كه‌لتوورهه‌واڵ

زانکۆیەکی سەربەخۆ لە خانەقین دادەمەزرێنرێت

ڕۆژی یەکشەم، ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، لە کۆبوونەوەیەک لە تەلارى ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەغدا، لەلایەن شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی فیدراڵ، پرسی دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان و دۆخی کۆلێجەکانی ئەو زانکۆیە لە خانەقین تاوتوێ کرا.

 

کۆبوونەوەکە بە بەشداری سەرۆکی لێژنەی خوێندنی باڵا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی کورد و بەرپرسانی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم و عێراق بەڕێوەچوو. شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بە بڕیاری د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، و بە سەرۆکایەتی د. ئامانج عەبدوڵا، ڕاوێژکاری وەزیر، بەشداریی کۆبوونەوەکەی کرد.

 

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە، دوای گفتوگۆیەکی درێژ، هەردوو لایەن لەسەر ئیمزاکردنی یاداشتنامەیەکی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی پرسی دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان ڕێککەوتن.

 

بەپێی ئەو یاداشتنامەیە، زانکۆیەکی سەربەخۆ لە شاری خانەقین دامەزرێنرێت و سەرۆکی زانکۆکە دەبێت لە خەڵکی خانەقین بێت. هەروەها پرۆسەی وەرگرتن لە زانکۆ نوێیەکەدا بە شێوەیەکی کراوە دەبێت و خوێندکارانی هەرێمی کوردستان و سەرتاسەری عێراق دەتوانن بەشداریی پرۆسەکە بکەن.

 

یاداشتنامەکە هەروەها کۆلێجەکانی خانەقین دەگرێتەوە کە ئێستا سەر بە زانکۆی گەرمیانن. بەپێی ڕێککەوتنەکە، ئەو کۆلێجانە دەبن بە بەشێک لە زانکۆ سەربەخۆیە نوێیەکەی خانەقین.

 

لە هەمان کاتدا، بەپێی ناوەڕۆکی یاداشتنامەکە، سەرجەم کۆلێجەکانی زانکۆی گەرمیان، لە ڕۆژی دامەزراندنیانەوە، لەگەڵ کۆلێجەکانی خانەقین، لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە دانپێدانراو دەبن.

بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، مەبەستی سەرەکی ئەوەیە دۆخی دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان لە چوارچێوەی ڕێکخستنێکی نوێدا چارەسەر بکرێت، لەگەڵ ئەوەی کۆلێجەکانی خانەقینیش لە چوارچێوەی زانکۆیەکی سەربەخۆدا بەردەوامی بە پرۆسەی خوێندن بدەن.

 

یاداشتنامەکە هێشتا پێویستی بە پرۆسەی پەسەندکردن هەیە. وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان یاداشتنامەکە دەباتە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ پەسەندکردن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button