سیاسیهه‌واڵ
ئاراستەکان

هەزار و ١٨٤ گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر هەڵوەشێنرانەوە

بەهۆی داخستنی ئاسمانی عێراق بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا، لەماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا، هەزار و ١٨٤ جوڵەی فڕۆکەوانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و ٩٩ جوڵەیش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی هەڵوەشێنراونەتەوە.

 

دیلان ڕەشاد گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زێدپرێس ڕایگەیاند، بەهۆی داخستنی ئاسمانی عێراق بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا و بەهۆکاری جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران، سەرجەم گەشتەکانی هاتن و چوون لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی هەڵوەشێنراونەتەوە.

 

گوتەبێژەکە ئاماژەیدا، لەماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا، هەزار و ١٨٤ جوڵەی فڕۆکەوانی “گەشتی هاتن و چوون” لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و ٩٩ جوڵەی فڕۆکەوانییش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی هەڵوەشێنراونەتەوە.

 

دواجار دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق، داخراویی ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا تاوەکوو ٣٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ درێژ کردووەتەوە.

 

دیلان ڕەشاد ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاری بەداخراویی هێشتنەوە یان کرانەوەی ئاسمانی عێراق بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا، لە دەسەڵاتی دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنیی عێراقە و ئەوانیش بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی فڕۆکەوانیی مەدەنی جیهان بڕیار لەسەر کرانەوە یان بەداخراویی هێشتنەوەی دەدەن.

 

“تاوەکوو دڵنیایی لە سەلامەتی ئاسمانی عێراق نەبێت، پێشبینی دەکرێت بۆ دوای ٣٠ی حوزەیرانیش جارێکی دی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان درێژ بکرێتەوە”، گوتەبێژەکەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن وای گوت.

 

لەماوەی شەڕی ئیسرائیل و ئێراندا، بە بەردەوامی ئاسمانی عێراق لەلایەن لایەنە شەڕکەرەکانەوە پێشێل دەکرێت. سەرۆکایەتییەکانی عێراق بەدرێژایی ئەو ماوەیە پێداگیرییان لەسەر پابەندبوونی لایەنەکانی شەڕەکە کردووە بە ڕەچاوکردنی سەروەریی عێراق و چەند جارێکیش هۆشدارییان لەو ڕووەوە داوە، بەڵام لە واقیعدا عێراق دەسەڵاتی پاراستنی سەروەرییەکەی نییە و ئاسمانەکەیشی لەلایەن هەمووانەوە بەکاردەهێندرێت.

 

راگرتنی جوڵەی مەدەنی لە فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەڕووی داراییەوە، زیانێکی نەخەمڵێندراو بە عێراق و کوردستان دەگەیەنێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button