ئابووریسیاسی
ئاراستەکان

عێراق دەبێت بە زیاتر لە ٣٨٤ ملیار دۆلار قەرەبووی کوردستان بکاتەوە

زێدپرێس

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی لێژنەی دەستنیشانکردن و خەمڵاندنی زیانە مرۆیی و مادییەکانی گەلی کوردستان، لە ئەنجامی تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق ١٩٦٣ تا ٢٠٠٣، کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئامادە کراوە، حکوومەتی عێراق، دەبێت بە بڕی زیاتر لە ٣٨٤ ملیار دۆلار قەرەبووی گەلی کوردستان بکاتەوە.

 

قەرەبووکردنەوەی زیانەکان

پاڵپشت بە ناوەڕۆکی دەستووری هەمیشەیی عێراق، حکوومەتی عێراقی وەک میراتگری حکوومەتی پێشووی عێراق بەتایبەت ڕژێمی بەعسی عێراقی، پابەندکراوە بە قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و زیانلێکەوتووانی تاوانەکانی ڕژێمی پێشوو. لە مادەی ١١٢ی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا هاتووە، کە بەشێک لە داهاتەکانی نەوت و گاز، بۆ قەرەبووکردنەوەی ناوچە و دەڤەرە زیانلێکەوتووەکان تەرخان دەکرێت و لە مادەی ١٢٣یشدا، پێداگیری لەسەر قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و ئەوانەیش دەکاتەوە، کە لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە زیانمەندبوون. هەرچەند لە واقیعدا و سەرەڕای هەبوونی بڕیارەکانی دادگەی باڵای تاوانەکان، زیانەکان قەرەبوو نەکراونەتەوە، بەڵام وەک مافێکی دەستووری، جێگیر کراوە.

زیانەکان بەگشتی دەتوانرێت بۆ دوو پۆلی زیانەکانی تایبەت یان کەسی و گشتی دابەش بکرێن. زیانە تایبەتەکان وەک دۆسیەی زیندانیانی سیاسی یان ڕاگوێزراوان و ئەوانی دی. هەروەها، زیانە گشتییەکان کە هەموو ئەو زیانانە دەگرێتەوە، ژێرخان، دامەزراوە و ناوەندە گشتییەکانیان بە ئامانج گرتووە. لەو ڕوانگەیەوە، مافی تایبەت و گشتی لە قەرەبووکردنەوەی زیانەکاندا هەیە.

لەڕووی جۆری زیانەکانیشەوە، زیانی مرۆیی و مادی هەن.

زیانە مرۆیی و مادییەکانی گەلی کوردستان، لە ئەنجامی تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراقی، لە ماوەی ١٩٦٣-٢٠٠٣، لەلایەن لێژنەیەک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان خەمڵێندراوە و بە فەرمییش داوا لە حکوومەتی عێراق کراوە، پابەندبێت بە قەرەبووکردنەوەی زیانەکان، بەڵام جێبەجێ نەکراوە.

لیژنەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زیانەکانی بۆ چەند پۆلێک دابەشکردووە، کە زیانە مرۆییەکان، زیانە مادییەکان، زیانە ژینگەییەکان، زیانە ناڕاستەوخۆکان، زیانەکانی بەئەنقەست پەراوێزخستنی کوردستان و دووبارە ئاوەدانکردنەوە، دەگرێتەوە.

لیژنەکە، بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیارییەکان و ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکە، پشتی بە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، وەزارەتی پلاندانان-دەستەی ئامار، وەزارەتی پێشمەرگە-بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان (مادەی ١٤٠) بەستووە.

 

خەمڵاندنیی زیانەکان

لێژنەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زیانەکانی بەسەر شەش پۆلی گشتی دابەشکردووە؛ زیانە مرۆییەکان، زیانە ماددییەکان، زیانە ژینگەییەکان، زیانە ناڕاستەوخۆکان، زیانەکانی بەئەنقەست پەراوێزخستنی ژێرخانی ئابووری و لەکۆتاییشدا تێچووی دووبارە ئاوەدانکردنەوە.

 

Zed Press Graphic Charts Damages

 

کۆی گشتی زیانەکان بە بڕی ٣٨٤ ملیار و ٦٩٨ ملیۆن و ٣٠٣٠ هەزار و ٦٠٠ دۆلاری ئەمریکی خەمڵێندراون.

ئاسایی زۆرترینی بڕی خەمڵاندنەکە، پێوەستە بە زیانە مرۆییەکانەوە، کە بە بڕی ٣٠٦ ملیار و ٨٤٩ ملیۆن و ٩٥٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی خەمڵێندراوە. بەدوایدا زیانە ماددییەکان، کە بە بڕی ٣٢ ملیار و ٨٤٨ ملیۆن و ٣٥٦ هەزار و ٦٠٠ دۆلاری ئەمریکی خەمڵێندراوە.

لە پلەی سێیەمدا، زیانەکانی بەئەنقەست پەراوێزخستن و فەرامۆشکردنی ژێرخانی ئابووری کوردستان دێت، کە بە بڕی ٣٠ ملیار دۆلاری ئەمریکی خەمڵێندراوە.

هەرچی زیانەکانی ژینگەیی، زیانە ناڕاستەوخۆکان، دووبارە ئاوەدانکردنەوە، بە بڕی پێنج ملیار دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر یەکێکیان خەمڵێندراون و بەکۆی گشتی ١٥ ملیار دۆلاری ئەمریکی دەگرێتەوە.

 

زیانە مرۆییەکان

کۆی ئەو زیانە مرۆییانەی لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە لە ١٩٦٣ تا ٢٠٠٣ لە گەلی کوردستان کەوتوون، بەسەر حەوت پۆل دابەشکراون.

ژمارەی قوربانیان لە پرۆسەکانی جینۆسایدی بەکۆمەڵدا، بە ٢٠٠ هەزار قوربانی دیاریکراوە و ڕێژەی خەمڵێندراوی ماددی بۆ هەر قوربانی/زیانلێکەوتوویەک بە ٣٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی خەمڵێندراوە و بەکۆی گشتی دەکاتە ٦٠ ملیار دۆلاری ئەمریکی.

 

Zed Press Graphic Charts Damages

پاشان قوربانیانی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ دێن، کە بە ٦٥ هەزار قوربانی هەژمارکراون و ڕێژەی خەمڵێندراوی ماددی بۆ هەر یەکێکیان بە هەمان شێوە بە ٣٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی دیاریکراوە و بەکۆی گشتی دەکاتە ١٩ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.

لە پۆلی سێیەمی زیانە مرۆییەکاندا، بەزۆرزیانگەیاندن بە خاوەنی قوربانیان (دوو کەس لە هەر خێزانێکی خاوەن قوربانی) دیاریکراوە و بە ژمارە ٥٣٠ هەزار قوربانی/زیانلێکەوتوو هەژمار کراوە. ئەو پۆلە، لەسەر ئەو بنەمایە دەستنیشانکراوە، کە چەندین نەخۆشی درێژخایەن و تێکچوونی باری دەروونی و نەخۆشییە درێژخایەنەکان بەگشتی دووچاری قوربانییەکان بوونەتەوە. بۆ هەر یەکێکیان ڕێژەی خەمڵێندراوی ماددی بە ٩٠ هەزار دۆلار و بەکۆی گشتی دەکاتە ٤٧ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.

پەککەوتن لە ئەنجامی پڕۆسەکانی جینۆساید و جەنگ، بە ١٨ هەزار و ٧٠٠ قوربانی هەژمارکراوە، بۆ هەر یەکێکیان خەمڵێندراوی ماددی بە ١٥٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی و بەکۆی گشتی دەکاتە دوو ملیار و ٨٠٥ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.

 

Zed Press Graphic Charts Damages

 

هەرچی پێوەندی بە دۆسیەی زیندانیانی سیاسی لە سەردەمی ڕژێمەکانی پێشووەوە هەبێت، ژمارەیان بە ١٠ هەزار زیندانیی سیاسی هەژمار کراوە و بۆ هەر یەکێکیان ڕێژەی خەمڵێندراوی ماددی بە ١٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی دیاریکراوە، کە بە کۆی گشتی دەکاتە یەک ملیار دۆلاری ئەمریکی.

هەرچی پێوەندی بە دۆسیەی ڕاگواستن و ڕاگوێزراوانەوە هەیە، بەگوێرەی ماددەی ١٤٠ ژمارەیان بە ٥١٦ هەزار و ٨٩٩ قوربانی دەستنیشانکراوە و خەمڵێندراوی ماددی بۆ هەر یەکێکیان بە ٥٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی دانراوە و بەو پێیەش بڕی ٢٥ ملیار و ٨٤٤ ملیۆن و ٩٥٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی لە دۆسیەی ڕاگواستن و لە قەرەبووکردنەوەی ڕاگوێزراوەکاندا.

لە هەمان کاتدا، گواستنەوە زۆرەملێکانی سەردەمی ڕژێمەکانی پێشوو بە ٦٠٠ هەزار خێزان دەستنیشانکراون و بۆ هەر یەکێکیان بڕی ٢٥٠ هەزار دۆلار و بەکۆی گشتی خەمڵاندنە ماددییەکە دەکاتە ١٥٠ ملیار دۆلاری ئەمریکی.

ئەو پۆلانە، هەموو ئەو کەسانە دەگرنەوە، کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە شوێنی خۆیان دەرکراون و بەزۆرەملێ چوونەتە ناوچەکانی دیکەی عێراق یان ڕوویان لە دەرەوە کردووە.

بەو جۆرەیش، تێکڕای بڕی خەمڵێندراوی ماددی بۆ زیانە مرۆییەکان دەکاتە ٣٠٦ ملیار و ٨٤٩ ملیۆن و ٩٥٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی.

 

زیانە ماددییەکان

هەموو ئەو زیانانە دەگرێتەوە، کە وەک زیانی خاپوور و وێرانکردن دادەنرێن. ئەو زیانانە، بەسەر هەشت پۆل و جۆری جیاوازدا دابەشکراون. زیانەکانی خاپورکردنی ناوەندی شارۆچکە، شارەدێ و گوندە ڕووخێنراو و سووتێنراو و وێرانکراوەکان بە پێنج هەزار و سێ مەڵبەندی نیشتەجێبوون دەستنیشانکراون و هەر مەڵبەندێکیش بە ٥٠ یەکەی نیشتەجێبوون خەمڵێندراوە، کە بە تێکڕا دەکاتە ٢٥٠ هەزار و ١٥ یەکەی نیشتەجێبوون. تێکڕای زیانەکانی پێوەست بە خاپوورکردنی ناوەندەکانی نیشتەجێبوون بە بڕی ماددی ١٢ ملیار و ٥٠٧ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار و ٥٠٠ دۆلار خەمڵێندراوە. بەپێی ڕوونکردنەوەی لێژنەکەی حکوومەتی هەرێم، ئەو پۆلە، موڵكیەتی نیشتەجێبوونی هەموو ئەو شوێنانە دەگرێتەوە، لەکاتێکدا هەندێک ناوچە هەن، چەند جار ڕووبەڕووی تێکدان بوونەتەوە، لەمیانەی ئۆپەراسیۆنە جیاجیاکاندا.

 

Zed Press Graphic Charts Damages

 

هەر لە چوارچێوەی زیانە ماددییەکاندا، ٨٣٤ قوتابخانەی خاپوورکراو دەستنیشانکراون و خەمڵاندنی ماددییان بە ٢٩٦ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دۆلار دیاریکراوە. هاوکات لە چوارچێوەی تاوانەکانی لەلایەن ڕژێمی پێشووی بەعسەوە دژ بە گەلی کوردستان ئەنجامدراون، هەزار و ٦٦٧ مزگەوت، کەنیسە، پەرستگا و ناوەندی ئایینی ڕووخێندراو و تێکدراون، زیانی ماددی هەموو ئەوانە بە بڕی ٦٨٨ ملیۆن و ٤٧١ هەزار دۆلاری ئەمریکی خەمڵێندراوە.

هەرچی پێوەندی بە ناوەندەکانی تەندروستییەوە هەبێت، ٣٥٠ ناوەندی تەندروستی وێرانکراو هەن و زیانەکەیان بە بڕی ٧٣ ملیار و ٥٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی خەمڵێندراوە.

هەر لە چوارچێوەی زیانە ماددییەکاندا، لێژنەکە ڕەچاوی زیانگەیاندن بە کێڵگەی هەر ماڵێکی کردووە، ئەو زیانانە هەموو بێستان، کێڵگە و دارێکی بەردار و بێبەری هەر ماڵێک دەگرێتەوە، کە تووشی خاپوورکردن هاتوون. تێکڕای ئەوانە، بە ٢٥٠ هەزار و ١٥٠ کێڵگە دەستنیشانکراون، لەسەر بنەمای هەر ماڵێک و کێڵگەیەک. بڕی خەمڵێندراوی ماددی بۆ سەرجەم کێڵگەکان بە ١٢ ملیار و ٥٠٧ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی دیاریکراوە.

ڕاپۆرتەکە، هەر لە بازنەی زیانە مادییەکاندا، لەناوبردنی ٢٣ ملیۆن و ٧٣٤ هەزار و ٤٩٨ سەر ئاژەڵی تۆمار کردووە. ئەوە، هەموو جۆرە ئاژەڵێک دەگرێتەوە. زیانەکە بە بڕی چوار ملیار و ٧٤٦ ملیۆن و ٩٨١ هەزار و ٦٠٠ دۆلاری ئەمریکی خەمڵێندراوە.

لە هەمانکاتدا، ٦٥ ناوەندی پۆلیس و بەرگری مەدەنی خاپوورکراو هەژمار کراوە و بڕی خەمڵێندراوی ماددیش بە ٣٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار دەستنیشان کراوە. لەپاڵ ئەوەشدا زیانەکانی دیکەی پێوەست بە پڕۆژە و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی دی، وەک کارەبا، پەیوەندییەکان، ئاو و ڕێگەوبان و پردەکان، بە بڕی دوو ملیار دۆلاری ئەمریکی خەمڵێندراوە.

بەپێی ڕوونکردنەوەی ناو ڕاپۆرتەکە، ئەو زیانانە، سەرجەم وێستگەکانی پەیوەندی و گەیاندن، تۆڕەکان و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ناوەند و تۆڕەکانی دابەشکردن، بیرەکانی ئاو و کارێزەکان و پڕۆژەکانی پاڵاوتنی ئاو و بۆڕی گشتی و تایبەت و تۆڕەکانی دابەشکردنیان و ڕێگە و شەقامە ناوخۆییەکان و پردە فرەقەبارەکان و جۆرەکانیان دەگرێتەوە.

بەو جۆرەیش تێکڕای بڕی خەمڵێندراوی زیانە ماددییەکان بە ٣٢ ملیار و ٨٤٨ ملیۆن و ٣٥٢ هەزار و ٦٠٠ دۆلاری ئەمریکی خەمڵێندراوە.

 

خەمڵاندنی زیانەکانی دی

پۆلێکی دیکەی دەستنیشانکردنی ئەو زیانانەی لە ئەنجامی سیاسەتی قڕکردن، جینۆساید و لەناوبردنی بەکۆمەڵی گەلی کوردستان لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە و لەماوەی ١٩٦٣ تا ٢٠٠٣ لە کوردستان کەوتووە، زیانەکانی پێوەست بە ژینگە و زیانە ناڕاستەوخۆکان و زیانەکانی بەئەنقەست پەراوێزخستن و لە کۆتاییشدا تێچووی دووبارە ئاوەدانکردنەوەن.

زیانە ژینگەییەکان هەموو ئەو زیانانە دەگرنەوە، کە بە سەرجەم دارستانە سروشتی و ڕووبارەکان و زێیەکان، کانیاو و کارێزەکان، لەوەڕگە سروشتییەکان، گردۆڵکە و تەپۆڵکە و بەردەڵان و ناوچە خۆڵییەکان و دەشتاییەکان و بیابانەکان و با و گەرمی و شێ و فشاری ئاسمانی و باران دەگرێتەوە، کە هیچیان بە پارە ناخەمڵێندرێن، بەڵکوو وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، دەبێت ڕێککەوتنیان لەسەر بکرێت. بەو جۆرە زیانە ژینگەییەکان بەگشتی ژینگەی زەمینی و هۆکارەکانی کەشوهەوا لەخۆدەگرن. ئەو زیانانە بە بڕی پێنج ملیار دۆلاری ئەمریکی خەمڵێندراون.

 

Zed Press Graphic Charts Damages

لە هەمانکاتدا، باس لە زیانە ناڕاستەوخۆکان کراوە، ئەوە زیانە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و ئەوانی دی دەگرێتەوە. ڕاپۆرتی لێژنەکە، ڕوونکردنەوەی لەسەر ئەو زیانانە داوە، وەک لێکهەڵوەشاندنەوەی خێزان، هۆکارەکانی لەدەستدان و نەمانی پەیوەندی لە نێوان تاکەکان و بڵاوبوونەوەی کاریگەرییەکانی شۆکبوون و کاریگەرییە نەرێنییەکانی دی. نەمانی متمانە، نەمانی هەستکردن بە ژیان و هەستکردن بە سووکایەتی پێکردن و ژێردەستەیی و لە دەستدانی هەستی هاووڵاتیبوون و کاریگەری نەرێنی لەسەر لایەنی ئابووری و لێکەوتەکانی و دابەزینی ئاستی بەرهەم و بەرهەمهێنان و پشتبەستن بە دەرەوە و بڵاوبوونەوەی بێکاری و نەبوون و پێشکەش نەکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.

ئەو زیانانەیش بە بڕی پێنج ملیار دۆلاری ئەمریکی خەمڵێندراون.

هەرچی زیانەکانی بەئەنقەست فەرامۆشکردن و پەراوێزخستنی ژێرخانە و بە بڕی ٣٠ ملیار دۆلار خەمڵێندراوە، سەرجەم ئەو زیانانە دەگرێتەوە، کە بەهۆی بەئەنقەست پەراوێزخستنەوە، لەسەر کوردستان کەوتووە، لەناویاندا زیانەکانی پێوەست بە نەبوونی ڕێگا خێراکان، نەبوونی زانکۆ و پەیمانگاکان، ناوەندە گشتییەکان و هەروەها فڕۆکەخانەکان. ئەو زیانانە دواجار بە پێویست زانراوە لە بونیادنانی ئەو ژێرخانەدا لە کوردستان بەکاربهێنرێت، کە دەکاتە تێچووەکانی دامەزراندنی فڕۆکەخانەکان و ڕێگە خێراکان و ئەوانی دی.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا، زیانەکانی پێوەست بە دووبارە ئاوەدانکردنەوە، بە بڕی پێنج ملیار دۆلار دەستنیشانکراوە، کە دەکرێت وەک تێچووی ئاوەدانکردنەوە وەبگیرێت لە بوارەکانی دووبارە ئاوەنکردنەوە و بونیادنانەوەی ئەو پڕۆژە و دامەزراوانەی زیانیان پێگەیەندراوە، لە وێستگەکانی پەیوەندیکردن و گەیاندن و تۆڕەکان و وێستگەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا و پڕۆژەکانی پاڵاوتنی ئاو و لولەکانی گواستنەوە و خزمەتگوزارییەکانی دیکە.

بە تێکڕای گشتی، بڕی خەمڵێندراوی هەموو ئەو زیانانە، دەکاتە ٤٥ ملیار دۆلاری ئەمریکی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...