- هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئێسرائیل، لە ڕووی میدیاییەوە کاریگەر بوون، بەڵام لە ڕووی سەربازی و ستراتیژییەوە شکستی هێنا. بەڵام هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لە ڕووی میدیاییەوە کاریگەر نەبوو، بەڵکو لە ڕووی سەربازیی و ستراتیژیی و پەیامی سیاسییەوە کاریگەر و سەرکەوتوو بوو. هەر بۆیە ئێران لەسەر ئاستی میدیا و ڕای گشتی، هێرشەکەیان بە سادە و بێ کاریگەر وەسف کرد، بەڵام لەسەر ئاستی سەربازیی و هەواڵگری بە هێرشێک وەسفکراوە کە هەر دەبێت وەڵامی بدرێتەوە.
- وەزیری بەرگری ئیسرائیل پێش هێرشەکە ڕایگەیاند هێرشێک ئەنجامدەدەن ئێران خۆشی نەزانێت چی ڕوویداوە. ئەمە ئاماژەیە بەوەی ئۆپراسیۆنێکی ورد و چاوەڕواننەکراو دەبێت. هاوکات ڕایانگەیاند کە ژێرخانی نەوت و ئەتۆمی ناکرێنە ئامانج. هەر ئەوەش ڕوویدا، سەرەتا ئێران بڕیاری وەڵامدانەوەی نەدا، بەڵکوو ئاماژەی بەوە کرد هێرشەکە هیچ نەبووە، وەک پەیامێک کە ئاساییە ئەگەر وەڵامنەدەنەوە. بەڵام پاش ماوەیەک ئێران تێگەیشت هێرشەکە زۆر ورد و کاریگەر بووە و شاردنەوەی مەحاڵە. بۆیە ئێستا دەگوترێت بڕیاری وەڵامێکی جددی دراوە.
- نەتانیاهۆ هەر لەسەرەتای ئەم جەنگەوە دەیەوێت ئێران بهێنێتە ناو هاوکێشەکە و ڕێگە نەدات بە سەلامەتی بۆی دەربچێت. دەبوو هێرشەکەی سەر ئێران بە شێوەیەک بێت کە لەگەڵ داواکاری و فشارەکانی ئەمریکا بگونجێت، بەوەی ژێرخانی نەوت و ئەتۆمی نەکرێنە ئامانج و هێرشێکی فرەوان و وێرانکەر نەبێت کە ببێتە هۆکاری جەنگ. هاوکات، هێرشێک بێت ئێران نەتوانێت هەزمی بکات و بە ئاسانی بڵێت پێویست بە وەڵامدانەوە ناکات، چونکە بەوە ئێران دووبارە خۆی دەدزێتەوە و دەچێتەوە دەرەوەی مەترسییەکانی جەنگەکە. بۆیە هێرشەکەی ئیسرائیل بە شێوەیەک دیزاین کرا کە دڵی ئەمریکا ڕازی بکات و ئێرانیش ناچاری وەڵامدانەوە بکات.
- لە هێرشەکەی ئیسرائیل هەموو یان زۆربەی سیستەمی بەرگرییەکانی ئێس ٣٠٠ی ڕووسی کە ئێران بەکاری دەهێنێت، کرانە ئامانج. هاوکات زۆربەی ژێرخانی دروستکردنی سووتەمەنی ڕەقی مووشەکی بالیستی ئێرانی لەناوبردران. ئەم ژێرخانە چینییە و نرخی زۆر گرانە، ئێران بە ئاسانی ناتوانێت قەرەبووی بکاتەوە. دەگوترێت لە گرانترین و سەرەکیترین و پێشکەوتووترین ڕاداری ئێرانیش دراوە. ئەم ئامانجانە لە دەرەوەی شارەکانن و دوورن لە چاوی خەڵک و میدیاکان، بۆیە هێرشەکە زۆر سادە و ئاسایی بینرا بۆ خەڵکی ئاسایی، بەڵام بۆ دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران بە شێوەیەکی تر بینرا.
- ئێران ئاگاداریی ناردووە بۆ کۆمپانیاکانی فڕۆکە مەدەنییەکان کە ئەمشەو تا ئێوارەی شەشی مانگ، ئاسمانی ئێران دادەخرێت. واتە ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، ڕۆژی هەڵبژاردنەکە و ڕۆژێک دوای ئەوەش. جارێ مەبەستی ئەو هەنگاوە ڕوون نییە، ئایا بۆ مەبەستی ئەمنییە، یان مانۆڕی سەربازی، یاخود بە نیازە لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا هێرشەکەی ئەنجامبدات. بەپێی بۆچوونی زۆربەی چاودێران تا کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، ئەگەر کەمە ئێران هێرشەکەی ئەنجامبدات.
- دەنگۆ و هەواڵی زۆر هەیە گوایە ئێران ژمارەیەک مووشەکی بالیستی هێناوەتە ناو عیراق و لە ڕێگەی حەشدی شەعبییەوە ئاڕاستەی ئیسرائیلیان دەکات. زۆرێک لە چاودێر و میدیاکانی عیراق دەڵێن ئەمە بۆ ئەوەیە کە عێراقیش تێوەبگلێت لەو جەنگە و پڕەنسیپی یەکگرتوویی گۆڕەپانەکانی بەرەی مقاوەمە جێبەجێ بکرێت. بەڵام ئەمە هۆکارێکی لاوەکییە. ئەگەر لە عێراقەوە هێرشەکە ئەنجامبدرێت ئەوا دەکرێت هۆکاری سەرەکی بریتی بێت لە لایەنی تەکنیکی و سەربازیی. عێراق نزیکترە لە ئیسرائیل، مووشەکەکان باشتر و وردتر دەگەنە ئامانج. لە هەردوو هێرشەکەی ئێران ئەوە دەرکەوت کە مووشەکەکان جگە لەوەی هێزی تەقینەوەیان لاوازە، ئامانجیش باش ناپێکن. ژمارەیەکی زۆری ئەگەر بە سیستەمی بەرگری ئیسرائیلی نەخرێنە خوارەوە، ئەوا دەکەونە بیابان و دەریا و ناو شارە فەڵەستینییەکان. وەک لە هێرشی دووەم بینیمان تەنیا عەرەبێکی فەڵەستینی کوژرا، گەنجێکی غەززەیی بوو، بۆ کار هاتبووە کەناری ڕۆژئاوا. لەوانەیە هۆکارێکی ئەوە بریتی بێت لە دووری نێوان ئێران و ئیسرائیل.
ئەگەر لە عێراقەوە بالیستییەکان ئاڕاستە بکرێن، ئەوا دیارە حزبوڵا ئەو جۆرە مووشەکانەی کەم بووەتەوە بە هۆی لێدانە بەردەوامەکانی ئیسرائیل و سەرفکردنی ڕۆژانەی لە لایەن حزبوڵاوە. ناردنی مووشەکی بالیستی بۆ لوبنان لەم کاتەدا، زۆر قورسە، چونکە ئیسرائیل زۆربەی دەکاتە ئامانج لەسەر سنوورەکان. بەشار ئەسەدیش ڕازی نییە لە سووریاوە ئەو هێرشانە ئەنجامبدرێن، بۆیە عێراق باشترین بژاردەیە. چونکە جارێ ئیسرائیل دەستی نەکردووە بە بۆردمانکردنی سنووری نێوان ئێران و عێراق، ئاسان مووشەکی ئێرانی دەگوازرێتەوە بۆ ناو عێراق.
ئەگەر حەشدی عێراق و حزبوڵاش بەشداربن لە وەڵامەکەی ئێران، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە ئێران ڕاستەوخۆ هەر دەبێت بەشدار بێت و لە خاکی خۆیەوە مووشەک ئاڕاستە بکات، ئەگەرنا، وەڵامێکی تەواو لاواز دەبێت.
- ئەمریکا بڕیاری ناردنی چەندین مووشەک و کەشتی و فڕۆکەی سەربازی داوە بۆ ناوچەکە وەک خۆئامادەکردن بۆ وەڵامەکەی ئێران. دەگوترێت ١٢ فڕۆکەی B52 دەنێرێت، چوار دانەیان گەیشتوونەتە قەتەر. ئەم جۆرە فڕۆکەیە بۆمبهاوێژی ستراتیژییە، دوو ئەرکی هەیە ڕەدع یان بۆمبارانکردنی سەربازگە و شوێنی گرنگ و گەورە و پارێزراو. دوانزە دانە لەم جۆرە فڕۆکەیە پەیامێکە کە ئامادەکارییەکانی ئەمریکا لە ئاستی بەرپابوونی جەنگە.
- ئێران هەر جۆرە وەڵامێک بداتەوە، ئیسرائیل وەڵامی دەبێت. وەڵامەکانی ئیسرائیل چەند فاکتەرێک دیاری دەکەن، قەبارە و شێوەی هێرشەکەی ئێران، بارودۆخی بەرەی شەڕی لوبنان، بردنەوە و شکستی ترەمپ. مەرج نییە بەرپابوونی جەنگ لە دوای چەند جارێک لەو جۆرە هێرش و وەڵامانە ڕووبدات. لەوانەیە چەند مانگێک ئەو وەڵامانە بەردەوام بن، تا ئەو کاتەی بڕیارێکی گرنگ و هەستیار دەدرێت. بە ئەگەری زۆرەوە، ئەگەر جەنگ ڕووبدات، ئیسرائیل دەستپێشخەرییەکە دەکات.
٩. لەم هاوکێشەیەدا ئێران فشاری زیاتر لەسەرە، لە دۆخی بەرگرییە. دوو بەرەی دۆڕاندووە، بەرەی غەززە و حەماسی لەدەست دەرچوو. بەرەی باشووری لوبنان و حزبوڵای زۆر لاوازکراوە. بەرەی سووریای سڕ کراوە، تەنانەت بووە بە تەڵەیەک بۆ پاسداران و بەرەی ئێران، هەفتانە گورزی بەهێزیان بەردەکەوێت لەوێ، بەبێ ئەوەی ئێران بتوانێت بەرەیەکی شەڕی تێدا بکاتەوە. کاریگەرییەکانی حووسییەکان و حەشد و دوو هێرشەکەی پاسدارانیش، بۆ ڕێگرتن لە ئیسرائیل و بەرپەرچدانەوەی، لە ئاستی سفردا بووە تا ئێستا. جگە لەوەی لە کاتی ڕوودانی جەنگ، ڕژێمی ئاخوندەکان ترسێکی گەورەیان لە ناوخۆی ئێران هەیە. هاوپەیمانە دەوڵەتییەکانی ئێران، کە ڕووسیا و چینن، کەسیان ئامادە نین بچنە جەنگەوە لەپێناو پاراستنی. ئابووری ئێران ئامادەی جەنگ نییە.
لەبەرانبەردا ئیسرائیل لە دۆخی هێرش و بەدەستهێنانی دەستکەوت و گورزوەشاندنە لە بەرەی ئێران. غەززەی کاول و داگیرکردووە، بەشێک لە باشووری لوبنانی سڕیوەتەوە و داگیرکردووە. زۆربەی سەرکردە و ڕەمزە گرنگەکانی بەرەی مقاوەمەی کوشتووە. لەناوخۆ پشتگیری لە حکوومەت و سوپا بەرزە. لە کاتی هەڵگیرساندنی جەنگ، ئەمریکا ئامادەیە بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل بەشداربێت. ئابوورییەکەی ئامادەی جەنگێکی فرەوانترە.
١٠. تا ئێستا بە ئەگەری زۆرەوە ئێران وەڵامی دەبێت، گوایە بڕیارەکە دراوە. هەموو هەوڵێک دەدات ئەو وەڵامە نەبێتە مایەی هەڵگیرساندنی جەنگ، بۆ ئەمەش ئەگەر هەیە دووبارە ڕاوێژ و گفتوگۆی نهێنی لەگەڵ ئەمریکا بکرێت. دەکرێت لەبەرانبەر پاراستنی حزبوڵا، ئێران وەڵامەکەی دەستکاری بکات، بەوەی زۆر لاوازی بکات وەک جارەکانی پێشوو، یان هەڵیبوەشێنێتەوە. بەڵام ئیسرائیل لەوە ناچێت ئامادەی ئەو مامەڵەیە بێت لەم کاتەدا. سبەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بەشێک لە ئایندە و شێوەی ئەم ململانێیە دیاری دەکات.