
هەركات كۆمەڵگەیەك خاوەنی سیستەمێكی پەروەردە بوو، پارێزراوی زۆرترین شتی تێدا دەبێت، هەر وڵاتێك خاوەنی سیستەمێكی پەروەردەی باش نەبوو، شتەكان بە شێوەی كاتی پارێزراو دەبن، هەر دۆخێك بێتە پێشەوە زیانی گیانی و مادی لێ دەكەوێتەوە.
ئەو پەروەردەیەی ئێستا لە كوردستان هەیە، پەروەردەیەكی زۆر لاوازە، خەڵك و سیستەمی پەروەردە و فێركردن بەگشتی تێیدا بەرپرسیارە، خەڵك نایەوێت خاوەنی هیچ كۆتوبەندێك بێت، منداڵەكەی بە شێوەیەكی باش پەروەردە ناكات، بۆیە ڕۆژانە دیمەنی سەركێشی گەنج و هەرزەكارەكان لە جادە و كۆڵانەكان دەبینین.
ئەمڕۆ لە كوردستان چەكداركردنی خەڵك بووە بە دیاردە، بەرپرس و كوڕە بەرپرس و سەرۆك عەشیرەت و دەوڵەمەند و هەژار خاوەن چەكە.
چەك چەند لە دەستی كەسانی دەستڕۆیشتووتر بێت ئەوەندە مەترسی زیاترە.
ئامانج لە چەكداركردن مانەوەیە لەو پێگەیەی پێیگەیشتووە، دەیانەوێت بە زەبری هێز پارێزگاری لە پێگەی خۆیان بكەن، بەڵام ئایا ئەو ڕێگەیە دروستە؟
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو كارەساتێكی دڵتەزێن لە شاری سلێمانی ڕوویدا، کە بووە مایەی نیگەرانی زۆرینەی خەڵك.
بەڵام ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ پاشخانی ئەو ڕووداوە، دووبارە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو پێشەكییەی لەسەرەوە باسمان كرد.
لاهوور شێخ جەنگی ساڵانێكی زۆر لە دەزگا سەربازیی و ئەمنیییەكانی كوردستان كاری كردووە، خەڵكێكی زۆری چەكداری لە دەوربوو، هەر دەرچوونێكی هەبووبێت دەیتوانی درێژترین كاروانی ئۆتۆمبێلی سەربازیی بەدوای خۆی بخات، ئەو كاتەی لە ناو یەكێتی خاوەنی زۆرترین دەنگ بوو، بۆ هەر شوێنێك دەچوو خەڵكێكی زۆر لەوانەی ئەمڕۆ لەناو یەكێتی تازەن لە دەوروبەری كۆدەبوونەوە، خۆیان پێدا شۆڕدەكردەوە، تەنیا بۆ ئەوەی سێلڤییەكی لەگەڵ بگرن، لە نزیكەوە تەوقەیەكی لەگەڵ بكەن.
بەڵام كاتێك لە ٨ی تەممووزی ٢٠٢١ كودەتای بەسەردا دەكەن، كەمترین كەسی لەگەڵ دەمێنێتەوە، نەك تەنیا ئەوەندەش بەڵكوو دەكەونە دژایەتیشی.
ئەو چوارچێوەیەی لاهوور شێخ جەنگی كاری تێدا دەكرد، پەیڕەوی لەسەر مانەوە بە زەبری هێز دەكرد، هەر كەس و دەسەڵاتێك پەیڕەوی لەو جۆرە سیستەمە بكات، هەركات یەكێكی بەهێزتر هاتە پێشەوە، پشت لەوەی یەكەم دەكات، دەچێتە بەرەی كەسی دووەم، چونكە لە بنەڕەتەوە، ئەو كەسانە هەموو پەروەردەكەیان لەسەر لایەنگری بەهێز بووە، بۆیە زۆر بە زوویی پشت لە كەسی یەكەم دەكەن و دەچنە بەرەی كەسی دووەم.
تاكی ئەو جۆرە پەروەردەیە نابێتە پاڵپشتی هیچ كەسێك، لەگەڵ هەموو دۆخێك خۆی دەگونجێنێت، بۆیە چاوەڕوانكراوە، ئەگەر كەسێكی دیكە لە ناو یەكێتی ئەزموونی بافڵ تاڵەبانی دژ بە لاهوور شێخ جەنگی دووبارە بكاتەوە، هەمان ئەو دۆخەی بەسەر لاهوور شێخ جەنگی هات بەسەر خودی بافڵیش بێت، نابێت بافڵ تاڵەبانی دڵی بەوە خۆش بێت، بەسەر لاهوور شێخ جەنگی سەركەوتوو بوو، ئەو خەڵكەی لەگەڵ ئەون ناگۆڕێن، بەیانی دۆخەكە بگۆڕێت، شێخ لاهوور لە لالەزار چەند كەسی لەگەڵ مایەوە، كاك بافڵیش هەر ئەوەندەی لەگەڵ دەمێنێتەوە، چونكە ئەو كەسانەی لەگەڵیدان هەمان ئەو پەروەردەیەی ئەو كەسانەن كە لەگەڵ شێخ لاهوور بوون.
ئەو كەسەی داوای كوشتنی دەستگیركراوێك دەكات، خۆ پێنج ساڵ پێش ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو كەسەی داوای كوشتنی دەكات پێكەوە و لە یەك سەنگەر بوون، دوور نییە هاوڕێی نزیكی یەكتریش بووبن.
ئەگەر سیستەمی سەربازیی و ئەمنی كوردستان لەسەر بنەمایەكی پەروەردەیی بەهێز بونیاد بندرێت، ئەوكات ئەو ڕووداوانە هەرچی بێت بە شێوەیەكی یاسایی دەچێتە پێشەوە، ئەو هەموو سووكایەتییە بە دیلەكان ناكرێت و وەك پاڵەوان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوی ناكەنەوە، بڵاوكردنەوەی ئەو هەموو ڤیدیۆیە جۆرێكە لە پاڵەوانبازیی و نمایشی هێز دژ بە كەسانی دیكە، ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر لاهوور شێخ جەنگی هات، لە بچووكترین كێشەی كۆمەڵایەتییش لەگەڵ هەر تاكێك لەوانەی چوونەتە سەر لالەزار ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەیە.
ئەوەش بەو مانایە نییە، ئەوانەی لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی بوون لەو هێزانەی چوونە سەریان باشتربن، چونكە پەروەردەكە یەك پەروەردەیە، ئەگەر پێداچوونەوە بە جۆری حكومڕانی و بوونی چەك لە دەستی هەموو كەسێك و پاڵشتی و بایەخی ڕەها بە بەرپرسە چەكدارەكان نەكرێت، چاوەڕوانكراوە ڕووداوەكانی لالەزار لە چەندین شوێنی دیكەش دووبارە ببنەوە.




