سیاسیشرۆڤه‌

لەدوای کەرکووك هەولێریش وەك ناوچەی جێناکۆکی نێوان دوو حزبەکە؟!

هەموومان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شایەتی وەڵام و وەڵامکاری هەندێک لە بەرپرسانی یەکێتی و پارتی بووین، لەسەر خاوەندارێتی و ئێستا و چارەنووس و ئایندەی هەولێر. لایەك هەولێری وەك شارێکی داگیرکراو و دەرهێنراو لەدەستی خاوەنە ڕەسەنەکانی وێنا دەکرد، ئەویدیش دەیخستە ڕوو کە واقیعی لەئارادابووی ئێستا، گوزارشت لە دۆخی خودخاوەنی شارەکە دەکات، ئەوەی واش بیر ناکاتەوە دەتوانێت هەولێرێک لە خەیاڵی خۆیدا بکێشێت و ئایندە و خاوەنی بۆ دەستنیشان بکات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمەش بەکردەوە ئەوە دەگەیەنێت کە دوای ئەوەی کەرکووك، لە شارێکی ناکۆکی لەسەری نێوان هەرێم و بەغداوە گۆڕا بۆ شارێکی ناکۆکی لەسەری نێوان یەکێتی و پارتی- بەحوکمی ئەوەی شتێکمان بەناوی بڕیار و ستراتیژی هاوبەشی نیشتمانی نەبووە و نییە، تا بە هەناسە و دید و ئیرادەیەکی تۆکمە و هاوبەشەوە بەرانبەر بەغدا خۆمان وەك ناسیۆنالیزم و گەل پێناسە بکەین و پێداگری لەسەر مافەکانمان بکەین و خاوەندارێتی نیشتمانییانەی هاوبەش لە شارەکە و کۆی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بکەین.

هەر ئەوەش لە کەناری لەدەستدانی کۆتایی نزیکی کردووەتەوە – هەولێریش بەجۆرێکی تر خەریکە بەهەمان دەرد بچێت!

ڕۆژبەڕۆژ لە پایتەختی کۆکەرەوەی جیاوازیی و فرەییەکان و سەنتەری دروستکردنی بڕیاری نیشتمانی و ڕەمزی هاوبەشەوە، بەهەمان شێوەی کەرکووك ببێت بە شارێکی ئاسایی و پانتاییەکی جوگرافی و دانیشتووانیی کێشە لەسەر و جێناکۆکی نێوان دوو حزبەکە! ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هێشتا  زۆرێک لە کاربەدەستە حزبییەکان و نوخبەی حوکمڕانی هەرێم، پەی بە پێگە، ڕۆڵ، ئاماژە، وەزیفە و ڕەمزییەتی پایتەخت نابەن، یاخوود پەی پێدەبەن و فەرامۆشی دەکەن و لەسۆنگەی ڕق و بەرژەوەندی حزبیی و تاکەکەسیەوە، لەبیر خۆیانی دەبەنەوە!

بەحوکمی ئەوەی عەقڵی سیاسی زاڵ، هاوشێوەی مێژوو واقیعی بەشێکی بەرچاوی ناوچەکە، غەنیمەت پاڵنەری سەرەکی ئاڕاستەکردنی بیرکردنەوە و ڕەفتاری سیاسیەتی، پێوەری سەرەکیشی بۆ هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی گوتار و داڕشتنی بڕیار، هەژموونی حزبییە بەلۆژیك و میکانیزمەکانی کەلتووری زۆنی کۆنتڕۆڵکراو، نەك بەها و پێوەر و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و دیموکراسی. چونکە ئەگەر ئێمە بەتەواوی مانا لە ئاماژە و ڕۆڵ و ڕەمزییەتی پایتەخت لە دەوڵەتی نوێدا تێبگەیشتینایە، لەوە تێدەگەیشتین، کە هەرگیز ناکرێت هەولێر بە پایتەخت بزانین و بەم زمان و هەناسەوە دەربارەی ئێستا و ئایندەی بدوێین، لەوە حاڵی دەبووین پایتەخت هیی هەمووانە و هیی کەسیش نییە.

سەنتەری بەیەکەوە بەستنەوەی گۆشە و کەنارەکانی وڵاتە بە یەکترەوە، شوێنی  نمایشکردنی ئیرادەی نیشتمانی و پیادەکردنی ناوەڕۆکی نوێنەرایەتی گەل و ڕێکخستنی پەیوەندییە بە دنیاوە.

بۆیە ئەگەر دەوڵەت فیدڕاڵیش بێت، دەبێت پایتەخت هەرێمێکی سەربەخۆ بێت، چونکە ڕۆڵی کۆکەرەوە و هەماهەنگی و ناوبژیوانی و بەیەگکرتوویی هێشتنەوەی وڵات و گەلەکەی دەگێڕێت.

لێرەشەوە پایتەخت پانتاییەك نییە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی حزبیی، کە بەداخەوە زمانی قسەکردنی هەردوولا دەربارەی هەولێر ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە، کە ئەویش درێژەدانە بەهەمان عەقڵییەت و گوتاری شەڕی ناوخۆی نەوەدەکان،  لەو سۆنگەوە کە شەڕی ناوخۆ تەنها ڕاگیراوە و کۆتایی پێنەهاتووە! بەپێچەوانەی دنیاشەوە لە ئەزموونە کوردییەکەدا سیاسەت درێژکراوەی شەڕە.

ئەبوبەکر کاروانی

سیاسەتمەدار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...