سیاسی
ئاراستەکان

محەمەد ڕومەیسی: بەرگریی ئاسمانی عێراق توانای خستنەخوارەوەی کۆترێکی نییە

محەمەد ڕومەیسی ئەندامی هەردوو لیژنەی یاسا و لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سیستەمی بەرگری ئاسمانی عێراق توانای خستنەخوارەوەی کۆترێکی نییە.

 

لێدوانەکەی ڕومەیسی، لە میانەی بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی هات، کە تێیدا هەڵوەستە لەسەر چەند تەوەرێکی پێوەست بە بەزاندنی سەروەری عێراق و پێشێلکردنی ئاسمانەکەی لەلایەن وڵاتانی دیکەوە هات.

 

پەرلەمانتارە عێراقییەکە، ڕەخنەی لە بەڕێوەبردنی سیستەمی بەرگری عێراق بەگشتی گرت و ڕایگەیاند، لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا 30 ترلیۆن دینار (23 ملیار دۆلار) بۆ سیستمی بەرگریی عێراق تەرخانکراوە، بەڵام لە واقیعدا “سیستەمی بەرگری ئاسمانی عێراق توانای خستنەخوارەوەی کۆترێکی نییە”.

 

ئەو، ئاماژەی بە پێشلکردنی بەردەوامی سەروەری ئاسمانی عێراق کرد و گوتی کە هەر لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا، تا ئێستا تەنیا تورکیا زیاتر لە 25 هەزار جار ئاسمانی عێراقی بەزاندووە.

لەوەتەی شەڕی ئیسرائیل- ئێران بەتایبەت، پێشلکردنی ئاسمانی عێراق و سەروەرییەکەی، یەکێک لە پرسە جددی و هەستیارەکانە. بەرپرسانی حکوومەتی عێراق بەردەوام هۆشداری بە لایەنەکان دەدەن لە پابەندبوون بە پاراستنی سەروەری عێراق، بەڵام وا دەردەکەوێت هیچ لایەنێک ڕەچاوی سەروەری ئاسمانی عێراق ناکات.

 

هەردوو ئیسرائیل و ئێران بەتایبەت، ڕۆژانە لە ڕێگەی ئاسمانی عێراقەوە مووشەک و درۆن ئاڕاستەی یەکتر دەکەن و فڕۆکە جەنگییەکانیش تەراتێنی تێدا دەکەن.

 

داخستنی کاتی ئاسمانی عێراق بەڕووی جوڵەی فڕۆکەوانی مەدەنی لەوەتەی شەڕی ئێران- ئیسرائیلەوە بەردەوامە، بەڵام ئەو تێبینییەیش لەسەر دۆخەکە ڕاست دەکەوێ کە بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیای عێراقی بەجۆرێک لە تەوسەوە دەیڵێن: “عێراق، ئاسمانەکەی تەنیا بەڕووی فڕۆکەکانی خۆی داخستووە، لەکاتێکدا مووشەک و درۆن و فڕۆکەی جەنگی لایەنەکانی دی تەراتێنی تێدا دەکەن”.

 

ڕومەیسی، وەک ڕەخنەگرتن لە کەمتوانایی عێراق لە پاراستنی سەروەری خۆی، ئاسمانی عێراقی بە “ئاسمانی کراوە” پێناسە کرد و جەختی کردەوە: “ئاسمانی عێراق بووەتە گۆڕەپانێکی کراوە بۆ هەموو لایەک، لەوانەش تورکیا کە بە ئارەزووی خۆی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدات و هەروەها ئەمریکا و لایەنی دیکەیش”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button