دەستپێک:
بۆ پشکنین و بەسەرکردنەوەی چەمکی دیمۆکراسی تەوافقی Consociational Democracy دەبێت لە هەردوو زاراوەی <کۆمەڵگەی دابەشبوو Divided Society> و هاوبەشی دەسەڵات Power-Sharing تێبگەین و بناسین. لە دنیای ئەمڕۆدا کەم کۆمەڵگە، یەکەی سیاسی و جوگرافی هەیە یەکڕەنگ Homogeneous بێت و یەک هێزی کۆمەڵایەتی وەک یەک بەڕێوەی ببات. زۆرینەی کۆمەڵگەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پڕن لە ناسنامەی جیاواز، نەتەوە، ئایین، ئایینزا، گرووپی بچووک و گەورەی جیاواز! ئەم ئەندازە کۆمەڵایەتییە شێوەیەک لە دابەشبوون و پەرتبوونی بەرهەمهێناوە.
دابەشبوونی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ناسنامەی لاوەکی. لێرەوە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم جیاوازییانە پێویستمان بە دەزگە، ئامراز و سیستم دەبێت بۆ لەخۆگرتنی هەمووان، بەشداری هەمووان لە نیگارکردن، نەخشەسازی و بڕیارە گشتییەکان و هاوبەشیکردنی هێز بەسەر هەموو لایەن و ئەکتەرەکان. دواتر لە ڕووی ئەدەبیات و زاراوە ئەم مۆدێڵە گەشە دەکات <ئەرێنت لیپهارت> لەژێر ناوی <دیمۆکراسی تەوافقی> گەشەی پێداوە.
عێڕاق؛ پڕۆسەی لەدیمۆکڕاسیخستن
لیپارت کێڵگەی کارکردنی تیۆرەکەی ئەڕوپا بەتایبەت <هۆڵەندا، نەمسا، بەلجیکا و سویسڕا> بوو! دواتر لوبنان، مالیزیا و قوبڕسیش وەک مەیدانی بەکارخستنی تیۆرەکە بەکارهات. دواین نموونە عێڕاقی دوای ٢٠٠٣ و دوای-سەدام Post-Sadam بەشێوەیەکی بنەڕەتی ڤیتۆی دوولایەنە، نوێنەرایەتیکردن، هاوبەشی هێز و دابەشکردنەوەی بەهاکان سیمای سەرەکی کارکردن و کارابوونی دیمۆکراسی تەوافقی و هاوبەشی هێزە. وادیارە لە عێڕاق چیڕۆکی تری دوور لەم بنەمایانە ڕوودەدات!
دوێنی <مەحموود مەشهەدانی> وەک سەرۆکی تازەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق کە پشکی <سووننەکانە> هەڵدەبژێردرێت. گەیشتنی مەشهەدانی بە پەڕلەمان لەڕووکەشدا لەسەر بنەمای ناسنامەی مەزهەبی-سووننەبوونە، بەڵام لەناوەڕۆکدا ئەکتەرە ناسنامە شیعە باڵادەستەکان جوڵێنەر و پاڵنەری ڕاستەقینەی مەشهەدانیین بۆ خانەی یاسادانان. ئەم دیمەنە دووپاتیدەکاتەوە کە دابەشبوونێکی قوڵی ستوونی و ئاسۆیی لە عێڕاقدا باڵادەستە و کۆمەڵگەی لەسەر بنیاتنراوە. لە گۆشەیەکی ترەوە دوو ئاماژەی روونمان پێ ئاشنا دەکات:
یەکەم: زەبروزەنگێکی بەردەوام و گشتگیر لەسەر بنەمای ناسنامەIdentity based violence لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەدەبرێت و خۆراکی پێدەدرێت. گرووپ و ناسنامە لاوەکییەکان وەک جەستەیەکی بێ سەر ماونەتەوە و لە نوێنەرایەتی خراون. وەک چۆن لیپارت پێی وایە یەکێک لە هۆکارەکانی کارنەکردنی دیمۆکراسی تەوافقی نەبوون/لاوازی دەستەبژێری پێکهاتەکانە. لە عێڕاق سووننە بێ دەستەبژێرە! ئەوەی وەک سەرکردەش خۆی نمایش دەکات وەک مەشهەدانی، ڕەوایەتی و ڕەزامەندی لە ناسنامەی دژەکەی <شیعە> وەردەگرێت تاوەکوو ددانی پێدابنرێت. لێرەوە کۆمەڵگە دووبارە لەناوخۆیدا دابەش و پارچە پارچە دەبێتەوە.
دووەم: ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق مۆڵگەی نوێنەرایەتی و نمایندەی هیچ گرووپ و ئەکتەرێک نابێت! بەتایبەت کاتێک دەنگدەر هیچ ڕۆڵێکی دەزگاییانەی لە داڕشتنی دیوی ناوەوە و دەرەوەی دەزگاکە نابێت! خواست و ویستی گرووپەکان ناگوازرێنەوە نێو ئەنجوومەنی نوێنەران وەک کەناڵی نوێنەرایەتی و هاوبەشی هێز و دەسەڵات. لێرەوە پڕۆسەی لەنوێنەرایەتیخستن زاڵ دەبێت. زیندووترین نموونەش هاتنی سەرۆکی پەرلەمانە بەپاڵپشتی ئەکتەرەکانی دەرەوەی خۆی وەک مالیکی و هاوڕێکانی.
دووماهی:
عێڕاق جڤاتێکە بە قوڵی دابەشبووە و لێکترازاوە. ناسنامەی لاوەکی و دژ بەیەک گەمارۆی داوە. بەڕێوەبردنی ئەمجۆرە کۆمەڵگەیە بەبێ سیستم، کەلتووری سیاسی، دەزگەی نوێنەرایەتی، هاووڵاتی و کۆمەڵگەی مەدەنی یەکجار دژوار و نەکردەیە. لەقۆناغی دوای بەعس و ٢٠٠٣دا دیمۆکراسی تەوافقی و هاوبەشیکردنی هێز Power-Sharing لەبری بەدیمۆکراتیکردنی کۆمەڵگە، بنیاتنانی ئاشتی، خۆراکدان بە کۆمەڵگەی مەدەنی و بنیاتنانی دەوڵەت و خانەکانی، جەنگ و زەبروزەنگی ناسنامە لاوەکییەکان ڕەگوڕیشەی داکوتاوە، ئەنجوومەنی نوێنەران دەستگابوونی خۆی لەدەستداوە و لەنوێنەرایەتیکردن خراوە! بووە بە خانەی نمایشی جیاواز و دابەشبوونەکان! باشترە بڵێین بەدامەزراوەکردنی زەبروزەنگی ئیتنۆ-مەزهەبی. هەزاران سڵاو لە دیمۆکراسی تەوافقی!