
یەکێک لە هەڵبژاردنە گرنگەکانی ئەم ساڵیش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکایە، بۆیە لەم وتارەدا هەوڵدەدەین بە شێوەیەکی خێرا هەڵوەستەیەک بکەین لەسەر دیبەیت و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا.
یەکەم: دیبەتی نێوان بەربژێرەکانی ئەمریکا
ئەنجامدان و سازکردنی دیبەیت یاخود (دیبەیتکردن Presidential Debate) کردەیەکی زیندوو و بەشێکی بنەڕەتی کەلتووری دیموکراسی و نەریتێکی باوی سەردەمییانەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئهمریكایە، دوای گەشەی تەکنەلۆژیا و داهێنانی (تەلەفزیۆن) هەڵمەتی گەیاندنی پەیام و پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی فرەوانتر لە ڕێگای (دەنگ و ڕەنگەوە) دەستیپێکرد، (دیبەیت Debate) بە گرنگترین ئامرازی خستنەڕووی توانای بەربژێرەکان دادەنرێت، لە پێناو گەیاندنی پەیام و بەرنامەی کار و پڕۆژەکان بۆ چوار ساڵی داهاتوو.
لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن، هەموو چوار ساڵ جارێک، چوار دیبەیت ئەنجام دەدرێن لە نێوان بەربژێرەکان، سێ دیبەیت لە نێوان کاندیدانی سەرۆک و یەکێکیش لە نێوان جێگرەکانیان.
مێژووی یەکەمین دیبەیتی تەلەفزیۆنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٩٦٠) لە نێوان (ڕیچارد نیکسن و جۆن کەنەدی) دواتریش بوو بە بەشێک لە نەریت و هۆشیاری جەماوەر و دەستبەژێری سیاسی لە ئەمریکادا.
دیبەیتەکانی ئەم خولەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا مێژوویی و هەستیار دەبن، چونکە یەکەمجارە لە ئەمریکادا دیبەیتەکان لە نێوان دوو کارەکتەری بەتەمەن بەڕێوە بچێت کە یەکێکیان سەرۆکی ئێستایە و ئەوی تریشیان سەرۆکی پێشووی ئەمریکایە، چاوەڕوان دەکرێت دیبەیتەکانی داهاتوو گرنگ و چارەنووسساز بن، چونکە لەلایەک شەقامی ئەمریکی بە شێوەیەکی قوڵ دابەش بووە، لەلایەکی تریش بە ملیۆنان (دەنگدەری خۆڵەمێشی) لە دوای دیبەیتەکان دەنگی خۆیان یەکلادەکەنەوە.
ناوەڕۆک و باسی دیبەیتەکان هەمیشە پرسەکانی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئەمریکا لەخۆدەگرن، لە پرسی کۆچ و باجەوە بگرە، تادەگاتە جەنگی ئۆکڕاین و ڕووسیا و حەماس و ئیسڕائیل.
لەم ڕۆژانەدا (دۆناڵد ترەمپ) لەتۆڕە تایبەتەكەی خۆی کە ناوی “تروس سۆشیال-Truth Social”ە نووسیویەتی پێویستە (جۆ بایدن) ڕەخنەگرە زۆرەكانی فەرامۆش بكات و بەردەوام بێت لە خۆكاندیدكردنی.
ئەم داوایەی تڕەمپ لەكاتێكدایە، تا دێت داواكاری كشانەوەی (جۆ بایدن) لە كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، لەناو دیموكراتەكان لە هەڵكشاندایە، بەهۆی ئەوەی ترسیان هەیە كێبڕكێیەكە بدۆڕێنێت، بەتایبەت دوای ئەو دیبەتە خراپەی لەگەڵ ترەمپ ئەنجامیدا، كە بەگوێرەی زۆرینەی ڕاپرسیەكان بایدن لەو دیبەیتەدا ڕووبەڕووی شكستێكی گەورە بووەوە بەرانبەر بە ترەمپ.
تاوەکوو ئێستا (بایدن) پێداگرە لەسەر خۆ كاندیدكردنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا و ڕەتیدەكاتەوە لە پڕۆسەكە بكشێتەوە.
دیار نییە ئەو داوایەی ترەمپ لە بایدن بۆ متمانەی زۆری دەگەڕێتەوە بەوەی لە هەڵبژاردن دەباتەوە، یان ترسی هەیە لە كاندیدكردنی كەسایەتییەكی تری دیموكراتەكان لەشوێنی بایدن، كە جارێكی تر ڕێگەی لێبگرێت بە گەیشتن بۆ كۆشكی سپی.
دووەم: میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆک لە ئەمریکا
هەڵبژاردن وەک نەریت و بنەمایەکی دەستووری لە ئەمریکا بەشێکە لە پڕۆسەی گەشەپێدانی سیاسی، کەلتووری سیاسی، تازەکردنەوەی شارعیەت و مانا و هێزدان بە دامەزراوەکان و پتەوکردنی پایەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێزگرتن لە بیروڕای هاووڵاتییان و کۆمەڵگەی ئەمریکی.
ڕۆژی (سێشەم) ڕێککەوتی ٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤ بە ڕۆژێکی گرنگ و وەرچەرخانێکی مێژوویی لەقەڵەم دەدرێت، ئەویش بە هۆی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئهمریكا، کە وەک هەڵبژاردنی سەرۆکی جیهان وێنا دەکرێت، بەڵام بە میکانیزمێکی ئاڵۆز و سیستەمێکی جیاواز لەچاو هەموو وڵاتانی جیهان، چونکە لە زۆربەی وڵاتانی دونیا سەرۆک یان ڕاستەوخۆ لەناو خەڵک هەڵدەبژێردرێت، یاخود ناڕاستەوخۆ لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام لە ئهمریكا هیچکام لەم ڕێگایانە بەکارناهێنرێن.
لە کاتی نووسینەوەی دەستووری ئهمریكا لە ساڵی (١٧٨٧) نوێنەرانی هەر (١٣) ویلایهتەکە دوو پلانی جیاوازییان هەبوو بۆ چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئهمریكا و دواجار لەدوای مشتومڕێکی زۆر، باوکانی دامەزرێنەر گەیشتنە ڕێککەوتنێک کە بە (ڕێککەوتنە گەورەکە) ناسرا، ئەویش بریتی بوو لە بەدیهێنانی دادپەروەری لە نێوان (ویلایهتە گەورە و بچووکەکان) لە ڕیگای تێکەڵکردنی دوو بیرۆکە، بۆ ئەم مەبەستەش میکانیزمێکیان داهێنا بەناوی (ئیلیکتۆڕەڵ کۆڵیج) کە بریتییە لە میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆک بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ، چونکە خەڵک دەنگ بە (دەستەیەک یان کۆمەڵەیەک) دەدەن کە پێیان دەگوترێت (ئیلیکتۆڕەڵ کۆڵیج)، ژمارەی ئەندامەکانی ئەم دەستەیە بەقەد ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران (هاوس و سێنات)ە لەگەڵ سێ ئەندام بۆ (واشنتن D.C)ی پایتەخت، واتە ژمارەی ئەم دەستەیە (٥٣٨) ئەندامن، (٤٣٥+١٠٠+٣= ٥٣٨)، هەر کاندیدێکی سەرۆکایەتی بتوانێت (نیوە+١) ئەم ژمارەیە واتە (٢٧٠) دەنگ لەم دەستەیە بەدەست بهێنێت، ئەوا ئەو کاندیدە دەبێتە سەرۆکی ویلایهتە یەکگرتووەکانی ئهمریكا.
لە ڕۆژی دەنگدانی گشتیدا، خەڵکی ئهمریكا دەنگ بە کۆمەڵەیەکی هەڵبژێردراو دەدەن کە پێیان دەگوترێت (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج)، ئەم کۆمەڵەیەش لە ڕۆژی دووشەممەی یەکەمی دوای چوارشەمەی دووەمی مانگی دیسەمبەر (ناوڕاستی مانگی ١٢) سەرۆک و جێگری سەرۆک هەڵدەبژێرن.
چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەڵبژاردنە ژمارەیەکی پێوانەیی مێژووی تۆمار بکات لە ڕێژەی دەنگدان و بەشداریکردنی خەڵک لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان، چونکە پێشبینی دەکرێت ڕێژەی بەشداربوونی خەڵک لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا زیاتر بێت لەو ڕێژە پێوانەییەی کە لە ساڵی (١٩٠٨) تۆمار کرابوو، کە بریتی بوو لە (٦٥٪)ی خەڵکی ئهمریكا.
لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا نزیکەی (٢٠٠) ملیۆن هاووڵاتیی ئهمریكی مافی دەنگدانیان هەیە، ئهمریكا تاکە وڵاتی دیموکراسی دونیایە، کە دوای ئەوەی کاندیدی سەرۆک بە زۆرینەی دەنگی هاووڵاتییان هەڵبژاردنەکان دەباتەوە، بەڵام هێشتا ناتوانێت ببێت بە سەرۆکی ئهمریكا، چونکە سەرۆکی ئهمریكا لە ڕێگای دەنگی (ئیلیتکۆڕەڵ کۆڵیج)ەوە هەڵدەبژێردرێت نەک دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵک، ئەم حاڵەتەش (٥) جار لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی ئهمریكادا دووبارە بووەتەوە، دواترینیان هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی (٢٠١٦) بوو لە نێوان (دۆناڵد تڕەمپ و هیلاری کلنتن) ئەگەرچی (هیلاری کلنتن) توانی نزیکەی (٣) ملیۆن دەنگی زیاتر بەدەست بهێنێت لە (دەنگدانی گشتی)دا بەڵام لە کۆتاییدا (دۆناڵد ترهمپ) توانی زیاتر لە (٣٠٤) دەنگ لە (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج) بەدەست بێنێت لە بەرانبەردا هیلاری تەنیا (٢٢٧) دەنگی بە دەست هێنا، بۆیە (ترهمپ) بوو بە سەرۆکی ژمارە (٤٥)ی ئهمریكا.
دەتوانین بڵێین لە هەڵبژادنەکانی ئەم خولەشدا، لە کۆی (٥٠) ویلایهت، (٤٠) ویلایهت دابەشبوون بەسەر ڕەنگی سور و شیندا، واتە دەنگی خۆیان یەکلاکردووەتەوە بۆ کۆمارییەکان و دیموکراتەکان، بەڵام تەنها (١٠) ویلایهت دەنگەکانیان بە خۆڵەمێشی ماونەتەوە، ئەم (١٠) ویلایهتەش پێیان دەگوترێت (Swing State) چونکە تا کۆتایی پڕۆسەکە دیار نییە دەنگ بە کام کاندید دەدەن، بۆیە کاندیدەکان هەر لە سەرەتای هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا فۆکەسی خۆیان خستۆتە سەر ئەم (ویلایهتە خۆڵەمێشییانە)، ئەمەش بەهۆی گرنگی ئەم ویلایهتانە لە یەکلاکردنەوەی ململانێی ماراسۆنی گەیشتن بە کورسی کۆشکی سپی، ئەم ویلایهتانەش بریتین لە (پێنسلڤانیا، ئۆهایۆ، ویسکنسن، کارۆلینای باکور، ئەریزۆنا، جۆرجیا، فلۆریدا، مینیسۆتا، ئایوا، نیڤادا).
دوای ئەوەی هەڵبژاردنەکان تەواو دەبن، سەرۆکی هەڵبژێردراو نزیکەی (دوو مانگ و نیو)ی لەبەر دەست دەبێت تاکو کابینەکەی پێکبهێنێت، دواتر بە گوێرەی دەستوور پێویستە سەرۆکی نوێی ئهمریكا لە ڕۆژی (٢٠٢٤/١/٢٠) لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا لە بەردەم کۆنگرێسی ئهمریكا سوێندی یاسایی بخوات، ئەم ڕۆژەش بە (Inauguration Day) ناسراوە.
لە کۆتاییدا پێموایە لەم خولەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا (تڕەمپ) دەتوانێت سەرکەوتن بەسەر (بایدن)دا بەدەست بهێنێت، ئەمەش پەیوەستە بە کۆمەڵێک هۆکاری خودی و بابەتی، لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەکان پێمان دەڵێن کەوا (تڕەمپ) دەبێتەوە سەرۆکی ژمارە (٤٧)ی ئەمریکا و دووبارە دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی.