سیاسیشرۆڤه‌

لە بەنگلادیش چ ڕوودەدات؟

دواجار، دوای سەدان قوربانی، خەڵکی ناڕازی بەنگلادیش توانییان شێخ حەسینەی سەرۆک وەزیران ناچار بە  ڕاکردن بکەن و کۆتاییان بە حوکمی ١٥ ساڵەی ئەو ژنە ٧٧ ساڵەیە هێنا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

چیرۆکی بەنگلادیش چیرۆکێکی خەمناکە. ئەوان لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی، لەگەڵ هیندییە موسوڵمانە ئوردوو زمانەکان فریوی برایەتی ئایینییان خوارد، هاوشێوەی کورد لەگەڵ تورکەکان لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی. بەنگلادیشییەکان، وەک پابەندبوونێکی برایەتی ئایینی بڕیاریان دا کە لەبری سەربەخۆیی وڵاتەکەیان، بەشێک بن لە قەوارە تازە سەربەخۆکەی پاکستان.

ئەوان پێویستیان بە چارەگە سەدەیەک و هەزاران قوربانی هەبوو تا لەژێر دەستی حوکمی پاکستانییە هاوئایینییەکانییان ڕزگارییان بێت.

پاڵەوانی ئەم داستانی سەربەخۆییە، شێخ موجیبو ڕەحمان بوو، باوکی شێخ حەسینە. ئەو سەرۆک و دامەزرێنەری کۆمەڵە ئەوامی بەنگلادیشی بوو.

سەربەخۆیی بەنگلادیش لە ١٩٧١دا سەقامگیری بۆ ئەو وڵاتە پڕدانیشتووانە نەهێنا. لەماوەی چوار ساڵدا پێنج جار سەرۆک و حکوومەتیان گۆڕی، تا سوپا کودەتای کرد و دەسەڵاتی گرتە دەست.

لەوساوە و تا ساڵی ٢٠٠٩، سوپا یان ژەنەڕاڵەکان بوونە حاکم و بڕیاردەری ئەم وڵاتە. واتە یان کەسێکی دیاریکراوی خۆیان حکوومەتی پێکدەهێنا، یان بە موبارەکەی سوپا حزبێک سەرۆکوەزیرانی دیاری دەکرد.

لە ١٩٧٥  شێخ موجبو ڕەحمان کوژرا و شێخ حەسنیەی کچی وەک میراتگری باوکی دەرکەوت.

لە ١٩٩٦ شێخ حەسینە بۆ یەکەم جار دەسەڵاتی گرتە دەست. دووەم جار لە ٢٠٠٩دا بوو. لە ساوە حوکمڕانی بەنگلادیش بوو، تاڕادەیەک پاشەکشەی بە سوپا کرد. شێخ حەسنیە بە ژنە پۆڵایینەکە و بە یەکێک لەو سەرۆکوەزیرانانە دەناسرێت کە زۆرترین ساڵ حوکمڕانی کردووە.

پێش شێخ حەسینە، ژنێکی تر لەدەسەڵاتدا بوو، کە خالیدە زیا بوو. چیرۆکی  خالیدەش لە هیی حەسینە دەچێت و سەرۆکی حزبی نەتەوەیی بەنگلادیشە.

هاوشێوەی بنەماڵەکانی تاڵەبانی و بارزانی لە باشوور، لە بەنگلادیشیش نیو سەدەیە بنەماڵەی خالیدە و حەسینە قۆرغی کایەی سیاسی بەنگلادیشیان کردووە.

لە ٢٠٠٧ کە خالیدە سەرۆکوەزیران بوو، حەسینە لەزینداندا بوو، لە ٢٠٠٩ خالیدە هاتە سەرکار، دواتر حەسینە خرایە زیندان. دوای ڕاکردنی حەسینە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، خالیدە لەزیندان ئازاد کرا.

سوپا هەلی ڕۆیشتنی حەسینەی قۆستەوە و جارێکی تر هاتەوە سەر شانۆ. سوپا کۆتایی بە حوکمی حەسینە هێنا و ئەو بوو مۆڵەتی ٤٠ خولەکی دا بە حەسینە تا وڵات جێبێڵێت. هەر سوپاشە پەیمانی دیموکراسی و دادپەروەی دوای حەسینەی داوە. ئەمە چیرۆکە غەمبارەکەی بەنگلادیشە. ئەوان لەنێوان دوو بنەماڵەی گەندەڵ و سوپا گیرییان خواردووە و تا ئێستا هیچ هێزێک نەیتوانیوە ئەم یاری سێ کوچکەیە تێک بدات.

ناڕەزایەتییەکان بۆ دادپەروەری لە هەلی کار دەستی پێکرد. شۆڕشگێڕە دێرنەکان کۆتای ٢٥٪یان هەیە. واتە چارەگی هەلی کار بۆ ئەو بنەماڵانەیە کە لە شەڕی سەربەخۆیی لە پاکستان بەشداربوون. جگە لەوە گەندەڵی ئەو کۆمەڵگایەی وێران کردووە. پێشتر خالیدە بەتۆمەتی گەندەڵی خرایە زیندان، ئێستاش حەسینە بەتۆمەتی گەندەڵی لە حوکم لادرا.

بەنگلادیش قوربانی پێگە جوگرافییەکەیەتی، ئەو دەبێت لەنێوان دوو زلهێزی ناوچەکەدا، چین و هیندستان، هەم هاوسەنگی ڕابگرێت و هەم خۆی لە دەستتێوەردانییان بپارێزێت.

بەنگلادیش وردە حزبی زۆری نیشتمانی و فیرقەیی (ئیسلامی سیاسی) هەن. هەندێکیان سێبەری دەسەڵاتن و فیرقەییەکانیش پەرتەوازەن و زیاتر لە دەرزەنێک حزبن؛ هەندێکیان لە کاری تیرۆرەوە گلاون. ئایا سوپا بوار بەهیچ کام لەو وردە حزبانە دەدات یاری خالیدە و حەسنیە بشێوێنن؟

 

ئارام ڕەفعەت

نووسەر و توێژەر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button