هه‌واڵ

تورکیا دەیەوێت ڕۆژنامەوانێکی کورد ڕادەستی ئێران بکات

زێدپرێس-شکۆ شێرکۆ

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تورکش مینت، کە سەرچاوەکەی ڕاپۆرتێکی پێنجشەمی ماڵپەڕی هەواڵی (ئاژانسی سوور)ی تورکییە، ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی کورد (ئەمیر کەهریزی) ڕووبەڕووی دیپۆرتکردنەوە دەبێتەوە بۆ ئێران، سەرەڕای هەبوونی مافی پاراستن وەک پەنابەر.

بە گوتەی هاوسەرەکەی، شەهلە چۆرکی، ئەمیر لە ٧ی ئایار لە یۆنان دەستبەسەرکراوە بە بیانگەی هاتنەناوەوەی ئەورووپا وەک پەنابەر و ڕادەستی تورکیا کراوەتەوە. ١٠ ساڵ لەمەوبەر ئەمیر لە لایەن ئاسایشی ئێرانەوە بە هۆکاری سیاسی دەستگیرکراوە، دواتر بە ناچاری ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە بۆ درێژەدان بە کاری ڕۆژنامەوانی.

شەهلە گوتی، “ئێمە کچێکمان هەیە. خۆم و کچەکەم سێ ساڵە لە سوید نیشتەجێین. ئەمیر، دەیویست بۆ لای ئێمە بێت، کەچی ئێستا مەترسی دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئێران لەسەرە.”

شەهلە داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا و ڕێکخراوە جیهانییەکان دەکات دیپۆرتکردنەوەکە ڕابگرن، چونکە لە ئێران هیچ سیستەمێکی یاسایی نییە، ئەندامبوونت لە ڕێکخراوێکی دژ بە کۆماری ئیسلامی و چالاکی میدیایی لەگەڵ ڕێکخراوێکی لەم شێوەیە، بەسە بۆ ئەوەی لە ئێران بە تاوانبار لە قەڵەم بدرێیت. ئەمیر لەلای کۆماری ئیسلامی ناسراو بووە، بەهۆی ئەوەی ئەندامێکی کۆمەڵە بووە، هەروەها کاری ڕۆژنامەوانی و چالاکی لە کەناڵی تەلەڤزیۆنی سویدی، ئاسۆ سات، ئەنجامداوە.

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ پەنابەرانی ئێرانی نامەیەکی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی بەڕێوەبەرایەتی کۆچکردن، وەزیری ناوخۆ، کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمنێستی ناردووە، تێیدا داوای ڕاگرتنی پڕۆسەکە کراوە بە پابەندبوون بە ڕێککەوتننامەکەی جنێڤ. لە نامەکە هاتووە، “ئایا سەرۆکایەتی بەڕێوەبەرایەتی کۆچکردن و بەرپرسانی تورکیا دەیانەوێت ئەمیر کەهریزی بۆ ئێران بنێرنەوە بۆ ئەوەی لە زیندان ئازار بدرێت یان وەک ئەوانی تر لەسێدارە بدرێت؟ … ئایا بەرپرسانی حکوومەتی تورکیا گوێبیستی هەواڵی لەسێدارەدانی زیندانیانی ئاینی و سیاسی نین لە ئێران؟”

عەبدوڵا ئەسەدی بەڕێوەبەری فیدراسیۆنەکە، گوتی، تورکیا هێشتا وەڵامی نامەکەی نەداوەتەوە. ئاماژەشی بەوەدا، سەرەڕای ئەوەی تورکیا تەنیا ئەمساڵ ٣٧ هەزار پەنابەری دیپۆرت کردووەتەوە، هیچ ناڕەزایییەکی میدیایی یان دامەزراوە پێوەستەکانی تێبینی نەکردووە و هەمووان بێدەنگن سەبارەت بەم کێشەیە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...