
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز فرۆشگە بچووکەکانی خۆراکی هیندی و فرۆشگە گەورەکانی ئۆنلاینی جلوبەرگ بایکۆتی بەرهەمە تورکییەکان دەکەن، کە لە شوکولاتە، قاوە، مڕەبا و کەرەستەی جوانکارییەوە تا جلوبەرگ دەگرێتەوە، ئەوەش وەک ئەنجامی هەڵکشانی تووڕەیی لە بەرانبەر پشتیوانی تورکیا بۆ پاکستان لەدوای ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ هیندستان.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا، پشتیوانی ئاشکرای خۆی بۆ پاکستان دەربڕی، کە وڵاتێکی زۆرینە موسڵمانە، دوای ئەوەی هیندستان هێرشی سەربازی ئەنجامدا لە وەڵامی هێرشێکدا لە کشمیری ژێر دەسەڵاتی هیندستان لەلایەن هێرشبەرە ئیسلامییەکانەوە. شەڕ و پێکدادانی سنووربەزێن بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام بوو پێش ئەوەی ئاگربەست ڕابگەیەنرێت.
ڕۆژی دووشەم، فیدراسیۆنی دابەشکەرانی بەرهەمە بەکاربەرەکانی سەرتاسەری هیندستان (AICPDF)، کە پێداویستی بۆ ١٣ ملیۆن فرۆشگای بچووکی خۆراک دابین دەکات، ڕایگەیاند: “بایکۆتێکی بێسنوور و تەواوەتی” هەموو کاڵایەکی تورکی ڕادەگەیەنێت، کە کاریگەری لەسەر شوکولاتە، مڕەبا، پسکیت و بەرهەمەکانی پارێزەری پێست دەبێت.
بەگوێرەی سێ سەرچاوە و پێداچوونەوەیەک بە ماڵپەڕەکانیان، ماڵپەڕەکانی جلوبەرگی هیندی کە هیی کۆمپانیای فلیکارت (Flipkart)ن و لەلایەن واڵماڕتەوە (Walmart) پشتیوانی دەکرێت، و کۆمپانیای ڕیلاینس (Reliance) کە هیی ملیاردێر موکێش ئەمبانییە، چەندین براندی جلوبەرگی تورکییان لابردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگەدار گوتی، ماڵپەڕی جلوبەرگی فلیکارت بەناوی مینترا (Myntra)، لیستەکانی براندە تورکییەکانی وەک ترێندیۆل (Trendyol) کە بە جلوبەرگی ژنان ناسراوە، براندی جلوبەرگی ئێڵ سی وایکیکی (LC Waikiki) و بەرهەمهێنەری جینز ماڤی (Mavi) لابردووە.
سەرچاوەیەکی دیکە گوتی، مینترا بەڕەچاوکردنی “بەرژەوەندی نیشتمانی” براندەکانی لابردووە بەبێ ئەوەی واڵماڕت دەستی تێدا هەبێت.
ماڵپەڕی جلوبەرگی ڕیلاینس بەناوی ئاجیۆ (AJIO) هەروەها براندە تورکییەکانی وەک ترێندیۆل، کۆتۆن (Koton)، ئێڵ سی وایکیکی لە ئەپلیکەیشنەکەی لابردووە، و زۆرێک لەو کاڵایانە ڕۆژی دووشەم وەک “لە کۆگا نەماوە” نیشان دەدران. ئەوەش بەهۆکار و ڕەچاوکردنی “هەستی نیشتمانی”ییەوە.
فلیکارت، ڕیلاینس ڕیتەیڵ (Reliance Retail) و براندە تورکییەکانی ترێندیۆل، ئێڵ سی وایکیکی، کۆتۆن و ماڤی، ئامادە نەبوون هیچ لێدوان و ڕوونکردنەوەیەک لەوبارەیەوە بدەن.
هیندستان فەرمانی بە کۆمپانیاکان نەکردووە بایکۆتی تورکیا بکەن. هاوردەی ساڵانەی کاڵا لە تورکیاوە بۆ هیندستان کە ٢.٧ ملیار دۆلارە، زۆرینەی بریتییە لە سووتەمەنی و کانزا بەنرخەکان.
بەڵام بایکۆتێکی بەکاربەران هێشتا دەکرێت گرنگ بێت. (AICPDF) گوتی کە قەدەغەکردنەکەیان کاریگەری لەسەر نزیکەی ٢٠ ملیار ڕوپیە (٢٣٤ ملیۆن دۆلار)ی بەرهەمی خۆراکی دەبێت. بەگوێرەی ماڵپەڕی “ترەیدینگ ئیکۆنۆمیکس” (Trading Economics)، هاوردەی جلوبەرگ لە ساڵی ڕابردوودا بەهای ٨١ ملیۆن دۆلار بووە.
سوکڤیندەر سینگ سوکو، سەرۆکی وەزیرانی هیماچال پرادیش، یەکێک لە گەورەترین ویلایەتەکانی بەرهەمهێنانی سێو لە هیندستان، ڕۆژی دووشەم داوای کرد هاوردەکردنی سێو لە تورکیاوە قەدەغە بکرێت، کە لە ساڵی ڕابردوودا بەهای نزیکەی ٦٠ ملیۆن دۆلار بووە.
سەرباری ئەوەش، هەفتەی ڕابردوو فلیکارت ڕایگەیاند کە حجزکردنی گەشتی ئاسمانی، هۆتێل و پاکێجی گەشتیاری بۆ تورکیا ڕادەگرێت “وەک هاوپشتییەک لەگەڵ بەرژەوەندی و سەروەری نیشتمانی هیندستاندا”.
هاووڵاتییانی هیندی گەشتەکانیان بۆ تورکیا هەڵوەشاندووەتەوە و نیودەلهی ڕێگەپێدانی ئەمنی کۆمپانیای تورکیی خزمەتگوزاری فڕۆکەوانی چەلەبی (Celebi) هەڵوەشاندووەتەوە.
ڕۆیتەرز ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندبوو کە کۆمپانیای ئێر ئیندیا (Air India) لۆبی دەکات لای بەرپرسانی هیندی بۆ ڕێگەنەدان بە گرێبەستی بەکرێدانی هاوبەشی نێوان کۆمپانیای ڕکابەری ئیندیگۆ (IndiGo) و هێڵی ئاسمانی تورکی (Turkish Airlines)، بە ئاماژەدان بە کاریگەری بازرگانی و هەروەها نیگەرانییە ئەمنییەکان کە بەهۆی پشتیوانی ئەنقەرە لە پاکستانەوە دروست بوون.