داعش خاڵی حەسمی ئەو ڕاستیەیە.

لە سەردەمی بایدندا تاڵیبان وەک باوە گەورەی هەموو بزووتنەوە سیاسییە توندڕەوە کۆنەپەرستەکانی دنیا دوای ٢١ ساڵ لە دەرپەڕاندنی لە ئەفغانستان هاتەوە سەر تەختی دەسەڵات، کە ئیستاشی لەگەڵدا بێت، ژنانی ئەو وڵاتە دوعای مەرگ لە بایدن و ئەمریکا دەکەن، چونکە ژنان ئەوەڵ و ئاخیری قوربانی دەستی تاڵیبان و بایدنن.

بایدن حوسییەکانی یەمەنی لە لیستی تیرۆر دەرکرد و دواتر خستینیە ناو لیستی تیرۆرەوە. بێدەنگی کرد لەوەی ئێران پڕ چەکی کردن و ئێستاش خۆی و بەریتانیا لە بۆردمانی بەردەوامی یەمەندان.

شەڕی ڕووسیا و ئۆکراین لەسەردەمی بایدندا بوو، کە بە هەموو داتا و زانیاری و دیدە سیاسی و ئەکادیمی و سەربازییەکانەوە بایدن بەرپرسە لە بەردەوامیدانی ئەو شەڕە، کە تا ئیستا جگە لە وێرانبوونی جوانترین وڵات کە ئۆکراینە، هەزاران مرۆڤ گیانیان لە دەستداوە. ترسی گەورەی جیهانیش لەوەدایە کە جەنگی سێیەمی جیهانی گەر ڕووبدات ئەوا بەهۆی ئۆکراینەوەیە، کە جیهان لەگەڵ خۆیدا تەواو دەکات.

بایدن کاتێک هات بۆ عێراق ساڵی ٢٠٠٦، کە ئەودەم لە نوێنەرایەتی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بوو؛ یەکێک لە دەزگا هەستیار و گرنگەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، داوای لە ئەمریکا کرد عێراق بکەن بە سێ دەوڵەتی کورد و سووننە و شیعە، بەڵام هەر دوو ساڵ دوای ئەوەی کە بووە جێگری ئۆباما و کاتێکیش بووە سەرۆکی ئەمریکا، ئەوەی بەلایدا نەچوو ئەم بابەتە بوو، کە بە یەکێک لە درۆ گەورەکانی بایدن دادەنرێت.

خودی ئۆباما وا چاوەڕوان دەکرا کە ئەو خۆی ڕەشپێستە، لەوانەیە بەزەییەکی بە کوردیشدا بێتەوە، کە هاتە سەرحوکم و سەردانی تورکیای کرد و یەکەم شت کە گوتی لە قەڵەمدانی پەکەکە بوو بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی لە کاتێکدا پەکەکە قاچی مریشکێکی ئەمریکایی نەشکاندووە.

 

لە سەردەمی ترامپدا

لە مێژووی هیچ سەرکردەیەکی ئەمریکادا، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەندە بێ سەرئێشە نەبووە. هیچ شەڕێک لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا ڕووی نەدا، بگرە زۆرێک لە کێشە گەورەکانی دنیا ئارام کرانەوە، گەر چارەسەریش نەبووبن، یاخود هەرهیچ نەبێت چیلکەیان تێوە نەژەنی، لەوانە: هێورکردنەوەی سەرۆکە گەنجەکەی کۆریای باکوور و دانیشتنی لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باشوور بوو کە خودی ترامپ لە بەیندا بوو.

پڕۆژەی ڕێککەوتنی ئەبراهام بوو لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل کە تەنگژەیەکی ناوچەیی کەمتر کردەوە، بەوەی هەندێک وڵاتی عەرەبی پەیوەندییەکانیان ئاساییکردەوە لەگەڵ ئیسرائیل، لەوانە ئیمارات و بەحرەین و وا خەریکە سعوودییەش دەچێتە ئەو خانەیەوە.

لەسەردەمی ترامپدا، بە بەراورد بە سەردەمی ئۆباما و بایدن، کەمترین پەنابەری مەکسیکی و ئەمریکای لاتین دیپۆرت کراونەتەوە.

 

ترامپ و ڕۆژاڤا

دۆناڵد ترامپ بە ئاشکرا ستایشی جەنەراڵ عەبدی ڕۆژاڤای کرد و ویستی بە ڕەسمیش دەعوەتنامەی بۆ بنێرێت کە سەردانی کۆشکی سپی بکات، بەڵام لەبەر چەند هۆیەک ئەوە نەکرا. خودی تەلەفۆنەکەی لەگەڵ جەنەڕاڵ عەبدی کە بڵاوبوویەوە، پیشانی دا، ترامپ ئەو بابەتەی بۆ گرنگ بووە لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا. دیارە لەسەرەتاوە دۆناڵد ترامپ ویستی ڕۆژاڤا بکاتە قوربانی سیاسەتێکی تر، بەڵام دواتر ئەوانەی دەوروبەری و خۆیشی تێگەیشت کە ڕۆژاڤا جگە لە مەسەلەیەکی سیاسی گەورە لە سووریا و ناوچەکەدا، مەسەلەیەکی ئەخلاقیشە کە بۆ یەکەم جارە ئەخلاقێک لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا کەمێک بە جوانی ببینرێت.

ڕۆژاڤا تازە بووە بە مەسەلەیەکی گەورەی مۆراڵی سیاسی بۆ ئەمریکا، کە هیوادارم لە سیاسەتی چوار ساڵی دادێی ئەمریکادا، جا هەر کەسێک سەرۆک بێت، پابەندبن بەو مۆراڵە ساسییەوە و پارێزگاری لەو قەوارەیە بکەن.  وەک خۆم هیچ هیوایەکم نییە بە ئەمریکا، بە داخەوە بۆیە هەردەم گوتوومە ڕۆژاڤا باشترە لەگەڵ دیمەشقدا ڕێبکەوێت، چونکە ڕۆژاڤا لە ئەفگانستان گرنگتر نییە بۆ ئەمریکا، کەچی دەستبەرداریشی بوون.

سەبارەت بە باشوور، وەزیری دەرەوەی دۆناڵد ترامپ “تێڵەرسن” ساڵی ٢٠١٧، بە نامەیەک ئاڕاستەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کرد کە دەسبەرداری ڕیفراندۆم ببن، چونکە ئەنجامەکەی لە قازانجی کورد نابێت، ئەوە بوو کە دیتمان چی ڕوویدا. ئەو ڕیفراندۆمە کە بە یەکێک لە شکستە گەورە سیاسییەکانی کورد لە باشوور دادەنرێت، چەندە لە ئەستۆی سەرکردایەتییەکەیدا بوو، ئەوەندەش لە ئەستۆی ئەو ڕاوێژکارە سیاسییانەدا بوو کە ئاگادار و بەرنامە داڕێژەری ئەو ڕیفراندۆمە بوون؛ چونکە خودی ئەو نامەیە سیاسەتی ژیرانەی ترامپی پیشان دا سەبارەت بە کورد و پێگەکەی لە عێراقدا؛ لە هەمان کاتدا خوێندنەوەیەکی ناژیرانە و ناسیاسییانەی کوردیش بوو بۆ ئەو نامەیە لە لایەن کورد خۆیەوە.

ئیدریس مستەفا

شرۆڤەکاری سیاسی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...