سیاسی

مەحموود سەنگاوی: چەکدارانی فەڵەستین هاوشانی بەعس لە کۆمەڵکوژکردنی کورد بەشدار بوون

زێدپرێس

 

مەحموود سەنگاوی، ڕایدەگەیەنێت، ئەو شەڕەی لە غەززە ڕوودەدات، شەڕی کافر و موسڵمان نییە، بەڵکوو شەڕی عەرەب و جووە لەسەر کێشەی خاک و سنور و زیاتر دەڵێ، ژمارەیەک لە چەکدارانی فەڵەستین هاوشانی بەعس لە کۆمەڵکوژکردنی گەلی کورددا بەشداری دیارییان هەبوو.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

مەحموود سەنگاوی، یەکێک لە فەرماندە سەربازییە دێرینەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردن لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی پێشمەرگە و تێکۆشەری دێرین مام ڕۆستەم کانی مستەفایی، گوتەیەکی پێشکەش کرد و گوتی، “مام ڕۆستەم یەکێک لە شۆڕشگێڕە دیار و ماندووەکانی ڕیزەکانی (ی. ن. ک) و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بوو”.

 

سەنگاوی، ئاماژەی دا، “سەرەڕای مەترسییە دەرەکییەکان لەسەر هەرێمەکەمان، بەداخەوە لە ئەنجامی خراپ کارکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتییەکی زۆر لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی  کوردستان هەیە”.

زیاتر گوتی، “ئومێد دەکەین حزبە سیاسییەکانی کوردستان هەست بەو مەترسییە بکەن لەسەر میللەتەکەمان هەیە و یەکگرتووبین”.

 

گەنجەکان بەعسیان نەدیوە و نازانن بەعس چی کردووە، بەڵام بە تەمەنەکان دەزانن بەعس چی پێکردین و چۆن کەرامەتییان شکاندین، کەرامەتی خوشکەکانیان شکاندین، ژنەکانیان بردین و خاکیان داگیرکردین

 

سەنگاوی ڕوونیکردەوە، “ئێمە ناڕازین لە حکوومەتەکەمان، بەڵام ڕەنگە بەو خراپییەش نەبێت، زۆر لایەنی دوژمنیش قسەی زۆر خراپ دەخاتە بازاڕ و دەخاتە مێشکی گەنجەکانمانەوە، وایان لێ دەکات بڵێن ئەگەر شەڕ ڕووبدات، ئەمجارە ئێمە ناچین، بەڵام کە شەڕ بوو، دەبێت هەموومان بچین. هەر کەس پەلاماری خاکەکەمان بدات، دەبێت بەرگری بکەین”.

 

زیاتر دەڵێ، “لەبەرئەوەی خاکەکەمان بەستراوە بە کەرامەتی ئێمەوە، ئەو گەنجانە بەشێکیان بەعسیان نەدیوە و نازانن بەعس چی کردووە، بەڵام پیاوە بە تەمەنەکان بەعسیان بینی، کە چییان پێکردین و چۆن کەرامەتییان شکاندین، کەرامەتی خوشکەکانیان شکاندین، ژنەکانیان بردین، خاکیان داگیرکردین و هەموو شتێکی خراپیان لەگەڵ کردین”.

مەحموود سەنگاوی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی لە تێکۆشەرانی دێرین کرد و گوتی، “هەندێکیان هێز و توانایان نەماوە، بەڵام هەندێکمان کە هێز و توانایشمان هەیە، دووریان خستووینەتەوە لە ڕیزەکانی حزب”.

 

یەکێتی زۆرێک لە تێکۆشەرە دێرینەکانی خۆی پەراوێز خستووە

 

زیاتر گوتی “هیوادارم ئەو حزبە تازەیەیش لە دوای کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دروست دەکرێت، سەرکەوتووبن و ئاگایشیان لەوە بێت، ئەو ئازادییەی هەیە، بەرهەمی ماندووبوونی تێکۆشەرانە، ئەمانەی کە تازە هاتوون هەقە ڕێز لە ماندووبوونی خەڵک و تێکۆشەران بگرن”.

 

ئەو ڕەخنەی لە یەکێتی گرت، بەوەی “زۆرێک لە تێکۆشەرە دێرینەکانی خۆی پەراوێز خستووە و لە ئەنجامی ئەوەدا دەبینین لە ساتەوەختی بەخاکسپاردنی تێکۆشەرێکی وەک مام ڕۆستەمدا هیچ بەرپرسێکی حزبی ئامادەی نییە و بەندەش وەک پێشمەرگەیەک و هاوڕێیەکی مام ڕۆستەم ئامادەیم لێرە هەیە نەک وەک بەرپرسێک”.

 

سەنگاوی، هەروەها، لەبارەی شەڕی ئیسڕائیل و حەماسیشەوە، قسەی کرد و ڕایگەیاند، “بەداخەوە ئەو شەڕەی کە لە نێوان گەلی فەڵەستین و ئیسڕائیلدا ڕوودەدات، ناکۆکی خستۆتە نێوان زۆرێک لە مامۆستا ئاینییەکانمان”.

 

شەڕی فەڵەستین و ئیسڕائیل شەڕی ئیسلام و کافر نییە، بەڵکوو شەڕە لەسەر خاک و سنور. ئەو شەڕە، شەڕی ئێمە نییە و پەیوەندیشی بە ئێمەوە نییە

 

ئەو ،گوتی “ئومێد دەکەین یەکڕیزی میللەتەکەمان بپارێزین و دوور بکەوینەوە لەو شەڕەی، کە بەداخەوە ئێستا لە نێوان مەلاکانی ئەم وڵاتە ڕوویداوە و ڕۆژانە لەسەر شەڕی عەرەب و ئیسڕائیل مەلاکان جنێو بە یەکتر دەدەن، بەداخەوە ئەوانەی ئێمە شەڕیان لەسەر دەکەین، ڕەنگە هەر نەزانن کە ئێمە هەین! ئەو شەڕە، شەڕی ئیسلام و کافر نییە، شەڕی عەرەب و جووە لەسەر خاک”.

ئاماژەیدا، “سەرەڕای ئیدانەکردنی ئەو کۆمەڵکوژییەی کە بەرانبەر گەلی فەڵەستین دەکرێت، بەڵام ئەوەی ڕوودەدات، پێم وانییە شەڕی نێوان کافر و موسوڵمان بێت بەڵکو شەڕی دوو گەلی ناوچەکەیە لەسەر خاک و سنوور”.

 

چەکدارانی فەڵەستین هاوشانی بەعس لە کۆمەڵکوژکردنی گەلی کورد بەشداربوون. ئەوانەی ئێمە شەڕیان لەسەر دەکەین، سەردەمێک دەهاتن چەکی بەعسیان هەڵدەگرت، وڵاتەکەیان دەسووتاندین و ئەنفالیان دەکردین

 

سەنگاوی، باسی لە بەشداریکردنی چەکدارانی فەڵەستین لە ئەنفالکردنی گەلی کورد کرد و گوتی، “دەبێت ئەوەشمان بیر نەچێت، کە کۆمەڵێک لە چەکدارەکانی گەلی فەڵەستین هاوشانی حکوومەتی بەعسی دیکتاتۆر لە سەردەمی پێش ئەنفال و دوای ئەنفالیشدا لە عێراق بوون و لە چەندین هێرشی سوپای عێراقدا بۆ کۆمەڵکوژکردنی گەلی کورد بەشداریی دیاریان هەبوو”.

ڕوونتر گوتی، “ئەوانەی ئێمە شەڕیان لەسەر دەکەین، سەردەمێک دەهاتن چەکی بەعسیان هەڵدەگرت، وڵاتەکەیان دەسووتاندین و ئەنفالیان دەکردین. لە کۆمەڵێک یاداشتنامەدا هەیە، کە ئەوانە سەردەمێک هاتوون لێرە لەگەڵ سوپای بەعس شەڕیان کردووە و دەیان کەسیشیان لێ کوژراوە”.

 

زیاتر گوتی “ئێستا ئێمە شەڕێکمان بەرپا کردووە لەناو خۆماندا، لە مزگەوت و مینبەرەکاندا، لەسەر ئەوەی ئایا ئەوەی لەوێ هەیە، جیهادە یان جیهاد نییە، هەموو مرۆڤێک دروستکراوی دەستی خودایە و بۆمان نییە بیکوژین؛ من کە ئەو منداڵانەی لە غەززە و ئەو منداڵانەی جووەکانیش کە دەبینم سەریاندەبڕن، گریانم دێت، مرۆڤێک ئەوەندە دڕندە بێت دەستی بچێتە منداڵ و پیرەژن و بیکوژێت، هەر کەس لە دنیادا بکوژرێت، من پێم ناخۆشە، بەڵام ئەو شەڕەی لە غەززە بەرپا بووە، شەڕی ئێمە نییە و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، ئومێدیش دەکەین خەڵک و مامۆستاکانیش دووربکەونەوە لەو شەڕەی لە مینبەری مزگەوتەکانەوە بەرپایان کردووە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...