سیاسیهه‌واڵ
ئاراستەکان

پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لەسەر زەوییەکانی کەرکووک ڕادەگیرێن و پارتی هۆشداری دەدات

شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە ڕێگەی دەسەڵاتی فیدراڵییەوە توانیویانە ڕێگری لە گۆڕینی چەندین پارچە زەویی خزمەتگوزاری بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان لە کەرکووک بکەن. ناوبراو هۆشداریی توندی دا کە وەک فراکسیۆنەکەیان ڕێگە بە جێبەجێکردنی هیچ پڕۆژەیەک نادەن کە بکەوێتە سەر ئەو زەوییانەی دۆسیەکەیان بەستراوەتەوە بە مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراقەوە.

 

بەپێی ڕوونکردنەوەیەک کە شاخەوان عەبدوڵڵا ڕۆژی شەممە، ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ بڵاوی کردووەتەوە، کێشەکە دوای ئەوە سەری هەڵدا کە هاونیشتمانیانی گەڕەکی (جنگڵاوە) لە کەرکووک سکاڵایان گەیاندە دەستی ناوبراو لەسەر ئەوەی پارچە زەوییەکی خزمەتگوزاری لە ناوچەکەیان دراوەتە کەرتی وەبەرهێنان.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند: “لە ڕێگەی نووسراوێکەوە سەرۆکوەزیران، دەستەی دەستپاکی و دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانیی عێراقم ئاگادار کردەوە”. لە ئەنجامی ئەم بەدواداچوونەدا، ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وەڵامی داواکارییەکەی داوەتەوە و بە نووسراوێکی فەرمی، فەرمانی بە پارێزگای کەرکووک کردووە کە پڕۆژەکە بەپەلە ڕابگرێت. هاوکات کێشەیەکی هاوشێوە لە گوندی (عەلیاوە) هەبووە کە بەهەمان شێوە لە ڕێگەی دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانییەوە، دەستەی وەبەرهێنانی کەرکووک بۆ ڕاگرتنی پڕۆژەکە ئاگادار کراوەتەوە.

لیژنەی ماددەی ١٤٠ پێشتریش لەسەر بنەمای پێشنیاز و نووسراوە فەرمییەکان داوای کردبوو تەواوی ئەو پڕۆژانەی دەکەونە سەر زەوییەکانی قەرەبووی مادەی ١٤٠ ڕابگیرێن.

چاودێرانی ناوخۆیی لە کەرکووک ئاماژە بەوە دەکەن کە ماوەیەکە لەژێر پەردەی “وەبەرهێنان و پەرەپێداندا” شەپۆلێکی نوێی گۆڕینی دیموگرافیا یان تێکدانی موڵکایەتیی کورد لە ناوچەکەدا بەڕێوە دەچێت. لە زۆر حاڵەتدا، زەوی و خانوو و موڵکی هاووڵاتییانی کورد بە ناوی “زیادەڕۆیی” دەڕووخێنرێن یان مامەڵەی وەبەرهێنانیان پێوە دەکرێت، ئەمەش کاردانەوەی توندی سیاسی و کۆمەڵایەتیی لێکەوتووەتەوە. فراکسیۆنی پارتی دڵنیایی داوەتە هاووڵاتییان کە بەرانبەر هەر پڕۆژەیەکی لەم شێوەیە، سەرجەم ڕێکارە یاسایی و دەستوورییەکان دەگرنەبەر.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button