
ئەمڕۆ سێشەم، ١٩ی ئابی ٢٠٢٥، لە دادگەی کەتنی بنەسڵاوە، دۆسیەیەکی دیکەی دادبینی شێروان شێروانی بەڕێوەچوو، لە ئەنجامدا، ناوبراو بە چوار ساڵ و پێنج مانگ زیندانیکردن سزا درا.
دوابەدوای دادگاییکردنەکە، تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی ڕاگەیەندراوێکی لەمەڕ پڕۆسەی دادگاییکردنی شێروان شێروانی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد: ” مامەڵەی دوژمنکارانە و ناداپەروەرانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم، بەرانبەر بە ڕۆژنامەوان (شێروان شێروانی) و ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە”.
- تیمی ڕێکخراوەکە، کە ئامادەی پڕۆسەی دادگاییکردنەکە بوون، لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا ئاماژەیان بە چەندین “پێشێلکاری زەق” لە میانەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دادگاییکردنی شێروان شێروانی کردووە. لەناویاندا، ڕێکخراوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پارێزەرەکان مافی بینینی تەواوەتی پەڕاوەکانی لێکۆڵینەوە و پێشکەشکردنی پەڕاو و داواکاریان پێ نەدراوە و سکاڵاکاریش بەڵگەی پێویستی نەبووە بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی شێروان شێروانی کردوون، وەک ئەوەی سکاڵاکار باسی لە هەبوونی دوو گەواهیدەر کردووە، لەسەر ئەوەی شێروان شێروانی هەڕەشەی لێ کردووە، بەڵام گەواهیدەرەکان ئامادە نەبوونە. هاوکات هەندێک نووسراوی بەناوی هەڕەشەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پێشکەشی دادگە کردووە، لەسەر ئەو بنەمایەی کە شێروانی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەی لێ کردووە، بەڵام ئەو نووسراوانە لەکاتێکدا بوونە کە شێروان شێروانی لە زیندان بووە و لە بنەڕەتیدا دەرفەتی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی نەبووە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
مامەڵەی دوژمنکارانە و ناداپەروەرانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم، بەرامبەر بە ڕۆژنامەوان (شێروان شێروانی) و ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە.
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ، دانیشتنی دادگاییکردنی ڕۆژنامەوانی زیندانیکراو، شێروان شێروانی لەسەر کەیسێکی نوێ، لە دادگای کەتنی بنەسڵاوە بەڕێوەچوو.
دوای دوو کاتژمێر لە دادگاییکردن، شێروان شێروانی، بە گوێرەی ماددەی (٢٢٩) لە یاسای ژمارە (١١١)ی سزادانی عێراقی، بە هەڕەشەکردن لە فەرمانبەرێکی ئەمنی ناو زیندانی چاکسازی گەورانی هەولێر تاوانبارکرا و دواتریش بە (٤) ساڵ و پێنج مانگ زیندانیکردن، حوکمدرا.
تیمی کوردستانی عێراقی CPT، دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، نوێنەرایەتی کۆنسوڵخانەکان، ئاژانسی نێودەوڵەتی و چەند پەرلەمانتارێک چاودێری پڕۆسەی دادگاییکردنەکەیان کرد. تیمی CPT، چەندین پێشێلکاری زەق و ئاشکرای لە پڕۆسەی بەڕێوەچوونی دادگاییەکە تۆمارکرد، کە بریتی بوون لە:
- پارێزەرەکان مافی بینینی تەواوەتی پەڕاوەکانی لێکۆڵینەوە و پێشکەشکردنی پەڕاو و داواکاریان پێ نەدرابوو.
- ناوەوەی دادگا و دەرەوەی باڵەخانەی دادگا، بەسەربازگە کرابوو. هەروەها چەند ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان، بە جلی مەدەنی و بە چەکەوە لە ناو چاودێرانی پڕۆسەکە، خانەوادە و هاوکارانی شێروان بڵاوەیان پێکرابوو.
- سکاڵاکار، بانگەشەی هەبوونی دوو گەواهیدەری دەکرد، کە گوایە لەو کاتەی کە شێروان هەڕەشەی لێکردووە ئامادەییان هەبووە. شێروان ڕەتی کردەوە کە هیچ هەڕەشەیەکی کردبێت و هیچ گەواهیدەرێکیش بۆ ئەوە هەبێت، بۆیە داوای هێنانی بەڵگەی ڤیدیۆیی کرد بۆ ئەم ڕووداوە. بە بیانووی ئەوەی کە لەم ڕۆژەدا، کامێراکانی چاودێری، ڤیدیۆکانی تۆمار نەکردووە، هیچ ڤیدیۆیەک وەکو بەڵگە پێشکەش بە دادگا نەکرا.
- کۆمەڵێک پۆستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەکو بەڵگە پێشکەش کرابوون، کە سکاڵاکار ئاماژەی بەوەدا، سوکایەتی پێکراوە و ناوی زڕێندراوە. بەڵام کاتی بڵاو بوونەوەی ڤیدیۆکان کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٢ و ٢٠٢٣)، شێروان شێروانی لە زینداندا بووە و هیچ کەسێکیش لە زینداندا ڕێگەپێدانی نیە بۆ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. چۆن دەکرێت ڤیدیۆیەک کە ڕۆژنامەوان شێروان شێروانی بڵاوی نەکردبێتەوە و لە کاتی بڵاوکردنەوەشیدا لە زیندان بووبێت، بخرێتە پاڵی و وەکو بەڵگە وەربگیرێت؟!.
- بەگوێرەی ئەو ماددە یاساییەی کە شێروان شێروانی پێ تاوانبار کراوە، قورسترین سزا بۆ کەسی تاوانبار (٢) ساڵە کە ئەگەر هەڕەشە یاخود پەلاماری فەرمانبەرێکی حکومی یاخود ئەنجومەنێکی فەرمیدابێت. خۆ ئەگەر هەڕەشە و پەلامارەکە، بەرامبەر بە دادوەرێک، یاخود ئەنجومەنێکی دادوەری بوو، ئەوا قورسترین سزا بۆ تاوانبار (٣) ساڵ دەبێت. بەڵام جێگەی سەرسوڕمانە، کە بەگوێرەی هەمان ماددەی یاسایی، ئەمڕۆ شێروان شێروانی بە قورسترین شێوە، بە (٤) ساڵ و پێنج مانگ زیندانیکردن سزادرا.
- بەبیانووی، نەبوونی شوێنی پێویست، زۆرینەی چاودێرانی کۆنسوڵخانەکان، ڕێکخراوەکان، پەرلەمانتاران و تەنانەت خانەوادەی شێروان شێروانی ڕێگریان لێکرا چاودێری پڕۆسەی دادگاییکردنەکە بکەن.
- لە دوای تەواوی بوونی پڕۆسەی دادگاییکردنەکە، بەشێک لە ڕۆژنامەوانان، چالاکوانان و خانەوادەی شێروان شێروانی لەبەردەم باڵەخانەی دادگاکە، ناڕەزایەتی مەدەنییان دەربڕی، بەڵام کۆمەڵێک خەڵکی چەکدار، بە جلی مەدەنییەوە هێرشیان کردە سەر بەشدارانی ناڕەزایەتییەکە و بە لێدان و ئەشکەنجەدان بڵاوەیان پێکردن.
ئێمە لە تیمی کوردستانی عێراقی CPT، ناڕەزایەتی قوڵی خۆمان بەرامبەر بە بەکارهێنانی سیستەمی دادوەری بۆ سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین، ترساندن و تۆڵەکردنەوە لە ڕۆژنامەوانان دەردەبڕین. بەردەوامی مامەڵەی دوژمنکارانە و حوکمی نادادپەروەرانە بەرامبەر بە ڕۆژنامەوانان و چالاکانی مافەکانی مرۆڤ مەوداکانی ئازادی ڕادەربڕین بەرتەسک دەکەنەوە و هەڕەشەی جددی بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی دروستدەکەن.
داواکارین سەرجەم ناوەندەکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ، کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتی ووڵاتان، ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، فشاری جددی بکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی سزادانی شێروان شێروانی لە قۆناغی (تەمیز)دا.
تیمی کوردستانی عێراقی CPT



