
تامی بروس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، ڕۆژی ١٦ی تەممووزی ٢٠٢٥، ڕاگەیەندراوێکی بۆ سەرکۆنەکردنی ئەو هێرشانە بڵاوکردەوە، کە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەئامانج دەگرن.
گوتەبێژەکە دەڵێ: “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە درۆنیانە دەکات کە لە ١٤ی تەممووزەوە کێڵگە نەوتییەکانیان لە هەرێمی کوردستان بە ئامانج گرتووە”.
زیاتر دەڵێ: “ئەم هێرشانە سەقامگیریی و داهاتووی ئابووریی عێراق دەخەنە مەترسیەوە. ئەرکی حکوومەتی عێراقە کە خاک و تەواوی هاووڵاتییانی بپارێزێت”.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەش کرد: “ئەم هێرشانە ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانە دەکاتە ئامانج کە لەگەڵ عێراق لە کاردان بۆ وەبەرهێنان لە داهاتووی عێراقدا. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامە لە پابەندبوونی خۆی بە هاوبەشانمان لە سەرانسەری عێراق کە کاردەکەن بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی سەقامگیر و فیدڕاڵی و سەروەر”.



