
ئەمڕۆ چوارشەم، ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ بەشداریکردن لە دیداری مێپس گەیشتە شاری دهۆک و لە گوتەیەکدا لە دیداری مێپس ڕایگەیاند، پازدە ساڵە باشووری کوردستان پشتیگری ڕۆژاڤای کوردستان دەکات و جەختی لەسەر پێویستی تەبایی سیاسی لە باشووری کوردستان کردەوە.
مەزڵووم عەبدی لە دەستپێکی گوتەکانیدا، جەختی لەسەر پێویستی دیالۆگ لە پێوەندی سیاسی کردەوە و ئاماژەیدا: لە دەستپێکی شەڕی سووریاوە، دژی شەڕ بوون و ئەمڕۆیش شەڕ بە پێویست نازانن بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکان و دووپاتی کردەوە: “ئێمە ڕێگای دیالۆگمان هەڵبژاردووە”.
فەرماندەی گشتی هێزەکانی هەسەدە، باسی لەوە کرد، ڕێککەوتنیان لەگەڵ حکوومەتەکەی ئەحمەد شەرع پێشی بە شەڕ و مەترسی پارچە پارچەبوونی سووریا گرتووە.
گوتیشی، لەوەتەی دەوڵەتی سووریا هەیە، نکوڵی لە پرسی کورد کراوە، بەڵام لەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ حکوومەتی سووریا کراوە، جەخت لەوە کراوەتەوە کە پرسی کورد بەگوێرەی دەستوور چارەسەر و مسۆگەر بکرێت، نەک تەنیا پرسی کورد، بەڵکوو پرسی سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە لە دەستووری سووریادا چارەسەر بکرێت.
مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوەش کرد، کە هێشتا کێشە لە جێبەجێکردنی تەواوەتی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ حکوومەتی سووریا هەیە، وەک ئەوەی کە هێشتا ئاوارەکانی عەفرین و ناوچەکانی دیکە نەگەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان، ئەوانەیش هەموویان مەترسی دروست دروست دەکەن.
“ئەگەر ئیرادەیەکی سیاسی جددی هەبێت، لەتوانادایە ڕێککەوتننامەی ١٠ی ئازار جێبەجێ بکرێت”، عەبدی وای گوت.
جەختیشی کردەوە، وەکوو هێزەکانی سووریای دیموکرات و ڕۆژاڤا خاوەنی ئیرادەی سیاسیین و دەخوازن لایەنەکانی نێودەوڵەتی و ناوچەکەیش ڕۆڵی ئەرێنی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا بگێڕن.
دڵنیاییشدا کە گەلی کورد لە ڕۆژاڤا مەترسی نییە لەسەر سووریا و دەوڵەتانی ناوچەکە، بەڵکوو هۆکاری ئارامی و سەقامگیریین.
جەختیشی کردەوە، باشووری کوردستان چ هەولێر و چ سلێمانی، پازدە ساڵە پاڵپشتی ڕۆژاڤای کوردستان دەکات و ڕایگەیاند: “تەبایی سیاسی لە باشووری کوردستان، بەتایبەت لە سەرۆک مەسعوود بارزانیدا دەبینین”.



