سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

یەکێتی لە نێوان ئێران و تورکیا: سیاسەتی هاوسەنگی یان سازش؟

دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا، هاوکێشەی هێز لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕا. لەو ژینگەیە نوێیەدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک یەکێک لە هێزە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان، ناچار بوو سیاسەتی دەرەکیی خۆی لەسەر بنەمای هاوسەنگیی نێوان هێزە ناوچەییەکان دابمەزرێنێت، بە تایبەتی لە نێوان ئێران و تورکیا. ئەم سیاسەتە نەک تەنیا وەک هەڵبژاردەیەکی تاکتیکی، بەڵکو وەک پێویستییەکی ستراتیژیی سەریهەڵدا، بەتایبەتی لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان لە نێوان دوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی مابوویەوە. ئێستا، کە ڕێککەوتنی یەکێتی لەسەر ڕادەستکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە پێکهاتەی تورکمان ئاشکرا بووە، وەک هەنگاوێک لە هەمان ئاڕاستەی سیاسەتەکانی پێشووی حزبەکە دەخوێنرێتەوە.

 

بنەما مێژووییەکانی سیاسەتی هاوسەنگی

لە سەرەتای ئەو قۆناغەدا، بۆ یەکێتی ڕوون بوو پشتبەستن بە یەک لایەن بە تایبەتی ئێران، سنوورداری دەکات و دەرفەتی لە یارییە ناوچەییەکاندا کەم دەکاتەوە. بۆیە هەوڵی دا دەروازەیەکی تر بکاتەوە بەرەو تورکیا، بە تایبەتی لە بواری ئابووری، کە لە گرێبەستە نەوتییەکان و پەیوەندییە بازرگانییەکان ڕەنگیدایەوە. یەکێتی لە ڕێگەی ئیدارەی سلێمانییەوە بۆ یەکەمجار گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا تورکییەکان واژۆ کرد بۆ کارکردن لە کەرتی نەوت و گازی کوردستان. لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٢- ٢٠٠٦، بەناوی ئیدارەی سلێمانییەوە چوار گرێبەستی نەوتی واژۆ کرا، کە سێ گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیا تورکییەکان بوو. پاش یەکێتی، پارتی لە ڕێگەی ئیدارەی هەولێرەوە، گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی تورکی واژۆ کرد.

واژۆکردنی ئەو گرێبەستانە، نیشاندەری ئەوە بوو، یەکێتی بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە سیاسەتی دەرەکیی خۆی بەڕێوەدەبات. واژۆکردنی گرێبەستە نەوتییەکانی یەکێتی/ئیدارەی سلێمانی لەگەڵ کۆمپانیا تورکییەکان، هەنگاوە یەکەمینەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، بە ئاڕاستەی دروستکردنی بەرەیەکی نوێ لەگەڵ تورکیا و دامەزراندنی سیاسەتێکی دەرەکی کە ئەو پەیامە دەدات سیاسەتی دەرەکی یەکێتی لە بەرەی ئێران قەتیس نییە.

ئەو هەنگاوەی یەکێتی بە ڕەچاوکردنی ئەو گۆڕانکارییە بنەڕەتییانە بوو کە لە داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا و لاوازبوونی ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا دەکەوتنەوە.

بیرمان نەچێت، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەشدارێکی کارایش بوو لە ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا لە ساڵی ٢٠١٤ەوە. ئەوەیش یەکێک بوو لە هەنگاوەکانی یەکێتی لەو قۆناغەدا و لەپێناو هێشتنەوە و یان بە شێوەیەک لە شێوەکان پتەوکردنی پێوەندی لەگەڵ بەرەی تورکیا. دیسان، ڕەزامەندبوونی یەکێتی لەسەر هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆڕی هەرێمی کوردستان و بە ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا، وێڕای ئەوەی هاوبەشێتییەکی لەگەڵ پارتی دروست دەکرد و پێوەندی نێوان هەردوو حزبەکەی بەرەوپێش دەبرد، لە دۆخێکیشدا بوو کە ئێران لەتوانادا نەبوو دووەمین جێگرەوەی تورکیا بێت لەو هاوکێشەیەدا.

 

ژینگەی نوێی ناوچەیی: گوشار لەسەر ئێران و هەڵکشانی تورکیا

ئێستا، لەگەڵ بەرپابوونی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئەو ژینگەیەی یەکێتی کاری تێدا دەکات زۆر ئاڵۆزتر بووە. گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئێران زیاد بوون، هەوڵی کەمکردنەوەی دەستێوەردانی لە عێراق هەیە، لەو دۆخەدا چاوەڕوانکراوە ڕۆڵی تورکیا لە عێراق گەشە بکات. بە تایبەتی لە ناوچە هەستیارەکان وەک کەرکووک. لەم بارودۆخەدا، یەکێتی دەزانێت ئەگەر بە شێوەیەکی ڕوون وەک هاوپەیمانی ئێران هەژمار بکرێت، دەشێت لە هەندێک بواردا سنووردار بکرێت، بۆیە هەوڵ دەدات وێنەیەکی هاوسەنگتر و سەربەخۆتر پیشان بدات.

 

کەرکووک وەک مەیدانی تاقیکردنەوە

لە نێوان هەموو ئەو گۆڕانکارییانەدا، کەرکووک دەبێتە مەیدانی سەرەکیی تاقیکردنەوەی ئەم سیاسەتە. ئەم شارە نەک تەنیا گرنگی ئابووری هەیە، بەڵکو بەهۆی پێکهاتەی نەتەوەیییەوە، بەردەوام شوێنی ئاوێتەبوون و بەریەککەوتنی بەرژەوەندییە ناوخۆیی و ناوچەییەکان بووە. بۆیە هەر بڕیارێک لەسەر پۆستی پارێزگاری شارەکە، تەنیا بڕیارێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو پەیامێکی سیاسییە بۆ دەرەوە. کاتێک یەکێتی ڕێککەوتنێک دەکات بۆ ئەوەی ئەم پۆستە بۆ ماوەیەک بە پێکهاتەی تورکمان بدرێت، دەتوانرێت وەک هەنگاوێکی تاکتیکی بخوێنرێتەوە بۆ ناردنی پەیامێکی هێورکەرەوە بۆ تورکیا و کەمکردنەوەی هەستیارێتی لەلایەک و لەلایەکی دی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی و نزیکبوونەوەیەکی زیاتر لە لایەنەکانی تورکمانی و عەرەبی-بەتایبەت عەرەبی سووننە لە ناوخۆی عێراقدا.

 

هەولێر یان کەرکووک: دوو ڕێگا لەبەردەم یەکێتیدا

ئێستا، لەسەروەختی لاوازبوونی ڕۆڵی ئێران لە عێراق و ناوچەکە، یەکێتی هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بەرەوپێش ببات. بۆ ئەوە، دوو بژاردە لەبەردەم یەکێتی هەیە؛ یەکەم: پێڕۆییکردن لە سیاسەتێکی هاوبەش لەگەڵ پارتی و لەو ڕێگەیەشەوە داڕشتنی سیاسەتێکی هاوبەشی دەرەکیی لە نێوان یەکێتی و پارتی لە پێوەندی لەگەڵ دنیای دەرەوە. دووەمیان: پێڕۆییکردن لە سیاسەتێکی دەرەکیی سەربەخۆ. بۆ ئەو بژاردەیە، یەکێتی هەوڵدەدات دۆسیەی سوود لە دۆسیەی کەرکووک وەربگرێت بۆ دامەزراندنی پێوەندیی دەرەکیی خۆی لەگەڵ تورکیا و وا دەردەکەوێت بژاردەی دووەمیان پەسندکردووە.

چەندین هۆکاری کاریگەر، هاندەری یەکێتین لەوەی ڕێگەی دووەمیان هەڵبژێرێت، واتە پێڕۆیی لە سیاسەتی دەرەکیی سەربەخۆ بکات. لەناویاندا، نەبوونی ستراتیژیەتێکی یەکگرتووی کوردستانی لە نێوان پارتی و یەکێتی و هێزە حوکمڕانەکانی دی، وا دەکات، یەکێتی هیچ کات هەولێر وەک دەروازەیەکی ئاسایی بۆ گەیشتن بە تورکیا نەبینێت. لەو ڕووەوە، یەکێتی وا دەبینێت، هەر سیاسەتێکی هاوبەش لەگەڵ پارتی، دەکەوێتە ژێر سەرکردایەتی هەولێر/پارتییەوە و ئەوەش لە ئەنجامدا ڕۆڵی یەکێتی کەم دەکاتەوە. لە دۆخێکدا کە پارتی پێوەندییەکی دوور و قووڵ و مێژوویی لەگەڵ تورکیا هەیە و ئەگەر یەکێتی لە ڕێگەی هەولێرەوە بەرەو تورکیا هەنگاو بنێت، وا بیر دەکاتەوە کە دەبێت بە بەشێک لە سیاسەتی پارتی، نە هاوبەشێکی ڕاستەقینە و هاوسەنگ.

هەرچی پێوەندی بە هەڵبژاردنی ڕێگای کەرکووکەوە هەیە، یەکێتی وەک ئامرازێکی سەربەخۆی هێز مامەڵەی لەگەڵ دەکات. ئێستا، کەرکووک بۆ یەکێتی تەنیا شار و دەڤەرێک  نییە، بەڵکو سەرچاوەی هێزی سیاسی و ناوەندێکی کاریگەرە لەسەر هاوکێشەی سیاسی عێراق. لەو ڕێگەیەوە یەکێتی دەتوانێت پێوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تورکیا دروست بکات، بەبێ مەترسی بوون بە پاشکۆی پارتی و بەو جۆرەیش یەکێتی هاوبەشێکی سەربەخۆی تورکیا دەبێت نەک پاشکۆ یان هاوبەشێکی لاوەکی. ئەوەش یەکێتی دەکات بە یاریکەرێکی سەربەخۆ، نەک هاوپەیمانێکی پاشکۆ، کە لەو ساڵانەی دواییدا زۆرترین ڕەخنە و نیگەرانی لە ناوخۆی یەکێتی دروست کردووە. کەواتە، یەکێتی لە ڕێگەی کەرکووکەوە، باز بەسەر ئەو هەستیارییە جەماوەرییەشدا دەدات کە لە نزیکبوونەوە لە هەولێر دروست دەبێت. ئەو خاڵە، زۆر گرێدراوە بە هەڵوێستی ناوخۆیی حزبەکەوە، دواجار سەرکردایەتی حزبەکە دەتوانێت کەرکووک وەک ڕێگایەکی سیاسی-نەتەوەیی بۆ جەماوەرەکەی پێشکەش بکاتەوە.

 

لەنێوان ڕەخنە و سیاسەتی واقیعبینیدا

ئاشکرابوون و ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکەی یەکێتی لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک لە میدیاکاندا، کاردانەوەی ڕاستەوخۆی لێکەوتەوە. لەو نێوەندەدا دوو خوێندنەوەی جوایەز دەرکەوتوون. خوێندنەوەی زاڵ، بنەمایەکی ڕەخنەیی هەیە و ئەم هەنگاوە بە مانای پاشەکشە لە هەندێک داواکاریی نەتەوەیی دەزانێت و وەک سازشێک لە دۆسیەی نەتەوەیی دەیبینێت.

خوێندنەوەی دووەمیان، بنەمایەکی پراگماتیکی هەیە، ڕێککەوتنەکە وەک هەوڵێک دەبینێت بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان هێزە ناوچەییەکان و پاراستنی شوێنی یەکێتی لە سیستەمی سیاسیی عێراقدا. لەو ڕوانگەیەوە، کەرکووک دەبێتە ئامرازێکی دیپلۆماسی، نەک تەنیا ئامانجێکی نەتەوەیی.

 

کورت و پوخت

سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناتوانرێت تەنیا وەک سازش یان تەنیا وەک هاوسەنگی لێکبدرێتەوە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە هەردووکیان. ئەوەی دیاری دەکات ئەم سیاسەتە سەرکەوتوو دەبێت یان نا، ئەوەیە کە یەکێتی تا چەند دەتوانێت ئەم هاوسەنگییە بپارێزێت، بەبێ ئەوەی پێگەی خۆی لە ناوخۆ و دەرەوە لەدەست بدات.

ئەگەر ئەم ئاراستەیە بەردەوام بێت، دەتوانرێت پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ تورکیا باشتر بکات، بەڵام لەهەمان کاتدا مەترسیشی هەیە، بەتایبەتی لە پەیوەندی لەگەڵ ئێران و هەروەها لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لەوەی پێوەندی بە وەبەرهێنانی میدیاییانەی پارتی و لایەنەکانی دیکە هەیە، بە دژی یەکێتی و بەکورتی پەرەپێدانی ئەو وێنەیە لەسەر حزبەکە، کە پشت لە داخوازییە نەتەوەییەکان و ڕوو لە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی هەنگاو دەنێت.

 

ڕێبین فه‌تاح

سه‌رنووسه‌ری زێدپرێس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
grandpashabet | grandpashabet giriş | grandpashabet | grandpashabet | grandpashabet | grandpashabet | grandpashabet giriş | ikimisli | grandpashabet | jojobet giriş | hiltonbet | hiltonbet | casino api | betnano | ultrabet | ultrabet | hiltonbet | grandpashabet giriş | grandpashabet güncel giriş | grandpashabet adres | hiltonbet giriş | hiltonbet | bets10 | bets10 giriş | malatya web tasarım | betasus | betasus giriş | betasus | grandpashabet | grandpashabet giriş | jokerbet | grandpashabet | grandpashabet giriş | roketbet | roketbet giriş | grandpashabet | royalbet | royalbet giriş | yakabet | yakabet giriş | timebet | timebet giriş | galabet | galabet giriş | elexbet, elexbet giriş | Elexbet | Elexbet giriş |