هه‌واڵ

سلێمانی؛ ١٤٣ تۆن كاڵا و خوارده‌مه‌نی خراپ لەناودەبردرێن

بەگوێرەی ئاماری لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی، لە مانگی نیسانی ڕابردوودا، دەستیان بەسەر ١٤٣ تۆن کاڵا و خۆراکی بەسەرچوودا گرتووە و ١٨ شوێنیشیان داخستووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەپێی ئاماری مانگانەی كار و چالاكییه‌كانی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامییەتی سلێمانی، ‌لە (١ بۆ ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٤) لیژنەكان شه‌ش هه‌زار و (٧٦٠) سەردانیان بۆ دوكان و بازاڕ و شوێنە گشتییەكان ئه‌نجامداوه‌ و تیایدا پشكنینیان بۆ ئه‌و كاڵا و شمه‌ك و خوارده‌مه‌نیانه‌ كردووه‌‌ ڕۆژانه‌ له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرێن.

ئاشكرایانكردووه‌، به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوون به‌ مه‌رج و ڕێنماییه‌كانی كاركردن، له‌ مانگی ڕابردوودا لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامییه‌تی سلێمانی (٤٨٦) پسوڵه‌ی سه‌رپێچییان تۆماركردووه‌، هه‌روه‌ها‌‌ (١٩٢) شوێن ئاگاداركراونەتەوە سه‌رپێچی له‌مه‌رج و ڕێنماییه‌كانی كاركردن نه‌كه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ شوێنه‌كه‌ و خاوه‌نه‌كه‌شی ڕووبه‌ڕووی ڕێكاره‌ یاساییه‌كان ده‌كرێنه‌وه‌.

له‌ ئاماری لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كاندا هاتووە: به‌هۆی دوباره‌كردنه‌وه‌ی سه‌رپێچی و پابه‌ندنه‌بوون به‌مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی و ڤێتێرنه‌ری و ڕێنماییه‌كانی دیكه‌ی كاركردن، به‌فه‌رمانی قایمقامی سلێمانی (١٨) شوێن داخراون.

ڕاشیگه‌یاندووه‌: له‌مانگی ڕابردوودا و به‌هۆی خراپی و نه‌شیاوی بۆ خواردن و به‌كارهێنان، لیژنه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر (١٤٣) تۆن و (٦٣) كیلۆگرام كاڵا و شمه‌كی جۆراوجۆر و خۆراكی ماوەبەسەرچوودا گرتووه‌ و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌نده‌وه‌ له ‌ناوچه‌ی ده‌ره‌وه‌ی نیشته‌جێبوون لەناوبردراون.

هەر بەپێی ئامارەکە، لەمانگی ڕابردوودا، كۆی گشتی پارەی غەرامەكراو بریتییە لە (٤١) ملیۆن (٧٨٥) هەزار دینار كه‌ به‌پێی یاسا دەخرێتەوە سەر داهاتی گشتی.

بەپێی ڕێنماییەكان، هه‌ر شوێنێك پابه‌ندی مه‌رج و ڕێنماییه‌كانی كاركردن نه‌بێت، سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیه‌تی سلێمانییه‌وه‌ ئاگادار دەكرێتەوە، له‌كاتی دووباره‌كردنه‌وه‌ی سه‌رپێچیه‌كه‌یدا به‌بڕێك پاره‌ سزای ماددی دەدرێت، پاشان شوێنه‌كه‌ داده‌خرێت، به‌هۆی به‌رده‌وامبوونی له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی سه‌رپێچی شوێنه‌كه‌ ڕووبەڕووی دادگا دەكرێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...