سیاسی
ئاراستەکان

پەیوەندییە سەرسوڕهێنەرەکانی ئیسرائیل و کورد

 

ئۆفرا بینگیۆ

و. لەئینگلیزییەوە: پێشڕەو محەمەد

 

لە ساڵی ١٩٦٦دا، وەزیری بەرگریی عێڕاقی، عەبدولعەزیز ئەلعوقەیلی ئیدانەی کوردەکان دەکات بەوەدا دەیانەوێت «ئیسرائیلی دووەم» لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابمەزرێنن. هەروەها دەیگوت «خۆرئاوا و خۆرهەڵات پشتیوانی لە یاخیبووان دەکەن بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی نوێی ئیسرائیلیی لە باکووری وڵات [ئێستای هەرێمی کوردستان] وەک ئەوەی کردیان لە ١٩٤٨دا کاتێک ئیسرائیلیان دروست کرد. وەک بڵێیت مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە»[1]. نووسەرێکی عەرەب پێشتر هۆشداریی ئەوەی دابوو ئەگەر شتێکی وەها ڕوو بدات «عەرەبەکان لە ماوەی دوو دەیەدا ڕووبەڕووی دووەم نەکبە [کارەسات] دەبنەوە دوای فەڵەستین»[2]. ئەم بۆچوونانە دونیایەک شت دەڵێن دەربارەی ئەو تێگەیشتنەی عێڕاق بۆ مەترسی و هەڕەشەی کورد هەیەتی بۆ زیاتر لە چوار دەیە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عێڕاق. ئەم تۆمەتبارکردنانە ئەمڕۆ دەنگدانەوەیان لە هەندێک میدیای عەرەبیدا هەیە کە دەڵێن کوردستان شوێنپێکانی «یەهودستان» (وڵاتی جووەکان) هەڵدەگرێتەوە[3]. ئەگەر لە گۆشەنیگای کوردی و ئیسرائیلییەوە بڕوانین، ئەم پێکەوەگرێدان و تەریبانە ئامانجیان دێواندن و لە ڕوایەتیخستنی هەردووکیانە، هەم جووەکان و هەم کوردەکان، لە کاتێکدا هەروەها باس لە پەیوەندییە ناڕەوایەتیی پەیوەندییەکانی نێوانیان دەکەن. لەبەر ئەوە پرسیارە سەرنجڕاکێشەکان ئەوەن چ جۆرە پیەوەندی لەنێوان ئیسرائیل و کورددا هەیە؟

ئایا کورد وەک مۆدێل سەیری ئیسرائیل دەکات؟ ئاماژە و چەمکە هەرێمییەکانی ئەم جۆرە پەیوەندییانە چۆنن؟

 

پەیوەندییەکانی خەڵک بە خەڵکەوە

پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و کورد ئاڵۆزن. بۆ لێکۆڵینەوەیان، پێویستە جیاوازی لەنێوان کۆمەڵێک گۆشەنیگا و ڕەهەنددا بکەین: پەیوەندیی خەڵک بە خەڵکەوە بەپێچەوانەی پەیوەندییە فەرمییەکانەوە؛ پەیوەندییەکانی نێوان کوردانی عێراق و کوردانی تورکیا؛ و پەیوەندییە نهێنی و ئاشکراکان.

بەراوردکارییەکی نێوان جووەکان و کوردەکان زۆر هاوشێوەیی و لێکۆچوونی نێوانیان دەردەخات. هەردووکیان بە شێوەیەکی ڕێژەیی نەتەوەی بچووکن (١٥ ملیۆن جوو و ٣٠ ملیۆن کورد [بینگیۆ لە کتێبە تازەکەیدا ئەم ژمارەیەی بۆ ٥٥ ملیۆن بەرز کردووەتەوە، بەتایبەت لە ساتی نووسینی ئەم وتارەدا هیچ داتایەکی لە بەردەست نەبووە و زیاتر خەمڵاندن بووە. وەرگێڕ])، هەردووکیان بەهۆی ئازاردان و جەنگەکانەوە دووچاری تراوما هاتوون. هەردووکیان خەباتگەلی ژیان و مەرگیان بۆ پاراستنی شووناسی تاقانەی خۆیان گرتووەتە بەر، و نکووڵی لە مافی هەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی هەردووکیان دەکرێت و لە ڕەوایەتی دەخرێت. جگە لەوەش، هەردووکیان لەڕووی ئەتنیکییەوە تەواو جیاوازن لە دراوسێ عەرەب، تورک و فارسەکانیان، کە زۆرینەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. شتێکی گرنگتریش ئەوەیە، لێکۆڵینەوە تازەکان ئەوەیان دەرخستووە کە پەیوەندییە جێنەتیکییەکانی نێوان جووەکان و کوردەکان زۆر زیاترە لەوەی نێوان جووەکان و عەرەبەکان کە تا ئێستا باس کراوە[4]. ئەمەش دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی ئەفسانەی بەناوبانگە دەربارەی ڕیشەکانی کورد. لەم گێڕانەوەیەدا، سلێمان پاشا، کە حوکمی جیهانی سەرووسروشتی دەکرد، داوای لە فریشتە خزمەتکارەکانی کردووە و فەرمانی پێ کردوون بەرەو ئەوروپا بفڕن و پێنج سەد ژنی جوانی بۆ بهێنن. کاتێک خزمەتکارەکانی دەگەڕێنەوە، بۆیان دەردەکەوێت پاشا مردووە، بەڵام ئەوان ژنەکانیان بۆ خۆیان گلدایەوە کە پاشان لەو ژنانەوە نەتەوەی کورد لەدایک بوو[5]. شتەکە هەرچییەک بێت، هاوشێوەکان پەیوەندییەکی زۆری دیواریکراوی نێوان هەردوو گەلەکەیان بەدی هێناوە.

 

ئەو جووە کوردانەی لە ١٩٤٠ و ١٩٥٠کاندا کۆچیان کرد بۆ ئیسرائیل، بوونە باڵوێز و نێردە هەرە سەرنجڕاکێشەکان بۆ کوردانی عێڕاق، دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوە و بەرگریکردن لە ئامانجی کورد لەنێو بواری گشتیی ئیسرائیلیدا

 

ئەگەر لە ڕوانگەی مێژوویییەوە بدوێین، مامەڵەکردن لەگەڵ جووەکان لە کوردستان تێکەڵەیەک بووە لە لێبوردەیی بەرانبەر بە ڕیتوالە ئایینییەکانی جووەکان و سەربەستیی ئابووریی هاوکاتی هەندێک ڕاوەدوونان و هەروەها جووقڕانێکی دەگمەنیشی لەگەڵدا بووە[6]. لە ڕۆژگارانی کۆندا، تێڕوانین و دەرککردنی کورد بۆ جووەکان، بەراورد بە ڕوانینی کورد بۆ مەسیحییەکان، با جارێ باسی موسڵمانان نەکەین، تێڕوانینێک بووە بە نزم سەیری کردوون. بەڵام، بەدووی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلدا، ئەم جۆرە بیرکردنەوە و هەستکردنانە گۆڕان بۆ جۆرێک لە شەیدایی و ستایشکردن و زەروورەتی لاساییکردنەوەی سەرکەوتنی جووەکان لە فەڵەستین. لە هەمان کاتدا، هەروەها پەیوەندییەکان متمانەپێکردنی دوولایەنەی بەخۆوە گرت کە بوونە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ پەیوەندی و گرێدراوییەکانی سەردەمی نوێ[7].

بە نۆرەی خۆشی ئەو جووە کوردانەی لە دەیەی ١٩٤٠ و سەرەتای ١٩٥٠کاندا کۆچیان کرد بۆ ئیسرائیل، بوونە باڵوێز و نێردە هەرە سەرنجڕاکێشەکان بۆ کوردانی عێڕاق، دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوە و بەرگریکردن لە ئامانجی کورد لەنێو بواری گشتیی ئیسرائیلیدا. بۆ نموونە، لەگەڵ ئاوابوونی دەسەڵاتی سەدام حوسەین لە ١٩٩١دا بەهۆی ڕاپەڕینی کوردەوە، کۆمەڵگەی کوردی لە ئیسرائیل، کە ئەو کات بە ١٠٠ هەزار ئەندام دەخەمڵێنرا، دەستیان کرد بە ڕێکخستنی هەڵمەتی بەرفراوانی هاریکاری بۆ کوردانی عێڕاق. ئەوان هەروەها خۆپیشاندانی زۆریان لە بەردەم سەرۆک وەزیران، ئیسحاق شامیر ئەنجام دا و داوایان لە حکومەتی ئەمریکا کرد، کوردان لە دەستی سەدام بپارێزێت[8]. لە ڕاستییدا لە میانەی دیدارێکدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جەیمس بەیکەر، ئیسحاق شامیر داوای خێرای لە کابینەی حکومەتی ئەمریکا کرد بەرگری لە کوردان بکات[9]. هەر خێرا بەدووی ئەمەدا، کۆمەڵەی هاوڕێیەتیی ئیسرائیل-کورد لە یوریشەلایم (ئۆرشەلیم) دامەزرا کە ئامانجی بەهێزکردن و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل، جووەکان و کورد بوو لە سەرتاسەری جیهاندا[10]. کوردە جووەکانی ئیسرائیل بوونە پردێک بۆ ئەو ئیسرائیلییانەی دیکە کە لە دەیەی ١٩٩٠دا دەیانویست بڕۆن بۆ هەرێمی کوردستان، زمانی هاوبەش و پاشخانی کولتوورییان ئاسانکارییەکی گرنگ بوو لەم بوارەدا. بەگشتیی بدوێین، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێی وابوو ئاسانترە لە ڕێگەی کوردە جووەکانی ئیسرائیلەوە پەرە بە پەیوەندییەکان بدات، ئەگەرنا وا دەبینرا کە ئەمە مامەڵەکردنە لەگەڵ هاووڵاتییانی عێڕاقی.

 

کورد هیچ گومان و ڕاڕایی و دوودڵییەکیان لە بانگهێشتکردنی ئیسرائیلییەکان و جووەکان بۆ کۆنفرانسە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان یان هەر شوێنێکی دیکەی جیهاندا نییە

 

لە ئاستێکی دیکەدا، لە دەیەی ١٩٩٠ بەدواوە، کۆمیتەی کاروباری گشتیی ئەمریکیی ئیسرائیلی (AIPAC) پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ بەرپرسانی کورد پاراست چونکە «چالاکوانە جووەکانی لایەنگری ئیسرائیل پشتیوانییان بۆ کوردەکان دەبینی، نەتەوەیەکی بچووکی خەباتگێڕ بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی لەنێو دراوسێیەکی عەرەبی شەڕانگێز و دوژمندا، کاتێک وا دەردەکەوێت ئیسرائیلی هاریکار هاوپەیمانێکی سروشتی بێت بۆیان». بەگوێرەی مۆریس ئەمیتای، ڕێکخەری جێبەجێکاری کۆمیتەی کاروباری گشتیی ئەمریکیی ئیسرائیلی لە ١٩٧٤-١٩٨٠ «هاوڕێ ئیسرائیلییەکانمان هەمیشە ستایشی هاوڕێیەتیی ئێمەیان لەگەڵ کورد کردووە»[11]. کوڕەکەی ئەمیتای، مایک ئەمیتای، هەروەها ڕێکخەری جێبەجێکاری پەیمانگای کوردیی واشنگتن (WKI) بوو لەنێوان ١٩٩٦-٢٠٠٥دا. پەیمانگای کوردیی واشنگتن، کە ئەو هاریکار بوو لە دامەزراندنیدا، زنجیرەیەکی فراوانی ئەو کێشانەی بڵاوکردنەوە کاریان لە کۆمەڵگەی کوردی لە تورکیا، عێڕاق، ئێران و سوریا دەکرد. بە ڕێکخەرایەتی ئەمیتای، پەیمانگای کوردیی واشنگتن و هاوبەشەکانی دەستیان کرد بە دابینکردنی چەندین بەرنامەی دەرمانسازی، مرۆیی و لێکۆڵینەوەیی لە کوردستانی عێڕاق بۆ دەستنیشانکردنی کاریگەرییە تەندروستییە ماوەدرێژەکانی کارلێکەکانی چەکی کیمیایی. بە هەمان شێوە، پەیمانگای کوردیی واشنگتن خزمەتگوزاریی پەروەردەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی لە گوندەکان دامەزراند، کە ئامانجی خستنەڕووی ئەو بەرنامانە بوو ژنان لە ناوچە دووردەستەکاندا بەڕێوەیان دەبرد[12].

نزیکایەتی و متمانەی دوولایەن ڕەنگدانەوەیان لەنێو بوارەکانی ئەدەبیات و هونەریشدا هەیە. بۆ نموونە، ڕۆمانی ئایدا، لە نووسینی ڕۆماننووسی ئیسرائیلی، سامی میشایل، پاڵەوانی ڕۆمانەکە ژنێکی کوردە کە بەهۆی ترس و تۆقینەکانی ڕژێمەکەی سەدام، خۆی لە ماڵی یەکێک لە دووایین جووەکانی بەغدا حەشار دەدات[13] . لە فیلمی دۆکۆمێنتاریی بەغدا فەرامۆش بکەندا کە ساڵی ٢٠٠٣ لە ئیسرائیل دەرچووە، باس لە هەستە بەهێزە نۆستالژییەکانی کوردانی ئیسرائیل دەکات بۆ کوردستان[14] . هەمان نۆستالژیا لە کتێبێکی ئاریل سابار-دا ڕەنگی داوەتەوە کە باس لە چیرۆکی باوکی خۆی، زمانناسی بەناوبانگ، یۆنا سابار دەکات. ساباری پیر لە زاخۆ لەدایک بووە، لە تەمەنێکی زۆر زوودا شارەکە جێ دەهێڵێت، بەڵام هەمیشە هەستی خۆش و ستایشکارانەی بۆ کوردستان هەیە[15].

 

زۆرێک لەو جووە ئیسرائیلییانەی پێشینەی کورد و نا-کوردیان هەیە، بەردەوام لە هەرێمی کوردستان لە دەیەی ١٩٩٠ بەدواوە ئامادە بوون

 

لە لایەنی کوردییەوە، لە ٢٠٠دا گۆڤاری ئیسرائیل-کورد کە داود باغستانیی بڵاوی دەکردەوە، لە هەرێمی کوردستان دەرکەوت تا هاوڕێیەتیی نێوان هەردوو گەل بەهێز بکات[16]. ئەگەرچی تەنها بۆ ماوەیەکی کەم بەردەوام بوو، بەڵام هەر ئەو ڕاستییەی گۆڤارەکە ڕێگەی پێ درابوو ئازادانە لە کوردستان بڵاو ببێتەوە، نیشانەیەک بوو بۆ لێبوردەیی بەرانبەر ئیسرائیل و جووەکان. لە خاڵێکدا، گروپێکی خوێندکارانی کورد لە زانکۆی کوردستان داوای دامەزراندنی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و کوردستانی عێڕاقیان دەکرد[17]. بە هەمان شێوە کورد هیچ گومان و ڕاڕایی و دوودڵییەکیان لە بانگهێشتکردنی ئیسرائیلییەکان و جووەکان بۆ کۆنفرانسە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان یان هەر شوێنێکی دیکەی جیهاندا نییە، یاخود کتێبی جووەکان وەرگێڕنە سەر زمانی کوردی. بۆ نموونە، ناتان شارانسکی، بەرهەڵستکاری پێشووی ڕووسی و پاشان سەرۆکی ئاژانسی جوو، قسەکەری بانگهێشتکراو بوو بۆ کۆنگرەی سێیەمی جیهانیی کورد کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٣ لە ستۆکهۆلم ئەنجام درا. جووەکان هەروەها بانگهێشت کرابوون بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکدا دەربارەی کەمینەکان کە لە کۆتاییی ٢٠١٣دا لە هەرێمی کوردستان ئەنجام درا[18]. بە هەمان شێوە، زۆرێک لەو جووە ئیسرائیلییانەی پێشینەی کورد و نا-کوردیان هەیە، بەردەوام لە هەرێمی کوردستان لە دەیەی ١٩٩٠ بەدواوە ئامادە بوون.

 

گۆشەنیگای سیاسیی کوردی عێڕاق

دەبێت چەندین چاودێری و ڕوانگەی گشتی دەربارەی پەیوەندییە سیاسییەکان بخرێنە ڕوو. یەکەم، نە ئیسرائیل، نە هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی باش-پێناسەکراو، یەکدەست و یەکگرتوو و ئاشکرایان بەرانبەر بەیەک دانەڕشتووە؛ تەنها بەگوێرەی پێویست سیاسەتەکان لەسەر بنەمای گۆڕانی هەلومەرجەکان داڕێژراون. دووەم، ئەم بابەتە خۆی لە خۆیدا تەواو شتێکی هەستیارە بۆ هەردوو لا: کوردەکان نیگەرانن لە کاردانەوەی حکومەتی عێڕاق و هاووڵاتییانی عێڕاقی کە ڕەنگە کوردان وەک خائینان لەقەڵەم بدەن لە کاتێکدا ئیسرائیلیش بە وریایییەوە دەجووڵێتەوە نەکا کورد شەرمەزار بکات یاخود وا دەربکەوێت خەریکی ورووژاندن و هاندنی کوردە دژی حکومەتی عێڕاق. ئەگەر لە ڕووی کردەکییەوە بدوێین، هەردوولا دوودڵن لە داننان بە هەبوونی هەرجۆرە پەیوەندییەکدا. سێیەم، جیاوازییەکی گەورەی نێوان پەیوەندیی ئیسرائیل بە ڕابەرایەتیی کورد لە عێڕاق و لە تورکیا هەیە. ئەمەش ڕەنگدانەوەی کۆمەڵێک هۆکاری جۆراوجۆری مێژوویی، جیۆستراتیژی و سیاسییە.

 

کوردەکان نیگەرانن لە کاردانەوەی حکومەتی عێڕاق و هاووڵاتییانی عێڕاقی کە ڕەنگە کوردان وەک خائینان لەقەڵەم بدەن لە کاتێکدا ئیسرائیلیش بە وریایییەوە دەجووڵێتەوە نەکا کورد شەرمەزار بکات

 

ئەو ڕێسایەی سێبەری بەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و کورد لە عێڕاقدا کردووە ئەمەیە: «دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە». حکومەتی بەغدا دوژمنی هاوبەشی هەردووکیان بووە، ترسناکترین شت بۆ هەردووکیان حزبی بەعس بووە کە حوکمی عێڕاقی لەنێوان ١٩٦٨ تا ٢٠٠٣ کردووە. بەڵام لە ڕاستیدا، پەیوەندییە ئیسرائیلی-کوردییەکان دەگەڕێنەوە بۆ زۆر پێش سەرهەڵدانی بەعس، دەگەڕێنەوە بۆ سەرەتاکانی دەیەی ١٩٥٠ کاتێک بۆ یەکەمجار ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەی ئیسرائیل بۆ هاوپەیمانیی ناوچەیی، دامەزرا. ئەم ستراتیژییە دەیگوت یوریشەلایم دەبێت بەدووی هاوپەیمانێتیدا لەگەڵ دەوڵەتانی ناعەرەبی و هەروەها کەمینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگەڕێت بۆ ئەوەی لە بەرانبەر بلۆکی گەورەتری عەرەبیدا بووەستێت[19]. پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و کورد ڕاستەوخۆ دوای سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی کورد لە پاییزی ١٩٦١دا گەشەسەندنی بەخۆوە بینی، بەڕواڵەت بە دەستپێشخەریی یوریشەلایم[20]. بەگوێرەی گێڕانەوەیەکی دیکە، یەکەم پەیوەندییەکان لە ڕێگەی ڕوڤین شیلوا (پاشان یەکەم سەرۆکی مۆساد) لە سەرەتای دەیەی ١٩٣٠دا دروست بوون کاتێک شێلوا وەک پەیامنێر بۆ ڕۆژنامەی بوڵیتنی فەڵەسەتین کاری دەکرد[21].

یەکێک لە سەرەتاترین پەیوەندییە کوردییەکان چالاکوان عیسمەت شەریف وانلی بوو. لە یاداشتنامەکانیدا، وانلی دەڵێت لە ١٩٦٤دا کاتێک شۆڕشی کورد لە دۆخی زۆر خراپ و کارەساتباردا بوو، پێشنیار بۆ مەلا مەستەفا بارزانی دەکات کە داوای هاریکاری لە یوریشەلایم بکات. هەرکە بارزانی ئەمە قبوڵ دەکات، وانلی دەچێت بۆ ئیسرائیل (بە هاریکاریی سەرۆکی ساواکی ئێرانی)، لەوێ وانلی دیدار لەگەڵ سەرۆکوەزیراندا، لێڤی ییشکۆل، و هەروەها سیمۆن پێرێس، سەرۆکی پارتی کار، ئەنجام دەدات. دوای ئەم دیدارە، حکومەتی ئیسرائیل نوێنەرێکی هەمیشەیی بۆ کوردستانی عێڕاق دەنێرێت. ئیسرائیلییەکان هەروەها هەوڵیان دا کۆمەڵێک دیدار بۆ وانلی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی ڕێک بخەن، بەڵام ئەمریکییەکان ڕەتیان کردبووەوە. بەگوێرەی وانلی، ئیبراهیم ئەحمەد، کە پاشان لە حزبەکەی بارزانی جیا دەبێتەوە، هەر لە ڕۆژانی زۆر زوودا بە نهێنی سەردانی ئیسرائیلی کردبوو[22]. ئەم ئاشکرابوونە دەربارەی ئیبراهیم ئەحمەد گرنگە، چونکە، لە ساڵانی کۆتاییدا، باڵەکەی ئەحمەد زانیاری دەربارەی پەیوەندیی نهێنیی نێوان بارزانییەکان و ئیسرائیل ئاشکرا کرد تا بارزانییەکان دووچاری شەرمەزاری بکات.

 

بارزانی دووجار بە نهێنی، لە ١٩٦٨ و لە ١٩٧٣دا سەردانی ئیسرائیل دەکات. کوڕەکانی مەلا مستەفا، مەسعود و ئیدریس-یش سەردانی ئیسرائیلیان کردووە

 

ئەم پەیوەندییانە، کە هەردوولا بە نهێنی هێشتبوویانەوە، لە سەرەتای ساڵانی بەعس لە ١٩٦٨-١٩٧٥دا دەگەنە لوتکە. بارزانی دووجار بە نهێنی، لە ١٩٦٨ و لە ١٩٧٣دا سەردانی ئیسرائیل دەکات، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل کۆ دەبێتەوە، لە نێویاندا سەرۆکوەزیران. کوڕەکانی مەلا مستەفا، مەسعود و ئیدریس-یش سەردانی ئیسرائیلیان کردووە. بەرپرسانی ئیسرائیلیش لەلایەن خۆیانەوە، بەردەوام سەردانی کوردستانیان کردووە. هەندێک تیۆریی پیلانگێڕانە ژمارەی ئامادەیی ئیسرائیلییەکانی لەو کاتەدا لە کوردستان بە هەزاران کەس خەمڵاندووە. لە ڕاستیدا، ئامادەییی ئیسرائیلییەکان لە سێ بۆ چوار کەس تێنەپەڕیوە[23].

ئەم پەیوەندییانە سوودی بۆ هەردوو لا هەبووە. یوریشەلایم چەندین زانیاری و هەروەها پشتیوانی بۆ چەند هەزار جوو بەدەست هێنا تا لە عێڕاقی بەعسی ڕابکەن. کوردەکانیش لە بەرانبەردا پشتیوانی و هاریکاریی هەواڵگری و مرۆیی و هەروەها پەیوەندییگرتن لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا بەدەست هێنا، بەتایبەت لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. یەکەم ڕاگەیاندنی فەرمی کە یوریشەلایم هاریکاری پێشکەشی کورد کردووە دەگەڕێتەوە بۆ ٢٩ی سێپتێمبەری ١٩٨٠ کاتێک سەرۆکوەزیران، مناحم بیگن، ڕایگەیاند ئیسرائیل «لە میانەی سەرهەڵدانی کورد دژی عێڕاقییەکان لە ١٩٦٥-١٩٧٥دا» پشتیوانی لە کورد کردووە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش ئاگاداری ئەم ڕاستییە بووە. بیگن ئەوەش دەڵێت کە ئیسرائیل هەروەها ڕاوێژکار و چەکی ناردووە، بەڵام نەک یەکەی سەربازی[24].

هاریکاریی ئیسرئیلی بەگشتی سنووردار بووە بۆ هاوکاریی مرۆیی وەک بونیادنانی نەخۆشخانەیەک لە ١٩٦٦دا. وردە وردە ئەم هاریکارییە فراوان دەبێت تا سەرەنجام دەگاتە پێدان و ناردنی هەندێک چەک و تەقەمەنیی بچووک. دواتر هەڵدەکشێت بۆ ناردنی چەک و تەقەمەنیی قورستری وەک دژە-تانک و دژە-هێرشی هەوایی. ئەم هاریکارییانە هەروەها ڕاهێنانی کورد لە ئیسرائیل و لە کوردستانیش دەگرنە خۆ[25].

 

ئەو پاڵنەرەی حوکمی پەیوەندییەکانی ئیسرائیلی بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە کردووە تەواو جیاوازە لەو پاڵنەرانەی پەیوەندییان بە پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕابەرایەتیی بارزانییەکانەوە هەیە

 

سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو دەڵێت سەرجەمی ڕاهێنان و مەشقە سەربازییەکان بە کورد لەلایەن ئیسرائیلەوە بووە. ڕافایل ئیتان، پێش ئەوەی ببێتە سەرۆکی کاروباری گشتیی ئیسرائیل، لە ١٩٦٩دا سەردانی کوردستانی کردووە، دەڵێت بەگشتی سەرجەمی ڕاهێنەران و مەشقپێکەرانی ئیسرائیلی سەربازی یەکەی میلیتاری بوون. ئیسرائیلییەکان هەروەها وەک ڕاوێژکاریش خزمەتیان بە کورد کردووە. لە ڕاستیدا، سەردانی ئیتان بۆ هەندێک ئامانج بووە. بەڵام دەبێت جەخت لەوەش بکرێتەوە کە ئیسرائیلییەکان هەرگیز ڕاستەوخۆ بەشدارییان لە جەنگ نەکردووە و هیچ جۆرە ڕۆڵێکی فەرماندەیییان لەوێ نەبووە. هەروەها لە چالاکییەکانی وەک هەڵمەتەکانی بانگەشەکردن بۆ کورد لە ئەوروپا چالاک بوون، چالاکییەکانی کردنەوەی کۆرسی پزیشکی بۆ کورد و چاپکردن و نووسینی دەقە وانەییەکانی قوتابخانەکان بە زمانی کوردی. ئەم پەیوەندییانە لەناکاو لە ئازاری ١٩٧٥دا دوای ڕێککەوتنی جەزائیر لەنێوان عێڕاق و ئێراندا وەستان، ئەم ڕێککەوتنە کۆتایی بە سەرهەڵدانی کوردی هێنا. بەڵام پەیوەندییە جیاجیا و دابڕاوەکان چەندین ساڵی دیکە سەریان هەڵدایەوە و لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ بەردەوامیان هەبووە.

 

گۆشەنیگای سیاسیی پەکەکە

بەڵام ئەو پاڵنەرەی حوکمی پەیوەندییەکانی ئیسرائیلی بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە کردووە تەواو جیاوازە لەو پاڵنەرانەی پەیوەندییان بە پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕابەرایەتیی بارزانییەکانەوە هەیە. لەگەڵ پەکەکەدا واقیعەکە بەم جۆرە بووە: «هاوڕێی دوژمنەکەم، دوژمنمە». هاوڕێیانی پەکەکە سوریا و گروپە ڕادیکاڵە فەڵەستنییەکان بوون کە ڕاستەوخۆ لەژێر ڕابەرایەتیی دیمەشقدا بوون، لە کاتێکدا تورکیا هاوڕێی لەمێژینەی ئیسرائیل بوو. لەبەر ئەوە، پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ڕابەرایەتیی کورد لە تورکیا زۆر ئاڵۆز بووە. عەبدوڵا ئۆجەلانی ڕابەری پەکەکە چەندین دەربڕین و ڕوانگەی دژە-ئیسرائیل و دژە-زایۆنیستیی هەبوون کە ڕاستەوخۆ لە [ئایدیۆلۆژیای] دژە-جووایەتییەوە دەهاتن. بۆ نموونە لە ٢٠٠٥دا دەنووسێت:

 

«هاوشێوەی زایۆنیزمێکی دووەم، یارمەتیدانی کورد لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە بگاتە دۆخی دەوڵەتبوون. دەوڵەتبوونی ناسیۆنالیزمی کوردی لە دژی تورکیا و ئێران بەکار دەهێنرێت. من هەوڵم دا ئەمە بووەستێنم. [بەڵام] هەڤاڵانمان لەم ڕووەوە لاوازن… شتانێکی هاوشێوە لە ١٩٤٨ لە فەڵەستین ڕوویان دا. دەرەنجامەکە سەرهەڵدانی کۆمەڵێک جەنگی جەرگبڕ بوون. ڕێک چۆن ئەوان وایان کرد ئیسرائیل دژی عەرەبەکان بجەنگێت، و عەرەبەکانیان وێران کرد، ئەو پرۆسەیەی لێرەشدا [هەرێمی کوردستان] ڕوو دەدات سیاسەتێکە بۆ بە شەڕدانی سەگ لە دژی سەگ (iti ite kırdırmak)»… «ئێمە تەنها هەندێک مافی سادەمان دەوێن. ئەگەر ئەو مافانە بەدەست بهێنین، لە تواناماندا دەبێت بەر بە ناسیۆنالیزمی کوردی بگرین نەبێتە دووەم زایۆنیزم»[26]

 

هەروەها جەخت دەکاتەوە:

 

«نابێت بەدحاڵیبوون بەرانبەرم دروست ببێت وەک ئەوەی من لێرە دژی جووەکانم، نەخێر، من دژە-جوو نیم. من پشتیوانی لەوە دەکەم جووەکان بەشداریی دیموکراتانەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت. [بەڵام] زایۆنیزم مێنتاڵیتە و عەقڵییەتێکی جیاوازە. هەمیشە نەیارانی خۆی دروست دەکات»[27].

 

لە ئاستی پراکتیکییدا، لەبەر ئەوەی مافی پەنابەرێتی لە سوریای حافز ئەسەد لە ١٩٧٩دا پێ بەخشرابوو، ئۆجەلان بووە لایەنێکی سوری و هاوپەیمانێکی نزیکی ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەڵەستینی (PLO). لە سەروبەندی کۆتایییەکانی ١٩٧٩دا، پەکەکە زۆربەی شەڕڤانان و هەروەها ڕابەرایەتیی سەرەکیی خۆی بۆ کەمپی فەڵەستینییەکان لە خاکی لوبناندا گواستبووەوە و لەوێ پێکەوە مەشقیان لەگەڵ فەڵەستینییەکان دەکرد و تەنانەت بەشداریی جەنگیشیان دژی ئیسرائیل کرد[28]. وەک دانیال پایپس باسی دەکات «لە ١٩٨٢دا پەکەکە ئازایەتیی خۆی بە شەڕ دژی هێزەکانی ئیسرائیل لە لوبنان سەلماند و بۆ ئەم مەبەستە لە دۆڵی بیقاع کەمپێکی گەورەی وەک دیاری پێ بەخشرا، کە بووە بنکەی سەرەکیی پەکەکە»[29]. ژمارەیەک شەڕڤانی پەکەکە لە ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل لەو ساڵەدا کوژران. بەگوێرەی عیسمەت گ. عیسمەت، دوای ئەوەی ئیسرائیل کەمپەکانی ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەڵەستینی لە لوبنان وێران کرد، سوریا ڕێگەی بە پەکەکە دا لەسەر خاکی ئەوێ مەشق و ڕاهێنان بکات[30] . لە ١٩٩١دا ئۆجەلان ڕایگەیاند «سەدان کەمپ»ی لە لوبنان هەیە و پەیامنێرێکیش شایەتحاڵی ئەوە بووە هەم فەڵەستینییەکان و هەم ئۆپۆزیسیۆنی تورکی یەکەکەکانی پەکەکەیان بەکار هێناوە[31].

 

ئیسرائیل دەبوو بەرانبەر بە هەستیارییەکانی تورکیا بەئاگا بێت؛ ئەنقەرە پەکەکەی وەک دوژمنێکی کوشندە دەبینی. یوریشەلایم هەستی بە ناچاری دەکرد مەودای خۆی لەگەڵ ڕابەرانی کورد لە تورکیا بپارێزێت

 

پەیوەندییەکان لەگەڵ پەکەکەدا هەروەها ڕەنگدانەوەیەکی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل بە خۆرئاوا بە گشتی و بە تورکیاوە بەتایبەت بوون. بە گرتنەبەری شوێنپێکانی وڵاتانی خۆرئاوا ئیسرائیل دەبوو بەرانبەر بە هەستیارییەکانی تورکیا بەئاگا بێت؛ ئەنقەرە پەکەکەی وەک دوژمنێکی کوشندە دەبینی. یوریشەلایم هەستی بە ناچاری دەکرد مەودای خۆی لەگەڵ ڕابەرانی کورد لە تورکیا بپارێزێت، بە دڵنیایییەوە پەکەکە، تا تورکەکان نەکاتە دوژمن و پەیوەندییە تایبەتەکانیان تێک نەدات. دەبێت تێبینیی ئەوەش بکرێت پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئیسرائیل بە تورکیاوە، کە لە ناوەڕاستی دەیەی ١٩٩٠دا گەیشتنە لوتکە، هاوکات بوو لەگەڵ نزمترین ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و پەکەکە، پاشان شەڕێکی ناوخۆییی توندوتیژ سەری هەڵدا[32]. بەڵام سەرەڕای هەموو فشارەکانی تورکیا، یوریشەلایم بۆ ماوەیەکی ئێجگار درێژ دوور بوو لەوەی کورد بە تیرۆریزم سەرزەنشت بکات. بۆ نموونە، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل لە ١٩٩٣دا، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەحمەد چەتین، خواستی بە تیرۆریست ناساندنی بەرزکردەوە، بەڵام ئیسرائیل ڕەتی کردەوە[33]. بەڵام لە ئایاری ١٩٩٧ لە باڵاترین قۆناغی پەیوەندییەکانی تورکیا-ئیسرائیلدا بنیامین نەتانیاهوی سەرۆکوەزیران پشتیوانیی ئیسرائیلی بۆ تورکیا لە خەباتیدا دژی پەکەکە ڕاگەیاند. نەتانیاهو لەوەش تێپەڕی و گوتی هیچ ئاشتییەک لەگەڵ دیمەش بوونی نابێت تا کۆتایی بە پشتیوانیی خۆی بۆ تیرۆریزمی پەکەکە نەهێنێت[34].

ئاستێکی نزمی دیکەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیلییەکان و پەکەکە دەگەڕێتەوە بۆ شوباتی ١٩٩٩ کاتێک تورکیا ئۆجەلان دەستگیر دەکات کە تێیدا ئیسرائیلیش وەک بەشدار سەرزەنشت دەکرێت. ئەگەرچی یوریشەلایم بە فراوانی هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردنەوە کە هیچ هاوکارییەکی لە گرتنی ئۆجەلاندا هەبووبێت، گومانەکە بووە هۆی کۆمەڵێک خۆپیشاندانی گەورەی کورد لە بەردەم کونسوڵی ئیسرائیل لە بەرلین، کە بووە هۆی کوشتنی سێ خۆپیشاندەری کورد. خۆشبەختانە، قەیرانەکە بەبێ هیچ جۆرە ئاکامی پێچەوانە دامرکایەوە، بەڵام پەکەکە پاشان داوای لە ئیسرائیل کرد داوای لێبوردن لە ڕادەستکردنی گریمانەیی ئۆجەلان بکات. یەکێکی دیکە لە خاڵە ناخۆشەکانی ناو پەیوەندییەکان پرسی فرۆشتنی دە درۆنی ئیسرائیلیی بوو کە یوریشەلایم لە ٢٠٠٤ بە ئەنقەرەی فرۆشتن و پەکەکە گومانی ئەوەی دەکرد ئەم درۆنانە بۆ سیخوڕکردن بەسەر ئەوەوە بەکار هاتوون[35].

 

گۆڕانی سیناریۆی جیۆپۆلەتیکی

سیاقی جیۆپۆلەتیکی بۆ پەیوەندییەکانی کورد-ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەرچاو و زەق لەم ساڵانەی دوواییدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە. بووەتە هۆی هەندێک کرانەوە یاخود تەنانەت ئاشتبوونەوە و دۆستایەتیی سەرلەنوێ. بەڵام هێشتا نهێنیبوونی تەواوەتیی کە حوکمی ئەم پەیوەندییانە دەکات بوار بۆ زۆر پرسیار و تیۆری پیلانگێڕانە دەکاتەوە. جەنگی ٢٠٠٣ لە عێڕاق و دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیفاکتۆی کوردی دووبارە هێزی بە پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و حکومەتی هەرێمی کوردستان دایەوە. لەلایەکەوە حکومەتی بەغدا چیتر بە ڕادیکاڵی دژی ئیسرائیل نەبوو. لەلایەکی دیکەوە، ڕابەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساتێک تەواو توانای دەربڕینی هەبوو و دەیتوانی شتانێک بڵێت کە پێشتر مەحاڵ بوو دەریانبڕێت.

 

ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی، سایمۆر هێرش، دەڵێت چالاکی و کردەوە هەواڵگری و میلیتارییەکان بە هێمنی و بەبێدەنگی لە کوردستان کاری خۆیان دەکرد، مەشق و ڕاهێنانیان بە یەکە فەرماندەییەکانی کورد دەکرد و بەنهێنی ئۆپەراسیۆنیان لە مەڵبەندە کوردییەکانی ئێران و سوریا ئەنجام دەدا

 

لە ساڵی ٢٠٠٥، مەسعوود بارزانیی سەرۆکی هەرێم گوتی «دامەزراندنی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و ئیسرائیل تاوان نییە چونکە زۆر دەوڵەتی عەرەبی پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەتی جوودا هەیە»[36]. لەلای خۆیەوە جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی عێڕاق و سکرتێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هیچ دوودڵ نەبوو لە تۆقەکردن بەئاشکرا لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئەحود باراک لە کۆنفرانسێک لە یۆنان لە نیسانی ٢٠٠٨دا[37]. کاتێک لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانی عێڕاقەوە ئیدانە کرا، تاڵەبانی گوتی ئەو وەک سکرتێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تۆقەی کردووە نەک وەک سەرۆکی عێڕاق. میدیای ئیسرائیلییش ئاماژەی بە دیدارە نهێنییەکانی ساڵی ٢٠٠٤ی نێوان ئاریل شارۆن، مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانی کردووە[38] . هەروەها بەردەوام دیداری نێوان بنیامین نەتانیاهوی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و نێچیرڤان بارزانی هەبووە[39].

پەیوەندییە نهێنییە ئاسایشی و ئابوورییەکانیش بەهێزتر بوون و پێدەچوو مەشقپێکردنی کوردەکان لەلایەن ئیسرائیلییەکانیشەوە هاتبێتە ناو ئەم پەیوەندییانەوە. بەگوێرەی هەندێک سەرچاوەی نا-ئیسرائیلی، چالاکییە ئیسرائیلییەکان لە هەرێمی کوردستان بەرفراوانن. بۆ نموونە، ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی، سایمۆر هێرش، دەڵێت چالاکی و کردەوە هەواڵگری و میلیتارییەکان بە هێمنی و بەبێدەنگی لە کوردستان کاری خۆیان دەکرد، مەشق و ڕاهێنانیان بە یەکە فەرماندەییەکانی کورد دەکرد و بەنهێنی ئۆپەراسیۆنیان لە مەڵبەندە کوردییەکانی ئێران و سوریا ئەنجام دەدا[40]. بەگوێرەی هێرش، لە کۆتاییی ٢٠٠٣دا ئاریل شارۆن بڕیارێکی ستراتیژییانەی دا بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دژی پاشخانی هەلومەرجی تێکدەرانە و شپرزە لە عێڕاق و دژی دزەکردن و دەستێوەردانی ڕوولەگەشەی ئێرانی[41]. ئەم بانگەشانە بە نەسەلمێنراوی ماونەتەوە.

سەرچاوە بەربڵاو و گشتییەکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بە هەندێک لەم بابەتانە کردووە. ڕۆژنامەی یەدیعوت ئاحرۆنۆت (Yedi’ot Aharonot) ژمارەیەکی تایبەتی سەبارەت بە ڕاهێنانی پێشمەرگە، هێزی میلیتاریی کورد لەلایەن ئیسرائیلەوە بڵاو کردەوە[42]. سەرچاوەیەکی دیکەی ئیسرائیلی ئاماژەی بە چالاکییەکانی کۆمپانیایەکی ئیسرائیلی لە بونیادنانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە کوردستان کردووە. هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە دانی یۆتۆم، سەرۆکی پێشووی مۆساد، خاوەنی کۆمپانیایەک و شلۆمی میشایلسی سەرمایەگوزار پێشنیاری بازرگانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم کردووە و ڕاوێژی ستراتیژییان سەبارەت بە بابەتە ئابووری و ئاساییشییەکان پێشکەش کردووە. جگە لەوەش، باس لەوە کراوە کە «چەندین تۆنی کەرەستە و ئامێری جەنگی، ماتۆڕ، تراکتۆر، سەگی بۆنکەر، سیستەمەکانی بەرزکردنەوەی تواناکانی چەکی کالاشنیکۆڤ، هێلەگی دژە-گولە، و کەرەستەکانی هاریکاری و فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ کوردستانی عێڕاق گواستراونەتەوە»، کە هەموویان ئەم مۆرەیان بەسەرەوە بووە «Made in Israel»[43]. لەلای خۆیانەوە، سەرچاوە عێڕاقییەکان، بەتایبەت شیعەکان، لیستی فراوانی دەستە و گروپی ئەو کۆمپانیا و سەرمایەگوزارییە ئیسرائیلییانەیان بڵاو کردووەتەوە کە لە ڕێگەی لایەنی سێیەمەوە [مەبەست کوردستان] لە عێڕاق چالاکن[44].

 

ئێستا لەنێو زۆربەی کورداندا، لانی کەم لە هەرێمی کوردستان، تاسەیەکی بەتین هەیە بۆ هاریکاری و کاری هاوبەش لەگەڵ ئیسرائیل

 

لە ئاستی گشتیدا، تێگەیشتن و بینینی بەجێماوی کورد بۆ ئیسرائیل ئەوەیە کە وڵاتەکە لە ١٩٧٥دا خیانەتی لە کورد کرد (کاتێک بەڕوونی دیارە ئەوە محەمەدڕەزا شا بوو نەک ئیسرائیل کە هیچ دەستڕاگەیشتنێکی بۆ عێڕاق نەبوو) و وڵاتەکە پشتیوانی لە تورکیا دژی پەکەکە کردووە. هەرچۆنێک بێت ئەم دەرککردن و بینینانە بەم دوواییانە بەجۆرێک گۆڕاون کە ئێستا لەنێو زۆربەی کورداندا، لانی کەم لە هەرێمی کوردستان، تاسەیەکی بەتین هەیە بۆ هاریکاری و کاری هاوبەش لەگەڵ ئیسرائیل. بەگوێرەی ڕاپرسییەکی ساڵی ٢٠٠٩ لە هەرێمی کوردستان، سەدا ٧١ی ئەوانەی وەڵامیان داوەتەوە گوتوویانە ئەوان پشتیوانی لە دروستبوونی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەکەن، و سەدا ٦٧ گوتوویانە ئەوان ئەم پەیوەندییانە وەک هەنگاوی گرنگ بەرەو کوردستانی سەربەخۆ دەبینن[45] . بەڵام گرنگیدانی کورد بە پەیوەندیی دوولایەن لەگەڵ ئیسرائیل بووەتە هۆی کاردانەوەی ئێجگار زۆری هێرشبەرانە و توند لە جیهانی عەرەبییدا و بەتایبەت لەناو عێڕاقییەکاندا. میدیای عەرەبی هەمیشە کوردیان بەوە تۆمەتبار کردووە خەریکی جێبەجێکردنی «پڕۆژەی ئیمپریالیستییە بۆ دابەشکردنی عێڕاق»[46]، هەوڵ دەدات نکوڵی لە شووناسی ئیسلامیی دەوڵەت بکات و ڕەتی دەکاتەوە «کوردستان وەک بەشێک لە نەتەوەی عەرەبیی ببینێت»[47]. خراپترین تۆمەتبارکردن ئەوە بووە کورد بەکرێگیراوانی یوریشەلایمن کە دەیانەوێت «ئیسرائیلی دووەم» دابمەزرێنن[48]. وەک وەڵامدانەوە بەرانبەر بەم تۆمەتبارکردنانە، ڕۆژنامەنووسێکی کورد دەڵێت عەرەبەکان بەدەست «ئاریشەی کوردی» و بەدەست «کوردۆفۆبیا»وە ناڵاندوویانە و دەڵێت «قەڵەمبەدەستانی عێڕاقیی و عەرەب» «تیرۆریزمی ڕێکخراو»یان بەکارهێنانەوە تا زیان بە کورد و ڕابەرایەتیی کورد بگەیەنن[49]. لەلای خۆیەوە، ئیسرائیل دەیەوێت هانی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ کورد بدات، بەڵام ترسی لە دوژمنایەتی لەگەڵ تورکیا هەیە، ئەگەرچی ئەنقەرە هیچ سڵ لەوە ناکاتەوە، پشتیوانی لە یەکێک لە ترسناکترین دوژمنەکانی ئیسرائیل، واتا حەماس، بکات.

پەیوەندییە هەڵبەز و دابەزەکانی نێوان ئەنقەرە و یوریشەلایم لەم ساڵانەی دوواییدا یارمەتیدەربووە لە هێوربوونەوە و ئاسانکاریی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل بە ڕابەرایەتیی کوردییەوە لە تورکیا. بەگوێرەی سایمۆر هێرش پەیوەندییەکانی ئیسرائیل-تورکیا لە کۆتایی ٢٠٠٣ بەدواوە گرژیان تێکەوتووە، زیاتر بەهۆی هاریکاریی نێوان ئیسرائیل و هەرێمی کوردستان:

 

ئیسرائیل دەیەوێت هانی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ کورد بدات، بەڵام ترسی لە دوژمنایەتی لەگەڵ تورکیا هەیە، ئەگەرچی ئەنقەرە هیچ سڵ لەوە ناکاتەوە، پشتیوانی لە یەکێک لە ترسناکترین دوژمنەکانی ئیسرائیل، واتا حەماس، بکات

 

«سەرچاوە تورکییەکان بە متمانەبەخۆبوونەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە تورکەکان بە فراوانی نیگەرانن لە زیادبوون و هەڵکشانی ئامادەیی ئیسرائیل لە کوردستان و هاندانی گریمانەییانەی خەون و خولیاکانی کورد بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ… تورکەکان دەڵێن کە ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییە فراوانەکانی ئیسرائیل لە باشووری عێڕاق بریتین لە چالاکیی دژە-سوری و دژە-ئێرانی، بە خودی پشتیوانییکردنی کوردانی ئێران و کوردانی سوریا کە دژی حکومەتەکانیان دەوەستنەوە»[50].

 

سیاقی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل بە پەکەکەشەوە گۆڕاوە. دەربڕینە دژە-جووایەتییەکانی ئۆجەلان لە ئیدانەکردنەکانی لۆبی ئیسرائیلی لەلایەن ئەو و هاوبیرەکانییەوە هەر بەردەوامن[51]. بەڵام دەکرێت ئەمانە بە ئامانجی خۆبردنە پێشەوە و خۆشیرینکردن بن لای حکومەتی تورکی کە پەکەکە لەگەڵیدا چووەتە ناو پرۆسەی ئاشتییەوە [تێبینیی ئەم وتارە ٢٠١٤ نووسراوە، واتا سەردەمی پرۆسەی ئاشتی، وەرگێڕ]. بەڵام هێشتا زۆر هەوڵی ئیسرائیلییەکان و پەکەکە هەن پەیام بۆ یەکتر بنێرن یاخود لانی کەم گرژییەکان کەم بکەنەوە. ئەندامێکی پەکەکە هۆگریی کوردی بۆ ئیسرائیل بەراورد بە لاوێکی گوند کردووە بەردەوام هاموشۆی بەردەم ماڵی دڵبەرەکەی دەکات، بەڵام لەبەر ترسی باوکی دڵبەر، دەترسێت بچێتە ژوورەوە[52]. پێ دەچێت هەروەها دوو باڵ لەناو پەکەکەدا هەبوون، یەکەمیان مورات قەرەیلان ڕابەرایەتی دەکات، کە کراوەیە بەرانبەر بە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەویدیکەیان جەمیل بایک کە زۆر دڕدۆنگ و دوودڵە. ڕێکخراوە گشتییەکەی لە ئەوروپا، کە بە کۆنگرەی نەتەوەییی کوردستان (کەنەکە) ناسراوە، پێدەچێت زۆر کراوەتر و ئامادەتر بێت بۆ بیرکردنەوە لە پەرەدان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل[53]. لە چاوپێکەوتنێکی مانگی ئازاری ٢٠١٤دا لەگەڵ یوریشەلایم پۆست، ئەندامی دیاری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، زوبێر ئایدار بانگەواز بۆ «ڕماندنی دیوارەکان»ی نێوان کورد و ئیسرائیلییەکان دەکات[54].

لە بەرەی ئیسرائیلیشەوە، زۆر دەڕبڕین و جاڕنامەی ناڕوون و دووانەمانا هەن. ئاڤیگدۆر لیبەرمانی وەزیری دەرەوە گوتوویەتی یوریشەلایم ڕەنگە پشتیوانیی پەکەکە بکات دژی تورکیا. ئەگەرچی ئەم دەربڕینانە دواتر نکوڵیان لێ کرا، بەڵام زەمینەیان خۆشتر کرد بۆ تیۆرە پیلانگێڕییە درێژماوەکان لە ئەنقەرە. بۆ نموونە، هێرشی مانگی ئایاری ٢٠١٠ی پەکەکە لەناوەوەی تورکیا یەکانگیرکرا لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل دژی کەشتیی ماڤی مارمارا کە بەرەو غەزە بەڕێکەوتبوو و ئەو گومانانەی لە ئەنقەرە دروستکرد کە ئیسرائیل مێشکی پەکەکە بووە[55]. بەهەمان شێوە، بەرپرسانی هەواڵگریی تورکی یوریشەلایمیان بە هاریکاریکردنی پەکەکە تۆمەتبارکردووە کە زانیاری لە هەرێمەکانی هاتای و ئەدەنە لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کۆکردووەتەوە و داونی بە پەکەکە[56]. هەم سەرچاوەکانی پەکەکە و هەم ئیسرائیل ئەم دەنگۆیانەیان ڕەت کردووەتەوە. بەڵام، فشار لەسەر ئیسرائیل بۆ خۆبەدوورگرتن لە پەیوەندیی بەکوردەوە تا دوژمنایەتیی تورکیا نەورووژێنێت، لە هۆکارێکی دیکەشەوە هاتووە: حکومەتی تورکی بەشێوەیەکی بنچینەیی سیاسەتی خۆی بەرانبەر کورد گۆڕیوە، نەک تەنها لەڕێگەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەڵکوو هەروەها لەڕێگەی پرۆسەی ئاشتیشەوە کە کە لە بەهاری ٢٠١٣ لەگەڵ نەیارەکەی، پەکەکە، دەستی پێ کرد. [خوێنەر دەبێت دیسان ئاگای لەوە بێت ئەم وتارە لە گەرماوگەرمی ئەوەی پێی دەگوترێت پرۆسەی ئاشتیدا نووسراوە، وەرگێڕ].

 

چەندین ڕاپۆرت و هەواڵ هەن دەڵێن ئیسرائیل ماوەیەکی زۆرە خەریکی پەرەدانە بە کۆمەڵێک پەیوەندی لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، گرووپێکی کوردیی وابەستە بە پەکەکە. هەروەها بانگەشەی ئەوە هەن یوریشەلایم لە هەرێمی کوردستان مەشقی بە گەریلاکانی پژاک کردووە

 

سەرهەڵدانەکان لە سوریا هەروەها کوردانی سوریای هێنایە پێش پەردەی شانۆکەوە. پێشتر ئەوان تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە هەبێت یەکەیەکی تەواو نەناسراو بوون. لێرەشدا دووبارە دروشمی «دوژمنی دوژمنەکەم» سەری هەڵدایەوە کاتێک هەم کورد و هەم ئیسرائیلییەکان ڕووبەڕووی ڕێکخراوە تیرۆریستییە ئیسلامییەکانی وەک جەبهەی نوسرە و داعش بوونەتەوە. بەڵام پێ دەچێت پەیوەندییەکانی نێوان یوریشەلایم و کوردانی سوریا بگەڕێنەوە بۆ ڕۆژگاری زۆر پێش ئەم سەرهەڵدانانە. بەگوێرەی سایمۆر هێرش، کە بڕگەی لە وتارێکی ٢٠٠٤ی بەرپرسانی ئەڵمانی ڕاگواستووە، فەرمانگەی هەواڵگریی ئەڵمانی بەڵگەی ئەوەی هەبووە کە یوریشەلایم هێز و دەسەڵاتی نوێی لە ناوەوەی کۆمەڵگەی کوردیی لە سوریا (و ئێران) بەکارهێناوە بۆ ئامانجە هەواڵگرییەکانی خۆی. هێرش هەروەها شتێک لە وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنانیی، میشال سەماحە ڕادەگوازێت کاتێک دەڵێت حکومەتەکەی بەڵگەی هەبووە ئیسرائیل «خەریکی ئامادەکردنی کوردانە بۆ جەنگی سەرتاپاگیر دژی عێڕاق، سوریا، تورکیا و ئێران. ئەوان ئامادە کراون تا سەرجەمی ئۆپەراسیۆنە فەرماندەییەکان بەڕێوە بەرن»[57]. لەکاتێکدا مەحاڵە ئەم ڕاپۆرتە بەرچاوانە پشتڕاست بکرێنەوە، بەڵام تەواو ڕێی تێدەچێت کوردانی سوریا و ئیسرائیلییەکان پەیامیان بۆ هاریکاریی هاوبەش ناردبێت. هەندێک لە گروپی کوردی لە سوریا بەدڵنیاییەوە هیوایان بە هەبوونی پشتیوانیی ئیسرائیلی هەیە.

لە کۆتاییدا، چەندین ڕاپۆرت و هەواڵ هەن دەڵێن ئیسرائیل ماوەیەکی زۆرە خەریکی پەرەدانە بە کۆمەڵێک پەیوەندی لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، گرووپێکی کوردیی وابەستە بە پەکەکە. هەروەها بانگەشەی ئەوە هەن یوریشەلایم لە هەرێمی کوردستان مەشقی بە گەریلاکانی پژاک کردووە. ڕاپۆرتێک هەروەها ئاماژە بەوە دەکات ئیسرائیل هاوشانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پارە، چەک و زانیاری بە پژاک داوە، بەڵام لە ٢٠١٣دا لەناکاو ئەو پشتیوانییە وەستاوە[58]. نادر ئینتسار، لێکۆڵەری کورد، دانیشتووی ئەمریکا، باسی لەوە کردووە یوریشەلایم و واشنگتن پشتیوانییان لە پژاک و لایەنە کوردییەکانی دیکە دژی حکومەتی ئێران کردووە[59]. هەروەها بەردەوام دەبێت و دەڵێت سەرۆکی پژاک، ڕەحمان حاجی ئەحمەدی تەنانەت لە ٢٠٠٧دا گەشتی واشنگتنی کردووە و بەرپرسانی ئەمریکی بینیوە، سەرەڕای ئەوەی پەیوەندیی پژاک بە پەکەکەوە هەیە و پەکەکەش لەلایەن حکومەتی ئەمریکییەوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لەقەڵەم دراوە.

 

 

دەرەنجام

ڕاپەڕین و سەرهەڵدانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕانە هاوکاتەکانی ناو نەخشەی جیۆپۆلەتیکی بە شێوەیەکی تیۆری ڕێگەیان بۆ ڕەوایەتیدان بە دوو لە ڕاوەدوونراوترین نەتەوەی ناوچەکە داوە، بە خودی مافی چارەی خۆنووسینیشەوە. ئەم ڕووداوانە دەیانتوانی ڕێگەخۆشکەر بن بۆ پەیوەندییە کراوەکانی نێوان ئیسرائیل و کورد بە لابردنی بەربەستەکانی ترس، گومان و تیۆرییە پیلانگێڕییەکان. بەڵام، لەسەر زەمینەی واقیعییدا، بەربەست و تەحەدداکان هێشتا هەن. لە بەرەی کوردییەوە، ناکۆکی و ململانێکانی نێوان چوار پارچەکەی کوردستان ڕێگەکە سەخت دەکات پەرە بە ستراتیژیی ڕوون و ئاشکرا بەرانبەر بە ئیسرائیل بدرێت. ترس لە ورووژاندنی دوژمنایەتیی دەوڵەتانی دراوسێش باری سەرشانیانی قورستر کردووە تا پەیوەندیی کراوەیان لەگەڵ دەوڵەتی جوودا هەبێت.

تەنانەت لە هەرێمی کوردستان، کە تێیدا پەیوەندییە شاراوەکان لەگەڵ ئیسرائیل هەمیشە بەهێز و ماوەدرێژ بوون، چەندین ترسی جددی و سەرەکی لە وروژاندنی دوژمنایەتیی بەغدا و بەتایبەت تاران هەن. ئارەزووی هەرێمی کوردستان بۆ هەبوونی بازرگانی لەگەڵ بازاڕە فراوانەکانی وڵاتانی عەرەبیدا، بەتایبەت دەوڵەتانی کەنداو، بەربەستێکی دیکەی دروستکردنی پەیوەندییە. وەک محەمەد عوسمان، ئەندامی پەرلەمانی عێڕاق ئاماژەی پێ کردووە «کوردستان پێویستی بە عەرەبەکانە. ئێمە لە وڵاتێکی عەرەبییدا دەژین، و ئێمە هەرێمێکی فیدڕاڵی ناو عێڕاقین. ئێمە پێویستمان بە پەیوەندی لەگەڵ [ئیسرائیل] نییە؛ ئێمە پێویستمان بە پەیوەندی لەگەڵ عەرەبەکان هەیە؛ ئێمە پێویستمان بە پەیوەندی لەگەڵ ئێران هەیە؛ ئێمە پێویستمان بەوەیە نزیک بین لە تورکیا»[60]. ترس و دڵەڕاوکێی دیکەی هاوشێوە لەلایەن بەرپرسانی دیکەی کوردستانەوە دەربڕدراون کە ئاماژەیان بەوە کردووە هەرێمی کوردستان نایەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ عەرەبەکان، تورکەکان و ئێرانییەکان لەبەر خاتری پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل تێک بدات[61].

 

یوریشەلایم خۆی بەدوور دەگرێت پەیوەندیی کراوە و ئاشکرای لەگەڵ کورد هەبێت. لەلایەکەوە، واشنگتن بەربەست لە بەردەم ئەم جۆرە پەیوەندییانە دادەنێت بەهۆی وابەستەیییەکەی بۆ یەکێتیی دەوڵەتی عێڕاقی، ئەگەرچی واقیع شتێکی زۆر پێچەوانەی ئەم ئایدیالەمان پێ دەڵێت

 

یوریشەلایمیش لەلای خۆیەوە خۆی بەدوور دەگرێت پەیوەندیی کراوە و ئاشکرای لەگەڵ کورد هەبێت. لەلایەکەوە، واشنگتن بەربەست لە بەردەم ئەم جۆرە پەیوەندییانە دادەنێت بەهۆی وابەستەیییەکەی بۆ یەکێتیی دەوڵەتی عێڕاقی، ئەگەرچی واقیع شتێکی زۆر پێچەوانەی ئەم ئایدیالەمان پێ دەڵێت. بە هەمان شێوە، سەرەڕای هەموو کێشەکانی لەگەڵ تورکیا، ئیسرائیل نایەوێت زیاتر دوژمنایەتیی وڵاتەکە بورووژێنێت بە ڕاگەیاندنی ئاشکرای پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورددا. یوریشەلایم دەبێت هەروەها بیر لە هەستیارییەکانی سیاسەتمەدارانی کوردیش بکاتەوە کە دوودڵن لە کارکردن لەگەڵی بە شێوەیەکی ئاشکرا.

بە ڕوانین لە داهاتووی نزیک، وا دەردەکەوێت پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و کورد مەحکوم بێت بەوەی لە سێبەرەکاندا درێژە بە ڕەوتی خۆی بدات. بەڵام، ئەگەر هەرێمی کوردستان سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت، ئەم وێنەیە لە هەردوو بەرەکەدا گۆڕانی بەسەردا دێت. ڕەنگە یوریشەلایم لە یەکەم ئەو حکومەتانە بێت دان بە کوردستاندا بنێت وەک ئەوەی لەگەڵ باشووری سودان کردی. دەوڵەتێکی کوردی لە خودی خۆیدا حەز دەکات پشتیوانیی ئیسرائیلی هەبێت. لەسەرووی هەموویەوە، سەرەڕای نزیکایەتیی نێوان هەردوو نەتەوەکە، ئەوان بەرژەوەندیی هاوبەشیشیان لە بوونی بەردەوامی یەکتردا هەیە.

 

ئۆفرا بینگیۆ: پرۆفیسۆری خانەنشین لە زانکۆی تەل ئەڤیڤ، دامەزرێنەی لێکۆڵینەوەی خوێندنی کوردی لە سەنتەری مۆشە دایانە لە زانکۆی تەل ئەڤیڤ. نووسەری چەندین کتێبە دەربارەی کوردستان وەک: کوردەکانی عێڕاق: بونیادنانی دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا (٢٠١٢)، کوردەکان: بونیادنانی نەتەوە لە نیشتمانێکی پارچەپارچەدا (٢٠١٤)، ساتەوەختی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا (٢٠٢٢).

 

 

سەرچاوەی وەرگێڕانەکە

 

سەرچاوە و پەراوێزەکان

[1] Mahmud al-Durra, al-Qadiya al-Kurdiya (Beirut: Manshurat Dar-at-Tali’a, 1966), p. 388.

[2] Ibid., p. 387.

[3] Kurdroj website, تەموزy 3, 2008.

[4] Ariella Oppenheim, Hebrew University of Jerusalem, quoted in Sargis Mamikonian, “Israel and the Kurds,” Iran and the Caucasus, 2005, no. 2, p. 381.

[5] Zorab Aloian, “The Kurds in Ottoman Hungary,” Transoxiana: Journal Libre de Estudios Orientales (Universidad del Salvador, Buenos Aires), Dec. 9, 2004.

[6] Mordechai Zaken, Jewish Subjects and Their Tribal Chieftains in Kurdistan: A Study in Survival (Leiden: Brill, 2007), pp. 9-17.

[7] Ibid., pp. 338-43; Lazer Berman, “The World’s Oldest Kurd: A Beloved Rabbi in the Heart of the Holy City,” Serbesti, Feb. 10, 2014.

[8] Mamikonian, “Israel and the Kurds,” p. 398.

[9] Jaques Neriah, “Kurdistan: The Next Flashpoint between Turkey, Iraq, and the Syrian Revolt,” Jerusalem Center for Public Affairs, Aug. 5, 2012.

[10] Israeli-Kurdish Friendship League, Jerusalem, accessed Mar. 31, 2014.

[11] The Forward (New York), Apr. 18, 2012.

[12] “Mike Amitay: Senior Policy Analyst,” Washington Kurdish Institute, accessed Dec. 30, 2013.

[13] Sami Michael, Aida (Tel Aviv: Kinneret Zmora Bitan, 2008).

[14] Mamikonian, “Israel and the Kurds,” p. 389.

[15] Ariel Sabar, My Father’s Paradise: A Son’s Search for His Family’s Past (New York: Algonquin Books of Chapel Hill, 2008).

[16] Agence France-Presse, Aug. 11, 2009.

[17] United with Israel, Bet Shemesh, accessed Mar. 31, 2014.

[18] Point of No Return: Jewish Refugees from Arab Countries (blog), Dec. 10, 2013.

[19] Ofra Bengio, The Turkish-Israeli Relationship: Changing Ties of Middle Eastern Outsiders (New York: Palgrave Macmillan, 2004), pp. 33–71.

[20] Israeli officials interviewed by the author, Israel, Mar. 13, 1982, تەموزy 28, 1985.

[21] Tom Segev, 1949, Hayisraelim Harishonim (Jerusalem: Domino, 1984), p. 34.

[22] Ismet Sherif Vanly, Min Mudhakkirat Ismet Sherif Vanly, pp. 38-40. This unpublished manuscript, found in the Zein Center in Sulaymaniya headed by Rafiq Salih, was provided by Bayar Dosky.

[23] Israeli officials interviewed by the author, Israel, Mar. 13, 1982, تەموزy 28, 1985.

[24] Radio Israel, Sept. 29, 1980.

[25] Sergey Minasian, “The Israeli-Kurdish Relations,” Noravank Foundation, Yerevan, p. 22.

[26] Öcalan interview with his lawyers, Jan. 5, 2005. “Kürt Halk Önderi Abdullah ‘Öcalan’ın 2005-2006 Görüşme Notları, Stêrka Ciwan.” Quote provided by Ceng Sagnic.

[27] Ibid.; Öcalan (under his pen names Ayden Safer and A. Inanc) has produced other anti-Semitic articles, for example, Ozgur Ulke, Aug. 28/29, 1994.

[28] Ismet G. Imset, The PKK: A Report on Separatist Violence in Turkey (Istanbul: Turkish Daily News Publications, 1992), pp. 172-3.

[29] Daniel Pipes, “Hafiz al-Asad Should Be Careful,” Turkish Times, Dec. 15, 1994.

[30] Imset, The PKK, p. 172.

[31] Pipes, “Hafiz al-Asad Should Be Careful.”

[32] Ali Sarhan, “The Two Periods of the PKK Conflict: 1984-1999 and 2004-2010,” in Fevzi Bilgin and Ali Sarhan, Understanding Turkey’s Kurdish Question (Lanham: Lexington books, 2013), pp. 93-4.

[33] Gregory A. Burris, “Turkey-Israel: Speed-Bumps,” Middle East Quarterly, Fall 2003, pp. 67-80.

[34] Amikam Nachmani, “The Remarkable Turkish-Israeli Tie,” Middle East Quarterly, حوزەیران 1998, pp. 19-29.

[35] Owen Matthews, “Turkey’s Tricky Drone Diplomacy,” The Daily Beast (New York), Sept. 13, 2011.

[36] YNet News (Tel Aviv), Sept. 21, 2005.

[37] BBC Newsتەموزy 1, 2008.

[38] Neriah, “Kurdistan: The Next Flashpoint.”

[39] Private communication with anonymous sources.

[40] Seymour M. Hersh, “Plan B: The Kurdish Gambit,” The New Yorker, حوزەیران 21, 2004.

[41] Ibid.

[42] Zadok Yehezkeli, Anat Tal-Shir, and Itamar Aichner, “Be’Oref Ha’Oyev,” Yedi’ot Aharonot (Tel Aviv), Dec. 2, 2005.

[43] Neriah, “Kurdistan: The Next Flashpoint.”

[44] Al-Wikala ash-Shi’iya (al-Shieeya News Agency, Beirut), Nov. 20, 2008.

[45] The Kurdish Globe (Erbil), Nov. 15, 2009.

[46] Al-Musawwar (Cairo), Sept. 8, 2006; al-Hawadith (Kuwait City), Sept. 15, 2006.

[47] Al-Mujtama (Kuwait City), Aug. 20, 2005.

[48] Al-Hayat (London), Oct. 15, 2006.

[49] Al-Ahali (Baghdad), حوزەیران 7, 2006.

[50] Hersh, “Plan B- The Kurdish Gambit.”

[51] See, for example, Agos (Istanbul), Jan. 9, 2014.

[52] The PKK member was quoted by a Kurdish activist during the author’s private communication with him, Israel, Mar. 10, 2014.

[53] Private communication with leading KNK members, Brussels, Nov. 2012.

[54] The Jerusalem Post, Mar. 6, 2014.

[55] Today’s Zaman (Istanbul), Aug. 5, 2010.

[56] Ynet NewsJan. 17, 2012.

[57] Hersh, “Plan B- The Kurdish Gambit.”

[58] Sedat Laciner, “Why Is Israel Watching the PKK? al-Monitor (Washington, D.C.), Jan. 10, 2013.

[59] Nader Entessar, Kurdish Politics in the Middle East (Lanham: Rowman & Littlefield, 2010), p. 205.

[60] Agence France-Presse, Aug. 11, 2009.

[61] Private communication with anonymous source.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...