
بەڵام سەرباری جۆری زۆری دەرکەوتنیان کۆمەڵایەتی بوون، یان بوون لەگەڵ کۆمەڵگا، شێوازی ژیانە کە هەمیشە پێویستی بە بوونی ئاگاییەکی تایبەت هەیە. لە باڵاترین ئاستی ئەخلاقیدا کۆمەڵایەتیبوون هەستکردنە بەبوونی ئەرکێک یان ڕۆڵێک بەرانبەر ئەوانیتر بەبێ چاوەڕوانیکردنی هیچ لە بەرانبەردا.
دیارە نەبوونی یان نەمانی کۆمەڵگایی بوون، کاریگەری زۆری هەیە لە سەر سیاسەت، ماف، ژینگە، ئابووری و زۆر بواری تر.
یەکێک لەو ڕێگایانەی کە دوو حزبە پارەدارەکەی کوردستان دەیگرنە بەر بۆ ڕامکردنی کەسە چالاکەکان پێدانی وەنەوشەی سفرە. کاتێک ئەمەم بیست لەگەڵ خۆمدا پێکەنیم، کە چەندێک ژمارە سفر مانادارە.
پێدانی وەنەوشەی سفر بۆ سفرکردنەوەی ئەو کەسانەیە کە پێیان دەدرێت. بەڵام دیارە مانای ئەوەشی هەیە کە وەنەوشەکە لێنەخوڕدراوە، یان هێشتا بوخچەی نەکراوەیە.
بەڵام تراژیدیاکە لەوەدا ئەوەیە کە خەڵکێک کە دەبنە چالاکوان یان بزوێنەری سیاسی یان ڕەخنەگر، بۆ ئەوە نییە کە مەیلێک یان خواستێکی کۆمەڵایەتییان هەبێت، یان بیانەوێت ئەرکێک بەرانبەر کۆمەڵگا جێبەجێ بکەن، بەڵکوو بۆ ئەوەیە کارێک دژ بە کۆمەڵگا ئەنجام بدەن.
وەنەوشەی سفر تەنها ئەو کەسە سفر ناکاتەوە کە وەردەیگرێت، بەڵکوو کۆمەڵگایی بوون و متمانە و باوەڕی کۆمەڵایەتی و سیاسیش سفر دەکاتەوە.
لێرەوە دێمە سەر تێزی بیرمەندی ئیتاڵی ڕۆبیرتۆ ئیسپۆسیتۆ لە کتێبی کۆمینیوتاس: ڕەچەڵەک و قەدەری جڤات.
Communitas: The Origin and Destiny of Community
لەوێدا ڕۆبیرتۆ باس لە بەرگریی دەکات. یان بوونی توانای بەرگریی (مەناعە).
ئێستا کۆمەڵگای باشوور هەتا بێت مەناعەی بەرانبەر پارتی و یەکێتی سفر دەبێتەوە، لە ڕێگای وەنەوشەی سفرەوە. دیارە دەکرێت زۆر بگوترێت دەربارەی پێگەی ئۆتۆمبیل و گۆڕانی کۆمەڵگای کوردی و سەرجەم بەها نوێکانی تر. بەڵام ئەوەی ڕوونە لە دونیای ئۆخەی، ئۆخەی هەر کەس بۆ خۆی، کۆمەڵگا دروست نابێت و سیاسەت ناکرێت و بەرگری بەرانبەر گەندەڵی سفر دەبێتەوە.