سیاسی
ئاراستەکان

٧٥٠ هەزار هاووڵاتی غەززە لە بەرانبەر ٣٠ ملیار دۆلار ڕەوانەی تورکیا دەکرێن

زێدپرێس

 

ئەمریکا و ئیسڕائیل پلانێکیان هەیە بۆ ڕاگواستنی دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دانیشتووی غەززە و لەو چوارچێوەیەشدا، گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، میسر و تورکیا کراوە و هەریەک لە وڵاتەکان ژمارەیەک پەنابەری غەززەیان بۆ دەستنیشانکراوە. بەپێی پلانەکە، ٧٥٠ هەزار غەززەیی بۆ تورکیا و ٩٥٠ هەزاری دیکەیش بۆ میسر دەگوازرێنەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دابەشکردنی غەززەییەکان بەسەر وڵاتاندا

دامەزراوەی (Intelligence Front)، کە هەواڵ و ڕاپۆرتی تایبەت بە پرسە هەواڵگرییەکان لەسەرتاسەری ناوچە جێناکۆکەکانی جیهان بڵاودەکاتەوە، ناوەڕۆکی پلانێکی ئەمریکا و ئیسڕائیل بۆ چۆڵکردنی غەززە لە دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دانیشتووان دەکات. پلانەکە لەسەر ئەو بنەمایە داڕێژراوە، کە چۆڵکردنی غەززە، چارەسەرێکی هەمیشەییە بۆ کێشەکانی ئیسڕائیل و فەڵەستین، لانیکەم کۆتاییهێنان بەو جەنگەی ئێستا دەستیپێکردووە و ئەگەری تەشەنەکردنی بۆ جەنگێکی ناوچەیی هەیە.

بانگەشەی ئەوەی کردووە، لەو چوارچێوەیەدا، بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسڕائیل لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو، میسر و تورکیا کۆبوونەتەوە یان گفتوگۆیان کردووە و ژمارەی ئەو غەززەییانەیش دەستنیشانکراوە، کە بۆ هەریەک لە وڵاتەکان دەنێردرێن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دامەزراوەکە، دانیشتووانی غەززە بەسەر وڵاتانی جیاجیادا دابەش دەکرێن و پڕۆسەکە کۆمەکی داراییش لەخۆدەگرێت؛ قەرزی میسر لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی دەدرێت لە بەرانبەر لەخۆگرتنی ٩٥٠ هەزار دانیشتووی غەززە و تورکیایش بە بڕی ٣٠ ملیار دۆلار پارەی نەختینەیی وەردەگرێت لە بەرانبەر وەرگرتنی ٧٥٠ هەزار غەززەیی.

 

ڕاگواستن و دابەشکردنی دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دانیشتووی غەززە بەم جۆرە دەبێت:

 

٩٥٠ هەزار کەس بۆ میسر

٧٥٠ هەزار کەس بۆ تورکیا

٤٠٠ هەزار کەس بۆ وڵاتانی جیاجیای عەرەبی

١٥٠ هەزار کەس بۆ سعودیە

١٠٠ هەزار کەس بۆ وڵاتانی کەنداو

٥٠ هەزار کەس بۆ ئەمریکا و ئەوروپا

٥٠ هەزار کەس بۆ کەناری ڕۆژئاوا

 

میدیاکانی تورکیا، پاڵپشت بە زانیارییەکانی (Intelligence Front)، چەندین ڕاپۆرتیان لەوبارەیەوە بڵاوکردوونەتەوە. بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە لە بەرانبەر ئەو ٧٥٠ هەزار غەززەییەی بۆ تورکیا دەگوازرێنەوە، ٣٠ ملیار دۆلار بە تورکیا دەدرێت.

 

سەردانەکەی بلینکن بۆ وڵاتانی ئاماژە بۆ کراوە

میدیاکانی تورکیا، لەناویاندا (AKTIF HABER) و (ODA T.V) لە دوو ڕاپۆرتی تایبەت بە چۆڵکردنی غەززە و گواستنەوەی دانیشتووانەکەی بۆ وڵاتانی ئاماژە بۆ کراو، باسیان لە سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردووە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سەردانی ئەو وڵاتانەی کرد، کە بەپێی پیلانەکە بەشداری دەکەن لە وەرگرتنی هاووڵاتییانی غەززە.

هەردوو کەناڵەکە دەڵێن، ئەنتۆنی بلینکن یەک بە یەک سەردانی وڵاتانی ناوچەکەی کرد، لە کاتێکدا ململانێکانی نێوان ئیسڕائیل و حەماس بەردەوام بوو. نزیکەی هەموو ئەو وڵاتانەی کە خەڵکی غەززیان بۆ دەنێردرێت، ئەو وڵاتانەن کە بلینکن سەردانیانی کردووە.

بلینکن، سەرەتا چووە ئیسڕائیل و دواتر لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئوردن، میسر، سعودیە، قەتەر و ئیمارات لە عەممان کۆبووەوە. پاشان چووە کەناری ڕۆژئاوا و لەگەڵ مەحموود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین کۆبووەوە. بلینکن، دواتر چووە قوبرس و لەوێشەوە بۆ عێراق و پاشان لە ئەنقەرە لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری کاروباری دەرەوە کۆبووەوە. لە لێدوانێکدا لەکاتی جێهێشتنی ئەنقەرەدا، بلینکن ڕایگەیاندووە “هەنگاوی گرنگیان ناوە و گفتوگۆی گرنگیان کردووە لەبارەی دوورخستنەوەی خەڵکی مەدەنی لە غەززە”، کەناڵە تەلەڤیزیۆنییە تورکییەکە وا دەڵێ.

 

باس و خواس لە تورکیا گەرمە

لەگەڵ بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لەلایەن (Intelligence Front)ەوە، چەند سیاسەتڤان و دیپلۆماتکاری تورک قسەیان لەسەر بابەتەکە کرد.

نامیک تان، دیپلۆماتکاری تورک، کە لە ساڵانی ٢٠١٠ تا ٢٠١٤ باڵیۆزی تورکیا بوو لە ئەمریکا، لەڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) باسی لە پلانەکەی ئەمریکا و ئیسڕائیل بۆ چۆڵکردنی تەواوەتی غەززە و لەو چوارچێوەیەشدا، گواستنەوەی ٧٥٠ هەزار غەززەیی بۆ تورکیا کردووە.

تان، پێداگیری دەکات، کە نابێت تورکیا ببێتە بەشێک لەو ڕێککەوتنەی بۆ گواستنەوەی غەززەییەکان لە نێوان ئەمریکا و ئیسڕائیل باس دەکرێت.

ئەو، ئاماژەی بەوە کردووە، کە تورکیا لە ساڵانی ڕابردوودا، پەناگەی پەنابەرانی ئەفغانی، سوریایی و وڵاتانی ئەفریقایی بووە و ئێستایش ئەگەری هاتنی ٧٥٠ هەزار غەززەیی بۆ تورکیا تاوتوێ دەکرێت.

دیپلۆماتکارە تورکەکە دەڵێ، “ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ئەوەی تورکیا لە درێژخایەندا لەڕووی کێشەی تەناهی، دیمۆگرافی و ئاشتی کۆمەڵایەتییەوە تووشی کێشە بێت”. زیاتر دەڵێ، “حکوومەت کە لایەنێکە لە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی سیاسەتی دەرەکی هەڵەوە، هەڵەیەکی نوێ و گەورە دەکات ئەگەر ئەو کەسانە قبوڵ بکات کە بەهۆی ئەو قەیرانە مرۆییەوە زیانیان بەرکەوتووە”.

“پێویستە دەستبەجێ ئەم سیاسەتە هەڵانە پێچەوانە بکرێنەوە، پێویستە تورکیا ڕۆڵێکی کارا لە چارەسەرکردنی قەیرانەکەدا بگێڕێت، پێویستە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە نوێیەی پەنابەران بدات، کە ڕەنگە بەهۆی شەڕی ئیسڕائیل و حەماسەوە سەرهەڵبدات، هەروەها نابێت بەشێک بێت لە ئەگەری ڕێککەوتنی پەنابەران لە نێوان ئەمریکا و ئیسڕائیل”، نامیک تان، نووسیویەتی.

ئەو، ئەوەیش زیاد دەکات، کە ناوی ڕەجەب تەید ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، لە لیستی ئەو کەسانەدا هاتووە، کە ئەو پلانە جێبەجێ دەکەن.

 

سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ڕوونکردنەوە دەدات

لە دوو سێ ڕۆژی ڕابردوودا، هەواڵ و دەنگۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا دەستاودەست دەکات. بەپێی دەنگۆکە، ئەردۆغان و نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل قسەیان کردووە و ڕێککەوتن لەسەر “گواستنەوەی ملیۆنێک غەززەیی بۆ تورکیا”.

لە بەرانبەردا و وەک ئەوەی لە چەند کەناڵێکی تورکی بڵاوکراوەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، بەناوی (ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاری ساختە)ەوە، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ، ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی باس لە قسەکردنی ئەردۆغان و نەتانیاهۆ دەکەن و هەروەها ئەو بانگەشەیەی لە زاری نەتانیاهۆوە دەڵێ، “لەگەڵ ئەردۆغان ڕێککەوتین لەسەر ئەوەی لە بەرانبەر وەرگرتنی دوو ملیار دۆلار، یەک ملیۆن فەڵەستینی ببنە هاووڵاتی تورکیا و لە تورکیا بژین”، ڕاست نییە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە، زیاتر ئاماژە دەکات، کە “هیچ کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە لەلایەن سەرۆکەکەمان بەڕێز ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە، یان لێدوانێکی لەو شێوەیە لەلایەن بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە نییە. ئەو تۆمەتانە بەتەواوی هەڵبەستراون”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...