سیاسی
ئاراستەکان

لە ٢٠١٦ەوە تورکیا ٦٥٠٠ هێرشی کردووەتە سەر ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان

زێدپرێس

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، لەماوەی ساڵانی ٢٠١٦ تا کۆتایی حوزەیرانی ٢٠٢٣، تورکیا ٦٥٠٠ جار هێرشی کردووەتە سەر باشور و ڕۆژئاوای کوردستان و زیاتر لە ٦٠٠٠ هێرش لە ساڵی ٢٠١٨ بەدواوە بوون.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ڕوونی کردووەتەوە، لە ٢٠١٦ تا ٢٠٢٣، تورکیا بە خەمڵێنراوی ٦٥٠٠ جار سنوورەکانی عێراق و سوریای بەزاندووە و هێرشی کردووەتە سەر ناوچە کوردییەکانی هەردوو وڵاتەکە. ژمارەی هێرشەکان بە تایبەت لە ٢٠١٨ بەدواوە چڕبوونەتەوە، بە شێوەیەک لەوکاتەوە تا ئێستا ژمارەی هێرشەکان پتر لە ٦٠٠٠ی تێکڕا پێک دەهێنن. ئامارەکان پیشانی دەدەن ژمارەی هێرشەکان ساڵ بە ساڵ زیادی کردووە، هەروەها زیاتریش هاتوونەتە پێشەوە.

 

لە ئامارەکاندا دەردەکەوێت، کە لە ساڵەکانی ٢٠١٨، ٢٠١٩ و ٢٠٢٢دا ژمارەی هێرشەکان لە هەر ناوچەیەک زیاتر بەرەو یەکسانبوون ڕۆیشتووە. لە کاتێکدا لە ساڵەکانی ٢٠٢٠، ٢٠٢١ و ٢٠٢٣ هێرشەکان لە باشوری کوردستان خەستتر بوونەتەوە. بەجۆرێک کە تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا، تورکیا زۆرترین هێرشی کردووەتە سەر ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان کە ٢ هەزار و ٤٤ هێرش بووە، ئەوەش ڕێژەی ٣٤٪ی هەموو ئەو هێرشانە پێکدێنێت کە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە تا کۆتایی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدراوە.

لە ساڵی ٢٠٢١دا بە دیاریکراوی هەزار و ٣٣٣ هێرشی کردووەتە سەر ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان و ئەمەش ڕێژەی ٢٢٪ی سەرجەم هێرشەکانی لەوەتەی ٢٠١٨ەوە تا ئێستا پێکدێنێت.

تەنیا ژمارەی ئەو هێرشانەی تورکیا لە ساڵی ڕابردوو بۆ سەر باشور و ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامیداون، زیاترە لە سەرجەم ئەو هێرشانەی لەماوەی ٢٠١٨ تا ٢٠٢٠ ئەنجامیداون.

لە هەر ساڵێکدا، چەند جارێک هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها زیاتریش بەرەو ناوەوەی عێراق هاتووە، ناوچەکانی نێوان سنوورەکانی پارێزگای هەولێر و سلێمانی بۆردمان کردووە. لە ساڵەکانی ٢٠١٨ تا ئەمساڵ، هیچ ساڵێک تەنانەت پارێزگای هەولێریش بەدەر نەبووە لە بۆردمانەکان.

ئامارەکان دەریدەخەن هێرشەکان زیاتر کراونەتە سەر سنوورە هاوبەشەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و سوریا، بەڵام بەتایبەت لە ساڵانی ٢٠٢٠ بەدواوە، تورکیا دەستی بە بۆردمانکردنی ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و کوردستانیش کردووە.

هەرچەند ئامارەکەی ئەمساڵ، تەنیا ١ی کانوونی دووەم تا کۆتایی حوزەیرانی ٢٠٢٣ دەگرێتەوە، کە شەش مانگی یەکەمی ساڵەکەیە، هەمان هەڵکشانی ژمارەی هێرشەکان پیشان دەدات، کە لەوەتەی ساڵی ٢٠٢١ەوە بەخێرایی دەستی پێکردووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...