
دەکرێت نامەکەی ئۆجەلان وەک دوا نامەی جەنگ، لە هەمان ڕوانگەوە ببینرێت کە لایەنی زۆر و دیدی زۆر کاریگەربوون لە داڕشتنیدا و ئەگەری زۆرە کە چەندین جار نووسرابێتەوە. لە ڕاستیدا دواکەوتنی ڕاگەیاندنی لە پانزەی مانگدا ڕەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت، کە پێویستی بە نووسینەوە هەبێت.
لەم بەشەی نووسینەکەمدا باس لە میتا نامەکە دەکەم. بەو مانایە باس لەو دۆخە دەکەم کە نامەکەی تیادا هاتە ئاراوە نەک ناوەڕۆکی نامەکە خۆی، کە ناوەڕۆکێکی ئاڵۆز و پڕ لە تەلیسمە.
ڕێگەیەک و ڕێچکەیەک هەن کە لە پشت نامەکەوە. ڕێگەکە لە کۆتایی نەوەدەکان دەست پێدەکات کاتێک لە نایرۆبی ئۆجەلان دەستگیر دەکرێت و بە بەندکراوی دەهێنرێت بۆ تورکیا. لەو ساتەوە حکوومەتی تورکی کەوتە بەردەم ئەو واقیعەی کە چۆن مامەڵە بکات لەگەڵ گرنگترین و کاریگەرترین کەسایەتی ناو هێزێک کە گەورەترین ئالانگاری دەوڵەتی تورکی بووە لە مێژوویدا؟
یەکێک لەو ڕێگایانەی مامەڵەکردن ئەوەیە کە چۆن لە ڕێگای ئۆجەلانەوە بتوانرێت ئاڕاستەی پەکەکە بگۆڕدرێت. پەکەکە پێش دەستگیرکردن مەترسی بوو لە سەر بونی تورکیا وەک دەوڵەت، بەڵام وردە وردە لە ڕێگای گۆڕینی ئایدیۆلۆژیاوە، ئەو مەترسییە کۆتایی پێهێنرا. هەبوونی توانای ئۆجەلان بۆ گۆڕینی بەهای کرۆکی core valueی پەکەکە کاریگەریی گەورەی هەبوو لە سەر ئاڕاستەی ئەو هێزە. ئەوەی لای تورک بەڵگەنەویست بوو ئەوەبوو کە بزووتنەوەی کوردی لە ناوناچێت، بۆیە دەبێت ئاڕاستەی بگۆڕێت. ئەمە بۆ هەردوولا بە سوود بوو. مانەوەی ئۆجەلان وەک سەنتەری پەکەکە هاوکاری ئەوەبوو کە پارتەکە تووشی ترازان نەبێت، بۆ تورکیش لەوەدا بە سوودبوو کە پەکەکە بوو بە هێزێکی ناوخۆیی تورکی.
ئەم پاشخانە درێژەیە کە ئەمڕۆ ئۆجەلان دەتوانێت داوای دانانی چەک بکات. کەواتە ڕێگایەکی درێژ هەیە لە خواست بۆ دەوڵەتەوە، پاشان بۆ دیموکراسی ڕادیکاڵ، پاشان بۆ ناکۆماریی بوونی کۆمار، پاشان بۆ ئەنارکیزم، پاشان بۆ کۆنفیدراڵیزمی دیموکراسی، لە دوا ئەنجامدا بۆ دیموکراسی. جێگای باسە چەمکی دیموکراسی زۆرترین ئاماژەی پێدراوە لە نامەکەدا.
ئێستا با بێینە سەر ڕێچکەکە.
ماوەیەکە بە دوو شێواز دونیا دەگۆڕێت، شێوازێکیان کە هێواشە، شێوازێکی تریان بریتییە لە ئەو ڕووداوە سیاسییانە، کە تەکانی گەورە بە چەرخی گۆڕانکارییەکە دەدەن. دووەمیان لە ژینگەی فەلسەفیدا بە ڕووداوێتی ناسراوە.
بۆ نموونە حەوتی ئۆکتۆبەر یەکێکە لەو ڕووداوە سیاسییانە کە تەکانی گەورەی بە گۆڕانکاری ناوچەکەدا. دونیای پاش ٧ی ئۆکتۆبەر تورکیای خستووەتە بەردەم ئەگەری گەورەبوون و هەروەها مەترسی بچووکبوونەوە. چونکە زۆر بە سادەیی کاتێک هەوڵدەدەی کە گەورە یان فرەوان بیت و شکست دەهێنیت ئەوا ئەگەری زۆر بچووک بیتەوە.
نەمانی ئێران وەک هێزێکی ئیقلیمی و لاوازبوونی ئەمریکا لە ناوچەکە لای تورکەکان وەک دەرفەت دەبینرێت بۆ بوونیان بە هێزێکی ئیقلیمی. مامەڵە لەگەڵ کورددا لە هەناو ئەم دیدەوەیە. کورد دەتوانرێت ببێت بە هاوکاری فرەوانبوونی تورکیا، لە هەمانکاتدا دەتوانێت ببێت بە مەترسی ئەو پڕۆژەیە.
ئەم ڕێچکەیە لە پشت دەستپێکردنی ئەم پڕۆسەی ئێستایە. دیارە لە هەمانکاتدا پرسەکانی مانەوەی ئەردۆگان بە سەرۆک و گۆڕینی دەستوور و لاوازکردنی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا. بۆ نموونە نامەکە تەنها ئاماژە بە دوو کەس دەدات لە ناو کایەی سیاسی تورکیدا، کە ڕوونە بە کورد دەڵێت دەبێت لەگەڵ ئەم دوو کەسەدا بن.
پاشتر دێینە سەر هەڵوەشانەوەی کۆدە زۆرەکانی ناو نامەکە.
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەم، لە ئوتێل world elite لە شەقامی تەقسیم لە ناوەڕاستی ئیستەنبول، ڕووداوێکی ناوازە ڕوویدا. لە هۆڵێکی ئوتێلەکەدا وێنەیەک پێشاندرا کە پێشتر لە بەندیخانەی ئیمرالی گیرابوو. کەسی ئۆجەلان لە ناوەندی وێنەکەدایە کە وەها دیارە کە لاپەڕەیەک دەخوێنێتەوە. ئەم دیمەنە ئاڵۆزییەکی دروستکرد کە بۆچی ئۆجەلان نامەکەی نەخوێندەوە؟
سێ لێکدانەوە هەیە، یەکەم، وەزارەتی ناوخۆی تورکی قبوڵی نەکرد، دووەم، پەکەکە قبوڵی نەبوو. سێیەم، ئەگەری زۆرە بەو هۆکارە بووبێت کە دۆخی پیریی و ئەگەری لاوازی ئۆجەلان زاڵبێت بە سەر ناوەڕۆکی نامەکەدا.
نامەکە بە چەندین فلتەردا ڕۆشت، لەوانە فلتەری دەوڵەتی تورک و میت و حزب و دەوڵەتی قووڵ. پاشان نامەکە پێشانی قەندیل دراوە و ئەوانیش ڕایان هەبووە، هەروەها لە باشووریش فلتەر کراوە، بە ئەگەری زۆرەوە ڕۆژئاڤاش ڕایان هەبووە.
ئەم پاشخانە پێمان دەڵێت کە نەک هەموو ڕستەیەک، بەڵکوو هەموو وشەیەک لە نامەکەدا، سازشی لە سەر کراوە و لە ئەنجامدا نامەکە دید و ڕوانگەی زۆر لایەن لە خۆی دەگرێت. چونکە ئامانجی نامەکە ئەوەبوو کە کورد و پەکەکە و تورک و هێزە ئیقلیمییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پێی ڕازی بن.
ئەم پاشخانە ناچارمان دەکات کە دەبێت یەک بە یەک وشەکانی ناو نامەکە وەک کۆد مامەڵە بکەین. خوێندنەوەی ئەم کۆدانە تەنها ئەو کاتە دەبێت کە بزانرێت لایەنەکان کێن و دید و خواستەکانیان چییە و لەم پڕۆسەیە چییان دەوێت.
هەوڵ دەدەم لە نووسینی داهاتوودا کۆدەکان بخوێنمەوە؛ بارش بارش.