سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

دووانەی “غەدر و گریان”

شین و شەپۆڕی ئێرانییەکان لە پای چی؟

بۆ تێگەیشتن لەو شین و شەپۆڕەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە شەقامەکانی ئێراندا بینیمان، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ناسیۆنالیزمی ئێرانی/فارسی.

 

ناسیۆنالیزمی ئێرانی/فارسی چەندین کۆڵەگەی هەیە، دوو لە گرنگترین لە کۆڵەگەکانی: شیعیزم و یەکپارچەیی خاکی ئێران‌ـە، ئەوەی بە فارسی پێی دەڵێن تەمامییەتی ئەرزی ئێران. ئەم دووانە تەنیا کۆڵەگەی ناسیۆنالیزمی دینیی/شیعیی جمهوری ئیسلامی نییە، بەڵکوو ئێرانییە عەلمانییەکانیش لەوەدا هاودیدین. بۆیە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە بۆچی لەناو ئێراندا ناڕەزایەتییەکان سەرناگرن، یان کاتێک سەریش هەڵدەدەن بەڵام بە ئاڕاستەی ڕووخانی ڕژێم هەنگاو نانێن، دەبێت لەم دوو کۆڵەگەیە بگەین.

 

لەم کورتە بابەتە ناکرێت باس لە تەواوی ڕەهەندەکانی ئەم پرسە ئاڵۆز و فرەلایەنە بکەین، تەنیا ئەوە نەبێت کە شیعیزم هەر لە سەرەتاوە خۆی لەبەرانبەر ئەوانی دیکە وەک مەزڵووم، قوربانی و غەدرلێکراو وێنا دەکات. ئەمەش هەر لەو “غەدر”ەی کە لە ئیمام عەلی کرا بەوەی کە وەک جێگرەوەی پێغەمبەر دانەنرا (لانی کەم لە سەرەتا)، تا دەگاتە کوشتن و سەربڕینی ئیمام حوسێن و تێنووکردنی یاوەرانی و لەناوبردنیان لە دەشتی کەربەلا. پاش ئەمانەش، کوشتن و ژەهرخوارکردنی بەشی هەرە زۆری ئیمامە شیعییەکان تا دەگاتە “بزربوون”، یان “بزرکردن”ی ئیمام مەهدی، ئیمای دوازدەیەمی شیعەکان. باس لە خۆ بە مەغدوورزانینی ئەو هەزار ساڵەش ناکەین کە لەو نێوەدا شیعە خۆی وا وێنا کردبوو و دەکات، تا دەگاتە دروستبوونی دەوڵەتی سەفەوی و تەبەنیکردنی شیعیزم وەک دینی/مەزهەبی فەرمی دەوڵەت، کە هەمیشە پێیان وابووە لەبەرئەوەی نەجەف و کەربەلا و کازمییە و سامەڕا لەژێر دەستی سوننەکانە، کەواتە غەدرە گەورەکە بەردەوامە.

 

ئێستا کاتێک ئێرانییەکان دەبینین دوای “شەڕی ١٢ ڕۆژە” لە هەموو شتێک زیاتر گرنگییان پێ دابێت، مەراسیمی ناشتنی تەرمی “شەهیدەکانیان” و گریان و شین و شەپۆڕ و لەخۆدان و جلی ڕەش لەبەرکردنە، دەبێت ئەوە بزانین کە مەبەست لەوە پێش هەر شتێک وەگەڕخستنەوەی هەستی ناسیۆنالیزمی ئێرانی-فارسییە، واتە ناسیۆنالیزمی مەزڵوومییەتی شیعە.

 

ڕژێمی ئێرانی دەیەوێت لە ڕێگەی نیشاندانی تەرم و وێنەی شەهیدان بە خەڵکی ئێران بڵێت، ئەها دەبینین چۆن ئەوانی دیکە، کاتیخۆی و ئێستاش، هەر غەدر لە ئێمە دەکەن. بە واتایەکی دیکە بەدرێژایی مێژووی شیعە، ئەوەی شیعەکانی کۆکردبێتەوە، ئەوە دووانەی غەدر و گریانە.

 

هاوکات، ئەوەی لە ڕۆژانی “شەڕی ١٢ ڕۆژە” لە هەموو شتێک زیاتر هەستی پێ دەکرا، بێدەنگی ئۆپۆزسیۆن و ژنە ناڕازییەکان و گەنجانی گۆڕانخواز و نوێخواز و دژە-دیکتاتۆری ئیسلامیی ئێران بوو. پرسیارەکە ئەوەیە، بۆچی سەرەڕای بوونی ئەو هەموو گرووپە ناڕازییە، دوای ئەو هەموو ساڵانی دکتاتۆرییە، لە ئانوساتێکی وادا، ئانوساتی شەڕ و لاوازی ڕژێم، نەبووە هۆکاری دروستبوونی خۆپیشاندان و ڕاپەڕین.

 

ناکرێت وەڵامەکە تەنیا لە ترس و داپڵۆسین و بەرخوردی سەرکوتگەرانەی ڕژێمی جمهوری ئیسلامی کۆبکرێتەوە، بەڵکوو ئەوە کۆڵەگەی دووەمی ناسیونالیزمی ئێرانی/فارسی بوو کە ڕێگر بوو، واتە کۆبوونەوە لە دەوری ئاڵا، ئەوەی بە ئیگلیزی پێی دەگوترێت (rallying behind the flag) کە دەکرێت لە بەستێنی ئێران خۆی لە تەمامییەتی سەرزەمینی ئێرانیی ببینێتەوە. واتە ئێرانییەکان ڕووخانی ڕژێمیان هاوتا کردبوو بە دابەشبوون و هەڵوەشانەوەی ئێران، واتە نەمانی یەکپارچەیی ئێران.

 

ئێرانییەکان، نەک هەر ئەوانەی لە ناوەوەی وڵاتن، بەشێکی زۆریش لەوانەی لە دەرەوەشن، مانەوەی ڕژێمێکی دیکتاتۆری و سەرکوتگەریی جینایەتکاری وەک جمهوری ئیسلامییان لا باشترە لە پارچەپارچەبوونی ئێران و ڕزگاربوونی نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران (وەک کورد و بەلوچ و عەرەب و ئازەری).

 

بۆیە بۆ تێگەیشتن لەو شین و شەپۆڕەی چەند ڕۆژی ڕابردوو دەبێت لە کۆڵەگەی یەکەم لە ناسیۆنالیزمی ئێرانی/فارسی بڕوانین کە خۆی لە شیعیزم و دووانەی غەدر و گریان دەبینێتەوە. هاوکات، بێدەنگی ئێرانییەکان لە کۆڵەگەی دووەمی ناسیۆنالیزمی ئێرانی ببینینەوە، کە خۆی لە پاراستنی تەمامییەتی سەرزەمینی ئێرانی‌ـدا دەبینێتەوە، کە بۆ ناسیۆنالیزمی فارسی-شیعی-ئێرانی هێڵی سوورە.

 

کورد گرنگە وانەیەک لەوە فێر ببێت، بەتایبەتی دژە-دەوڵەت و دژە-سەربەخۆیی و دژە-سەروەرییەکان. کورد دەبێت ئەوە ببینێت کە فارسە-ئێرانییەکان ئامادەن لەژێر سایەی جەلادێکدا بژین بە مەرجێک درێژە بە ژێردەستەیی کورد و بەلوچ و عەرەب و ئازەری بدەن و ڕێگری لە ئازادی ڕزگاری و سەروەریی و سەربەخۆیی ئەوانە بکەن، کەچی کورد نەک بۆ سەرکوتی ئەوانی دیکە بەڵکوو بۆ سەربەخۆیی خۆیشی ئامادە نییە لە دەوری ئاڵایەکدا کۆبێتەوە؛ داخۆ گوێگر هەیە؟

شێرکۆ کرمانج

نووسەر و لێکۆڵەر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button