زێدپرێس-شکۆ شێرکۆ
دەیڤد هێرست، دامەزرێنەر و سەرنووسەری میدڵ ئیست ئای، لە شیکارییەکی تایبەتدا، هەڵوەستە لەسەر بیرۆکەی نیشتەجێکردن و ڕاگواستنی فەڵەستینییەکان بۆ عێراق دەکات و ڕوونی دەکاتەوە، کە پێشتر بیرۆکەکە لەگەڵ سێ بەرپرسی سیاسی سووننەی عێراق باسکراوە.
بەگوێرەی هێرست، لە ساڵانی ڕابردوو ئیسڕائیل بەرنامەی ڕاگواستنی غەززەیییەکانی داڕشتووە، ساڵێک لەمەوبەریش لەڕێی چاوپێککەوتنێکەوە، بەرپرسانی ئیسڕائیل ئەو پێشنیازەیان بۆ سێ سیاسیی سووننەی عێراقی خەڵکی ئەنبار خستووەتەڕوو.
بەرپرسانی ئیسڕائیل پێشنیازی ڕاگواستن و نیشتەجێکردنی ٢ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار فەڵەستینییان بۆ عێراق کردووە
لەو دانیشتنەدا، سەرنجی گفتوگۆکانیان لەبری فەڵەستین، ئەنبار بووە. ئیسڕائیلییەکان ئاماژەیان بە پانتاییە فرەوان و چۆڵەکەی پارێزگای ئەنبار داوە، وەبیر سیاسییەکانی عێراقیان هێناوەتەوە، کە پارێزگاکە پڕە لە یەدەگەکانی ئاو، کانزا، نەوت و گاز، هەروەها ئیسڕائیلییەکانیش شارەزایییان هەیە و دەتوانن یارمەتییان بدەن سوود لەو سەرچاوانە ببینن. بەڵام ئەو بیرۆکەیەیان تەنیا ئامرازێکی کەمە، ئەویش نەبوونی دانیشتووی پێویستە بۆ ئەوەی شۆڕشێکی لەم شێوەیە بەرپا بکەن.
ئیسڕائیلییەکان دوای ئەوە ڕاستەوخۆ چوونەتەسەر کرۆکی بابەتەکە و پێشنیازی پێدانی ٢ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار فەڵەستینیان کردووە. بیرۆکەکەیان باڵکێش کردووە بە ئاماژەدان بە سوونەییبوونی فەڵەستینییەکان، کرێکاری ماندوونەناس، کەلتووری هاوبەش و هاوکێشکردنەوەی ژمارەی سووننە و شیعەکانی عێراق لە بەرژەوەندی سووننەکان.
ئیسڕائیلییەکان بە بەرپرسە سووننەکانی عێراقیان ڕاگەیاندووە، بە نیشتەجێکردنی فەڵەستینییەکان لە پارێزگای ئەنبار، ژمارەی سووننە بەرانبەر بە شیعە لە عێراق بەرزدەبێتەوە
دوای بیستنی ئەوانە، سیاسییە عێراقییەکان دڵنیایییان داوە، کە پێشنیازەکە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق بگەیەنن.
پاش هێرشەکەی ٧ی تشرینی یەکەمی چەکدارانی فەڵەستین، دەردەکەوێت بەرپرسانی ئیسڕائیل مکوڕن لەسەر درێژەدان بە بەرنامەکانیان و قەڵاچۆکردنی فەڵەستینییەکان لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا.
ئەگەرچی ساڵی ڕابردوو عێراقییەکان سەرپشک کرابوون لە وەرگرتنی فەڵەستینییەکان، ئێستا ڕەنگە هیچ هەڵبژاردەیەکیان لە بەردەم نەمێنێت و بیرۆکەکە ببێتە ڕاستی، بەهۆی هاوسۆزیی عێراقییەکان بۆ غەززە و فشاری دەوڵەتانی عەرەبی بۆ پاڵپشتیکردنیان.
لە دوای شەڕی غەززەوە، بیرۆکەی ڕاگواستن و نیشتەجێکردنی فەڵەستینییەکانی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا لە عێراق، نزیکتر بووەتەوە
لەلایەکی دیکەوە، وەک ئەوەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بڵاویکردووەتەوە، لە ٢٠ی تشرینی یەکەمەوە، نزیکەی ٨٠٠ لە چەکدارانی میلیشیا شیعەکانی حەشدی شەعبی لەسەر سنووری نێوان عێراق و ئوردن کۆبوونەتەوە (نزیکترین سنووری عێراق لە کەناری ڕۆژئاوای ئیسڕائیل)، بە مەبەستی دەربڕینی هاوسۆزیی لەگەڵ غەززەیییەکان و فشارکردنە سەر ئیسڕائیل بۆ ئەوەی گەمارۆکان لەسەر غەززە هەڵبگرێت. لە ٢٦ی هەمان مانگیشەوە، میلیشیاکان ڕێگەیان لە تانکەرانی نەوت گرتووە لە سنووری ئوردن بپەڕنەوە، ئەوان دەڵێن نابێت نەوتی عێراق هەناردەی وڵاتێک بکرێت، کە گرێبەستی ئاشتی لەگەڵ ئیسڕائیل هەیە.
بەردەوامی ئیسڕائیل لە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە، ڕەنگە سەرەنجام ئاوارەبوونی پتر لە ٢ ملیۆن غەززەیی لێ بکەوێتەوە. ناردنی ٨٠٠ چەکداری شیعە بۆ سەر سنووری نێوان ئوردن و عێراق، دەشێت بە مەبەستی ئامادەکاری بێت بۆ ڕێگریکردن لەو لێشاوی پەنابەران، کە دەکرێت بە زیانی شیعەکان بشکێتەوە، هەروەها پلانێکیش بێت بۆ زیادکردنی دەسەڵاتی شیعە لە یەکێک لە گەورەترین پارێزگا سووننەنشینەکانی عێراق.