سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

هه‌ڵمه‌تی پڕوپاگەنده‌كان به‌ چ ئاڕاسته‌یەكدا ده‌ڕوات

له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی كاتی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌رجه‌م به‌رنامه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌كان به‌ په‌خشی تیڤییه‌ كۆن‌ و نوێكان‌ و به‌رنامه‌‌ و بڵاوكراوه‌ هه‌مه‌جۆره‌كانی تۆڕه‌كانی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی ‌و، ئه‌جێندا‌ی كاره‌كانی ده‌سه‌ڵات ‌و باسكردنی هه‌ندێک به‌ره‌ له‌ ده‌ستكه‌وته‌كان‌ و هه‌ندێكی دیكه‌ له‌ كه‌موكوڕییه‌كان، تێكڕای ئه‌م بابه‌تانه‌ به‌ نوێژی سیاسی ‌و زیكر ‌و به‌شداری له‌ گوتنه‌وه‌ی شیعر و سرووتی دینی ‌و بوون به‌ ده‌روێش‌ و حاڵگرتن، ده‌چنه‌ خانه‌ی پڕوپاگەنده‌ی ڕاسته‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

سه‌رجه‌م ئه‌م بابه‌تانه‌ كه‌ پێشتر به‌ پێچه‌وانه‌ی ئاڕاسته‌ی ڕاده‌ی نزمی سیاسه‌تی گشتی به‌ره‌و مه‌دەنیبوون ‌و پاراستنی ئازادییه‌كان ‌و ڕێگاگرتن له‌ خولیای ڕاستڕه‌وی زه‌ق بووه‌، ئه‌مڕۆ بانگه‌شه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ به‌رەو‌ دوواوه ‌‌و، پڕوپاگەنده‌كردن بۆ سه‌له‌فیه‌ت ‌و به‌كارهێنانی شێوازی كۆنی دابه‌شكردنی پابه‌ندبوونی خه‌ڵك به‌ هۆشیارییه‌ك ده‌كرێت، كه‌ پێش گه‌ڵاڵه‌بوون‌ و په‌ره‌سه‌ندنی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان له‌ ئارادابوو.

له‌ كۆتایی هه‌شتاكان و سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كان‌ و دوای ڕاگه‌یاندنی په‌رله‌مان ‌و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گفتوگۆی سه‌ره‌كیم له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌ سۆسیۆله‌جسته‌كانی ناوچه‌كه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ پێشكه‌وتنخواز ده‌زانی، ئه‌وه‌ بوو كه‌ جه‌ختیان له‌وه‌ ده‌كردەوه‌ ڕه‌وشی سیاسی كوردستان‌ و هزری سیاسی تیایدا له‌ بازنه‌ی دووفاقی قادری ‌و نه‌قه‌شبه‌ندی تێنه‌په‌ڕیوە.

سه‌ره‌ڕای ئاماژه‌كردنم به‌وه‌ی ئه‌و دوو ئاڕاسته‌یه‌ له‌ سۆفیگه‌ری، به‌شێكه‌ له‌ كه‌لتوورێكی مێژوویی ‌و لای خه‌ڵك جێگای ڕێزه‌، به‌ڵام هزری نه‌ته‌وه‌یی ‌و ئاڕاسته‌ی فره‌یی ‌و بوون‌ و په‌ره‌سه‌ندنی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی كوردستان ‌و بڵاوبوونه‌وه‌ی هزری نوێی نه‌ته‌وه‌یی ‌و چه‌پ ‌و لیبڕاڵبوونی خۆی هه‌یه ‌‌و، له‌گه‌ڵ ڕێزگرتن له‌و ڕێگا سۆفیگه‌رییانه‌، به‌ڵام ژیانی سیاسیی كۆمه‌ڵگای كوردستان ئه‌و بابه‌ته‌ی تێپه‌ڕاندووه‌، كه‌چی ئه‌وه‌ی له‌ ڕه‌فتاری هه‌ندێک سه‌ركرده‌ی ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌بینرێت، كه‌ بێگومان وه‌كوو تاك ئازادن، جۆرێكه‌ له‌و پێشبڕكێیه‌ی كه‌ ئه‌و سۆسیۆلۆجیستانه‌ ساڵانی سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كان ئاماژه‌یان پێده‌كرد‌ و، من به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی له‌ ئاستی هزری سیاسی كوردستانیم داده‌نا.

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ئه‌زموونی گه‌لانی نزیك له‌ خۆمان هه‌بووه‌ و بۆ نموونه‌، ئاڕاسته‌ی ئه‌نوه‌ر سادات، كه‌ ناوی خۆی نا ڕەئیس موئمن ‌و دواتر به‌ ده‌ستی گرووپه‌ ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كان كوژرا‌و بووه‌ به‌ قوربانی ئاڕاسته‌ سیاسییه‌كه‌ی.

ئه‌م ئاڕاسته‌ سیاسییه‌ی له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا به‌دیده‌كرێت هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رنامه‌ ته‌له‌فزیۆنانه‌یه‌، كه‌ ئاڕاسته‌ی لاوان ده‌كرێت بۆ هه‌ڵبژاردنی نموونه‌ی یه‌كێكی وه‌ك دۆناڵد ترامپ به‌ ئایدیاڵ، كه‌ ده‌بێت لاوانی كوردستان وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌ك لاسایی بكه‌نه‌وه‌‌ و سیاسه‌تمه‌دارانیش شوێنپێی سیاسه‌ته‌كه‌ی هه‌ڵگڕن‌ و، ببنه‌ به‌شێك له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن بۆ پشتگیریكردنی كۆمارییه‌كان دژ به‌ دیموكراسیخوازه‌كان ‌و دژایه‌تی جه‌نده‌ر ‌و په‌ناهه‌نده ‌‌و فره‌جه‌مسه‌ری له‌ جیهاندا بكه‌ن ‌و، به‌و لۆجیكه‌ شێواوه‌ش هه‌ڕەشه‌ی گه‌وره‌ له‌ “مه‌زنی” ئه‌مریكا بیری چه‌پ‌ و ماركسیزمی ناوخۆیه‌، كه‌ گوایه‌ ئۆپاما‌ و هاریس نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن ‌و، مانه‌وه‌ی دیموكراسیخوازه‌كانیش مانای كۆتایی ئه‌مریكایه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش مه‌ترسییه‌ بۆ جیهان‌ و، ئایدیاڵ بۆ كه‌سایه‌تی گه‌نجی كوردستان ناهێڵێت!

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م لۆجیكه‌ هێنده‌ چه‌واشه‌یه ‌‌و زۆر ڕوونه‌، كه‌ به‌شێكه‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری چه‌واشه‌كاری دژه‌ به‌ چه‌پ ‌و ماركسیزم، چونكه‌ ڕوونه‌ بژارده‌ی ئۆباما ‌و هاریس په‌یوه‌ندی نه‌ به‌ ماركسیزم‌ و نه‌ به‌ بژارده‌ی سۆشیالزمه‌وه‌ هه‌یه‌‌ و، سه‌رجه‌م ئاڕاسته‌كان له‌ چوارچێوه‌ی بژارده‌یانه‌ بۆ سه‌رمایه‌داری، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ چ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی نیشتمانی بۆ كوردستان‌ و لاوی كوردستانی هه‌یه‌ ببێته‌ به‌شێك له‌ پڕوپاگەنده‌ی هه‌ڵبژاردنی له‌ ئه‌مریكا‌ و پشتگیری كۆمارییه‌كان یان دیموكراسیخوازه‌كان بكات.

پێداویستی قۆناغی ئه‌مڕۆی كوردستان له‌وه‌دایه‌، كه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ چاراه‌سه‌ركردنی گرفتی په‌راوێزخستنی لاوان ‌و جیاكاری دژ به‌ ژنان ‌و بابه‌تی دابینكردنی ژیانی شیاو بۆیان، بابه‌تی سه‌ره‌كی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ بنیاتنانی لاوان ‌و درووستكردنی ئایدیاڵ بۆیان، كاركردنه‌ له‌سه‌ر چه‌مكی هاووڵاتی كوردستانی‌ و چه‌سپاندنی هزری نیشتمانی كوردستانی ‌و بوونی كوردستان ‌و قوربانی پیشمه‌رگه‌ به‌ ئایدیاڵ نه‌ك ترامپ‌ و ئۆباما ‌و، كاركردنی حكوومه‌ت ‌و كۆمه‌ڵگایه‌ بۆ دژایه‌تیكردنی بڵاوبوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، كه‌ هه‌ندێک شوێن له‌ كوردستاندا بووەته‌ وێستگه ‌‌و ناوه‌ندی بازرگانی ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی.

گرنگه‌ به‌رنامه‌ی ئاڕاسته‌كراو بۆ لاوان له‌سه‌ر بنه‌مای لۆجیكی زانستی‌ و زمانی مه‌عریفی بێت، نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێگاخۆشكردن بۆ لۆجێكی كه‌سانێك‌ و ئاڕاسته‌یه‌ك له‌ هه‌ر سه‌نگه‌رێك بێت ‌و بۆ هه‌ر سه‌نگه‌رێكی دژ به‌و سه‌نگه‌ره‌ی پێشووی بازبدات، باری ده‌روونی وای لێبكات هه‌رده‌م به‌وپه‌ڕی توندڕه‌وی قسه‌ی بێ بنه‌ما بكات ‌و، ته‌نیا بۆچوونه‌كانی خۆی به‌ ڕاستی ڕه‌ها بزانێت‌ و، خۆی زۆر پێ عاقڵ بێت ‌و له‌ چوارچێوه‌ی پڕوپاگەنده‌یه‌كی هه‌رزانفرۆش ماركسیزم‌ و چه‌پ به‌بێ عه‌قڵ بزانێت.

په‌روه‌رده‌كردنی لاوان‌ و دابینكردنی ژیانی سیاسی مه‌ده‌نی ‌و عه‌لمانی ‌و دیموكراسی كه‌ سه‌رجه‌م ئازادییه‌كان‌ و مافی ژنانی تێدا پارێزراو بێت، به‌ هه‌موو جۆره‌كانی توندڕه‌وی‌ و بانگه‌شه‌ بۆ ڕاستڕه‌وی ‌و سه‌له‌فیه‌ت ‌و هه‌ڵگرتنی دروشمی هه‌موو شتێك له‌ پێناوی ده‌نگ، نایه‌ته‌دی.

لاوانی كوردستان پێویستیان به‌ لۆجیكی عه‌قڵ و زانست ‌و ڕۆشنفیكرییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌ پڕۆسه‌ی مۆدێرنه‌كردنی كۆمه‌ڵگای كوردستان ‌و گه‌شه‌پێدانی به‌شداربن.

كاوه‌ مه‌حموود

سیاسه‌تمه‌دار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...