هه‌واڵ

وەزارەتی پێشمەرگە: لە پڕۆسەی چاکسازی بەردەوام دەبین

زێدپرێس-هەولێر

 

وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپات لە بەردەوامیدان بە پڕۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی یەکە جیاوازەکان و جێبەجێکردنی تەواوی بڕگە و خاڵەکانی پڕۆژە یاسای چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەکاتەوە.

 

ئەمڕۆ سێشەم ١ی ئابی ٢٠٢٣، لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی فەریق ڕوکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد سدیق ئەمینداری گشتی، جێگرانی سەرۆکی ئەرکان، ڕاوێژکاری وەزارەت، ئەمین سڕی سەرۆکایەتی ئەرکان، کۆڵۆنێڵ جیم هەنتەر بەرپرسی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێم، کۆڵۆنێڵ میشێڵ گاچێرۆ بەرپڕسی ئۆفیسی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر و شاندێکی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو کۆبوونەوەیەدا، دووپات لە بەردەوامیدان بە پڕۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی یەکە جیاوازەکان و جێبەجێکردنی تەواوی بڕگە و خاڵەکانی پڕۆژە یاسای چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە کرایەوە، کە ڕەزامەندی سەرۆکایەتیەکانی هەرێمی کوردستانی لەسەرە.

ئاماژە بەوەش کراوە، کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە، لە چارەسەرکردنی کێشە و کەموکوڕییەکان و پشتیوانیکردن لەپێناو کارابوون و بەگەڕخستنی تەواوی تواناکان لەناو یەکەکاندا، بە ئامانجی خێراترکردنی ڕێکارەکان و هەنگاوەکانی ڕێکخستنەوەی تەواوی هێزەکان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە کۆتاییدا ئاستی ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغی داهاتووی هێزی پێشمەرگەی کوردستان خرایە بەرباس و هاوکات دووپات لە پابەندبوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرایەوە، لە پشتگیریکردن و هەماهەنگیکردن لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دا.

ئەو ڕاگەیەنراوەی وەزارەتی پێشمەرگە، لەکاتێکدا کە لە ٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٣، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە ڕاگەیەنراوێکی تایبەتدا، ئاماژەی دا، پێشکەوتنی بەرچاو لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە بەدەستهاتووە، بۆ باشترکردنی فەرماندەیی، کۆنتڕۆڵ و شەفافیەتی دارایی، بەڵام ئێستا، ئامانجی بنچینەیی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا، بەهۆی بارودۆخی سیاسی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بە هێواشی بەڕێوە دەچێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکدا، دووپاتیان کردبووەوە، کە هاوپەیمانان چاوەڕوانن، هەرێمی کوردستانی عێراق ویستی سیاسی پیشان بدات بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییەکان، پێش پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی ساڵانە، کە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا دەکرێت، بەتایبەت لە دانانی وەزیرێکی کاتی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە.

دڵنیاییشیان دا، کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبن لە ڕاوێژکردن و یارمەتیدان و بەهێزکردنی پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ دڵنیابوون لە شکستپێهێنانی تەواوەتی داعش.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...