كۆمه‌ڵایه‌تی

لە ساڵێکدا زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژی پشوو لە عێراق هەیە

زێدپرێس

 

پشووی فەرمی لە عێراق لە ساڵێکدا ١٠٠ ڕۆژ تێدەپەڕێنێت، بەبێ ڕۆژانی هەینی و شەممە، کە بۆ زۆربەی فەرمانبەران لە وەزارەت و دامودەزگاکانی دەوڵەتی عێراق پشووە. چاودێران و شارەزایان زۆری ڕۆژانی پشوو بە گرفتێکی گەورە دەزانن لە بەڕێوەبردنی کاروباری دامودەزگاکان و ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییانی عێراق.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی ڕۆژنامەی عەرەبی جەدید، زۆربەی پشووەکانی عێراق پەیوەستن بە بابەتە مێژوویی و ئایینی و مەزهەبییەکانەوە. هەرچەندە تا پێش ساڵی ٢٠٠٣ لە ١٦ ڕۆژ زیاتر نەبوون، بەڵام ئێستا بۆ زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژی پشوو لە ساڵێکدا بەرزبووەتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٥ەوە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەیتوانیوە یاسای پشووی فەرمیی دەربکات، بەهۆی ناکۆکی قووڵ لەسەر یاسایەکە، کە بووە هۆی گفتوگۆکردنی پڕۆژەکە زیاتر لە جارێک بە دانیشتنەکانی دواتری ئەنجوومەنی نوێنەران بسپێردرێت، بەو مەبەستەی ڕێککەوتنی سیاسی لەسەر بکرێت.

بەرپرسان دووپاتی دەکەنەوە، تا ساڵی ٢٠٢١ ژمارەی پشووە ڕاگەیەنراوەکان لەلایەن حکوومەتەوە گەیشتووەتە ١٠٥ ڕۆژ، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٢دا ١١٠ ڕۆژی تێپەڕاندووە، بەدەر لە ڕۆژانی هەینی و شەممە.

زۆرینەی پشووەکان بە “میزاج”ی حکوومەتی عێراق دیاریکراون، نەک پاڵپشت بە یاسایەکی تایبەت، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو ڕاستییەی کە زۆری پشووەکان تا چەند کاریگەری لەسەر دواکەوتنی وڵاتەکە هەیە، بەتایبەت ڕاییکردنی مامەڵە فەرمییەکانی پەیوەست بە هاووڵاتییان لە وەزارەتەکانی دەوڵەت و دادگا و قوتابخانە و دامەزراوەکانی دی. یاسای عێراق مافی بە حکوومەتە خۆجێییەکانی پارێزگاکان داوە کە بەتەنیا بۆ دانیشتوانی پارێزگاکە پشوو ڕابگەیەنن، بەپێی پێویست، ئەمەش لەچەند پارێزگایەکدا بەهۆکاری جیاجیا دووبارەکراوەتەوە.

 

عێراق بووەتە یەکەم وڵاتی جیهان لە ژمارەی پشووە فەرمییەکان، ئەمەش کاریگەری لەسەر دەستکەوت و بارودۆخی ئابووری و پێشکەوتنی وڵاتەکە هەیە

 

پێشتر وەزارەتی ڕۆشنبیری عێراق، بە هاوکاری دەزگاکانی حکوومەت دەرخستەیەکی نوێی بۆ یاسای پشووە فەرمییەکان پێشنیاز کردبوو، بەڵام بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان پێیان وا بوو، کە بڕگەکانی ناو پێشنیازەکە هەستیاری دروست دەکەن سەبارەت بەو پشووانەی پەیوەندییان بە بۆنە مشتومڕاوییەکانەوە هەیە. وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا باس لەوە دەکات، “عێراق بووەتە یەکەم وڵاتی جیهان لە ژمارەی پشووە فەرمییەکان، ئەمەش کاریگەری لەسەر دەستکەوت و بارودۆخی ئابووری و پێشکەوتنی وڵاتەکە هەیە”.

پێشنیازەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری عێراق، تەنیا ١٢ پشووی فەرمی لەخۆدەگرێت.

بەرپرسێکی وەزارەتی ڕۆشنبیری کە پێی باشبوو ناوی ئاشکرا نەکرێت، بە ئەلعەرەبی جەدیدی ڕاگەیاندووە، وەزارەت تا ئێستاش بەرگری لەو پێشنیازە دەکات، دوای ئەوەی زیاتر لە سەرۆک وەزیرانێک پشتگوێیان خست، سەرەتا لە حەیدەر عەبادییەوە دەستپێدەکات و تا بە سەرۆکوەزیرانی ئێستا محەمەد شیاع سوەدانی دەگات.

هەمان ئەو بەرپرسە دەڵێت، “ئاژاوەیەکی تەواو لە دیاریکردنی پشووەکاندا هەیە، حکوومەت زیاتر لە بۆنەیەکی ناگرنگی وەک پشووی فەرمی ناساندووە، ئەمەش بەزۆری دەبێتە هۆی دواکەوتنی دامودەزگاکانی حکوومەت لە تەواوکردنی ئەرکەکانیان، باسی کەڵەکەبوونی مامەڵەی هاووڵاتییان ناکەم”. جەختیش لە گرنگی بەیاساییکردنی پشووەکان دەکاتەوە و دان بەوەدادەنێت، بابەتەکە ڕەهەندی سیاسی وەرگرتووە و لایەنە سیاسییەکان ڕێگە نادەن پێشنیازەکە بکرێت بە یاسا.

 

حزبە سیاسییەکان نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەن، هەربۆیە هەر یاسایەک کە ناکۆک بێت لەگەڵ ئاڕاستەی لایەنەکان، تووشی پەکخستن و دواخستن دەبێت

 

محەمەد عەنوز ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دووپاتی دەکاتەوە، کە یاسای پشووەکان و یاساکانی دیکەیش، بە ناکۆکی سیاسی ناڕوون و میزاجی جیاوازەوە پەیڕەو دەکرێن. لەکاتێکدا دەزانن یاسایەکی لەو شێوەیە، سوودی بۆ دەوڵەتی عێراق و هاووڵاتییانی هەیە، بەتایبەت بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان لە دادگاکاندا، کە زۆر قەرەباڵغن.

عەنوز، ڕوونی دەکاتەوە، “حزبە سیاسییەکان نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەن، هەربۆیە هەر یاسایەک کە ناکۆک بێت لەگەڵ ئاڕاستەی لایەنەکان، تووشی پەکخستن و دواخستن دەبێت، هەروەک پڕۆژەیاسا هەیە کە زیاتر لە ١٠ ساڵە ڕاگیراوە و گواستراوەتەوە بۆ دانیشتنەکانی دواتری ئەنجوومەنی نوێنەران”.

یاسر عەبدولعەزیز چالاکی سیاسی، ئاماژە بەوە دەکات،  ئەو پشووە زۆرانەی کە لە لایەن حکوومەتە خۆجێییەکانی پارێزگاکانەوە دەردەچن، کێشەی ئیداری و ئابووریی لێدەکەوێتەوە، بەتایبەتی کە بەشێکی بەرچاو لە عێراقییەکان پشت بە کار و کرێی ڕۆژانە دەبەستن، بەمەش “ڕووبەڕووی زیانی دارایی دەبنەوە و لە کۆتاییدا تووشی هەژاری ڕاستەقینە دەبن، کە حکوومەت هیچی لەبارەیەوە نازانێت.”

 

لە عێراق ڕەنگە لە ڕاستیدا ڕۆژانی پشووی فەرمی زیاتر بێت، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو پشووانەی کە فەرمانبەران داوای دەکەن بۆ مەبەستی پزیشکی، پشوودان، یان خوێندن، بۆیە فەرمانبەری عێراقی بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی عەرەبی، کەمترین کار دەکات

 

عەبدولعەزیز دەڵێت “هەندێک لایەن بەمەبەستی سیاسییەوە دەخوازن عێراق بە دواکەوتوویی بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە سیاسی و حزبییەکانیان لەسەر حیسابی عێراقییەکان بەرەوپێش ببەن”.

مونیر عەبدوڵڵا توێژەری ئابووری عێراقی، ڕوونکردەوە کە “لە عێراق ڕەنگە لە ڕاستیدا ڕۆژانی پشووی فەرمی زیاتر بێت، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو پشووانەی کە فەرمانبەران داوای دەکەن بۆ مەبەستی پزیشکی، پشوودان، یان خوێندن، بۆیە فەرمانبەری عێراقی بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی عەرەبی، کەمترین کار دەکات”، جەختی لەوە کردەوە، کە ئەمە “کاریگەری لەسەر ڕاییکردنی مامەڵەکان و خێرایی تەواوکردنیان دەبێت. ڕەنگە بەشەکانی دادگا زۆرترین کاریگەرییان لەسەر بێت.”

عەبدوڵڵا لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت، “ڕۆژانی پشوو کەمترین کاریگەری لەسەر ئابووری عێراق هەیە، چونکە عێراق نزیکەی تەواو پشت بە نەوت دەبەستێت بۆ تێچووە داراییەکان و ئەم سەرچاوەیە عێراق دەکاتە یەکێک لە وڵاتە تەمبەڵەکان، هەر بۆیەش عێراق زۆر گرنگی بە پێشخستنی ئابووری نادات لە ڕێگەی کەرتەکانی دیکەوە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...