داتا مەعریفە و هێزە! بەڵام بەرهەمهێنانی هێز لە عێڕاق لای دەوڵەت نییە! ڕەنگە ئەمە هەڕەشەی سەرەکی هەموو ڕووداوێکی ئەمڕۆی عێڕاق بێت. لەدوای جەنگی دووەمی کەنداوەوە، بەهۆی جەنگ و ململانێکانەوە زۆر پرس لە عێڕاق گۆڕاوە، ئەندازەی کۆمەڵایەتی، ژێرخانی ئابووری، دەزگای خێزان، پەیوەندییەکان، پەیوەندی نێوان گرووپەکان و تەنانەت جوگرافیا و گۆڕانی کەشوهەواش.
بەڵام گرفتی گەورەی بەردەم سەرژمێری فرە ڕەنگی کۆمەڵگەی عێڕاقییە؛ زیاتر لە نەتەوە، ئایین و ئایینزایەک لەخۆدەگرێت! ئەم فرە ڕەنگییە بۆ سەرژمێری لە عێڕاق لەبری دەرفەت هەمیشە هەڕەشەیەکی ئامادە و ڕاوەستاو و کاریگەرە، بەتایبەت لەبەردەم کورددا.
ئەگەرچی لەو ڕاپرسییەدا، پرسیار لەباری <نەتەوە، ئایین و ئایینزا> ناکرێت. لەکاتی کۆکردنەوەی داتاکان بە تەنها یەک پێکهاتە وەک کۆکەرەوەی داتا Data Collector ڕۆڵ نابینێت و نابێت بە ئەکتەری سەرەکی نێو گۆڕەپانەکە، بەڵام لە ڕووی کردارییەوە هێشتا هیچ دڵنیاییەک نییە کە ناسنامە، دۆخی ڕاستەقینە و ڕووداوەکان وەک خۆیان بکرین بەزمانی داتا و دووبارە سیاسەت و حکومڕانی و دروستکردنی بڕیاری لەسەر دابڕێژرێتەوە! بەتایبەت لە ناوچە دابڕێندراوەکان کە بەسیاسەت و تەکنیکی جیاواز، لەقۆناغی جیاوازدا دەستکاری دیمۆگرافیای سەرجەم ناوچەکان کراوە لە شەنگالەوە بۆ خانەقین.
ئاماژە بینراوەکان نمایشی ئەوە دەکەن کە پارێزگایەکی وەک کەرکووک زۆر بەچڕی ژمارەی دانیشتوانی لە دەستکاریکردنێکی بەردەوامدایە. عەرەبی هاوردە بەتایبەت لە باشوور و ناوەڕاستی پارێزگاکە لە زیادبوونە و بەردەوام بە قەبارەیەکی گەورەی ئەندامانی خێزانەوە وەک خاوەنی جوگرافیاکە نمایندەی خۆی دەکات. دیارە دڵنیایی دراوە کە ئەم سەرژمێرییە نابێتە جێگرەوە بۆ ئەو سەرژمێرییەی کە لە ماددەی ١٤٠ی دەستووری هەمیشەیی عێڕاقدا ناسێنراوە، بەڵام قوڵایی پرسیارەکە ئەوەیە بۆ حکوومەتی عێڕاق دەتوانێت <سەرژمێری بۆ گەشەپێدان> ئەنجامبدات، بەڵام ناتوانێت قۆناغی یەکەمی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێڕاقی جێبەجێ بکات کە لە ٢٠٠٨دا دوا وادەبوو بۆ جێبەجێکردن!
لێرەوە کردەی سەرژمێری دەبێت بە هەڕەشەیەکی گەورە لەبەردەم ئاسایشی ناسنامە و مانەوە Identity Security بۆ کورد وەک ئەکتەرێکی سەرەکی لە پڕۆسەی سیاسەت و حکومڕانی لە عێڕاقی فیدڕاڵدا.
ئەوەی هەڕەشەکان دەگۆڕێت بۆ دەرفەت، مانەوە و هاوسەنگی بۆ کورد، گەڕانەوەیە بۆ تۆماری سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ بۆ تێگەیشتن لە باری نەتەوەیی ناوچە دابڕێندراوەکان کە تاوەکوو ئێستا بە پاکترین و ڕوونترین سەرژمێری دادەنرێت. بۆ نموونە: ئەوەی ئێستا لە ناوچە دابڕێندراوەکانە و هاوردەکراوە، ئەگەر ناوی لە تۆماری ساڵی ١٩٥٧ نەبوو، نابێت وەک دانیشتووی ڕەسەنی ناوچەکە تۆماربکرێت. وەک چۆن نابێت عەرەبەکانی هەرێمی کوردستان و هەولێر بە دانیشتووی ڕەسەنی ناوچەکە تۆماربکرێن، دەبێت لەسەر پارێزگاکانی خۆیان هەژماربکرێن.
ئەم سەرژمێرییە لە ڕووکەشدا بۆ گەشەپێدانە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی هێز، پێگە و بڕیار و بەهاکانە، بەتایبەت لە دەوڵەتی فیدڕاڵ و فرە نەتەوەدا کە لەسەر بنەمای ناسنامە Identity مامەڵەت لەگەڵدا دەکرێت و لەناو سیستم و بڕیارسازیدا شوێنت بۆ دەکرێتەوە. سەرژمێری لە وڵاتێکی دوای جەنگی وەک عێڕاق لەبری بنیاتنانی ئاشتی، ململانێی تازە دێنێتەکایەوە بەتایبەت بۆ کورد و جوگرافیای کوردستانی. فۆکۆ گۆتەنی<دەسەڵات مەعریفە بەرهەمدەهێنێت>، ئەمجارە دەسەڵاتی عێڕاقی لەڕێگەی داتاوە هەوڵی باڵایی و دەسەڵات و هەژموون دەدات!