د. مونا یاقۆ: بەکارهێنانی هۆتێلەکانی عەنکاوە بۆ کاری بەدڕەوشتی جێگەی قبوڵ نییە

د. مونا یاقۆ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، لەم ڕۆژانەدا لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتییەوە، ئاماژە بە هەندێک شێواندن و ڕەفتاری نەرێنی لە شارۆچکەی عەنکاوە دەدرێت، کە کاریگەریی خراپی لەسەر خەڵکی ناوچەکە هەیە.
سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئاماژە بە هەندێک لەو دەرکەوتە نەرێنییانە دەدات، لەناویاندا “بڵاوبوونەوەی ڕەفتاری نائەخلاقی لە شەقامەکانی عەنکاوەدا، بە شێوەیەکی ڕۆژانە، بە تایبەت لە دوای نیوەشەوەوە، لە لایەن خەڵکانێکی بێگانەوە کە خەڵکی ناوچەکە نین.”
هاوکات “زیادبوونی ژمارەی هوتێلەکان بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو، کە لەگەڵ قەوارەی قەزاکەدا ناگونجیت و هەروەها سەرپێچی ڕێنماییە کارپێکراوەکانە، بە تایبەتی هەندێکیان لە نێو گەڕەك و لە ناوچە نیشتەجێبووەکاندان. لە هەمووی خراپتر، هەندێکیان بۆ کاری بێڕەوشتانە بە کاردەهێنرێن”.
د. مونا یاقۆ نیگەرانییش بەرانبەر دەنگی بەرزی هۆڵەکانی یاهەنگگێڕان دەردەبڕێت کە تا درەنگانی شەو بەردەوام دەبێت و دەڵێ: ئەو دەنگە بەرزەیش بەتایبەت گرفتی بۆ قوتابییان و نەخۆشەکان دروستکردووە، کە نەتوانن ژیانی ئاسایی خۆیان بژین و دانیشتووانی دەوروبەری هۆڵەکانیش لە خەو بێبەش دەکات.
د. مونا یاقۆ ئاماژەی بەوەش کردووە کە “هەندێک دیاردە پێشێلکاری نەریتی خەڵکی عەنکاوە دەکەن، وەکوو جلوبەرگی ناشایستەی هەندێك لەو خەڵکانەی کە سەردانی عەینکاوە دەکەن”.
ڕەخنەیشی گرتووە لە “بڵاوبوونەوەی نائاسایی مەیخانە و مەساجخانە و یانە شەوانەکان بەتایبەتی کە هەندێکیان دەکەونە ناو ناوچە نیشتەجێبوونەکان، ئەمەش دانیشتووانی ناوچەکە ناڕەحەت دەکات و وایان لێدەکات هەست بە مەترسی بکەن بۆ کوڕ و کچەکانیان”.
لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێ: “زیادبوونی خاوەندارێتی موڵك لەلایەن کەسانی غەیرە مەسیحییەوە، لەڕێگەی فێڵی یاساییەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر دیمۆگرافیای ناوچەکە دەبێت و پێشێلکردنی بڕگەکانی دەستوور و یاسایە”.
د. مونا یاقۆ دەشڵێ: “هەموو ئەمانە جێگەی قبوڵکردن نین و دەبێت هەنگاوی جددی بنرێت بۆ ئەوەی بابەتەکە بە شێوەیەک لە قاڵب بدرێت کە خزمەت بە خەڵکی عەنکاوە بکات. عەنکاوە کە بە (شاری برایەتی و ئاشتی) ناسراوە، دەبێت هەموومان کاربکەین بۆ پاراستنی کەرامەت و ناوبانگی خەڵکەکەی. سڵاو لە گەنجانی عەینکاوە کە ئیرەیی بە ناوچەکەیان دەبەن و پشتیوانی تەواوی خۆمیان بۆ دووپات دەکەمەوە، هەروەها پێویستە ڕێز بگیرێت لە سەروەری یاسا و پێدانی مۆڵەت بۆ هەموو پڕۆژەکان، بە پێی ئەو مەرج و پێوەرانەی کە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکاندا دیاریکراون.”