شرۆڤه‌
ئاراستەکان

شەڕی داعش لە گێڕانەوەی بارزانی دا

ناوی کتێب: بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی شەشەم، ٢٠٠٣-٢٠١٦، کوردستان و عێراقی نوێ، بەشی دووەم.

نووسەر: مەسعوود بارزانی

خوێندنەوە و ئامادەکردن: د. هیوا مەجید خەلیل

 

ناساندنی پەرتووکەکە

ئەم پەرتووکە، بەشی دووەم، درێژەپێدەری پەرتووکی یەکەمە و تەنیا لە یەک بەش پێکهاتووە، کە ئەویش بریتییە لە بەشی چواردەیەم؛ تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم بەشە بریتییە لە جەنگی پێشمەرگە لە دژی داعش.

پەرتووکەکە بەسەر سێ تەوەردا دابەشکراوە. گێڕانەوەی ڕووداوەکانی شەڕ لە دژی داعش، کە نزیکەی ١١٠ لاپەڕە لەخۆدەگرێت. پیشاندانی کۆمەڵێک نەخشەی میحوەرەکانی جەنگ لە دژی داعش و کۆمەلێک وێنە کە دەربڕینی کارە سیاسی، کۆمەڵایەتی و دیپلۆماسییەکانی نووسەرە. هەروەها خستنەڕووی ٩٥ بەڵگەنامە (ژمارە ٥٣ی بەڵگەنامەکان دووجار دووبارە بووەتەوە)، کە ٣٥٧ لاپەڕە لەخۆدەگرێت و زۆرترین لاپەڕەی ئەم بەشە بۆ بەڵگەنامەکان تەرخانکراوە.

بەڵگەنامەکان بە شێوازی دەستنووس و تایپکراو بڵاوکراونەتەوە، کە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی لەخۆدەگرن، بەپێی جۆری ئەو لایەنەی کە گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە.

ئەو بەڵگەنامانەی کە لە نێوان لایەنە کوردییەکان یاخود لەلایەن لایەنە کوردییەکان چ لە ئاست عێراق و هەرێمی کوردستان و نێودەوڵەتی ئاڵوگۆڕکراون، ٥٢ بەڵگەنامەن. ئەو بەڵگەنامانەی کە لە نێوان سەرکردە سیاسییە کوردەکان ئاڵۆگۆڕکراون، هێمایەکن بۆ هەماهەنگییەکی پتەو لە نێوان سەرکردایەتی سیاسیی کورد لە بەغدا و هەرێمی کوردستان، بۆ گرتنەبەری سیاسەتێکی یەکگرتوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگاریی و پێشهاتەکان.

بەڵگەنامەکان لە ئاست عێراق ١٦ بەڵگەنامەن. بەڵگەنامە هەرێمییەکان پێنج بەڵگەنامە و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان ٢٢ بەڵگەنامەن، کە زۆرتر لە نێوان کورد و لایەنی ئەمریکی بووە. هەڵبەت خوێنەرێکی دی دەتوانێت بەشێوازێکی تر بەڵگەنامەکان پۆلینبەندی بکات. بەڵگەنامەکان، ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠٠٣، واتە پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعس تا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٥ لەخۆدەگرن.

نووسەر، کە ئەوکات فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان بووە، وەک وەفادارییەک بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی کوردستان، ئاماژە بە ناوی سییانی ١٧٧٥ شەهید دەدات؛ ئەم ئاماژەپێدانەش وەک بەڵگەنامەیەکی گرنگ بۆ نەوەکانی داهاتوو دەمێنێتەوە.

 

ڕووداو و خاڵە گرنگەکانی ناو پەرتووکەکە

نووسەر، لە لاپەڕە ٩ تا ١٣ باس لە شەڕی داعش و هۆکارەکانی چۆنیەتی سەرهەڵدانی داعش  دەکات کە بریتیبوون لە:

١. توندڕەوە ئیسلامییەکانی سەر بە داعش، کە لە ڕێگەی سوریاوە هاتبوون و ئێران ئاسانکاری بۆ کردبوون. داعش لە سوریا بەهێز بووبوو و سەرکەوتنی تۆمارکردبوو.

٢. هەڵەی ئەمریکا، کە خۆی لە هێزی ڕزگارکەرەوە بە هێزی داگیرکەر ناساند لە عێراق.

٣. پەیڕەوکردنی سیاسەتی تائیفی لەلایەن شیعە دەسەڵاتدارەکانی عێراق.

٤. پەرەسەندنی تیرۆر لە عێراق و کوشتنی ئەفسەر، فڕۆکەوان و خەڵکانی ئاکادیمی و ڕۆشنبیر، کە زۆربەیان سووننە بوون. تیرۆر بووە هۆی ئەفسەرەکان ڕوو لە ڕێکخراوی داعش بکەن.

٥. بڵاوکردنەوەی چەکدارە شیعەکان لە مووسڵ و ئیهانەکردنی ئەبوبەکر سدیق و عومەری کوڕی خەتاب و عایشە لەلایەن ئەم چەکدارانەوە.

٦. گەندەڵی و خراپ ئیدارەدانی وڵات و چەندان هۆکاری دی.

نووسەر، لە لاپەڕە ١٣ تا ١٥ باس لە هاتنی داعش دەکات، کە سەرەتا تەنیا بۆ ئەوە هاتبوون بەندکراوەکانی بەندیخانەی بادۆش ڕزگار بکەن و بۆ ئەم مەبەستەش بۆ ترساندنی سوپای عێراق چەند گوللە هاوەنێکیان تەقاندبوو. ئەمە هاوکات بووە لەگەڵ هاتنی فەریق ڕوکن عەلی غەیدان فەرماندەیی هێزی زەمینی و فەریق ڕوکن عەبود قەنبەر جێگری سەرۆک ئەرکان بۆ مووسڵ. بە تەقاندنی یەکەم گوللە هاوەن لەلایەن داعشەوە ”هەردوو ژەنەڕاڵ!” پەنایان بۆ بارەگای هێزی پێشمەرگە هێنابوو. لە ئەنجامدا سوپای عێراق لەم دەڤەرە لەبەریەک هەڵوەشایەوە.

بە هاتنی داعش، سەرکردایەتی کورد پەیام بۆ مالیکی دەنێرێت، کە ئەوکات سەرۆکوەزیران بووە کە ئامادەن هێزی پێشمەرگە ڕەوانە بکەن بۆ هاوکاریکردنی سوپای عێراق؛ بەڵام مالیکی پێشنیازەکە ڕەتدەکاتەوە. کەچی کاتێک سوپا دادەڕمێت، نوری مالیکی داوای هاوکاری و ناردنی پێشمەرگە دەکات.

نووسەر دەڵێت؛ داعش تا بەغدا ڕۆیشت، بەڵام بۆ گەڕایەوە و بەرەو هەرێمی کوردستان هات؟ تا ئێستا ئەمە ڕوون نییە. نووسەر، هەروەها باس لەوە دەکات، کە دوای تاڵانکردنی مووسڵ و کوشتنی ئەو کەسانەی کە هاوکاریان نەبوون و دەرکردنی مەسیحی و کورد و تورکمانە شیعەکان، کەچی تورکمانە سووننەکان بوون بە بنکەیەکی سەرەکی و گرنگ بۆ داعش. نووسەر لە لاپەڕە ١٤ باس لە ڕووداوێکی گرنگ دەکات، کە بریتییە لە گرتنی فەرمانبەرانی کونسڵخانەی تورکیا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە. بەر لەگرتنیان، پێشمەرگە گەیشتبووە ناو باڵاخانەی کۆنسڵخانە بۆ ڕزگارکردنیان، بەڵام ڕەتیان کردبوویەوە لەگەڵ پێشمەرگە کونسڵخانەکە چۆڵ بکەن و پێشمەرگە پارێزگاریان لێبکات. نووسەر دەڵێت، ئەم گرتنە ”سیناریۆیەکی سەیر و گوماناوی بوو”.

 

گرتنی فەرمانبەرانی کونسڵخانەی تورکیا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە سیناریۆیەکی سەیر و گوماناوی بوو

 

نووسەر لە لاپەڕە ١٧دا باس لە هاتنی داعش بۆ هەرێمی کوردستان دەکات. ئەو دەڵێت لە ”ڕۆژی ١٦ی حوزەیران نەوشیروان مستەفا سەردانی کردم و بە هەموو شێوەیەک ئامادەییی خۆی پیشاندا بۆ هاوکاری و یارمەتیدانمان”. ڕۆژی ١٧ی حوزەیران قاسم سولەیمانی پەیوەندی بە سەرۆک بارزانییەوە دەکات و داوای دەکات هێزەکانی پێشمەرگە بۆ تەلەعفەر بنێرن و بە هانای تەلەعفەرەوە بڕۆن.

نووسەر، لەو سەروبەندەدا دووبارە هزر لە پرسی سەربەخۆیی کوردستان دەکاتەوە. ئەو دەڵێت لە ڕۆژی ٢٣ی حوزەیران لە دیدارێکی ڕۆژنامەنووسیدا بە ڕاشکاوی و بەمەبەست باسم لە سەربەخۆیی کوردستان کرد. چونکە بڕیاربوو ڕۆژی ٢٤ی حوزەیران، جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و بۆ ئەوەی بزانم هەڵوێستی چۆن دەبێت. هەروەها، نووسەر دەڵێت پەیوەندیم بە نەوشیروان مستەفاوە کرد تا لە کۆبوونەوەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەشدار بێت. لە لاپەڕە ٢٠دا، نووسەر سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی ئاماژە بەوە دەدات، کە جۆن کێری بە سەرۆک مەسعوود بارزانی دەڵێت، دیدارە ڕۆژنامەنووسییەکەتم لە (سی ئێن ئێن) بینیوە و ”مافی خۆتانە، بەڵام پێویستە لە کاتێکی لەبار و گونجاودا بێت”. لەسەر پرسی سەربەخۆیی، نووسەر کە ئەوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، ئاماژە بە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم کونسڵ و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان دەدات و لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوە دەکات ”لە کۆتاییدا گەلی کوردستان ڕیفراندۆم دەکات و بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات”.

نووسەر لە لاپەڕە ٢٤دا، باس لە کۆبوونەوەیەکی نێوان خۆی و قاسم سولەیمانی دەکات و دەڵێت، یەکەمجار بوو کە کۆبوونەوەکەمان بە ناخۆشی کۆتایی پێبێت. لە کۆبوونەوەکەدا قاسم سولەیمانی گلەیی لە هەڵسوکەوتی سەرکردایەتی کورد لە بەرانبەر نوری مالیکی و پرسی نەوتی کەرکووک و گەڕانەوەی وەزیرە کوردەکان لە بەغدا و هاوپەیمانێتی نێوان شیعە و کورد دەکات. سەرۆک مەسعوود بارزانی لە وەڵامدا دەڵێت ”ئەگەر ئێمە کێشەی سەرەکین بۆ ئێوە، دوای ئەوەی بۆمبی ئەتۆمیتان دروست کرد، لە سەرمان تاقی بکەنەوە بۆ ئەوەی بە یەکجاری لەکۆڵتان ببینەوە”.

 

قاسم سولەیمانی گلەیی لە هەڵسوکەوتی سەرکردایەتی کورد لە بەرانبەر نوری مالیکی و پرسی نەوتی کەرکووک و گەڕانەوەی وەزیرە کوردەکان لە بەغدا و هاوپەیمانێتی نێوان شیعە و کورد دەکات

 

دواتر نووسەر دێتە سەر باسی گێڕانەوەی شەڕی داعش. لەبارەی دابینکردنی چەک بۆ هێزی پێشمەرگە دەڵێت، کە نوری مالیکی ڕێگربوو لە گەیشتنی چەک بە دەست پێشمەرگە و کاتێک سەرکردایەتی کورد هەوڵی کڕینی چەکی لە وڵاتان داوە، لە وەڵامدا ڕایانگەیاندووە، کە ئەمریکا ئاگاداریانی کردووەتەوە، کە بەبێ حکوومەتی بەغدا چەک بە هەرێمی کوردستان نەفرۆشرێت. هەروەها سەبارەت بە هێرشەکانی داعش، نووسەر دەڵێت، کە داعش بە تەنیا نەبوو، بەڵکو (٨٠٪)ی هۆز و عەشیرەتە عەرەبەکانی ناوچەکە هاوکاری داعشیان دەکرد.

سەبارەت بە ئامانجی داعش لە ڕۆژانی جەنگدا، نووسەر دەگێڕێتەوە، کە زانیویانە ئامانجی داعش گرتنی پردی سێحلا و دەستگرتن بەسەر دهۆک بووە، بۆیە لەشکری تایبەتی یەک و لەشکری گوڵانی بۆ بەرگریکردن لە دهۆک ڕەوانە کردووە. نووسەر، بەردەوام دەبێت و دەڵێت، کە “بە مەنسوورم گوت نابێ بە هیچ شێوەیەک دهۆک بکەوێتە دەست داعش”. لە وەڵامدا مەنسوور دەڵێت ”هەر کاتێک هەواڵی داگیرکردنی دهۆکت پێگەیشت، بزانە کە مەنسوور شەهید بووە، بەڕاستی بەڵێنەکەی بەجێگەیاند”.

نووسەر لە تەوەرێکی دیکەی گێڕانەوەکەیدا، باس لە کارەساتی شنگال دەکات. ئەو، لە لاپەڕە ٣٤دا دەڵێت، هێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی یەکەی حەفتا و هەشتا لە شنگال بوون، لەگەڵ بەشێک لە هێزەکانی پەکەکە لەسەر چیای شنگال. ئەو دەڵێت ”ئەوەی جێی هەڵوەستە و سورسووڕمان بوو، کارەساتی شنگال بۆ پەکەکە و یەکێتی وەک جەژن وابوو، چونکە گوایە پارتی شکاوە”. نووسەر لە پەراوێزی لاپەڕە ٣٦دا دەڵێت ”لیوای (١١١)ی یەکێتی لە چوارڕێیانی (بلیج-گردەزەرد-گوڵات) بوون، ئەوان زووتر لە هەموو لایەک شوێنەکەیان بەجێهێشت، یەک کەسیان خوێنیان لێنەهات. بیست و حەوت پێشمەرگەی زێرەڤانی لە کاتی بەرگریکردن لە شاری شنگالدا شەهید بوون”.

 

هێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی یەکەی حەفتا و هەشتا لە شنگال بوون، لەگەڵ بەشێک لە هێزەکانی پەکەکە لەسەر چیای شنگال

 

نووسەر دووبارە باس لە هێرشی داعش بۆ سەر هەولێر دەکات و دەڵێت لە ڕێککەوتی ٧ی ئابی ٢٠١٤، جۆ بایدن پەیوەندی پێوکردم و پرسیاری کرد کە ئەگەر فڕۆکەکانی ئەمریکا پشتگیریی هێزی پێشمەرگە بکەن ئایا داعش تێکدەشکێنرێت؟ ئەو لە وەڵامدا دەلێت بەڵێ. هەر بۆیەش دوای سێ رۆژ بایدن دووبارە پەیوەندی پێوەدەکات و دەڵێت ”تۆ بەڵێنەکەت جێبەجێ کرد، ئێمەش پەیمانەکەمان بە جێگەیاند و بەردەوام دەبین لە یارمەتیدانی هێزەکانی پێشمەرگە”.

نووسەر لە لاپەڕە ٤٤ دێتە سەر ڕۆڵی قاسم سولەیمانی لە شەڕی داعش؛ ئەو دەڵێت سولەیمانی پەیوەندی پێوەکردم، منیش داوای یارمەتیم لێکرد. لە بەرەبەیانی ٨ی ئابی ٢٠١٤ ”قاسم سولەیمانی مەردانە بۆ بەیانییەکەی فڕۆکەیەکی فیشەک و دۆشکا و گووللەی ئار پی جی گەیاندە هەولێر”. ئەو درێژەی پێدەدات و دەڵێت ڕاستە ئێران و هاوپەیمانان هاوکاریان کردین، بەڵام ناکرێت ڕۆڵی پێشمەرگە پشتگوێ بخرێت و واقیع وەکوو خۆی خوێندنەوەی بۆ نەکرێت.

لە لاپەڕە ٤٨دا نووسەر ئاماژە بەوە دەدات، کە لە سەردەمی جەنگی دژی داعش هەولێر دەبێتە شوێنی ترافیکی دیپلۆماسی. نووسەر، ئاماژە بە ٣٦ پەیوەندی تەلەفونی دەکات کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٦ لەگەڵ گەورە بەرپرسانی وڵاتان ئەنجامیداوە و هەروەها ئاماژە بە کۆمەڵێک سەردانی شاندە دیپلۆماتکارەکان دەکات؛ تەنیا لە ساڵی ٢٠١٤دا، بەپێی گێڕانەوەی نووسەری پەرتووکەکە، لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠١٤ تا کۆتایی هەمان ساڵ، بیست شاندی دیپلۆماسی لە وڵاتانی جیهانەوە سەردانی هەولێریان کردووە.

لە لاپەڕە ٥٥دا، نووسەر باس لە تێکشکاندنی داعش دەکات و تیشکدەخاتە سەر خاڵێکی سەرنجڕاکێش سەبارەت بە چۆنیەتی تێکشکاندنی داعش لە ناوچەی سلێمان بەگ و ئامرلی. ئەو دەڵێت ”لە ٣١ی ئابی ٢٠١٤، وەشاندنی گورزی گەورەی هێزەکانی لیوا هاوبەشەکان و پێشمەرگەکانی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی تۆپخانەکانی ئێران و فڕۆکەکانی ئەمریکا بووە هۆی تێکشکاندنی ئابلۆقەکە”. کەواتە لە جیهانی سیاسەتدا دۆست و دوژمنی هەتاهەتایی بوونیان نییە، بەڵکو بەرژەوەندییە کە لایەنەکان پێکەوە گرێدەدات. هەر بۆیەش دەبینین، کە تۆپخانەکانی ئێران و فڕۆکەکانی ئەمریکا پێکەوە هاوکار دەبن، کە دوو نەیاری سەرسەختی یەکترن. زیاد لەمەش ئەوەی کە تێبینی دەکرێت، نووسەر وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە سەردانی مەیدانی بۆ گشت میحوەرەکانی شەڕ ئەنجامداوە. نووسەر لە لاپەڕە ٥٩دا، باس لەوە دەکات، کە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسە سەربازییەکانی میحوەری شنگال، کە سێ فەرماندی کوردی ئێزدیش تێدا بەشداربوون، بەشداربووان ڕایانگەیاندووە، کە پەکەکە کێشەیان بۆ دروست دەکات.

 

وەشاندنی گورزی گەورەی هێزەکانی لیوا هاوبەشەکان و پێشمەرگەکانی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی تۆپخانەکانی ئێران و فڕۆکەکانی ئەمریکا بووە هۆی تێکشکاندنی ئابلۆقەکە

 

لە لاپەڕە ٦٧دا، نووسەر باس لە چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانی دەکات؛ ئەو دەڵێت یەکەمجار لە ڕێککەوتی ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤، ئەم پرسەم لەگەڵ تۆنی بلینکێن باسکرد. دواتر جۆن کێری پەیوەندی پێوە کردووە، کە بۆ ئەم کارە یارمەتیدەریان دەبێت. دوای ئەوە شاندێکی تورکی سەردانی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان دەکەن و ڕەزامەندی خۆیان بۆ ئەم کارە دەردەبڕین، دیارە پێشتر ئەمریکییەکان لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ تورکەکان گفتوگۆیان کردبوو. نووسەر دەڵێت، ئەم هەڵوێستەی تورکیا بۆ من چاوەڕوان نەکراوبوو.

لە لاپەڕە ٧٢دا، نووسەر باس لە محەمەدی حاجی مەحموود دەکات، کە لە دوای شەهیدبوونی کوڕەکەی، سەنگەرەکانی بەجێنەهێشتبوو و بۆ پرسەدانان نەگەڕابوویەوە ماڵەوە. نووسەر دەڵێت، پەیوەندیم پێوەکرد و ئامادە نەبوو بگەڕێتەوە، بەڵام دواتر قبوڵی کرد بگەڕێتەوە ماڵەوە و تەنیا بیست و چوار کاتژمێر لە ماڵ مایەوە و دواتر بۆ بەرەکانی شەڕ گەڕایەوە. نووسەر دەڵێت، محەمەدی حاجی مەحموود پێی گوتم ”هەموو ئەم پێشمەرگانە کوڕی منن، بەجێیان ناهێڵم”.

لە لاپەڕە ٨٥دا، نووسەر باس لە کۆبوونەوەی شاندی کوردستانی لەگەڵ شاندی ئێرانی و عێراقی دەکات لە ڕێککەوتی ٢٥ی شوباتی ٢٠١٥؛ لە کۆبوونەوەکەدا قاسم سولەیمانیش بەشداربووە و ڕێککەوتوون کە حەشدی شەعبی لە باشوری کەرکووکەوە هێرش بکاتە سەر داعش و پێشمەرگەش لە باکورەوە. دواتر لە ٢٨ی شوبات شاندێکی ئەمریکی دێن و سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەمریکییەکان لە سەرەتادا ئامادە نەبوونە یارمەتی حەشدی شەعبی بدەن، چونکە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکران.

 

لە ٢٨ی شوبات شاندێکی ئەمریکی دێن و سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەمریکییەکان لە سەرەتادا ئامادە نەبوونە یارمەتی حەشدی شەعبی بدەن

 

لە هەمان لاپەڕەدا نووسەر دەڵێت، هێزەکانی ئەمریکا، یارمەتی هێزەکانی سوپای عێراقیان دەدا. هاوکات هاوکارییەکان بۆ پێشمەرگە بەردەوامبوون. هەروەها ئاماژە بە خاڵێکی سەرنجڕاکێش دەدات. ئەو دەڵێت، لە ١٣ی تەممووزی ٢٠٠٥، ژەنەڕاڵ ئۆستن پەیوەندیی پێوە دەکات و داوا لە نووسەری پەرتووکەکە دەکات، ڕێگەبدات هەژدە لۆری چەک لە سلێمانییەوە بۆ ڕۆژئاڤای کوردستان بگوازرێتەوە. نووسەر دەڵێت، لێم پرسی کە ئەم چەکانە لە کوێ هاتوون. ئەو دەڵێت دواتر زانیاریمان بۆ هات کە یان لەلایەن ئێرانەوە هاتوون یاخود یەکێتی بە (end user) و بە فڕۆکەی عێراقی، لە دەرەوە چەکی بۆ پەکەکە گواستبێتەوە سلێمانی. بەڵام هەروەک لە بەرگی یەکەمی پەرتووکەکە ئاماژەی پێدەدات، دەسەڵاتی (end user) لە دەستی مالیکیدا بووە و ئەویش ڕێگەی نەدەدا چەک بۆ هەرێمی کوردستان بێت. (end user) واتە دەبووایە سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی بەغدا کە ئەو کات نوری مالیکی بوو، ڕەزامەندی پیشانبدات بۆ هاتنی چەک بۆ هەرێمی کوردستان.

 

کۆتایی

لە لاپەڕە ١١٩دا نووسەر دێتە سەر بەشی کۆتایی پەرتووکەکەی و کۆی گشتی قسەکانی و ڕوانگەکەی لەبارەی هەرێمی کوردستان و ڕووداوەکانی ساڵانی نێوان ٢٠٠٣ تا ٢٠١٦ دەخاتەڕوو؛ ئەو دەڵێت، ئازادکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ئەمریکاوە هەنگاوێکی گرنگبوو و دەروازەی بۆ بەختەوەربوونی گەلانی عێراق کردەوە، ئەگەر گەلانی عێراق لەم دەرفەتە سوودیان وەرگرتبا، بەڵام بەداخەوە، نەیانتوانی سوودی لێوەربگرن و شەڕ، گەندەڵی، کاولکاری، هەژاری و دەستێوەردانی دەرەکی و دژایەتیکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسیی عێراق، بوون بە سیمای عێراقی نوێ.

هیوا مه‌جید خه‌لیل

پسپۆڕ لە گەشەسەندنی سیاسی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...