سیاسیشرۆڤه‌

کورد لەگەڵ فەلەستین بێت یان ئیسرائیل؟

 

ڕۆژی حەفتی ئۆکتۆبەر، کەتیبەکانی عیززەددین قەسسام (باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس) هێرشێکی فرەوانیان بە ناوی “تۆفانی ئەقسا” لە چەند ئاڕاستەوە بۆ سەر ئیسرائیل کرد، بە تایبەت بۆ دیواری غەززە، ئەمەش کاردانەوەیەکی هێندە گەورەی لەسەر ئاستی جیهان دروست کرد، مەگەر هێرشی داعش بۆ سووریا و عێراق یان هێرشی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا، هێندە دەنگدانەوەی دروست کردبێت، هەندێکیش دەیخەنە ڕیزی هێرشی یازدەی سێپتێمبەر بۆ سەر دوو باڵەخانە بازرگانییەکەی نیویۆرک و پێیان وایە، بە هەمان شێوە ئاڕاستەی سیاسەتی ڕۆژئاوا بەرانبەر ڕۆژهەڵات دەگۆڕێت. پێش ئەوەی پروشکی ئەم ڕووداوە پێشبینینەکراوە بگاتە کوردستان، کوردیش وەک کۆمەڵگەکانی دیکە، هەڵوێست و هەستی دەربڕیوە، جیا لە سەتان وتار و شیکاری و هەزاران هەواڵ لەسەری. بەشێکیان بە بارگاویبوونی ئایینی، دەستخۆشی لە هێرشەکان و کوشتنی سەتان خەڵکی سڤیلی جوو دەکەن، بەشێکی دیکەیش لەژێر هەژموونی نەتەوەییدا، سەرکۆنەی دەکەن و پشتیوانی بۆ ئیسرائیل دەردەبڕن و بە تاسەوە چاوەڕێی تۆڵەیەکی بەزەبرتر دەکەن.

بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بیانووە ئایینییەکە ئێکجار ڕوونە، کە بۆچی مرۆڤێک لەژێر سێبەری ئاییندا دژی ئیسرائیلە، چونکە دەیان دەقی قورئان و پەیامی پەیامهێن لە دژی نەژادی جوو هەن، لەگەڵ چیرۆکی زۆر بەدەوری ئەو دەقانەدا کە بەشێکی کورد خۆی تێدا وەک پاڵەوان دەبینێتەوە، بە گەڕانەوە بۆ سەڵاحەددینی ئەیووبی، سوڵتانی ئەیووبییەکان کە توانی جارێکی تر قودس بخاتەوە ژێر ڕکێفی ئاڵایەکی ئیسلامییانە کە دەوڵەتەکەی خۆی بوو. ئەوەی زۆر ڕوون نییە، هۆکارە نەتەوەیییەکەیە کە بۆچی دەبێت کورد پشتیوانی ئیسرائیل بێت؟ هەڵبەت هۆکارێکی سادە ئەوەیە، دەیان وێنە و هەڵوێستمان بینیوە کە کاتی خۆی فەلەستینییەکان پشتیوانی سەددام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بوون و ئێستەش لەسەر شەقامەکانیاندا وێنەی ئەو دیکتاتۆرە بەرز دەکەنەوە. لە هەڵوێستی نوێشیاندا، بینیمان چۆن لە هێرشی داگیرکاریی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین و ڕۆژاوای کوردستان، پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو سوپایە و ئەردۆغان دەردەبڕی.

بە باشی دەزانم، لەجێی ئەوەی شیکردنەوە بۆ هەڵوێستی کورد بکەم کە ئایا پێویستە پشتیوانی فەلەستین بێت یان ئیسرائیل، دەمەوێت ئەوە شی بکەمەوە، داخۆ فەلەستین بەڕاستی لەگەڵ گەلی کوردن یان ئیسرائیل؟

 

فەڵەستینییەکان پێیان وایە ئەوەندەی ڕۆژاوا بەتەنگ داوای کوردەوە هاتووە، نیو ئەوەندە بەتەنگ داوای ئەوانەوە نەهاتووە

 

پێش چەند ساڵێک، گفتوگۆیەکی چڕ و قووڵم لەگەڵ کونسوڵکاری فەلەستین لەسەر ئەم بابەتە کرد و وەڵامەکانی سەرنجڕاکێش بوون. ئەو وەک کەسێکی دیپلۆماسی کە لە هەولێر دادەنیشێت، باسی مێژووی پێوەندییەکانی کورد و فەلەستینی کرد، چەندە ڕیشەیەکی کۆنی هەیە. مێژووی سەڵاحەددینی گێڕایەوە. باسی لەوە کرد کە ئێستەش ماڵباتێکی زۆری کورد لە فەلەستین و ئوردندا دەژین و لە خەڵکە هەرە ڕەسەنەکەن. پاشان وەک ئەندامێکی حزبی فەتحیش، باسی لەو پێوەندییە پتەوەی نێوان بارزانی و یاسر عەرەفات کرد، بەتایبەتی هەڵوێستێکی جوامێرانەی عەرەفات بۆ ئەوەی بارزانی لە هەوڵێکی تیرۆرکردن لەلایەن موخابەراتی عێراقەوە بپارێزێت. هەروەها زۆر شکۆدارانە باسی هەڵوێستی مەلا موستەفای کرد کە لە شەڕی ئۆکتۆبەردا، لەپێناو سەرکەوتنی ئەو هەڵمەتەی عەرەب بۆ سەر ئیسرائیل، ئاگربەستی ڕاگەیاند. کاتێک هەموو ئەم شتانەی دەگێڕایەوە، گوایە هەموو فەلەستینییەک لەبەرچاویانە، منیش ئەوەم بە چاویدا دایەوە، لە بەرانبەردا ئەوان سەددام بە سەرکردەیەکی مەزن دەزانن کە بۆ ئێمە بریتییە لە ئەنفال و گوندسووتان و داگیرکاری و ماڵوێرانی. گوتی “تکایە بۆ ئەوەی لەم دۆخە تێ بگەیت، پێویستە خۆت بهێنیتە شوێنی هەر فەلەستینییەک کە خاکەکەی داگیر کراوە و لە ناوچەیەکی داخراودا گەمارۆ دراوە؛ هەرچی سەرکردەی عەرەبە خۆی لێ پشتگوێ کردووە و لەناویاندا یەکێکیان کە سەددامە، دەڵێت من دژی ئیسرائیل دەوەستمەوە و فەلەستین ڕزگار دەکەم، ئایا هەڵوێستت بەرانبەری جگە لە خۆشەویستی چی دەبێت؟ نموونەیەکی ئاسان، دەزانم ئێوەی کورد موعەممەر قەززافی، سەرۆکی پێشووی لیبیاتان خۆش دەویست، چونکە تاکە سەرۆکی عەرەب بوو، بە ئاشکرا دەیگوت پێویستە کوردەکان بگەن بە مافی خۆیان. باشە دەکرێت لیبییەک پێتان بڵێت چۆن دەبێت کەسێکی واتان خۆش بوێت کە هۆکاری مەینەتی و چەوسانەوەی دەیان ساڵی وڵاتەکەمان بووە؟ نەخێر، چونکە میللەتی ستەمدیدە و چەوساوە، دەست بە چڵەپووشێکەوە دەگرێت تا خۆی پێ هەڵبواسێت. پێویستە خۆشەویستیی فەلەستینییەکان بۆ سەددام، وەک خۆشەویستیی ئێوە بۆ قەززافی تەماشا بکەن.” هەر لەو دانیشتنەدا هەردووکمان باسی شیعرە نەمرەکەی مەحموود دەرویش، شاعیری مەزنی فەلەستینیمان کرد لەسەر كوردستان، کە خۆی بە هاوڕێی هەموو کورد دەزانێت، چونکە لە ڕێی سەلیم بەرەکات، نووسەری گەورەی ڕۆژاوای کوردستانەوە، کوردی وەک خۆی ناسیوە. هەڵبەت هەر دانیشتنەکەمان خۆی بۆ چالاکییەک بوو لەسەر دەرویش.

 

ئیسرائیل تا ئەو شوێنە لەگەڵمانە کە وەک گەلێکی چەوساوە و هەڕەشەلێکراو لەلایەن ئێران بە پلەی یەکەم و وڵاتانی ترەوە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بمانپارێزێت.

 

پێش چەند ساڵێکی دوورتر، ڕاپۆرتێکی شیکاریم لەسەر “ئیسحاق مۆردوخای” ئامادە کرد. مۆردوخای، سیاسییەکی بە ئەزموونی ئیسرائیلییە، بە ڕەچەڵەک کوردە و پۆستی زۆری لەو وڵاتەدا بینیوە، تا ئەو ڕادەیەی دەیویست ببێت بە سەرۆکوەزیران و ململانێکەی لەگەڵ ئەم نێتێنیاهۆیەی ئێستە بوو. ئەم توانی بابەتێکی ئابڕووییی قورسی بۆ دروست بکات و لە حزبەکەیدا پاشەکشەی پێ بکرێت، چونکە وەک لە ڕاپۆرتەکەدا ئەو کاتە ئاماژەم پێ دابوو، ئەگەری دەرچوونی هەبوو، ئەگەر ئەم بابەتەی لەسەر بڵاو نەکرایەتەوە. لەمیانەی کارەکەمدا، گفتوگۆیەکی زۆرم لەگەڵ کوردێکی ئیسرائیلی کرد و بووینە هاوڕێ. باسی کاریگەریی کوردەکانی ئەوێی بۆ کردم، کە وایان کردووە هەموو ئیسرائیلییەک کوردی خۆش بوێت و هەست بە مەینەتییەکانمان بکەن. دەیگوت، لە کۆتاییدا دوژمنی هەردووکمان هەر عەرەبە و پێویستە وەک دوو گەلی دۆست: کورد و جوو، کوردستان و ئیسرائیل بکەینە دوو قەڵغان بە ڕووی عەرەبدا.

ئەگەر فەلەستینییەکان پشتیوانی هەر هێزێک بن لە دژی کورد، پێویستە بە ڕوانگەیەکی کۆمەڵناسی سەیری بکەین. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دوو گەلی چەوساوە هەن، کە بریتین لە کورد و فەلەستینییەکان. ئەم دوو گەلە، بەردەوام خەریکی لۆبیین بۆ دۆزی خۆیان و بە گوێی نەتەوەیەکگرتووەکان و جیهانی دەدەن، کە پێویستە مافەکانیان بدرێت. فەلەستینییەکان پێیان وایە، ئەم پەرتبوونی دەنگە لەجێی ئەوەی لە یەک شوێنەوە بگاتە کەللەی زلهێزەکان، بەڵکوو لە دوو شوێنەوە دەچێت کە یەکێکیان دەنگی کوردەکانە، زیانی بە دۆزی ئەوان گەیاندووە. هەروەها پێشیان وایە، ئەوەندەی ڕۆژاوا بەتەنگ داوای کوردەوە هاتووە، نیو ئەوەندە بەتەنگ داوای ئەوانەوە نەهاتووە، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا ڕاستییە. ئەوان پێیان وایە، هۆکارێکی ئەم بابەتە پێوەندی بە ئیسرائیلەوە هەیە؛ بۆ ئەوەی جیهان لە ئاستی داواکانی فەلەستین کەڕ بێت، هێزی خۆیان خستووەتە گەڕ تا زیاتر گوێ بۆ داوای کورد بگرن. ڕەنگە ئەمەش لۆجیک بێت!

بەڵام ئیسرائیل تا کوێ لەگەڵمانە؟

ئیسرائیل تا ئەو شوێنە لەگەڵمانە کە وەک گەلێکی چەوساوە و هەڕەشەلێکراو لەلایەن ئێران بە پلەی یەکەم و وڵاتانی ترەوە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بمانپارێزێت. تەنانەت بۆ ئەوان گرینگە کورد و ئێران دژی یەک بن، چونکە بۆ پاکێجەکەیان لە دژی ئەو وڵاتە، سوودی لێ دەکەن، بەڵام هەرگیز ناخوازن کوردستان قەوارەیەکی سەربەخۆی هەبێت، تەنانەت دژایەتیشی دەکەن، ئاخر ئەمە زیانێکی ناڕاستەوخۆ و نیمچەڕاستەوخۆش بەوان دەگەیەنێت. ڕێک هەمان بیرکردنەوەی فەلەستینییەکانە. وا دیارە ئەو ئامۆزا سامییانە (جوو و عەرەب) لەم بابەتەدا وەک یەک بیر دەکەنەوە. نەخشەی ئیسرائیل بهێنە پێش چاوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە بە وڵاتانی موسڵمان تەنراوە و بە خوێنیان تینوون! وای کردووە هەموو زلهێزانی جیهان بە چاوی پاسەوانەوە لێیان بڕوانن. ئەی باشە ئەگەر دەوڵەتێکی تری ئاوا لە ناوچەکە هەبێت کە بریتییە لە دەوڵەتی کوردستان، بە دڵنیایی تورکیا، ئێران و وڵاتانی عەرەبی دژی دەوەستن. ئایا بە هەمان شێوە زلهێزانی جیهان ناچار ناکات پاسەوانیی ئێمەش بکەن، هیچ نەبێت لەبەر ئەوەی نەوت و گازمان هەیە و جیۆپۆڵەتیکی ناوچەکەمان گرینگە؟ کەواتە دەوڵەتێکی کوردی، چاوی ڕۆژئاوا پەرش دەکات، چاوێکیان لەسەر کورد و چاوەکەی تریان لەسەر جوو دەبێت! ئایا ئیسرائیل دەهێڵن ئەمە ڕوو بدات؟

 

لەڕووی سیاسییەوە پێویستە سەرکردایەتی کورد باڵانس ڕابگرێ و بڵێ هیوادارین هەردوو لا شەڕ ڕابگرن و بە ئاشتی و دانوستان بگەنە ڕێگەچارە

 

ئێمە وەک گەل، پێویستە دژی خوێنڕێژی بین، چونکە هێشتا لاشەی شەهیدەکانمان بە دەستی داعش سارد نەبوونەتەوە و خێرمان لە خوێنڕێژی نەبینیوە. وەک سیاسەت و ستراتیجیش، پێویستە سەرکردەکان باڵانس بپارێزن، چونکە  دیوێکمان ئێرانە، وەک چۆن لە ڕێی حەماسەوە توانی بگاتە ئیسرائیل و لە ڕێی حەشدی شەعبییەوە لە شانزەی ئۆکتۆبەردا گەیشتە سەر ئێمە، ئاسانە بە سیناریۆی تر ئازارمان بدات. هەروەها دەبێت ئەوەشیان لەبەر چاو بێت، نابێت هەڵوێستی دژی کۆدەنگیی نێودەوڵەتی بنوێنن، بۆ ئەمەش باشترین بەیاننامە ئەوەیە بڵێن: هیوادارین هەردوو لا شەڕ ڕابگرن و بە ئاشتی و دانوستان بگەنە ڕێگەچارە.

كوردۆ شابان

نووسەر و وەرگێڕ

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button