
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، دەڵێت لە کاتێکدا کە بەپێی پلانی ڕاگەیەنراو هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢٦ عێراق جێدەهێڵن، کشانەوەی ئەو هێزانە لە بارودۆخێکی هەستیار و ناسەقامگیریی ئەمنی لە ناوچەکەدا ڕوودەدات و بەجێهێشتنی هەرێمی کوردستان بەبێ دابینکردنی سیستەمێکی بەرگری مایەی نیگەرانییە.
وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەنراوێکدا، کە ڕۆژی دووشەم ٢٨ی ئەیلولی ٢٠٢٦ بڵاویکردووەتەوە، دەڵێ، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق، کە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، دەرئەنجامی لێکتێگەیشتنێکی هاوبەشی حکومەتی فیدراڵی عێراق و ئەمریکا و هاوپەیمانانە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، ئەم کشانەوەیە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە بارودۆخی ئاسایشی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا ناسەقامگیرە و بەردەوامبوونی ئەم دۆخە، بە وتەی وەزارەتی پێشمەرگە، پێویستی بە هۆشیاری و بڕیاردانی سیاسیی دروست هەیە.
وەزارەتەکە هەروەها ئاماژەی بە هێرشەکانی مانگەکانی ڕابردوو کردووە و دەڵێت هەرێمی کوردستان لە ماوەی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێراندا زیاتر لە هەزار جار ڕووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکی بالیستیک بووەتەوە. بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، بەشێک لەو هێرشانە کەوتوونەتە سەر ناوچە مەدەنییەکان و بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک کەس و زیانی ماددی.
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت لە دۆخێکی ئاڵۆزی ناوچەیی و لەگەڵ ئەو پاشخانەی هێرشانەدا، جێهێشتنی هەرێمی کوردستان بەبێ دابینکردنی سیستەمێکی بەرگری مایەی نیگەرانییە.
لە هەمان کاتدا، وەزارەتەکە جەخت لەسەر بەرپرسیارێتی حکومەتی فیدراڵی عێراق کردووەتەوە و دەڵێت ئاسمانی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە ئاسمانی عێراق و پاراستنی لە کاتی پێویستدا دەبێت لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی حکومەتی فیدراڵدا بێت.
لە بەشی پەیوەندیدار بە توانای هێزی پێشمەرگەش، وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە کە ئەم هێزانە، وەک لە ڕابردوودا پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستان بوون، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێکی نوێ و مەترسییە ئەمنییەکانیش ئامادەن.
وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا سوپاسی ئەمریکا و هاوپەیمانانی کردووە و ڕێزی لە هاوکاری و پشتیوانییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە ساڵانی ڕابردوودا گرتووە.
هەروەها جەختی کردووەتەوە کە وەزارەتی پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگریی عێراق، پەیوەندییەکی دەستوری و ئەمنیی پتەوی لەگەڵ سوپای عێراق هەیە و لە هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەشدا بەردەوام دەبێت.
ڕاگەیەنراوەکە لە کۆتاییدا پەیامێکی ئارامکردنەوەی بۆ خەڵکی کوردستان هەیە و دڵنیایی دەداتەوە کە “کوردستان لە دەستێکی ئەمین و ئاشتیخوازیە”.
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق پێشتر بووەتە بابەتی گفتوگۆ و نیگەرانی لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لەبارەی داهاتووی پشتیوانیی ئەمنی و سەربازیی ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگە. ڕاپۆرتێکی بی بی سی لە مانگی ئابدا هەروەها باس لەوەی کردبوو کە داهاتووی پشتیوانیی ئەمنیی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە لە کاتی کشانەوەدا بووەتە جێی گفتوگۆ و نیگەرانی.


