سیاسی
ئاراستەکان

ئەمریکا دەبێت بە ڕوونی سۆز بەرانبەر هاوپەیمانە کوردەکانمان دەرببڕێت

سینان جیدی

لە ئینگلیزییەوە: شکۆ شێرکۆ

 

لەوەتەی ئەمریکا ئازایانە بڕیاری داوە هاوپەیمانی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات ببەستێت لە ٢٠١٥ەوە، تورکیای هاوپەیمانمان لە ناتۆ ئێمەی تۆمەتبار کردووە بە کارکردن لەگەڵ “تیرۆرستان” (لە ڕوانگەی ئەوان). بە بۆچوونی ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا، ناتوانیت شەڕی تیرۆر بکەیت بە بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ تیرۆرستان. هیچ کێشەیەک نییە لەوە، جیا لەوەی هەسەدە تیرۆرست نین.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

هاوپەیمانی ئەمریکا لەگەڵ کوردەکانی سووریا کاریگەرترین هۆکار بووە بۆ لەناوبردنی داعش و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی، چونکە هەڵمەتی سەربازیی گەورە لە دژی ڕێکخراوەکە کەمی کردووە. تەنانەت ئەمڕۆش، هێزەکانی هەسەدە سەرقاڵی هەڵمەتێکی چارەنووسسازن، ئەویش بەردەوامیدانە بە هێرشکردنەسەر پاشماوەی هێزەکانی داعش، هەروەها پاسەوانیکردنی زیندانییانی داعش لە سووریا، کە هەندێک لە مەترسیدارترین جیهادییانی جیهان لەخۆ دەگرن. ئەنقەرە دەیەوێت هەسەدە لەناوبەرێت، بەهۆی پەیوەندیی ئایدیۆلۆجی لەگەڵ ڕێکخراوە گەورەترە تورکییەکە: پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، کە لە لایەن ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی ناوبراوە. پێویستە بۆ ئەنقەرە ڕوونی بکەینەوە لە پشتی هەسەدەی هاوپەیمانمان دەوەستین. لەبەرچی؟

چونکە هەسەدە بەردەوام خۆی خستووەتە مەترسییەوە و وەک هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو هەڵسوکەوتی کردووە، بەڵام حکوومەتی ئەمریکا لە ترسی توڕەبوونی تورکیا ناوێرێت بە فەرمی ددان بەوەدا بنێت. هەرچەندە هەسەدە پەیوەندیی مێژوویی لەگەڵ پەکەکە هەیە و سۆزی بەردەوامی بۆ سەرۆکە زیندانیکراوەکەی، عەبدوڵا ئۆجەلان، پیشانداوە، هەسەدە هەرگیز هێرشی ڕاستەوخۆ یان هەڕەشەی لە تورکیا نەکردووە، هیچ نیازێکیشی نییە وا بکات. خواستی داگیرکردنی خاکی تورکیای نییە و هیچ ئارەزوویەکیشی پیشان نەداوە بۆ جەنگ لەگەڵ تورکیا بە هەر هۆکارێک بێت.

 

هەسەدە بەردەوام وەک هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو هەڵسوکەوتی کردووە، بەڵام ئەمریکا لە ترسی توڕەبوونی تورکیا ناوێرێت بە فەرمی ددان بەوەدا بنێت

 

پێچەوانەی پەکەکە، هەسەدە بەردەوام هەوڵی دوو ئامانجی داوە: دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ مانەوەی کوردەکان لە سووریاکەی ئەسەد و بەزاندنی داعش. لە کۆڕبەندی کراوەدا، دیپلۆماتانی تورک بەتوندی لەم گێڕانەوەیە دەدەن، هەمان شتیش ئەنجام دەدەن لە هەر دانیشتنێکی دووقۆڵی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان. بەڵام بە شاراوەیی، زۆرینەیان هەڵگری ئەم تێڕوانینەن و ددان بەوەدا دەنێن ئەوان هەسەدە بە تیرۆرست دادەنێن تەنیا لەبەر خواستی بەرلێنەگیراوی ئەردۆغان بۆ درووستکردنی دوژمنێک.

حکوومەتی ئەمریکا پێویستە چی دیکە شەرم نەکات لە پیاهەڵدان بە پەیوەندییە پتەوەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە کوردەکانمان. چەکدارانی کورد لە سووریا و عێراق چوونەتە بەرەکانی پێشەوەی جەنگی داعش، لە کاتێکدا ئەمریکا ئامادەی ئەوە نەبوو. ئەوان یارمەتی ئەمریکا و نیوەگۆی ڕۆژئاوایان داوە ئاسایشی سنوورەکانیان بپارێزن، ئەوەش بەدڵنیایییەوە مافی ئەوەی پێداون بە شانازییەوە بە “هاوپەیمانانمان” ناویان ببەین. ئەردۆغان چی کردووە؟

 

چەکدارانی کورد لە سووریا و عێراق چوونەتە بەرەکانی پێشەوەی جەنگی داعش، لە کاتێکدا ئەمریکا ئامادەی ئەوە نەبوو، بەڵام ئەردۆغان چی کردووە؟

 

تاکوو ٢٠١٣، ئەردۆغان لەگەڵ سەرکردایەتی کوردەکانی سووریا دانیشتووە و بە تیرۆرست ناوی نەدەبردن. ساڵح موسلم چەندان جار سەردانی ئەنقەرەی کردووە و چاوی بە ئەردۆغان کەوتووە. هەرچەندە، ئەردۆغان لەناکاو ئاڕاستەی خۆی گۆڕی و جوڵانەوە سیاسییەکەی سووریای بە قەوارەیەکی تیرۆرستی ناوزەد کرد و دەستبەرداری هەوڵەکان بوو بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ پرسی کورد لە ساڵی ٢٠١٥. لەبەرچی؟ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردنێکی سەخت لە ساڵی ٢٠١٥، وای لە ئەردۆغان کرد بڕیاری دەستهەڵگرتن لە پڕۆسەی ئاشتی بۆ کوردەکان بدات و باسەکە لە بەرژەوەندیی بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر بکاتە قوربانی. بە لێکچوواندنی دۆزی کورد، لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیا، بە پرسێکی تیرۆرستییانە، ئەردۆغان سەرکەوتوو بوو لە ڕاکێشانی دەنگی تورکەکان بۆ چوارەم گەڕی خۆی لە حکوومەتەکە.

لەوکاتەوە هیچ دەرفەتێکی لەدەست نەداوە بۆ ئەوەی چەندان هەڵمەتی سەربازی لە دژی کوردەکان لە عێراق و سووریا ئەنجام بدات. تورکیا لەڕووی سەربازییەوە پاڵپشتی لە قەوارە جیهادییەکانی باکووری سووریا دەکات، کە ڕاستەوخۆ لق و پۆپی قاعیدەن و تاکە ئامانجیان لێدانە لە هێزەکانی هەسەدە، کە بەردەوامن لە شەڕی داعش. لەوەتەی هێرشەکەی ٧ی تشرینی یەکەمی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسڕائیل، سەرنجی جیهان لەسەر ئیسڕائیل بووە، ئەردۆغان ئەو دەرفەتەی قۆزتووەتەوە بۆ لێدان لە کوردەکانی ناوچەکە (بە سیڤیل و چەکدارەوە).

 

دیپلۆماتکارانی تورک بە شاراوەیی ددان بەوە دادەنێن ئەوان هەسەدە بە تیرۆریست دادەنێن تەنیا لەبەر خواستی بەرلێنەگیراوی ئەردۆغان بۆ درووستکردنی دوژمنێک

 

ئەردۆغان دەیەوێت بڕوا بکەین کە هێرشە نەبڕاوەکانی تورکیا بۆ سەر کوردەکان، کە نەخۆشخانە و ژێرخانی مرۆیی لەخۆدەگرن، بەشێکە لە هەڵمەتێکی تیرۆر. وا نییە. ئامانج لێیان سزادانی کوردەکانە بەهۆی کوردبوونیان. زۆر لە هاووڵاتییانی تورکیا پێیان سەختە ئەوە قبووڵ بکەن، بەڵام هەسەدە هەڕەشە نییە بۆ ئاسایشی تورکیا. لە کاتێکدا ڕۆژانە بە خراپ باسی حەماس دەکەین، بە ئەوەش لەبیر نەکەین تورکیا بەردەوامە لە لەخۆگرتنی چەکدارانی حەماس لەناوەوەی تورکیا، کە وڵاتەکە دووەم گەورەترین بارەگای ڕێکخراوەکەیە لەدوای غەزە. سەرکردایەتی باڵای ڕێکخراوەکە پەناگە و ڕەگەزنامەی تورکییان پێدراون، بۆ ئەوەی بەبێ هیچ هەلومەرجێک گەشت بکەن.

بە زانینی هەموو ئەوانە، لەبەرچی واشینتن شەرم دەکات لە پاڵپشتیکردنی هاوپەیمانە کوردەکانیان و داوا لە ئەنقەرە ناکات، دەست لە یارمەتیدان و پاڵپشتیکردنی حەماس هەڵگرن، گرووپێک کە دەزانین هەڕەشە تیرۆرستییە ڕاستەقینەکەیە؟ کەس نازانێت.

 

 

  • سینان جیدی ئەندامێکی باڵای دامەزراوەی بەرگرییە لە دیموکراسییەکان، هەروەها شارەزای سیاسەتیی ناوخۆ و دەرەوەی تورکیایە.

 

سەرچاوەی ڕەسەنی بابەتەکە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...