شرۆڤه‌

سوپای نيشتمانی و گرووپی چەکدار

 

جەنگی ئيسرائيل و فەڵەستينييەکان نموونەیەکی گونجاوە بۆ تێگەيشتن لە جياوازی نێوان سوپای فەرمی و نيشتمانی و، گرووپی چەکدار و پارتيزانیی.

حەماس توانی بە خێرایی و نهێنی گورزێکی سەربازی لە ئيسرائيل بدات. سوپای ئيسرائيل تا چەند سەعاتێکی سەرەتا تووشی شێوەیەک لە شۆک هات. ئەمڕۆ وردە وردە سوپای ئيسرائيل خەريکە جڵەوی جەنگەکە دەگرێتە دەست و ئيتر ئەو دەستپێشخەرييەکان دەکات.

ئەوە، بە گشتی جياوازی نێوان سروشتی سوپا و گرووپی چەکدارييە. گرووپە چەکدارەکان جوڵە و هێرشەکانيان خێرا و لەناکاو و نهێنييە. سوپا جوڵە و هێرشەکانی قورس و خاون و زیاتر ئاشکرایە، چونکە لایەنی دەزگايبوون تيايدا زاڵە و پێويستی بە هەندێک ڕێکاری یاسایی و سياسی و ناسەربازیترە. لەگەڵ ئەوەی سوپا خاو و قورسە لە جوڵە و وەڵامدانەوە و هێرشبردن، بە بەراورد بە گرووپە چەکدارييەکان، بەڵام هەنگاو و وەڵامەکانی کاريگەرتر و وێرانکەرترن.

بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

گرووپە چەکدارييەکان هەروەک چۆن بە خێرایی و لەناکاو هێرش دەبەن، ئاواش بە خێرایی دەکشێنەوە و دەچنەوە دۆخی بەرگری، گرووپە چەکدارييەکان ناتوانن خاک کۆنتڕۆڵ بکەن، تەنيا دەتوانن لە ناوچەیەکدا گورزی ئەمنی و سەربازی بوەشێنن و بۆ ماوەیەکی کەم بمێننەوە، پاشان ناوچەکە چۆڵ بکەن. سوپا دەتوانێت خاک کۆنتڕۆڵ بکات و بۆ ماوەیەکی درێژ تێیدا بمێنێتەوە. جگە لەوەی کە سوپا کەرەستەکانی بەهێزترن، هاوکات لەبەر ئەوەی لە چوارچێوەی دەزگادا کار دەکات، ئەوا دەتوانێت شارەکانيش بەڕێوەببات، گرووپە چەکدارەکان لەم لایەنەوە لاوازن.

لایەنێکی تر لە جياوازی نێوان سوپا و گرووپە چەکدارييەکان بريتييە لە لایەنی بيروباوەڕ و عەقيدەیی. عەقيدەی سوپا جياوازە لە عەقيدەی گرووپە چەکدارييەکان. سوپا خاوەن عەقيدەیەکی گشتگيرتر و نيشتمانييە، نوێنەرایەتی کۆی کۆمەڵگا دەکات، گرووپە چەکدارييەکان خاوەن عەقيدەیەکی سنووردارن و نوینەرایەتی بەشێکی کۆمەڵگا دەکەن. بۆ نموونە سوپای ئيسرائيل لە سەرانسەری ئيسرائيلەوە پشتگيری دەکرێت و نوێنەرایەتی کۆی ئيسرائيلييەکان دەکات، بەڵام بەشێک لە فەلەستينييەکان، فەتح و دەسەڵاتی فەڵەستينی، زۆر کات دژایەتی حەماس و قەسام دەکەن و بە نوێنەری فەڵەستينی نازانن.

لایەنێکی تر لە جياوازی نێوان سوپا و گرووپە چەکدارييەکان، پرسی سەربەخۆييە. گرووپە چەکدارەکان بە گشتی دەبنە ئامرازی دەوڵەتان و هەواڵگری دەوڵەتەکان، چونکە هەميشە پێويستيان بە هاوکاری دەوڵەتانە. بەگشتی سوپاکان زیاتر سەربەخۆن. بۆ نموونە ئێران و قەتەر دەتوانن لە ماوەیەکی کورت حەماس و قەسام وا لێ بکەن کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت، ئەگەرنا هاوکارييەکانی لێ دەبڕن و دەيکەنە نێچيرێکی ئاسان بۆ ئيسرائيل. بەڵام هێز نييە بتوانێت سوپای ئيسرائيل ناچار بکات بە ڕاگرتنی جەنگەکە، جگە لە حکوومەت و پەرلەمانی ئيسرائيل. زۆێک لە سوپاکان تەنانەت ئابووری و پيشەسازی خۆیان هەیە، گرووپە چەکدارييەکان لە زۆر ڕووەوە ناچارن پشت بە دەوڵەتانی تر ببەستن.

لەسەر بنەمای ئەوەی لەسەرەوە باسکرا، دەتوانرێت بگوترێت دەستکەوت و جوڵەکانی سوپا ستراتيژييە، سروشتێکی بەردەوامیی هەیە، دەستکەوت و هەنگاوەکانی گرووپە چەکدارييەکان تەکتيکی و کاتييە. سوپا جەنگ دەباتەوە، گرووپە چەکدارييەکانی هەندێک شەڕی ناو جەنگەکە دەبەنەوە. هەر بۆیە لە کۆتایی جەنگەکەدا دەبينين ئيسرائيل لەسەر ئاستی خاک و ستراتيژ براوەیە، حەماس و قەسام لەسەر ئاستی کەناڵی ئەلجەزيرە و سۆشيال ميديا براوەیە. بەو مانایەی ئيسرائيل خاک لە دەست نادات، واتە مانەوەی خاکی ئيسرائيل وەک پێش پەلامارەکەی حەماس، ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئيسرائيل هەر لە دۆخی سەرکەوتن دەمێنێتەوە. بێگومان ئەگەر خاکی زیاتر داگيرنەکات لە غەزە. هاوکات حەماس هيچ خاکێکی خۆی ئازاد ناکات و هەر ئەو خاکەی بەدەستەوەیە، کە پێش هێرشەکە بەدەستی بوو، واتە مانەوەی دۆخی شکست. لە ئەگەری داگيرکردنی خاکی زیاتر لە لایەن ئيسرائيلەوە، ئەوا شکستەکانی حەماس و فەڵەستينييەکان زیاتر دەبێت. بردنەوەی جەنگ بەپێی پێوەری سياسەت و ستراتيژ و فکری دەوڵەت، ئەمەیە. بەپێی سۆشيال ميديا و کەناڵی ئەلجەزيرە بردنەوە ئەوەیە، کە هەفتەیەک هاش و هووشی ميديایی بکرێت و زۆرترين ڤيديۆی کوشتن و پەلاماردان بڵاوبکرێتەوە.

هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەم هاوکێشەیە ئەوەیە کە ئيسرائيل خاوەن سوپایە، فەڵەستين سوپای نييە. هەر بۆیە لەسەر ئاستی ستراتيژ هەميشە ئيسرائيل براوەیە، لەسەر ئاستی ميديایی و بڵاوکردنەوەی ڤيديۆی فەيسبوک و يوتيوب هەميشە حەماس براوەیە. بۆ نموونە دوای جەنگەکە ئيسرائيل هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە، وەک دەوڵەتێکی بەهێز و کاريگەری ناوچەکە، حەماسيش دەچنەوە ناو غەزە و دەبێت چاوەڕوانی ئيسرائيل بن کارەبا و ئاو و دەرمان و خۆراکيان بداتێ و داوا لە ئيسرائيل بکەن سنوور بکاتەوە بۆ هەندێک لە گەنجەکانيان لە ناو ئيسرائيل کاربکەن.

ئەوە، بە هيچ شێوەیەک مانای ئەوە نييە، کە بەرخودانی فەڵەستينی بێسوودە و هەڵەیە، تەنيا دەرخستنی سروشتی دوو هێزە، کە سوپا و گرووپی چەکدارييە، دەوڵەت و بکەری نادەوڵەتييە.  لە جەنگی ڕووسيا و ئۆکڕانيا، هۆکاری سەرەکی بۆ نەکەوتنی کێيەڤ ئەوە بوو، کە ئۆکڕانيا سوپای هەبوو، هەر چەند زۆر لاوازترە لە هیی ڕووسيا، بەڵام ئۆکڕانيا زيرەکانە ڕێێ نەدا جەنگەکە ببێتە جەنگی نێوان سوپای ڕووسيا و گرووپی چەکداریی. هۆکارێکی سەرەکيش بۆ سوود وەرگرتن لە هاوکارييەکانی ئەمريکا بۆ ئۆکڕانيا، هەبوونی سوپای ئۆکڕانيا بوو، کە هاوکارييەکان دابەش نەدەکرانە سەر چەندين گرووپی نەيار بەیەکتر.

کورد نە سوپای هەبووە و نە هەیەتی، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکييە بۆ شکستی هەميشەیی کورد بەرانبەر بە داگيرکەران. هەرێمی کوردستان دەرەفەتێکی میژوویی و ستراتيژی و زێڕينی بۆ هەڵکەوت، کە ببێتە خاوەن سوپایەکی فەرمی و نيشتمانی. ئەم هەلە دەگمەن بوو، بۆ حکوومەت و دەسەڵات و ناوچەیەک کە دەوڵەت نييە و خاوەنی سوپای خۆی بێت. بە تايبەت کە ئەمريکا و هاوپەيمانان خاوەن پڕۆژەکە بوون و هاوکارييان دەکرد، واتە هێز نەبوو ڕێگری لێ بکات ئەگەر کورد خۆی ويستی دروستکردنی سوپای هەبووایە. بەڵام بەداخەوە پارتی و یەکێتی بە هەموو توانای خۆیانەوە کەوتنە دژایەتی ئەو پڕۆژەیە و ڕێگريان بۆ دروست کرد و شکستيان پێهینا.

نەبوونی سوپا بۆ نەتەوەیەک، ئەو نەتەوەیە دەخاتە بەردەم چەند ئەگەرێک: شکستهێنانی بەردەوام، خيانەت و جاشایەتی، بوون بە ئامرازی دەوڵەتانی تر، بە تيرۆريست ناساندن، لە باشترين دۆخدا ئەنجامدانی چالاکييەکی سەربازی تەکتيکييە، کە هيچ لە هاوکێشە سياسييە گەورەکە ناگۆڕێت، پاشان خۆهەڵخەڵەتاندن بەوەی دوژمن دۆڕاوە و ئێمە براوەين! وەک ئەوەی فەڵەستينييەکان دەيکەن. کورديش لەو ڕووەوە زۆر لە فەڵەستنييەکان دەچێت، بۆ نموونە کەرکووکمان دۆڕاند و دوو تەقە لە پردێ کرا، ناومان نا داستانی پردێ و سەرکەوتنی پێشمەرگە و شکستی عێراق. ئاڵای عێراق لە هەموو فەرمانگەیەکی کوردستان بەرز کراوەتەوە، کەچی عێراق دۆڕاوە و کورد و پێشمەرگە سەرکەوتوون! خۆمان دەچينە بەغدا ئيمزای ڕادەستکردنی نەوتەکەمان دەکەين بە بەغدا، کەچی کوردستان براوەیە و عێراق دۆڕاو! لای بەشێک لە ئێمە، پەکەکە مانگانە چەندين جار لە تورکيا دەباتەوە و تورکيا دێتە سەر چۆک بەرانبەر بە گەريلا، بەڵام سەد لە سەدی باکووری کوردستان سەر بە تورکيایە، نيوەی کوردی باکور، یان زیاتر، بە زمانی کوردی قسە ناکەن. تورکيا لە فڕۆکەخانەیەکی سەربازی لە دياربەکرەوە فڕۆکە و درۆن دەنێرێت بۆ کاولکردنی ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان، سەرباز و پۆليسی تورک باکوری کوردستان بەڕێوە دەبەن و گەريلا بە تيرۆريست حيسابە و ناتوانێت لە گوندیکی باکور بژیێت، کەچی زوو زوو بڵاودەکرێتەوە گەريلا دەوڵەتی تورکيایی هێنایە لەرزە! کاتێک سەرکەوتن و بردنەوە لە داگيرکەر ئەمە بێت، کە ئێمەی کورد و فەڵەستينی باوەڕمان پێيەتی، کەواتە گەمەکە تەواو بووە و داگيرکەر بە ڕەهایی و لە هەموو ڕوویەکەوە براوە بووە و ئێمەیش شکستخواردوو و دۆڕاو و لە دەرەوەی مێژوو.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...