هه‌واڵ

دوو تریلیۆن و ٧٦٩ ملیار دینار بەناوی خانەنشینییەوە لە مووچەی فەرمانبەران بڕدراوە و دیاریش نییە

زێدپرێس

 

بە خەمڵاندن لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ تا تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، بڕی دوو تریلیۆن و ٧٦٠ ملیار دینار لە مووچەی خانەنشینانی هەرێم بڕدراوە، بەڵام سندووقەکە بوونی نییە و پارەکەیش دیار نییە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

عەبدولقادر ساڵح ڕاوێژکاری یاسایی، لە شیکردنەوەیەکی تایبەت بۆ یاسای خانەنشینی لە هەرێمی کوردستاندا، ڕوونی دەکاتەوە، کە هەر فەرمانبەرێک مانگانە ڕێژەی ٧٪ی مووچەکەی بەناوی خانەنشینییەوە دەبڕدرێت و دەبێت بخرێتە سندووقی خانەنشینییەوە، هەروەها حکوومەتیش لای خۆیەوە، دەبێت بەڕێژەی ١٢٪ بەشداری بکات، بەڵام نەک ئەوەی حکوومەتی هەرێم بەو ڕێژەیە بەشداری نەکردووە لە سندووقی خانەنشینی، بەڵکوو ئەو ٧٪یەیش کە مانگانە بەناوی سندووقی خانەنشینییەوە لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت، دیار نییە، لەکاتێکدا سندووقەکە لە بنەڕەتدا پێک نەهاتووە.

عەبدولقادر ساڵح ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر بە خەمڵاندن مانگانە تەنیا ٢٠ هەزار دینار لە مووچەی هەر فەرمانبەرێک ببڕدرێت و ژمارەی فەرمانبەران بە ٦٥٠ هەزار فەرمانبەر بخەمڵێندرێت، لەماوەی ٢٠٠٦ەوە تا تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بڕی دوو تریلیۆن و ٧٦٠ ملیار دینار لە مووچەی فەرمانبەران بەناوی خانەنشینییەوە بڕدراوە.

 

دەقی نووسینەکەی عەبدولقادر ساڵح ڕاوێژکاری یاسایی:

 

بەپێى ماددەى (٣/ یەکەم) لە یاساى خانەنشینى یەکگرتوو ژمارە (٢٧)ى ساڵى ٢٠٠٦ هەموو فەرمانبەرێک (٧٪) لە مووچەى بنەڕەتى دەبڕدرێت بۆ مەبەستى خانەنشینى و بەگوێرەى ماددەى (١٨)ى یاساکە بڕى ئەو (٧٪)یەی لە مووچەى خانەنشنیى فەرمانبەران دەبڕدرێت لەگەڵ (١٢٪)ى مووچەى ببنەڕەتى فەرمانبەر، دەوڵەت بەشدارى پێدەکات بۆ سندووقى خانەنیشى و  هەڵدەگیرێت و مووچەى فەرمانبەرانى پێ دەدرێت. ئەم یاسایەش لە مانگى (١/٢٠٠٦)ەوە چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

بەڵام، ئەوەى جێگەى پرسیارە ئەوەیە، تا ئێستا ئەو بڕە پارەیەى لە مووچەى فەرمانبەران بڕدراوە بە ناوى ڕاگیراوەکانى خانەنشینى (توقیفات تقاعدیة) نەخراوەتەوە ئەو سندووقەوە و هەر لە بنەڕەتەوە ئەو سندووقە دانەمەزراوە.

بنەما لەسەر ئەمە ئەگەر بە تێکڕا (٦٥٠٠٠٠) فەرمانبەر وەربگرین و بۆ هەر یەکەشیان مانگانە بڕى (٢٠٠٠٠) دینار لە مووچەکەیان بڕابێت بۆ مەبەستى خانەنشینى و بۆ ماوەى ماوەى نێوان ساڵانى (٢٠٠٦ تا مانگى ١٠ / ٢٠٢٣) ئەوا چارەنووسى ئەم بڕە پارەیەى خوارەوە دیار نییە، کە لە مووچەى فەرمانبەران بڕدراوە، لە کاتێکدا دەبووا مووچەى  خانەنشینان  تێکەڵ بە هیچ شتێکى دیکە نەکرێت و بەپێى ماددەى (٢٠)ى یاساکە و ئەو داهاتەى بۆ سندووقەکە دیاریکراوە، ئەوا مووچەى خانەنشینانى مسۆگەر دەکرد، بەبێ ئەوەى مووچەى ئەم توێژە گرێ بدرێت بە مووچەى فەرمانبەرانەوە وەک لە خوارەوە ڕوونى دەکەینەوە :

 

٦٥٠٠٠٠ فەرمانبەر × ٢٠٠٠٠ لێبڕینى پشکى خانەنشینى = ١٣٠٠٠٠٠٠٠٠٠ سیازدە ملیار دیناری مانگانە.

 

١٣٠٠٠٠٠٠٠٠٠ سیازدە ملیار دیناری مانگانە  × ١٢ مانگ = ١٥٦٠٠٠٠٠٠٠٠٠ سەد و پەنجا و شەش ملیار دیناری ساڵانە.

 

١٥٦٠٠٠٠٠٠٠٠٠ ×   ١٧ ساڵ و ١٠ مانگ = ٢٧٦٩٠٠٠٠٠٠٠٠٠ دوو تریلیۆن و حەوت سەد و شەست و نۆ ملیار دینار.

بۆ ماوەى نێوان (١/١/ ٢٠٠٦ تا ١/١٠/٢٠٢٣ ) بڕى دوو تریلیۆن و حەوت سەد و شەست و نۆ ملیار دینار لە مووچەى فەرمانبەران بڕدراوە بە ناوى ڕاگیراوەکانى خانەنشنیى، کەچى تا ئێستا لە بنەڕەتەوە سندووقەکە بوونى نییە و فلسى تێدا نییە!!

تێبینى: ئەو بڕەى لاى سەرەوە دیاریکراوە تەنیا داهاتى (٧٪)ى لێبڕینى مووچەى فەرمانبەران بۆ خانەنشینى نەک (١٢٪)ی کە بەپێى یاساکە دەبووایە حکوومەت بیدایە و بەڵام نەیداوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...