سیاسی
ئاراستەکان

قوفڵکردنی تەواوەتی سەر سنور: ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا لە قوڵایی خاکی کوردستاندا

تیمی کوردستانی عێراقی CPT  لە ڕاپۆرتێکدا بەناونیشانی “قوفڵکردنی تەواوەتی سەر سنور: ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەهاری ٢٠٢٤ی سوپای تورکیا لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندا”، هۆشداری لە هێرشێکی چاوەڕوانکراوی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەدات.

 

ڕاپۆرتی سی پی تی

 

لەدوای ئەنجامدانی حەوت ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئاسمانیی و خاکڕەوی سوپای تورکیا لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ەوە تاوەکوو نیسانی ٢٠٢٢، دەوڵەتی تورکیا توانی بەڕێژەی ٨٦.٢٪ی سنوری نێوان عێراق – تورکیا داگیر بکات و بە قووڵایی ٥ بۆ ٤٠ کیلۆمەتر، ٦٤ بنکە و بارەگای سەربازی لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا جێگیربکات.

لە ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەیدا، سوپای تورکیا چاوی بڕیوەتە سەر کۆنتڕۆڵکردنی زنجیرە چیای گارا. ئامانج لەم ئۆپەراسیۆنەش قوفڵکردنی تەواوەتی سنوری نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق – تورکیایە و کۆتاییهێنانە بە جموجۆڵی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و قەڵاچۆکردنیانە بە درێژایی زنجیرە چیای گارا. ئێستا تورکیا لە قۆناغی ئەنجامدانی ئامادەکاری ئۆپەراسیۆنەکەدایە و لە قۆناغی ئامادەکاریشدا کە بە بۆردمانی گوندەکانی دەوروبەری چیای گارا دەستێپێکردووە، چوار هاووڵاتی مەدەنی شەهید بوون و هاووڵاتییەکی تری مەدەنی برینداربووە.

چیای گارا، ناوچەیەکی ستراتیژی بە بەهایە. بە شاڕێیی جموجۆڵی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکەدا دادەندرێت و هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک بەیەکەوە دەبەستێتەوە. هەروەها ئەشکەوت و خەرەندەکانی ئەو زنجیرە چیایە بوونەتە پەناگەیەک بۆ ڕاهێنان و خۆحەشاردانی ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان. گارا بە بەرزی ٢،٢٥١ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا و بە درێژایی ٣٨،٩ کیلۆمەتر هەر چوار قەزای مێرگەسۆر، ئاکرێ، ئامێدی و زاخۆ بەیەکەوە دەبەستێتەوە. لە دامێن و قەدپاڵەکانی ئەو زنجیرە چیایەدا ٩٤ گوند هەن. لەو ژمارەیە ٥٥ گوندیان لەساڵی ١٩٩٦ەوە بەهۆی بۆردمان و لەشکرکێشییەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا بە تەواوی چۆڵبوون و ئێستا تەنیا ٣٩ گوندی ئاوەدان لە دەوروبەری چیاکەدا ماونەتەوە.

لە قۆناغی ئامادەکاری بۆ ڕاگەیاندنی ئۆپەراسیۆنەکە بەشێوەیەکی فەرمی، تورکیا بۆردمانێکی ئێجگار زۆری ئەنجامداوە. بە جۆرێک کە لە ٧٠ ڕۆژی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤دا، سوپای تورکیا ١٤١ بۆردمانی لە پارێزگای دهۆکدا ئەنجامداوە و لەو ژمارەیەش ٧٥ بۆردمان بۆ سەر گوندەکانی دەوروبەری چیای گارا بووە. ئامانج لەم هێرش و بۆردمانانەش فشار خستنەسەر گوندنشینانی دەوروبەری چیای گارا بووە کە گوندەکانی خۆیان چۆڵ بکەن، بەمەش ڕێگەی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە و داگیرکردنی پانتاییەکی فرەوانتری ناوچەکە خۆشتر و لەبارتر دەبێت. ئەم جۆرە لە تاکتیکی پێش ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لەلایەن سوپای تورکیاوە، بەشێوەیەکی بەرچاو پیادە دەکرێت و لە هەموو ئۆپەراسیۆنەکانی پیشووتریشدا پەیڕەوی لێکراوە.

لە ئەنجامی بۆردمانەکانی سوپای تورکیا بۆسەر چیای گارا و لە قۆناغی ئامادەکاری ئۆپەراسیۆنەکەیدا، چوار هاووڵاتی مەدەنی شەهید بوون و هاووڵاتییەکی تری مەدەنیش بەسەختی برینداربووە. لە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٤دا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردمانی گوندی کافیایان کرد کە دەکەوێتە باشوری چیایا گارا لە ناحیەی دینارتە، لە قەزای ئاکرێ و بەهۆیەوە دوو هاووڵاتی مەدەنی بە ناوەکانی (بەشیر عومەر و عارف تەها) شەهید بوون. سەرباری ئەوە لە ٨ی ئازاری ٢٠٢٤دا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردمانی گوندی دێویکێیان کرد کە دەکەوێتە باکوری چیای گارە لە ناحیەی دینارتە لە قەزای ئاکرێ و بەهۆیەوە دوو هاووڵاتی مەدەنی بە ناوەکانی (سەعید موبارەک و ئاراز فەرەج) شەهید بوون و هاووڵاتییەکی تری مەدەنیش بە ناوی (ساڵح موبارەک) بەسەختی برینداربوو. ژمارەی قوربانییەکانی ئەم دواییەی بۆردمانەکانی تورکیا لە گوندەکانی دەوروبەری چیای گارا، خواستی تورکیا لە ئامانجی ئۆپەراسیۆنی ئەم جارەیدا ڕووندەکاتەوە.

ئەمە یەکەم جار نییە، کە تورکیا بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی چیای گارا ئۆپەراسیۆن ئەنجامدەدات. بەڵکو لە مانگی شوباتی ٢٠٢١دا، تورکیا لە ڕێگەی شەش هەلیکۆپتەر و بە پشتیوانی فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر چیای گارا ئەنجامدا و سەربازی بۆ سەر چیاکە دابەزاند. لەم ئۆپەراسیۆنەدا، ١٢ زیندانی بە ڕەگەز تورک و زیندانییەکی بە ڕەگەز کورد کە لە دەستی پارتی کرێکارانی کوردستاندا بوون لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا لە ئەشکەوتێکی چیای گارادا گیانیان سپارد و دوای چوار ڕۆژ لە شەڕ و پێکدادانی قورس، سوپای تورکیا لەسەر زنجیرە چیای گارا کشایەوە و کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکەی ڕاگەیاند.

تیمی کوردستانی عێراقی سی پی تی ڕایدەگەیەنێت، کە لە کاتی ڕاگەیاندنی تەواوەتی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیادا، ئەگەری ئاوارەبوونی نزیکەی ١٩٠ خانەوادەی دانیشتووی گوندەکانی دەوروبەری چیای گارا هەیە و ئەگەری زۆریش هەیە کە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بەبێ زیانی گیانی بۆسەر هاووڵاتییانی مەدەنی گوندەکانی دەوروبەری چیای گارا تێنەپەڕێت.

سی پی تی جەخت دەکاتەوە لەسەر دەسپێشخەری ئاشتییانە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاڵۆزی و پێکدادانە چەکدارییانەی کە ماوەی ٤٠ ساڵە لەنێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستاندا هەیە و بانگەواز لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ پاراستنی گیانی گوندنشینان و هاووڵاتییانی مەدەنی نیشتەجێبووی دەوروبەری چیای گارا و تەواوی گوندەکانی سەر سنور.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...