هه‌واڵ

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە ١٥ ئاگرکەوتنەوە لە سلێمانی و ڕاپەڕین ڕوویداوە

زێدپرێس

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکانی هەردوو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی و ڕاپەڕین، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە تا ئێستا، ١٥ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە هەبووە و بەهۆیەوە چەند تۆمەتبارێک دەستگیر کراون و هەزاران دۆنم پوش و پاوان، دارستان و باخی جووتیاران سووتاون.

 

ئاگرکەوتنەوە لە سنوری دوکان

ئەمڕۆ چوارشەم ١٦ی ئابی ٢٠٢٣ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەی لە سنوری دوکان ڕاگەیاند. بەپێی پۆلیسی دارستان و ژینگە، ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە هەڵکشاندان و ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر سروشت و ژینگە و دارستانەکان.

هەر لەو ڕاگەیەنراوەدا هاتووە، کە زۆرجار هاووڵاتیان خۆیان هۆکاری ڕووداوەکانن و هەر ئەمڕۆیش لە سنوری دوکان کەسێک بەتۆمەتی ئاگرکەوتنەوە دەستگیر کراوە.

ئاگرکەوتنەوەکە لە سنوری گوندى (تەلان)ی سەر بە قەزاى دوکان ڕوویدا، مەفرەزەکانى بەشى پۆلیسى دارستان و ژینگەى دوکان گەیشتنە شوێنى ڕووداوەکە و دواى ٤:٠٠ کاتژمێر، توانیان بەهاوکارى پۆلیسى ئاگرکوژێنەوەى دوکان و پیرەمەگرون و دانیشتووانى خۆبەخشی دوکان و گوندەکە ئاگرەکە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

پۆلیسی دارستان و ژینگە، زیانى ئاگرەکەی بە سوتانى ١٠ دۆنم پوش و پاوان و سوتانى نزیکەى ١٠٠ دارى سروشتى لە جۆرى بەڕوو دیاریکردووە.

بەهۆکارى ئاگرکەوتنەوەکە هاووڵاتیەک دەستگیرکرا .

 

سوتانی ٤٥١ دۆنم پوش و پاوان لە قەرەداغ

هەر ئەمڕۆ چوارشەم ١٦ی ئاب، پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، شەش ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە سنوری قەرەداغ ڕاگەیاند، کە بەهۆیانەوە نزیکەی ٤٥١ دۆنم پوش و پاوان و دارستانی سروشتی و باخی جووتیاران سووتاون.

پۆلیسی دارستان و ژینگە، باس لەوە دەکات، هەر لە یەکەم ساتی ئاگرکەوتنەوەکانەوە، کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستانی سێوسێنان، بە چەند کەرەستەیەکی سەرەتاییەوە سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەکان بوونە.

هەر شەش ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە لە سنوری شارەدێی سێوسێنانی سەر بە شارۆچکەی قەرەداغ و گوندەکانی دێوانە و مەسۆیی، تۆمار کراون، کە بەهۆیەوە ٤٥١ دۆنم پوش و پاوان و دارستانی سروشتی و باخی میوەی هەمەجۆر و کەلوپەلی باخی هاووڵاتییان سووتاون.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، هۆکاری سەرجەم ئاگرکەوتنەوەکان نادیارە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکان کراوەتەوە.

 

ئاگرکەوتنەوە لە ئاغجەلەر

هەر ئەمڕۆ چوارشەم ١٦ی ئاب، پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، دوو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی لە سنوری ئاغجەلەر ڕاگەیاند، کە بەهۆیەوە زیاتر لە دوو هەزار دۆنم پوش و پاوان سووتاون.

ئاگرێکی بەرفرەوان لە گوندەکانی ئاوبارە/ بێدەر و شاخى کێوە چەرمەڵە کەوتووەتەوە و دەستبەجێ مەفرەزەکانى بنکەى پۆلیسى دارستانى ئاغجەلەر سەر بە بەشى چەمچەماڵ، گەیشتوونەتە شوێنى ڕووداوەکە و بەهاوکارى بنکەى شارستانى ئاغجەلەر توانیویانە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، پاش ئەوەی  لەو ڕووداوانەدا، زیاتر لە دوو هەزار دۆنم پوش و پاوان سووتان و تا ئێستایش هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان نادیارە.

 

ئاگرکەوتنەوە لە سنوری مێرگەپان

پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەم ڕووداویکی ئاگرکەوتنەوەی لە سنوری مێرگەپان ڕاگەیاند، کە بەهۆیەوە نزیکەی ١٥ دۆنم پووش و پاوان سووتان و زیاتر لە هەزار داری سروشتی لە جۆری بەڕوو هەڵپڕوزکاون.

بەهۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە، لەلایەن بنکەی پۆلیسی دارستانی مێرگەپانەوە، هاووڵاتییەک دەستگیر کراوە.

 

ئاگرکەوتنەوە لە سنوری قەڵادزێ

بەگوێرەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاپەڕین، ڕۆژی سێشەم ١٥ی ئابی ٢٠٢٣، ئاگرێک لە سنوری شارەدێی هێرۆ و گوندەکانی قەڵادزێ کەوتووەتەوە. پاش ئاگەدارکردنەوەیان لە ڕووداوەکە، مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پشدەر و بنکەی هێرۆ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، لەبەر فرەوانی ئاگرەکە، تەواوی هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە و بەڕێوەبەری شارەدێی هێرۆ و ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی سنورەکە بەشداریان لە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە کردووە و لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە.

بەپێی پۆلیسی دارستان هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە ئاشکرا نییە، بەڵام پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە، کە بەهۆیەوە زیاتر لە دوو هەزار دۆنم پوش و پاوان، داری سروشتی و باخی جووتیارانی سنورەکە گەیاندووە.

 

ئاگرکەوتنەوە لە هەڵشۆ

ڕۆژی دووشەم ١٤ی ئابی ٢٠٢٣، پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاپەڕین، دەستگیرکردنی دوو هاووڵاتی بەتۆمەتی ئاگرکەوتنەوە و داربڕین لە سنوری شارەدێی هەڵشۆ ڕاگەیاند.

بەپێی پۆلیسی دارستان، دوای ئاگادارکردنەوەیان کە چەند دارێکی سروشتی لەجۆری بەڕوو لە سنوری گوندی بێگەڵاس لەلایەن هاووڵاتییەکەوە بڕدراوە، دەستبەجێ مەفرەزەیەک لە بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵشۆ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و دەرکەوتووە ٢٤٠ داری تەڕی تەمەن جیاواز بڕدراون و بە بڕیاری دادوەر سەرپێچیکار دەستگیرا کرا و دەستیش بەسەر دارە بڕدراوەکاندا گیراوە.

هاوکات، ئاگرێک لە گوندی شیوەڕەزی سەر بە شارەدێی هەڵشۆ کەوتووەتەوە و ئاگرەکە لەماوەیەکی کەمدا و لەلایەن مەفرەزەیەکی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵشۆ کۆنتڕۆڵ کراوە. دوای کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، دەرکەوتووە هاووڵاتییەک هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بووە و بە بڕیاری دادوەر دەستگیریان کردووە.

زیانەکانی ئاگرەکە بە سووتانی زیاتر لە ١٠ دۆنم دارستان و پوش و پاوان و هەروەها زیانگەیاندن بە هەزار درەختی تەڕ مەزندە کراوە.

 

ئاگرکەوتنەوە لە سنوری پشدەر

بەگوێرەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاپەڕین، ڕۆژی یەکشەم ١٣ی ئابی ٢٠٢٣، بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پشدەر ئاگادارکراونەتەوە لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە سنوری داودیە و دەستبەجێ مەفرەزەیەکیان بۆ شوێنی ڕووداوەکە دەرچوون. بەهاوکاری بەرگری شارستانی ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە و زیانی ئاگرەکەیش سووتانی زیاتر لە ٥٠ دۆنم پوش و پاوان بووە.

 

ئاگرکەوتنەوە لە پێنجوێن

بەگوێرەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سنورەکە، ڕۆژی شەممە ١٢ی ئابی ٢٠٢٣، بە هۆکارێکی نادیار ئاگرێک لە سنوری گوندی ئەحمەد کلوان سەر بە شارۆچکەی پێنجوێن کەوتووەتەوە و بەهۆی ڕەشەبای بەهێزەوە لە ماوەیەکی کورتدا پەڕیوەتەوە بۆ سنوری گوندەکانی (هەرزەلە، دارەبەن، عارەبە، سەرکان، گەڵۆز و دەرەمیانە) لە سنوری شارەدێی ناڵپارێز .

مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی دارستانی پێنجوێن و بنکەی ناڵپارێز و ئەفسەر و کارمەندانی بنکەی گەرمك گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی ملەکەوە و دانیشتووانی ناوچەکە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەیان داوە. بەڵام وەک پۆلیسی دارستان دەڵێ “بەداخەوە بەهۆی بوونی مین و تەقەمەنی زۆر و ڕەشەبای بەهێزەوە، نەتوانرا لەسەرەتادا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت” و ڕۆژی دواتر(١٣ی ئاب) جارێکی تر مەفرەزەکانیان بە هاوکاری گوندنشینان و ڕێکخراوی ملەکەوە لە سنوری گوندی دەرەمیانە تا کاتژمێر ٧ی ئێوارە، بێوچان هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەیان دا و توانرا ڕووبەرێکی فرەوان لە ئاگرەکە بکوژێنرێتەوە و بەشێکیشی بە تەکنیکی ئاگربڕ کۆنترۆڵ بکرێت. هەروەها کارمەندێکی بنکەی پۆلیسی دارستانی ناڵپارێز بەهۆی ئاگرەکەوە بریندار بوو.

بەهۆی ئاگرەکەوە نزیکەی ١٥ هەزار دۆنم پوش و پاوان و داری سروشتی و ڕەز و باخی هاووڵاتیان سووتان .

 

ڕووداوی ئاگر لە شارۆچکەی دوکان

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاگر لە پوش و پاوانی سنوری گوندەکانی باداوان و شێخ عوبێدی سەر بە شارەدێی خەلەکان کەوتەوە. مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی دارستانی دوکان و بنکەی خەلەکان گەیشتنە شوێنی دیاریکراو، دوای هەوڵێکی زۆر بە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاگرکوژێنەوەی دوکان و خەلەکان و خدران و هەروەها ئاسایش و کارمەندانی دارستان و پاوانی خەلەکان و دانیشتوانی هەردوو گوندەکە، توانیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن .

زەرەرو زیانەکان مەزندە دەکرێت بە سوتانی نزیکەی ٧٠ دۆنم لە پوش و پاوان دارستانی سروشتی .

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...