هه‌واڵ

بەغدا هۆشداری بە سوید دەدات

زێدپرێس

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد، بە حکوومەتی سویدیان ڕاگەیاندووە، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی سووتاندنی قورئان لە سوید، عێراق پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ سوید دەپچڕێنێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٣، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کرد، کە وەزیری دەرەوە، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، نوێنەری دەزگای هەواڵگری نیشتمانی و سەرۆکی ئەرکانی سوپا و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، ئامادەی بوون. کۆبوونەوەکە، لە دوای پێدانی مۆڵەتی سوتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن حکوومەتی سویدەوە، هەروەها ڕووداوی سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا دێت.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرکۆنەی ڕووداوی سووتاندنی باڵیۆزخانەکە کرا و بەڵێنی بەدواداچوونی دەستبەجێ و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئاسایش دراوە.

لە کۆبوونەوە بەپەلەکەدا بڕیاردراوە، ئەو کەسانەی کە بوونەتە هۆی سووتانی باڵیۆزخانەکە، کە دەستگیرکراون، ڕەوانەی دادگا بکرێن و لێکۆڵینەوەیش لەگەڵ بەرپرسانی ئاسایش بکرێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، لەم ڕووەوە حکوومەتی عێراق پابەندبوونی خۆی بە ئاسایش و پاراستنی هەموو نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان نوێ دەکاتەوە، هەروەها بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک کە بە ئامانجیان بگرێت.

حکوومەتی عێراق دووپاتی کردەوە کە دوێنێ چوارشەم ١٩ی تەمووزی ٢٠٣٣، لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە حکوومەتی سویدی ئاگادار کردۆتەوە، پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ سوید دەپچڕێنێت، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەسەر خاکی سوید، ئەگەر سوید لەژێر پاساوی ئازادی ڕادەربڕین ڕەزامەندی بدات.

ڕاگەیەنراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاماژە بەوە دەکات، ئەو جۆرە کارە وروژێنەرانە پێشێلکردنی ڕێککەوتن و نەریتە نێودەوڵەتییەکانن لە ڕێزگرتن لە ئایینەکان و بیروباوەڕەکان، و مەترسی دروست دەکەن و کەلتووری توندوتیژ و ڕکوکینە بەرهەم دێنن.

سووتاندنی قورئان لەلایەن پەنابەرێکی عێراقی لە سوید و بە ڕێپێدانی حکوومەتی ئەو وڵاتە و لە چوارچێوەی ئازادی ڕادەربڕیندا، ناڕەزایەتی کەس و لایەنە سیاسییەکانی عێراقی لێکەوتەوە.

بە ئەگەری جارێکی دی، ڕێگەپێدانی حکوومەتی سوید بە سووتانی قورئان، دوێنێ شەو ١٩ی تەمووزی ٢٠٢٣، ژمارەیەک لە عێراقییەکان، کە بە لایەنگری موقتەدا سەدر دادەنرێن، هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و سووتاندیان.

بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، تەنیا زیانی مادی بە باڵیۆزخانەکە گەیشتووە و کارمەندانی باڵیۆزخانەکە سەلامەتن.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا، سەرکۆنەی سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوید دەکات و حکوومەتی سویدیش بەرپرسیارێتی پاراستنی باڵیۆزخانە و ستافەکەی، دەخاتە ئەستۆی حکوومەتی عێراقەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...