هه‌واڵ

مەسرور بارزانی: چاوەڕێین بەغدا مووچەی مانگی چوار و پێنج بەزوویی بنێرێت

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی وەک ئەرک لەسەر حکوومەتی هەرێم بووە، هەمووی جێبەجێکردووە و چاوەڕوانین بەغدا مووچەی مانگەکانی چوار و پێنج بەزوویی بنێرێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دوای کۆتاییهاتنی پانێڵه‌كه‌ی لە سیمپۆزیۆمی تایبەت بە (وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر دۆخی سیاسی، ئابووریی و دیمۆگرافی عێراق)، ئەمڕۆ یەکشەم، ١٢ی ئایاری ٢٠٢٤، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان لەبارەی چەند پرسیارێکی پێوەست بە مووچە و بەبانکیکردنەوە وەڵامی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.

لەبارەی خەرجکردنی مووچەکانی مانگی چوار و پێنجەوە، مەسرور بارزانی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: “تا ئێستا ئێمە چاوەڕێین بەغدا بڕیاری کۆتایی بدات بۆ ناردنی مووچەی مانگی چوار و هیوادارین مووچەی مانگی پێنجیش بەزوویی بنێرێت”.

گوتیشی: “ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانە وەکوو ئەرک، هەموومان جێبەجێ کردووە، هەرچی داواکاری حکوومەتی فیدڕاڵی هەبووە کە حکوومەتی هەرێم جێبەجێی بکات، بۆ ئەوەی نەبێت بە کێشە بۆ ناردنی مووچەی خەڵکی کوردستان، ئێمە جێبەجێمان کردووە، ئەوەی تر لەسەر خودی حکوومەتی فیدڕاڵی دەمێنێت کە بۆچی ئەم دواخستنە دەکرێت، هیوادارم خەڵک ئەو پرسیارە ئاڕاستەی حکوومەتی فیدڕاڵی بکەن”.

لەبارەی پڕۆسەی بەبانیکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیشەوە، مەسرور بارزانی گوتی: “بەبێ هیچ کێشەیەک بەڕێوەدەچێت”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “بابەتی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ماوەیەکی زۆرە دەستمان بەو پڕۆسەیە کردووە و تا ئێستا نزیکەی ٤٠٠ هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان ناونووس کراون کە بەڕێگەی بانکی بتوانن مووچەی خۆیان وەربگرن”.

ئاماژەی بەوەش کرد: “ئەوەی حکوومەتی هەرێم دەستی پێکردووە، دروستکردنی توانایی ئابووری هاووڵاتییانە، پێدانی هێزی ئابوورییە بە هاووڵاتییان، هەر کەسێک دژی تەوتین (بەبانکیکردن) هەر شتێک بڵێت دژی ئەوەیە کە هاووڵاتی خاوەنی بڕیاری خۆی بێت، خاوەنی ئەکاونتی خۆی بێت، خاوەنی بڕیاری ئابووری خۆی بێت، بۆیە ئەوەی حکوومەتی هەرێم کردوویەتی، تەنیا و تەنیا لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...